1     کاتژمێر پێش ئێستا 58 جار خوێنراوەتەوە

یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

لە هەنگاوێکی نوێدا بەرەو خاوکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت، رۆژی دووشەممە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی دووبەدوویان ئەنجامداوە کە چەند کاتژمێرێکی خایاندووە.زانیارییەکانیش ئاماژە بە لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت بە بێ لایەنەکانی تر.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ناوەڕۆک و وردەکاریی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچووە.هەر بەپێی زانیارییەکان، لە دیدارەکەدا لێکتێگەیشتنێکی ئەرێنی لەسەر پرسە ناکۆکەکان درووستبووە بە ئاقاری لێکتێگەیشتنی زیاتری پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم رۆژانەی داهاتوودا پێشهاتی نوێ هەبن.

هەر دوای ئەم دیدارە بوو کە میدیاکان و لەنێویشیدا میدیا نزیکەکانی ئەو دوو حزبە، ئاماژەیان بە هاتنەئارای بەرەوپێشەوەچوون لە پەیوەندییەکانی ئەم دوو لایەنە کردبوو لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە.

رۆژی سێشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كونسوڵی گشتیی بەریتانیا كۆبوەوە، ڕایگەیاند "هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت چڕكراوەتەوە".

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هۆڵی ڤێر كونسوڵی گشتیی بەریتانیا كۆبوەوە، لەبارەی كۆبوونەوەكەشەوە ڕایگەیاند، "باسمان لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كرد كە بە خۆشحاڵییەوە هەوڵەكان چڕتر كراونەتەوە و هیوامان خواست لایەنەكان لە ماوەیەكی نزیكدا بگەنە رێككەوتنی كۆتایی و حكومەتێكی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینە پێكبهێنن".

رۆژی  2ـی تەممووزی 2026 لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەردوو حیزبەکە بەڕێوە چوو.

لەو کاتەوە هەردوولا چەندین جار کۆبوونەتەوە. دوایین کۆبوونەوەیان رۆژی 9ی ئەیلوول بوو و رایانگەیاند: "هەردوو لایەن ئامادەن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای شایستەی هەڵبژاردن، کە حکومەتێکی هاوسەنگ و پەسەندکراو بێت لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەروەها حکومەتێک بێت کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق پێبێت"

بەڵام رۆژی سێشەممە هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ ڕایگەیاند كە بەشداری حكومەت ناكەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر یەكێتی و نەوەی نوێ بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕێككەوتنیان كرد،بەڵام پارتی دژی ڕێككەوتنەكە وەستایەوە.

پێشتریش، عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، بە نێوەندگیری وڵاتێك پارتی و یەكێتی لەسەر پێكهێنانی حكومەت ڕێككەوتوون و هیچ لایەنێكی تر بەشداری پێناكرێت.دواتریش مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند لەم رۆژانەدا هەواڵی خۆش دەبیستن، هەرچەندە ڕێواس فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی هەر رێککەوتنێک هەبێت بە ئاشکرا دەیڵێن.

رۆژنامەی (العالم جەدید)ـی عێراقی، لەوبارەوە دەڵێت: بەهۆی گوشارە نێودەوڵەتییەکانەوە بەتایبەتی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، هەردوو لایەن گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی نیمچە کۆتایی، لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنەدا، بڕیارە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی حکومەت (دوو ساڵی یەکەم) بەر یەکێتی بکەوێت و قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، لە بەرامبەردا پارتیش مەسرور بارزانی بۆ خولی دووەم کاندید دەکات، بە مەرجێک سەرۆکایەتی هەرێم بۆ خولێکی تەواو لای پارتی بمێنێتەوە.

لە ڕووی دابەشکاریی پۆستە وەزارییەکانەوە، ڕێککەوتنەکە ئاماژە بەوە دەکات کاتێک سەرۆکایەتی حکومەت لای پارتی دەبێت، یەکێتی چەندین وەزارەتی سیادی و گرنگی وەک دارایی، پێشمەرگە، خوێندنی باڵا و پلاندانان، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرێت. ئەم هاوسەنگییە بۆ ئەوەیە هیچ لایەنێکیان هەست بە پەراوێزخستن نەکات لە سەردەمی دەسەڵاتی لایەنەکەی دیکەدا.بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی پارتی و یەکێتی ئەم هەواڵە پشتڕاست ناکەنەوە.

نزیکەی دوو ساڵە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و تەنها دانیشتنی سوێندخواردنی ئەنجامداوە، کابینەی دەیەمی حکومەتیش پێکنەهێنراوە.

 بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.

 

  • چەکداماڵین لە گرووپە چەکدارەکان؛ قورسترین تاقیکردنەوەی دەسەڵات لەبەردەم عەلی زەیدیدا

  • یەکێتی و پارتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون؟

  • ئەمریکا دەستی بە کشانەوە لە هەرێم کردووە بەڵام سیستمی بەرگریی دەهێڵێتەوە

  • کێشەی وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای داناغاز سەرهەڵدەداتەوە

  • بەهۆی کاریگەری هێرشی حوسییەکان؛سعودیە کۆبوونەوەیەکی بە بەشداری ئێران هەڵوەشاندەوە

  • نیگەرانییەکانی تاران و فشاری واشنتن؛ هاوکێشە نوێیەکانی هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەی ناوچەییدا

  • چوار ساڵ دوای گیانلەدەستدانی ژینا؛ لە شکستی یاسای حیجابی زۆرەملێ وە تا بەردەوامیی خەباتی ژنان

  • لە گەرووی هورمزەوە تا بازاڕە جیهانییەکان؛ لێکەوتەکانی جەنگی ئێران لەسەر ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهانی

  • قەیرانی بەنزین لە هەرێم و عێراق؛ لەنێوان دروشمی سیاسی و کورتهێنانی ڕاستەقینەدا

سەرەکی