4   کاتژمێر پێش ئێستا 86 جار خوێنراوەتەوە

فراوانبوونی بەرەی جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ ئۆکرانیا دەچێتە ناو هاوکێشەکە و وڵاتانی کەنداویش دەبنە ئامانج

دۆخی سیاسی و سەربازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری لە قۆناغێکی هەستیار و گۆڕانکاری خێرادایە. لە لایەکەوە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ بەردەوامن، و لە لایەکی ترەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ناوبژیوانیی وڵاتانی وەک عومان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی پرسی گەرووی هورمز چڕتر بوونەتەوە.

هەڵوێست و هەڕەشەکانی ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (LCI)ی فەرەنسی ڕایگەیاند کە ئەگەر لە دانوستانەکاندا سەدا سەدی داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە جەنگێکی فراوان دژی ئێران دەستپێدەکەنەوە، و جەختی کردەوە کە راگرتنی کاتیی شەڕ مانای پاشەکشە نییە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی (ئاکسیۆس) و ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، ترەمپ فەرمان بە سوپای ئەمریکا کردووە هێرشە نوێیەکان ڕابگرێت و دەرفەت بە دیپلۆماسی بدات. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ ترس لە کەمبوونەوەی کۆگاکانی موشەکی پاتریۆت دەگەڕێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ شاندی عومانی بڕەخسێت لە تاران.

کاردانەوە و لێدوانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران

محەمەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند کە بە هێرشی درۆنی و مووشەکی، نزیکەی هەموو ژێرخانەکانی ئەمریکا لە هەولێر لەناوبراون و زیانی گەورە بە توانای سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو گەیەندراوە.

حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران، هۆشداری دا کە هەر وڵاتێک، لەوانەش بەریتانیا یان وڵاتانی کەنداو، خاک و ئاسمانی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت، دەبێتە ئامانجێکی ڕەوا بۆیان. ناوبراو ڕەخنەی توندی لە بەریتانیا گرت و بە پاشکۆی ئەمریکا ناوی برد.

بەرەوپێشچوونە دیپلۆماسییەکان و دۆخی گەرووی هورمز

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان تاران و شاندی عوممان لەسەر ئاستی جێگری وەزیرانی دەرەوە لە تاران بەسوود و بونیادنەر بوون. گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی بەڕێوەبردنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کراوە بە ڕەچاوکردنە مافەکانی هەردوولا.

سەرچاوە هەرێمایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا هاتووەتە ئاراوە و ئەگەر هەیە تا کۆتایی هەفتە عومان و ئێران بگەنە ڕێککەوتنێک، کە دواتر دەبێت ترەمپ بڕیاری لەسەر بدات.

پەرەسەندنە سەربازیی و دیپلۆماسییەکانی دەرەوەی ناوچەکە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرکۆنەی هێرشێکی ئۆکرانیای بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێرانی لە دەریای قەزوین کرد، کە بەهۆیەوە دەریاوانێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی تر بریندار بوو. لە بەرامبەردا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند کە سوپاکەیان کەشتییەکی جەنگی ڕووسی و کەشتییەکی باری سەربازیی پەیوەندیدار بە ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی ترەوە، شێخە زەین ئەلسەباح، باڵیۆزی کوەیت لە ئەمریکا، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بەشداریکردنی کوەیت دەکەن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران، و جەختی کردەوە کە کوەیت ڕێگەی نەداوە خاک و ئاسمانی بۆ هیچ هێرشێک دژی دراوسێکانی بەکاربێت.

دەرئەنجام دۆخەکە لە قۆناغێکی وەرچەرخاندایە؛ لە لایەک ئامادەکاری سەربازی بەردەوامە و لە لایەکی ترەوە هەوڵە سیاسییەکان بە سەرۆکایەتی عوممان هەوڵی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ دەدەن.

  • جیاوازیی گەورەی حوکمڕانی؛ لە کاتێکدا بەغدا گەندەڵکاران دەستگیر دەکات، هەرێمی کوردستان ٣٥ ساڵە لە بێدەنگیدایە

  • لە نووسینگە ئابوورییەکانەوە؛ چۆن داهاتی عێراق ئاراستەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان دەکرێت؟

  • فراوانبوونی بەرەی جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ ئۆکرانیا دەچێتە ناو هاوکێشەکە و وڵاتانی کەنداویش دەبنە ئامانج

  • یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەچێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە؛ گرەو لەسەر بەردەوامی هاوکاری هاوپەیمانان دەکرێت

  • سیناریۆکانی واشنتۆن و تەلئەبیب دژی تاران؛ لە شکستی مانگی ئادارەوە تا گەڕانەوەی ئاماژەکانی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی "کارتی کوردی"

  • چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان دەستپێشخەرییەکان و مەترسیی دیفاکتۆبوونی حکومەتی کاربەڕێکەردا

  • کەیسی شەهید غەزال مەولان سەرهەڵدەداتەوە؛ پێنج کارمەندی نەخۆشخانەی بەخشین ڕەوانەی دادگا کران

  • له‌ حه‌سه‌كه‌ی رۆژئاوای كوردستان چی ڕووده‌دات؟

  • ئێران هێرشەکانی بۆسەر حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە

سەرەکی