3   کاتژمێر پێش ئێستا 111 جار خوێنراوەتەوە

پێشنیازی گواستنەوەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ سەماوە شکستی هێنا؛ "هەرێم پێداگرە لەسەر پاراستنیان"

سیاسییەکانی هەرێم ڕەخنە لە پێشنیازی دەركردن یان ڕادەستکردنەوەیان دەگرن و سەرچاوەیەکی حکومیش دەڵێت ئەو گرووپانە پەنابەری تۆمارکراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن

سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە پێشنیازی دەركردنی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە خاکی هەرێم دەگرن، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی حکومی بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی ڕاگەیاندووە کە ئەندامانی ئەو گرووپانە پەنابەری تۆمارکراون لەلای نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕەتکردنەوەی ئەو داوایانەش لە سایەی فشارە بەردەوامەکانی تاران و هەڕەشە ئەمنییەکاندا دێت.

پاشخانی ڕاگەیەندراوەکەی ئێران و هەڵوێستی بەغداد

ئەم هەڵوێستەی هەرێمی کوردستان پاش هەفتەیەک دێت لەوەی ئێران ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ دەڕکردنی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، یاخود ڕادەستکردنەوەیان بە دەسەڵاتدارانی تاران؛ ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگای یەکێک لەو حزبانە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو، باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند ئێران و عێراق لەمیانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی ئەمنیی ڕێککەوتوون لەسەر دەڕکردنی ئەو گرووپە کوردییانە لە هەرێمی کوردستان یاخود تەسلیمکردنەوەیان بە ئێران، بەڵام ئەوە دواتر لەلایەن لایەنی عێراقییەوە ئاماژەی پێ نەکرا. بەڵام وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند ڕێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت.

پێشنیازی گواستنەوە بۆ پارێزگاکانی باشوور و ڕەتکردنەوەی لەلایەن هەرێمەوە

بەوتەی بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی عێراق، گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروستبووە کە ئەو هێزە کوردیانەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن، لە هەرێمی کوردستانەوە بگوازرێنەوە بۆ ناوچەی تری عێراق، لەوانەش پارێزگای موسەننا (کە پارێزگای سەماوە یەکێک بووە لە بژاردەکان تا لەوێ کەمپیان بۆ دروست بکرێت). بەڵام بەوتەی بەشێک لە میدیاکان، ئەو دوو پێشنیازە هێشتا بڕیاری لێنەدراوە و نەبووەتە بڕیاری فەرمی، ئەوەش لەکاتێکدایە بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی عێراق بژاردەی تەسلیمکردنی ئەندامانی ئەو هێزە كوردییانە بە ئێران بەدوور دەزانن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"، دەڕکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی تری عێراق بە تەواوەتی ڕەتکراوەیە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەندامانی ئەو هێزە کوردییانە بەهیچ شێوەیەک لە هەرێمی کوردستانەوە مەترسییان بۆ سەر ئێران دروست نەکردووە، بەپێی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی دەستنیشانکراویش لە سنوورەکانی ئێران دوورکەوتوونەتەوە. وەک ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی پێکردووە، هۆکاری ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ناردنیان بۆ پارێزگاکانی تری عێراق بەهۆی ئەوەیە ترس هەیە تووشی تیرۆرکردن ببنەوە، یاخود بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنییەوە کێشەیان بۆ دروست ببێت.

مێژووی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان و هەڕەشەکانی ئێران

لە ئاداری 2023، عەلی شەمخانی ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەغداد ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد کە بە "ڕێککەوتنی هاریکاری ئەمنیی هاوبەش" ناسرا. ئەمەش دوای چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی هات بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پاساوی بوونی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.

دواتر لە 11ی تەموزی 2023، محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد ئەگەر بەغداد و هەولێر پابەندییەکانیان دژ بە گرووپە چەکدارە کوردییەکان جێبەجێ نەکەن ئەوا هێرشی زەمینی دەکەن، ماوەیەکیشی دیاری کرد بۆ چەککردنی ئەو گرووپانەی دژ بە ئێران کار دەکەن.

یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشی تێدا بەشداربوو، بڵاوکردنەوەی هێزی عێراقی بوو لەسەر سنوورەکانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی چەکدارانی هێزە کوردییەکان، لەگەڵ گواستنەوەی بارەگای ئەو حزبانە لە سنوورەکانی ئێرانەوە بۆ قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان.

تا ئێستاش کە چەند ساڵێک بەسەر ڕێککەوتنەکەی 2023دا تێپەڕیوە، ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئەو گرووپانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی و بەو پاساوەش چەندین جار هێرشی درۆنی و مووشەکی ئەنجامداوە؛ بەڵام هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان بەردەوام ڕەتیدەکەنەوە کە ئەو حزبە کوردییانە هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ئێران دروست کردبێت.

  • تێکەڵکردنی هێزەکان لە شنگال؛ هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی و كاردانەوەی توندی هەرێم

  • پێشنیازی گواستنەوەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ سەماوە شکستی هێنا؛ "هەرێم پێداگرە لەسەر پاراستنیان"

  • هەڵبژاردنی کنێست؛ رێژەی بەشداریکردن ریکۆرد دەشکێنێت و ململانێی نەتەنیاهۆ و ئایزنکۆت دەگاتە لوتکە

  • خانمێکی کورد دەچێتە پاڵ دیارترین ناوەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

  • پەیەدە داوای بەپەلە لە دیمەشق و مەزڵوم عەبدی دەکات؛ "گرێ سپی بێخاوەن نییە"

  • پرۆسەی ئاشتی لە دووڕیانی چەقبەستن و پێداگریدا؛ ئایا ئەنقەرە هەنگاوی کۆنکرێتی دەنێت؟

  • پەیامێکی یەکلاکەرەوە لە کەجەکەوە: گەریلا یەک هەنگاوی تر ناگرێتەبەر

  • هەڵبژاردنی چارەنووسساز لە ئیسرائیل؛ ناتانیاهۆ بەرەو سەختترین تاقیکردنەوە دەچێت

  • رەزایی: لەگەڵ تورکیا، سعودیە و پاکستان گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی

سەرەکی