9 کاتژمێر پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
له دیداری مێری چ وترا؟ لە هەناردەکردنی نەوت و پەیامی ئاشتییەوە تا ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت
لە دیداری مێریدا چ وترا؟ سەرکردەکانی کورد نەخشەڕێگەی دەربازبوون لە هەڕەشەکان و پێکهێنانی حکومەت دەکێشن
ديداری مێری لهژێر ناونیشانی "لهو دهڤهرهی تێیدا هاوبهشین؛ پێشخستنی سهقامگیری و هاوكاری و خۆشگوزهرانی" بە بەشداری سەرکردە سەرەکییەکانی کوردستان و ناوچەکە بەڕێوەچوو، هاوکات نیگەرانی و ڕەخنەی توندی هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانیشی لێکەوتەوە.
ڕۆژى 12-10-2026 دیداری مێری لهژێر ناونیشانی "لهو دهڤهرهی تێیدا هاوبهشین؛ پێشخستنی سهقامگیری و هاوكاری و خۆشگوزهرانی" دەستی بە کارەکانی کرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بوو. لە کۆڕبەندەکەدا تیشک خرایە سەر چەندین پرسی هەستیار و گرنگی ناوخۆیی، عێراقی و ناوچەیی بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە سەرکردە سیاسییەکان.

نێچیرڤان بارزانی: عێراق دەبێت وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری ڕەفتار بکات
لە کۆڕبەندەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەک کورد لە ناوچەکەدا هەم دەرفەتمان لەپێشە و هەم هۆشداری و هەڕەشەشمان لەسەرە. ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە هەڕەشەی ئابووری کە هەڕەشەیەکی گەورەیە، هەڕەشەیەکی تر ئەوەیە کە عێراق بەرهو چی ئاڕاستەیەک دەڕوات، ئەوەش بە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و پێویستە عێراق وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری ڕەفتار بکات.
سەرۆکی هەرێم جەختی کردەوە کە دەرفەت بۆ کورد هەیە، بەڵام بۆ هەر وڵاتێک کە تێیدا دەژی تایبەتمەندی خۆی هەیە؛ لە تورکیا، سوریا و تەننانەت لە ئێرانیش دەرفەت هەیە تاوەکو کێشەکان بەشێوەیەکی گشتی چارەسەر بکرێن. لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ناکۆکییەکان هەوڵی زۆریان داوە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و سەبارەت بە پاراستنی ئاسمانی عێراق و کوردستان دوای کشانەوەی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە ٥٢ شوێن دیاریکراوە تا بەگریی ئاسمانی لێ دابنرێت کە هێزی بەرگری هەرێمیش لەخۆدەگرێت.

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ئامادەی ڕێککەوتنی جددییە لەگەڵ پارتی
لای خۆشییەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە عێراقێکی بەهێز و دەوڵەمەند، زامنی کوردستانێکی بەهێزە. بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند یەکێتی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆی پاراستووە و ئامادەیی حیزبەکەی بۆ ڕێککەوتنی جددی و یەکسان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و نەوەی نوێ دووپاتکردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە ئەمنی و ئابوورییەکان.
هەروەها هۆشداریدا ناوچەکە لە دۆخێکی مەترسیداردایە و پێویستە خۆمان ئامادە بکەین و لەگەڵ لایەنەکانی تر ڕێکبکەوین، چونکە لە ڕووی ئابوورییەوە تەواوی جیهان لە دۆخێکی خراپدایە و لە عێراق و کوردستانیش مەترسی هەیە. سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە هەمووان پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی بکەن و ڕوونی کردەوە کە ئەگەر لایەنەکانی تریش سیاسەتێکی ڕوون پەیڕەو بکەن، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن، چونکە یەکێتی قسەی پشت پەردەی نییە.

تونجەر باکرهان: پێویستە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تا کۆتایی سەربکەوێت
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تێڕوانینی پارتهکەی بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو و باسی لەوە کرد، کێشەی سەرەکیی ناوچەکە تەنیا دەستوەردانی دەرەکی نییە، بەڵکو نەبوونی دیموکراسی، نکوڵیکردنی مافی پێکهاتەکان و تاکڕەوییە.
باکرهان ئەوەی خستەڕوو کە تورکیا لە جەنگی چەند دەیەی ڕابردوودا سێ تریلیۆن دۆلاری خەرج کردووە، هەربۆیە سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری بۆ هەموو تورکیا گرنگە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان وەک دەم پارتی ئامادەن تا کۆتایی لەسەر مێزی گفتوگۆ بمێننەوە بەو پێیەی یەکەمین جارە لە مێژووی ۱۰۰ ساڵەی کۆماردا، پەرلەمان یاسایەکی بۆ پرسی کورد دەرکردووە.

مەزڵوم عەبدی: زمانی کوردی لە سوریای نوێدا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی پێشووی هەسەدە و ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی سوریا، سەبارەت بە پرسی کورد لە سوریای نوێ ڕایگەیاند کە دەرفەتێکی گەورە بۆ گەلانی سوریا هاتووهتە ئاراوە، بەڵام لە هەمان کاتدا سوریای نوێ ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر بووەتەوە و دەبێت بە جدی کار بۆ چارەسەرکردنیان بکەرێت.
دەربارەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند کە پرۆسەی تێکەڵکردنی ئیدارە و هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی نوێی سوریا ئیرادەیەکی بەهێزی لەپشتە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لێدەکات. هاوكات ئاشکرای کرد کە ڕێککەوتن و چارەسەر لەسەر پرسی زمانی کوردی لە سوریای نوێدا کراوە و خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی بەردەوام دەبێت.

قوباد تاڵەبانی: شەڕی براکوژی ڕوناداتەوە و گەڕانەوە بۆ دەستوور کلیلی چارەسەرە
لە بەشێکی تری کۆڕبەندەکەدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، جارێکی تر شەڕی براکوژی لەناو کورددا ڕوناداتەوە و هەمیشە هەوڵ دەدەن بە دیدێکی نوێوە لەگەڵ نەوەکانی سەردەمی پێش راپەڕین گفتوگۆ بکەن و بگەنە خاڵی هاوبەش. جەختیشی کردەوە کە دۆخی ئەمڕۆی حکومڕانی پێویستی بە بیر و بۆچوونی جیلی نوێ و ئەزموونی جیلی کۆنیش هەیە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، هۆکاری سەرەکی کێشەکان لەگەڵ بەغدا پشتکردنە لە دەستوور، و گەڕانەوە بۆ دەستوور کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکانە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە سیستەمێکی حکومڕانی نوێ هەیە کە ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بکات و پرۆسە ئیدارییەکان لەوە خێراتر بکات.

پەرچەکردارەکان؛ بەیاننامەی بارەگای بارزانی و هەڵوێستی ئەنەکەسە و پژاک
لە بەرامبەر بەڕێوەچوونی ئەم دیدارەدا، بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانیی قوڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە جێگەی داخە کۆڕبەندەکە نەیتوانیوە بە شایستەیی لە بانگهێشتکردنی میوانان و پەنێڵەکانیدا ڕەچاوی فرەلایەنیی سیاسی و بەشداریی لایەنەکانی بەشەکانی تری کوردستان بکات. بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە مامەڵەکردنە دەبێتە هۆی قووڵکردنی دووبەرەکی و بە ڕاشکاویش جەختی کردەوە کە دیداری مێری هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە.
لە هەمان ئاڕاستەدا، ئیبراهیم برۆ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) ڕایگەیاند، لە دیداری مێریدا نوێنەرانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگوێ خستووە و تەنها ئەو لایەنانەی بانگهێشت کردووە کە شکستیان هێناوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنترۆڵی سەربازی و ئیداری مافی قۆرخکردنی نوێنەرایەتی گەلی کورد بە هیچ لایەنێک بەخشش ناکات. هاوکات ڕێوار ئاوادانان، وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) جەختی لەسەر پێویستی دەرهێنانی کایەی سیاسی لە قۆرخکاریی پارتە باڵادەستەکان کردەوە و دروستکردنی کۆماری دیموکراتیکی وەک گونجاوترین سیستەم بۆ داهاتووی ئێران و گەرەنتی کردنی ئازادییەکان وەسف کرد.
لە پەراوێزی ئەم پێشهاتانەشدا، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەڕێوەدەچێت، کە تەوەری سەرەکیی تێیدا شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
-
دوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک؛ محەمەد سەمعان چاوی لە وەزارەتێکی بەغدایە و داوای پشتیوانی یەکێتی دەکات
|
-
له دیداری مێری چ وترا؟ لە هەناردەکردنی نەوت و پەیامی ئاشتییەوە تا ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت
|
-
لێدوانی توند لە بەغداوە: 90%ی داهاتی ئێران سەرچاوەکەی عێراقە، کەچی هاوکاری نەکردین
|
-
کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی؛ هەوڵێک بۆ بازدان بەسەر ئاستەنگەکانی مەسرور بارزانی
|
-
پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات
|
-
دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم
|
-
دەستوور، هەڵبژاردن و ئەمریکا؛ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکانەوە
|
-
لە دیداری مێری چۆن نیگەرانییە ئابوورییەکان پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس کران؟
|
-
کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە
|
|
|
|