1     کاتژمێر پێش ئێستا 46 جار خوێنراوەتەوە

پرۆسەی ئاشتی لە دووڕیانی چەقبەستن و پێداگریدا؛ ئایا ئەنقەرە هەنگاوی کۆنکرێتی دەنێت؟

لە کاتێکدا کەجەکە مەرجی فەرمیکردنی پێگەی ئۆجالان دووپات دەکاتەوە، دەم پارتی ڕیتمی پرۆسەکە بە خاو و پڕ لە ئاستەنگ دەناسێنێت، بەڵام تورکیا سورە لەسەر چەکدانانی تەواوەتی پەکەکە ولێدوانەکانی باخچەلی لەبارەی پژاك قۆناغێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی و هەنگاوە یەکدواییەکانی تەڤگەری ئازادی لە چەکدانان و کشانەوە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ڕووبەڕووی دۆخێکی چەقبەستوو و پڕ لە نیگەرانی بووەتەوە؛ لە کاتێکدا کەجەکە و دەم پارتی جەخت لەسەر پێویستیی ئازادی و فەرمیکردنی پێگەی عەبدوڵا ئۆجالان و کۆتاییهاتنی پێشێلکارییەکانی زیندانەکان دەکەنەوە، لایەنی فەرمی مەرجی توند و بەستنەوەی پرۆسەکە بە دۆخی ناوچەیی وەک پرسی پژاکەوە دەخاتە ڕوو.

هەڵوێستی کەجەکە؛ مەرجی ستاتۆی ئۆجالان و ڕەخنە لە شەڕی تایبەت

لە لای خۆیەوە، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند سەرەڕای هەنگاوە مێژووییەکانی وەک ڕاگرتنی تێکۆشانی چەکداری و کشاندنەوەی گەریلا، دەسەڵات لە بری هەنگاونان بەرەو دیموکراتیزەبوون، پەرە بە 'سیاسەتی شەڕی تایبەت' دەدات.

هۆزات جەختی کردەوە تاوەکو پێگە و ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ بە فەرمی نەکرێت و بە شێوازێکی ئازاد پرۆسەکە بەڕێوە نەبات، گەریلا یەک هەنگاوی دیکەش ناگرێتەبەر. هەروەها ڕەخنەی تووندی لە پێشێلکارییە قورسەکانی زیندانەکان گرت، کە تیایدا سزای زیندانیانی ٣٠ ساڵە درێژ دەکرێتەوە و مافی ئازادبوونیان دەسووتێنرێت، ئەمەش بێمتمانەیییەکی گەورەی لە ناو کۆمەڵگادا دروست کردووە. لە تەوەرێکی تریشدا، هۆزات ئاماژەی بە ململانێی ئەمریکا و ئێران کرد و هۆشداری دا لەوەی دەسەڵاتی تاران بەهۆی سیاسەتەکانی ناوخۆیی و لاوازییەوە بووەتە ئامانج بۆ دەستوەردانی دەرەکی.

نیگەرانییەکانی دەم پارتی و ڕیتمی خاوی پرۆسەکە

لە بەرامبەردا، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاری ئەوەی کرد کە دەستەی ئاشتی و بەسیاسەتکردن کەی دەست بە کارەکانی دەکات و بۆچی دوا دەخرێت. ناوبراو ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بە بڕیاری دەستەی چاودێریی زیندانەکان، سزای لانیکەم 90 زیندانی سیاسی درێژکراوەتەوە. پێشتریش تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، جەختی کردبوو کە کۆمەڵگە پشتیوانیی بەسەرۆکایەتییەکی بەهێز دەداتە پرۆسەکە و هیچ پاساوێكی دەسەڵات بۆ چاوەڕوانبوون نییە، چونکە کۆمەڵگە بەردەوام پرسیاری ئازادبوونی ئۆجالان و زیندانییان و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.

پاشخانی پرۆسەکە و پەرەسەندنە نوێیەکانی باخچەلی و کورتوڵموش

پرۆسەکە لە ٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەستی پێکرد، کاتێک دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە بانگەوازی کرد کە ئۆجالان با لە فراکسیۆنی دەم پارتی چەکدانان ڕابگەیەنێت ئەگەر گۆشەگیریی لەسەر هەڵبگیرێت؛ دواتر بە سەردانی وەفدی ئیمراڵی و بانگەوازی چەکدانانی ئۆجالان پرۆسەکە کاتی خۆی وەرگرت.

هەرچەندە باخچەلی چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردبوو ئۆجالان وەفادار بووە و پێویستە مافی هیوا و پێگەی پێبدرێت، بەڵام لە دواین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بەدی نایەت ئەگەر ناوچەکە لە "تیرۆر" پاک نەکرێتەوە، ئاماژەی بە سەردانی وەزیری ناوخۆی ئێران دا بۆ ئەنقەرە و داوای ناردنی پەیامی ڕوون بۆ چەکدانانی پژاکی کرد. لە بەرامبەریشدا، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، جەختی کردەوە کە ئەگەر ڕێکخراوەکان چەک دانەنێن، یاسا پەسندکراوەکە جێبەجێ ناکرێت.

 

  • خانمێکی کورد دەچێتە پاڵ دیارترین ناوەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

  • پەیەدە داوای بەپەلە لە دیمەشق و مەزڵوم عەبدی دەکات؛ "گرێ سپی بێخاوەن نییە"

  • پرۆسەی ئاشتی لە دووڕیانی چەقبەستن و پێداگریدا؛ ئایا ئەنقەرە هەنگاوی کۆنکرێتی دەنێت؟

  • پەیامێکی یەکلاکەرەوە لە کەجەکەوە: گەریلا یەک هەنگاوی تر ناگرێتەبەر

  • هەڵبژاردنی چارەنووسساز لە ئیسرائیل؛ ناتانیاهۆ بەرەو سەختترین تاقیکردنەوە دەچێت

  • رەزایی: لەگەڵ تورکیا، سعودیە و پاکستان گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی

  • ناردنی بودجەی ٢٠٢٧ بۆ پەرلەمان تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دواخرا

  • گفتوگۆکانی زاخۆ؛ سێ خاڵە ناکۆکەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ٢٠٢٧ و نەوت

  • سکاڵای سەر حکومەتیشی دواخست؛ دادگای فیدراڵی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە

سەرەکی