8   کاتژمێر پێش ئێستا 157 جار خوێنراوەتەوە

دوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک؛ محەمەد سەمعان چاوی لە وەزارەتێکی بەغدایە و داوای پشتیوانی یەکێتی دەکات

محەمەد سەمعان بۆ مسۆگەرکردنی وەزارەتێک لە بەغدا و بەجێهێشتنی کەرکووک بۆ تورکمانێک لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبووەوە، لەکاتێکدا پێشتر بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەو پۆستەی لە کەرکوک پێدرا.

دەباشان و ئامانجە نوێیەکەی بەغدا

محەمەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی بەرەی تورکمانی، لە دەباشانی سلێمانی سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد. سەمعان کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ یەکێتی ببووە یەکەم تورکمان پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت، ئێستا چاوی لەوەیە لە کابینەکەی عەلی زەیدیدا پۆستی "وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە" لەسەر پشکی تورکمان وەربگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی بەغدای کردووە.

بەرەی تورکمانی پلانی هەیە دوای وەرگرتنی وەزارەتەکە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک هەر لەلای خۆی بهێڵێتەوە و لەبری سەمعان، (ئەحمەد ڕەمزی کۆپرلو) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا بباتە ئەو پۆستە. محەمەد سەمعان کە پێشتریش ستایشی ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی کردبوو، سەردانەکەی بۆ سلێمانی بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی یەکێتی بووە لە هەردوو پرسی وەزارەتەکەی بەغدا و هێشتنەوەی پارێزگار بۆ تورکمان.

ڕەتکردنەوەی ماددەی ١٤٠ و وەڵامی توندی پارتی

لەگەڵ هەوڵە سیاسییەکانی بۆ بەغدا، پێشتر محەمەد سەمعان ئاغا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (عێراقیە) جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی بە «گەورەترین هەڵەی ستراتیژی» ناوبرد و داوای کرد پۆستی پارێزگاری کەرکووک ٢ تا ٣ ساڵ جارێک لە نێوان پێکهاتەکاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت لەسەر بنەمای دابەشکردنی پۆستەکان بە ڕێژەی ٣٢٪.

ئەم لێدوانە کاردانەوەی بەهێزی لێکەوتەوە؛ مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامێکی توندی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکردن لەسەر نەمانی ماددەی ١٤٠ بە مانای بێبەهاکردنی دەستوور و بەتاڵکردنەوەی عێراق دێت لە مانای دەوڵەتبوون. پارتی ڕایگەیاند کە گەیشتنی سەمعان بەو پۆستە ئەنجامی «سەفقەیەکی گوماناوی» هۆتێل ڕەشید بووە، لە کاتێکدا یەکێتی بەرامبەر ئەم لێدوانانە بێدەنگی هەڵبژارد.

دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ماددەی ١٤٠ هێڵی سوورە

هەر ئەوکات بەهۆی لێدوانەکەی محەمەد سەمعان، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە توندی لێدوانەکانی پارێزگاری کەرکووکی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: «ماددەی ١٤٠ تاقە نەخشەڕێگەی هاوسەنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناسنامەی ناوچە کوردستانییەکان». فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەکە هۆشداری دا کە ڕێزگرتن لە دەستوور بنچینەی حوکمڕانییە و پێویستە پارێزگار لە دەستەواژەی نادەستووری بەدوور بێت و گیانی پێکەوەژیان زاڵ بکات.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان دوای دوو ساڵ لە بایکۆت، فراکسیۆنی پارتی لە کۆتایی تەموزی ئەمساڵدا بڕیاری گەڕانەوەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا دا، دوای ئەوەی لە ئابی ٢٠٢٤ لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بێ ئامادەبوونی پارتی، حکومەتی خۆجێی کەرکووک پێکهێنرابوو.

گۆڕینی دیموگرافیا و دەرئەنجامی پەرتەوازەیی کورد

ماددەی ١٤٠ دوای ١٩ ساڵ لە بەسەرچوونی وادەکەی و خەرجکردنی زیاتر لە ٢ ترلیۆن دینار، هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. ڕەوشی شارەکە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕووی لە ئاڵۆزی کردووە و پێشێلکارییەکان لە ڕێگەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک و کارتی زانیاری بۆ عەرەبی هاوردە چڕبووەتەوە، بەتایبەت لە ناحیەی سەرگەڕان کە زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان داگیر دەکرێن.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی دیسەمبەری ٢٠٢٣، کە تێیدا لایەنە کوردییەکان بەبێ لیستی هاوبەش بەشداربوون. بەپێی ئەنجامەکان، عەرەب ٢٢٤ هەزار و ٧٨٣ دەنگ، کورد ٢١٧ هەزار و ٣٩٧ دەنگ، و تورکمان ٧٢ هەزار و ٢٨١ دەنگیان بەدەستهێنا. بەهۆی پەرتەوازەیی و بەفیڕۆچوونی هەزاران دەنگ، کورد زۆرینەی لە کەرکووک دۆڕاند و پێگەی لە ناوەندەکانی بڕیاردا لاواز بوو.

 

  • دوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک؛ محەمەد سەمعان چاوی لە وەزارەتێکی بەغدایە و داوای پشتیوانی یەکێتی دەکات

  • له‌ دیداری مێری چ وترا؟ لە هەناردەکردنی نەوت و پەیامی ئاشتییەوە تا ڕێککەوتنەکانی پێکهێنانی حکومەت

  • لێدوانی توند لە بەغداوە: 90%ی داهاتی ئێران سەرچاوەکەی عێراقە، کەچی هاوکاری نەکردین

  • کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراو لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی؛ هەوڵێک بۆ بازدان بەسەر ئاستەنگەکانی مەسرور بارزانی

  • پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لە بیستەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی دەکات

  • دۆخی ئەمنی لە قۆناغی دوای هاوپەیمانان؛ لەنێوان هەوڵەکانی بەغدا بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و نیگەرانییەکانی هەرێم

  • دەستوور، هەڵبژاردن و ئەمریکا؛ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەستراوەتەوە بە ئاڵوگۆڕە هەرێمییەکانەوە

  • لە دیداری مێری چۆن نیگەرانییە ئابوورییەکان پرۆسەی ئاشتی و داهاتووی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باس کران؟

  • کورد بە مەرج پشتیوانی ئەردۆغان دەکات خۆی کاندید بکاتەوە

سەرەکی