2   کاتژمێر پێش ئێستا 107 جار خوێنراوەتەوە

تێکەڵکردنی هێزەکان لە شنگال؛ هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی و كاردانەوەی توندی هەرێم

غازی فەیسەڵ: پشتگوێخستنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ هۆکار بوو بۆ ئەوەی خەڵک و هێزە خۆجێییەکان بەدوای ڕێگەی تردا بگەڕێن

لە ٢٦ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە لوتکەی چلمێرای شنگال، پرۆسەی تێکەڵکردنی چوار هەزار و ١٦٥ شەڕڤانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە) لەناو سیستەمی ئەمنی فیدراڵیدا ڕاگەیەندرا. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا لەلایەن گەلی ئێزدی و شرۆڤەکارانەوە وەک دەستکەوت سەیر دەکرێت، بەڵام مشتوموڕێکی گەورەی لەنێوان بەغداد، هەولێر و فەرماندە مەیدانییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

لێدوانی فەرماندەیەکی پێشمەرگە (غازی فەیسەڵ) لەسەر دۆخی ناوچەکە

غازی فەیسەڵ، فەرماندەی پێشمەرگە لە ناوچەی قەرەچووغ، لە لێدوانێکدا بۆ ئیرادە میدیا تێڕوانینی خۆی و دۆخی ناوچەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند:"وەک چۆن لە حکومەتی کوردستان بەشدارین ئاواش لە حکومەتی بەغداد بەشدارین، مادام حکومەتی هەرێم ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ پشتگوێ دەخات ئەو هێزانەش و ئێمەش ناچارین لەگەڵ لایەنی تر ڕێککەوتن بکەین، ئێمەش بەرنامەیەکی وامان هەیە وەکو خەڵکی مەخمور، لێرە بەدوا هەر گۆڕانکارییەکی ئەمنیی و سیاسی هەبێت نەگەڕێینەوە بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان چەندین ئەفسەری باڵای لەناو سوپای عێراق هەن، هەر لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوو پارتی دوو پلەی باڵای لەناو سوپای عێراق وەرگرت."

وتیشی: "ئەوەی هەیە پشتگوێخستنی هەرێمی کوردستان سیاسییە، نەک بڵێی شتێکی تر بێت، چونکە نازانین مامەڵە لەگەڵ کێ بکەین، گومانەکان وان کە ئەو سنوورەی ئێمە فرۆشرابێت، بەڵام لە دوو کابینەی رابردوو دڵنیا بووینەوە سنورەکانی ئێمە فرۆشراون چونکە نەمانتوانی تەنها گوندێکیش ئاودەدان بکەینەوە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنێکی پارتی و تورکیا و سوننەکان، پارتی لەسەر بەرژەوەندی خۆی شەڕ دەکات بەڵام لەسەر لایەنی نەتەوەیی و ئاوەدانی هیچ شەڕێک ناکات، چەند جارێکیش هەوڵدراوە قسەیان لەگەڵ بکەن بەڵام ڕەتیان کردووەتەوە."

لە کابینەی هەشت و نۆ لە کۆی ٣٦٠ گوند نەیانتوانی یەک گوندیش ئاوەدان بکەنەوە

بە وتەی غازی فەیسەڵ: "لە کابینەی هەشت و نۆ لە کۆی ٣٦٠ گوند نەیانتوانی یەک گوندیش ئاوەدان بکەنەوە، لەکاتێکدا ٣٠ شاری لوبنانی لە هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، بە پارەی یەکێک لەو شارانە دەیانتوانی سنووری ئێمە ئاوەدان بکەنەوە کە سەنگەری پێشەوەی کوردایەتییە، بەڵام برا عەرەبەکان پشتیوانی دەکرێن و زەویی و خانوو دەکڕن، زەمینەیان بۆ خۆشکراوە تا ناوچەکە بە شێنەیی بە عەرەب بکرێت، ئەوەشمان بە حکومەتی هەرێم و لایەنەکان وتووە، خەڵک بێئومێد بووە."

"مەسەلەی شنگال و پشتگوێخستنەکە لەلایەن کۆمپانیای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرنامەیە و شتی تریشی بەدوادا دێت، هەموو بیانووەکانی پارتی حزبین و بنەماڵەیین، ئەگەر خاڵ بە خاڵی باس بکەیت زۆری دەوێت، شتێک لە بەرژەوەندی پارتی نەبێت نایەوێت، زۆریش بێمنەتە و لە هەرێمی کوردستان هەموو شتێکی قۆرغکردووە، بەڵام پێناچێت لەگەڵ عەلی زەیدی ئەوەی بۆ بچێتەسەر، چەند هەنگاوێک ماوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بیبڕێت و هاوکێشەکانی پەیوەست بە ئەمریکا و تورکیا تێپەڕێنێت چاکسازی و پاکسازیش لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، هەنگاوی تریش دەنێت، هۆکاری سەرەکییش ناتەبایی ناوخۆییە، ئەو داواکاریانەی ئێمە هەمانبوون هیچیان جێبەجێ نەبوون، من زیاتر ئاگاداری دۆخی ناوچەکەم لە کاک مەسرور و کاک بافڵ باشتر دەزانم چی دەگوزەرێت."

هەڵوێستی فەرمی حکومەتی فیدراڵی

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەبارەی هەنگاوە ئەمنییەکانی شنگال ڕایگەیاند:"لە سەر بنەمای فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیژنە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی پرۆژی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. حکومەتی فیدراڵی دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی لە دەڤەری شنگال جێبەجێ دەکرێن، رێكاری مەیدانی و سەربازین و بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدان. ئەو ڕێوشوێنانە بریتی بوون لە یەکگرتن و ڕێکخستنی یەکینەکانی پاراستنی شنگال لەناو هێزە چەکدارە فەرمییەکانی عێراق، ڕادەستکردنی پێگەکانیان لە چیای شنگال بە یەکەکانی سوپای عێراق و پێکهاتەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکانمان. ئەم دۆسیەیە ئەرکی تاقانەی حکومەتی فیدراڵی و فەرماندە ئەمنییەکانی فیدراڵە".

"حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی خۆجێی لە قەزای شنگال کار دەکات لەسەر هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و خێراکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. تا دەگات بە هەڵبژاردنی حکومەتێکی خۆجێیی بۆ قەزاکە بەگوێرەی یاسا، کە ڕەزامەندی خەڵکی شنگالی لەسەر بێت، نوێنەرایەتیان بکات لە کاروباری ناوخۆیی خۆیاندا". وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وای وت.

هەڵوێستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. لێرەوە جەخت دەکەینەوە کە هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە".

سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات

"بە بیر هەموو لایەک دێنینەوە کە شنگال و چیای شنگال بە خوێنی ئاڵی ٥٠٠ شەهید و ٣٠٠٠ برینداری پێشمەرگە قارەمانەکان ئازاد کراوە ودەبێ ڕێز لەو قوربانی وتێکۆشانە بگیرێت. سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەباردەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە".

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین پابەندی ڕێککەوتننامەی شنگال و سەرجەم ڕێککەوتنە سیاسییەکان بێت. ئەگەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە ئەستەمە، با بگەڕێنەوە بۆ ڕا و ئیرادەی خەڵکی شنگال بەتایبەتی ئێزدییەکان؛ کێیان پێ باشە و چییان پێ باشە با بڕیاری لەسەر بدەن و هەمووان پابەند و پشتیوان بن بۆ هەڵبژاردەکەیان".

 

  • تێکەڵکردنی هێزەکان لە شنگال؛ هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی و كاردانەوەی توندی هەرێم

  • پێشنیازی گواستنەوەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ سەماوە شکستی هێنا؛ "هەرێم پێداگرە لەسەر پاراستنیان"

  • هەڵبژاردنی کنێست؛ رێژەی بەشداریکردن ریکۆرد دەشکێنێت و ململانێی نەتەنیاهۆ و ئایزنکۆت دەگاتە لوتکە

  • خانمێکی کورد دەچێتە پاڵ دیارترین ناوەکانی کەرتی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

  • پەیەدە داوای بەپەلە لە دیمەشق و مەزڵوم عەبدی دەکات؛ "گرێ سپی بێخاوەن نییە"

  • پرۆسەی ئاشتی لە دووڕیانی چەقبەستن و پێداگریدا؛ ئایا ئەنقەرە هەنگاوی کۆنکرێتی دەنێت؟

  • پەیامێکی یەکلاکەرەوە لە کەجەکەوە: گەریلا یەک هەنگاوی تر ناگرێتەبەر

  • هەڵبژاردنی چارەنووسساز لە ئیسرائیل؛ ناتانیاهۆ بەرەو سەختترین تاقیکردنەوە دەچێت

  • رەزایی: لەگەڵ تورکیا، سعودیە و پاکستان گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ رێگری لە دەستوەردانی دەرەکی

سەرەکی