2 کاتژمێر پێش ئێستا
68 جار خوێنراوەتەوە
یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە؛ گرەو لەسەر بەردەوامی هاوکاری هاوپەیمانان دەکرێت
یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە، گرەو لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکرێت، ئەمریکاش بەردەوامیی هاوکاری و راهێنان دەبەستێتەوە بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی 11 یەکەی سەربازیی (فیرقە).
دوای ساڵانێک دابەشبوون و جیاوازی هێزەکانی پێشمەرگە کە بەسەر هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا دابەشبوون، بەپێی خشتەیەکی کاتیی وەزارەتی پێشمەرگە یەکخستنەوەی ئەو هێزانە دەستیپێکردووە، حکومەتی هەرێم وەک چاکسازیی سەربازیی ناوی دەنێت و ئەمریکا و هاوپەیمانانیش وەک مەرجی سەرەکیی بۆ بەردەوامیی هاوکاری سەربازیی و دارایی.
ئەمریکا و هاوپەیمانان مانگانە بڕە پارەیەک پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن کە بەسەر یەکە جیاوازەکانی پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی چاکسازیدایە بۆ یەکخستنەوەی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت یەکخستنەوەی هێزەکان لە قۆناغی کۆتاییدایە و ئەمەش بە سەرپەرشتی راستەوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا.
بە وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئیرادە، هاوپەیمانان پێشمەرگەیان دڵنیا کردووەتەوە کە هاوکارییەکان بەردەوام دەبن، جەختیشیکردەوە هێزی پێشمەرگە هیچ پەیوەندی بە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت نییە و بەپێی دەستووری عێراقی دانی پێدا نراوە.
وەک ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی پێکرد، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یەک وەزارەتدا لە چەند مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت، دوای ئەوەی هەردوو یەکەی 70 و 80 ی پێشمەرگە خرانەوە سەر وەزارەت.

پرسی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە چیتر پرسێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە کە تا ئەیلولی 2026 ئەنجامدراوە، ئامانج لێی یەکخستنەوەی هێزەکان و دەرهێنانیانە لە ژێر دەستی حزب.
بە وتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای کۆتاییهاتنی لێکتێگەیشتنەکەش لە ئەیلولی ئەمساڵ، پێشبینی دەکرێت لێکتێگەیشتنی نوێ واژۆ بکرێت.
بە وتەی سەرچاوەکە، وەزارەتی پێشمەرگە و سەرکردایەتی سیاسی کورد، درکی بە ئاستی مەترسییەکان کردووە و بە جددی دەستی بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، جگە لەوەی فشاری ئەمریکا هەیە بۆ یەکخستنەوەیان، ئەمەش لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی دەبێتە هۆی بەردەوامیی هاوکارییەکان کە مانگانە 24 ملیۆن دۆلارە.
بەپێی یاسای ژمارە 19 ی ساڵی 2007 تایبەت بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە لە پەرلەمانەوە دەرچووە، هێزەکانی پێشمەرگە دەسەڵاتێکی شەرعی و یاساییە و لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە کاردەکات، ئەرکی پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیەتی.

-
فراوانبوونی بەرەی جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ ئۆکرانیا دەچێتە ناو هاوکێشەکە و وڵاتانی کەنداویش دەبنە ئامانج
|
-
یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە؛ گرەو لەسەر بەردەوامی هاوکاری هاوپەیمانان دەکرێت
|
-
سیناریۆکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دژی تاران؛ لە شکستی مانگی ئادارەوە تا گەڕانەوەی ئاماژەکانی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی "کارتی کوردی"
|
-
چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان دەستپێشخەرییەکان و مەترسیی دیفاکتۆبوونی حکومەتی کاربەڕێکەردا
|
-
کەیسی شەهید غەزال مەولان سەرهەڵدەداتەوە؛ پێنج کارمەندی نەخۆشخانەی بەخشین ڕەوانەی دادگا کران
|
-
له حهسهكهی رۆژئاوای كوردستان چی ڕوودهدات؟
|
-
ئێران هێرشەکانی بۆسەر حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە
|
-
لە چەکدانانی پەکەکەوە تا دادگاییکردنی ئەندامانی؛ وردەکاریی پڕۆژەیاسای نوێی ئاشتی لە تورکیا
|
-
لە دڵنیایی مووچەی هەرێمەوە تا ململانێ لەگەڵ واشنتن و تاران؛ جووڵەکانی زەیدی ئایندەی عێراق بە کوێ دەگەیەنێت؟
|
|
|
|