6   کاتژمێر پێش ئێستا 101 جار خوێنراوەتەوە

خوشکی سۆران مامە حەمە بۆ ئیرادە: ڕێکەوتنی نهێنیمان ڕەتکردەوە و سازش لەسەر خوێنی سۆران ناکەین

چیرۆکی ئەو گەنجە رۆحسووکەی بە پێی پەتیی و بەهۆی راپۆرتێکی لەسەر لەشفرۆشی خەڵتانی خوێنکرا

گەردە مامە حەمە، خوشکی ڕۆژنامەنوسی شەهید سۆران مامە حەمە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ میدیای «ئیرادە» ڕایگەیاند، کەیسی تیرۆرکردنی برایەکەی دوای ١٨ ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دەستنیشانکردنی بکوژان نەنراوە.

گوشارەکان و پێشنیاری ڕێکەوتنی نهێنی

گەردە خانی خوشکی شەهید ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای ڕووداوەکەوە بەرپرسێکی ئەمنی کەرکووک پێی وتوون کە کەیسەکە دابخەن، چونکە "لە سەرەوە» فەرمانیان پێکراوە دایبخرێت. هەروەها ئاسایش پێی وتوون: «هەر کاتێک شایەتتان هێنا کە کێ سۆرانی تیرۆر کردووە، ئێمە دەستگیری دەکەین".

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە مانگێک پێش تیرۆرکردنی، سۆران چەندین جار ئاگادارکراوەتەوە کە ژیانی لەمەترسیدایە؛ تەنانەت عەمید سەرحەد قادر (بەرپرسی پۆلیسی ئەوکاتی کەرکووک)، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کەرکووک و ڕۆژنامەنووس لەتیف فاتیح فەرەج ئاگاداریان کردبووەوە، بەو هۆیەی بۆ ماوەیەک کەرکووکی جێهێشتبوو و چووبووە ئێران.

جەختیشی کردەوە "ناڕاستەوخۆ هێزێکی سیاسی داوای ڕێکەوتنی نهێنیی کرد و وەرەقەی سپییان بۆ ئیمزاکردین، بەڵام بەتەواوی ڕەتمانکردەوە. داوامان کرد هەر هەنگاوێک لەم کەیسەدا هەیە، بە ئاشکرا و لەبەرچاوی میدیاکان بێت".

لە کۆتاییدا جەختی لەسەر بەردەوامیی خەباتی یاساییان کردەوە و وتی "دوای هەژدە ساڵ، وەک خانەوادەی سۆران، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەردەوامین لە بەدواداچوون. سورین لەسەر دادگاییکردنی بکوژان و ئەو هێزەی لە پشت ئەم تیرۆرەوەیە، تا خوێنی سۆران و ڕۆژنامەنووسانی تر بەبێدەنگی تێنەپەڕێت".

چیرۆکی شەوی تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە

سۆران مامە حەمە (لەدایکبووی ١٩٨٧)، گەنجێکی باڵابەرز و ڕووحسووکی شاری کەرکووک و خوێندکاری قۆناغی چوارەمی بەشی مۆسیقا بوو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان. وەک بەرپرسی نوسینگەی گۆڤاری «لڤین» لە کەرکووک کاری دەکرد. دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی لەسەر تۆڕێکی لەشفرۆشی بڵاوکردەوە کە چەندین بەرپرسی ئەمنی و پۆلیسی تێوەگڵابوون، هەڕەشەی کوشتنی لێکرا.

دوا ساتەکانی ژیانی

لە شەوی ٢١ی تەممووزی ٢٠٠٨، کاتژمێر ٨ی شەو، دوای ئەوەی سۆران لەگەڵ فەرمانی برایدا شێویان خواردبوو، هەواڵ بە براکەی دەدرێت کە ناسیاوێکیان لە تەقینەوەیەکدا گیانی لەدەستداوە. براکەی و ئامۆزایەکی بەرەو نەخۆشخانە بەڕێدەکەون. لە هەمان کاتدا، دایکی سۆران (شازادە حسێن) لە نهۆمی دووەمی هەمان نەخۆشخانە لە لای کچە نەخۆشەکەی مابووەوە.

لە ماڵەوە تەنها گەردەخانی خوشکی و دوو براژنی دەمێننەوە. کاتێک لە دەرگا دەدرێت، سۆران بە پێی پەتی دەچێت. بەکردنەوەی دەرگاکە، دەستبەجێ دەدرێتە بەر دەستڕێژی گوللە و ٧ فیشەکی پێوە دەنرێت. سۆران بەهۆی زەبری فیشەکەکانەوە دەکەوێتە ناو باخچەی ماڵەکەیان و تەنها هاواری *«ئای مردم»*ی لێوە دێت. بکوژەکانیش بەخێرایی هەڵدێن.

دواکۆچ لەسەر ئامێزی خوشکەکەی

دوای ڕووداوەکە، دراوسێکان دەگەنە شوێنەکە و سۆران بە برینداری ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکەن. لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا و لەسەر کۆشی «گەردە»ی خوشکی، بەر لە گەیشتنیان بە نەخۆشخانە، دڵی لە لێدان دەوەستێت.

کاتێک تەرمەکەی دەبەنە ژوورەوە، دایکی لە نهۆمی دووەمەوە تەرمەکە دەبینێت و بەبێ ئەوەی بزانێت کوڕی خۆیەتی، دەڵێت: «ئەبێ چ گەنجێکی داماوی دی بێت کوشتویانە و جەرگی دایکیان سوتاندووە!»، تا دوای ١٠ خولەک دراوسێیەکیان هەواڵە تاڵەکەی پێدەگەیەنێت.

بەپێی زانیارییەکان، شەهیدکردنی بەپلانێکی پێشوەختە بووە؛ دوای چاودێریکردنی ماڵەکەیان بە ئۆتۆمبێلێکی پیکابی سور، لە شەوی ڕووداوەکەدا کاتژمێر ٩ سێ چەکدار بە ئۆتۆمبێلێکی «بی ئێم دەبلیو»ی ڕەشەوە چوونەتە سەر ماڵەکەی و ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە.

  • رێز لە هەستیاری یەکتر بگرێت؛ ئۆجەلان: کاتی ئەوە هاتووە چوارچێوەیەکی یاسایی دروستبکرێت

  • خوشکی سۆران مامە حەمە بۆ ئیرادە: ڕێکەوتنی نهێنیمان ڕەتکردەوە و سازش لەسەر خوێنی سۆران ناکەین

  • بڕیارى حكومه‌ت بۆ دابه‌زاندنى نرخى به‌نزین له‌ به‌شێك له‌ به‌نزینخانه‌كان جێبه‌جێ ناكرێت

  • ترەمپ لە دووڕیانی جەنگ یان ئاگربەست؛ گرژییەکانی گەرووی هورمز بازاڕی وزەی جیهان دەهەژێنێت

  • جووڵەی نوێ لە دۆسیەی ئیمراڵی؛ کوردانی باکور داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ئۆجەلان دەکەن

  • هۆشداری ئێران و هەڕەشەکانی ئەنقەرە؛ زانیاریی نوێ لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکی ترەمپ بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئاشکرا دەبێت

  • لە محەمەدی حاجی مەحمودەوە بۆ ترەمپ؛ چۆن سیاسەت باڵی بەسەر وەرزشدا کێشاوە

  • سندوقی تریلیۆن دۆلاریی عێراق و ئەمریکا؛ کۆمپانیا نەوتییەکان پشتیان لە هەرێم کرد؟

  • موجته‌بام نه‌بینیوه‌؛ عێراقچی گومان له‌ مردنى خامنه‌یى ده‌كات

سەرەکی