5   کاتژمێر پێش ئێستا 135 جار خوێنراوەتەوە

بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ؛ تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم لە ئاستێکی نزمتردایە

نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە سلێمانی، کۆمەڵێک داتا و زانیاریی نوێی لەبارەی ڕێژەی تووشبوون، دابینکردنی دەرمان و هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشێکە ئاشکرا کرد.

دەرمان و دابەشبوونی جوگرافیی نەخۆشەکان

د. زەردەشت بەکر، وتەبێژی نەخۆشخانەی هیوا لە لێدوانێکدا بۆ (ئیرادە میدیا) ڕایگەیاند، نزیکەی %٩٠ی دەرمانی تووشبووانی شێرپەنجە بە خۆڕایی دابین دەکرێت، %١٠ەکەی دیکە لەلایەن هاووڵاتییان خۆیانەوە دەکڕدرێت یان لە ڕێگەی صندوقی کۆمەک بە شێرپەنجە و خێرخوازانەوە دابین دەکرێت.

دەربارەی شوێنی ئامادەبوونی نەخۆشەکان ئاماژەی بەوە کرد، %٧٤ی دانیشتووی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەرین، لە کاتێکدا %٢٦ی نەخۆشەکان لە دەرەوەی پارێزگاکەوە سەرپەرشتی دەکرێن. باسی لەوەش کرد هەتا ژمارەی دانیشتووان زیاد بێت ژمارەی تووشبووانیش زیاد دەکات، بەڵام هیچ زۆنێکی دیاریکراو نییە کە نەخۆشییەکەی تێدا بەربڵاوتر بێت.

ئامارەکان و بەراوردکاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ

سەبارەت بە ئاستی تووشبوون لە هەرێمی کوردستان، د. زەردەشت جەختی کردەوە لەوەی ڕێژەی تووشبوون لە ژێر ستانداردی جیهانییەوەیە و بەراورد بە وڵاتێکی وەک ئێران زۆر کەمترە؛ هۆکارەکەشی بۆ کەمیی کارگەکان، ئۆتۆمبێل و دەردانی گازە ژەهراوییەکان لە هەرێم گەڕاندەوە.

لە لایەکی دیکەوە، د. محەمەد عەبدولوەهاب، پزیشک لە نەخۆشخانەی هیوا ئاشکرای کرد کە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان، نێوان ٩٥ بۆ ١٠٥ کەس تووشی شێرپەنجە دەبن، لە کاتێکدا لە ئێران بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ٣٠٠ تووشبوو تۆمار دەکرێت.

پیاوانیش تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، %٢٠ی تووشبووانی نێو نەخۆشخانەکە خانمانن، شێرپەنجەی مەماکیش بەربڵاوترین جۆریانە کە %٩٩ی حاڵەتەکانی لە نێو ئافرەتان و تەنیا %١ی لە نێو پیاواندا تۆمار دەکرێت. لە ساڵی ڕابردوودا ٦٢٤ ژن و ٦ پیاو تووشی ئەم جۆرەی شێرپەنجە بوون.

ئیسماعیل حەمەموراد، لێپرسراوی بەشی ئامار و ئایتی لە نەخۆشخانەی هیوا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا لە کۆی ٥,٧١١ پشکنین، ٣,١٤٥ تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشان کراون. ناوبراو هۆکارەکانی تووشبوونی ژنانی بە شێرپەنجەی مەماک گەڕاندەوە بۆ:

  • نەدانی شیری دایک بە منداڵ.
  • فاكتەری بۆماوەیی.
  • پیسبوونی ژینگە و دووکەڵی ئۆتۆمبێل.
  • خواردنی خێرا (Fast Food).

ئاستەنگەکان و متمانە

د. محەمەد عەبدولوەهاب ئاماژەی بە گرفتی پڕنەکردنەوەی دروستی فۆڕمی چارەخوازان لەلایەن بەشێک لە پزیشکانەوە کرد، کە دەبێتە هۆی دیارنەبوونی قۆناغی نەخۆشییەکە، لە کاتێکدا چارەسەرکردنی قۆناغەکانی (٣ و ٤) زۆر قورستره لە قۆناغەکانی (١ و ٢). جەختیشی کردەوە کە باری دەروونیی بەهێزی نەخۆش و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە چاکبوونەوەدا هەیە.

لە کۆتاییدا ناوبراو ئاماژەی بە ئاستی بەرزی خزمەتگوزاری و دڵسۆزیی پزیشکانی ناوخۆ کرد و وتی: «ئەگەر خۆم تووشی شێرپەنجە ببم، لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەر وەردگرم و ڕوو لە دەرەوەی وڵات ناکەم.»

 

  • بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ؛ تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێم لە ئاستێکی نزمتردایە

  • رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانیی به‌هۆى ئیبۆلاوه‌ بارى نائاسایى ڕاگه‌یاند

  • ژماره‌ى تووشبوانى شه‌كره‌ له‌عێراق ئاشكراده‌كرێت

  • ئه‌گه‌ڕ ڕۆژێكی ته‌واو شه‌كر و ئارد نه‌خۆیت، چی به‌سه‌ر جه‌سته‌دا دێت؟

  • توێژه‌رانی ئوسترالی پكشنینێكی نوێی خوێنیان په‌ره‌پێداوه‌، كه‌ نه‌خۆشییه‌ بۆماوه‌ییه‌ ده‌گمه‌نه‌كان له‌ منداڵاندا ئاشكرا ده‌كات

  • 9 ڕاسپاردەی زانستی بۆ پاراستنی تەندروستی مێشکت

  • چیتر ڕێگر مەبن لەوەی منداڵەكانتان لەناو خۆڵدا یاری بكەن

  • نیشانە و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی؛ ئەو ڤایرۆسە نوێیەی لە چین بڵاوبووەتەوە چییە؟

  • عەلی حەمەساڵح لەبارەی پێدانی تاقیگەكان بە كۆمپانیاكان زانیاریی نوێ ئاشكرادەكات

سەرەکی