1     کاتژمێر پێش ئێستا 67 جار خوێنراوەتەوە

پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان خێرا دەکرێت؛ DNO پلانی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان زیاد دەکات

دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان قازانجی DNOی بە ڕێژەی %46 هەڵکشاند؛ نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە 45 دۆلار

کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی "DNO ASA"، ڕاگەیەندراو و ئەنجامە دارایی و ئۆپەراسیۆنییەکانی خۆی بۆ چارەکی سێیەمی ساڵی 2026 بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئامار و ریکۆردی پێوانەیی نوێی لە مێژووی 55 ساڵەی کارکردنیدا تۆمارکردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بازدانە داراییە دەگەڕێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەرزبوونەوەی نرخەکانی فرۆشتن لە سەرجەم پڕۆژەکانی کۆمپانیاکەدا.

لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا، کۆی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی DNO بە ڕێژەی %61 بەراورد بە چارەکی پێشوو زیادی کردووە و گەیشتووەتە 142 هەزار و 800 بەرمیل نەوتی هاوتا. لەم ئامارەدا، پشکی شێڕ بەر دەریای باکوور کەوتووە بە 85 هەزار و 400 بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 54 هەزار و 900 بەرمیل، بەشەکەی تریشی لە ئەفریقای ڕۆژئاوا بەرهەمهێنراوە. بەمەش داهاتی کۆمپانیاکە گەیشتە یەک ملیار دۆلار، کە بەراورد بە چارەکی پێشوو ڕێژەی %33 زیادی کردووە، هەروەها قازانجی کارپێکردن بە ڕێژەی %46 بەرزبووەوە و گەیشتە 641 ملیۆن دۆلار.

بارودۆخی فرۆشتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە؛ کۆمپانیای DNO ڕایگەیاندووە کە لە چارەکی سێیەمدا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 38.5 دۆلاری وەرگرتووە، کە ئەوە بەرزترین ئاستی نرخە لەوەتەی دەستپێکردنی فرۆشتنی ناوخۆیی لە ساڵی 2023وە. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەم مانگەدا نرخەکە بۆ 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە (نزیكەی %50 بەرزتر بەراورد بە سەرەتای ساڵی 2026)، و سەرجەم شایستە داراییەکانیش پێش ڕادەستکردن ڕاستەوخۆ دەخرێنە سەر هەژمارە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە.

لە لایەکی ترەوە، سەرباری ڕاگرتنی پێشوەختەی بەرهەمهێنان بۆ ماوەی چوار مانگ لە مۆڵەتی تاوکی بەهۆی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان لە ناوچەکەدا، DNO لە نیوەی ساڵدا بەرهەمهێنانی لە تاوکی دەستپێکردەوە و کۆی بەرهەمی بەڕێوەبراو لە کێڵگەکەدا گەیشتە 73 هەزار و 200 بەرمیل لە ڕۆژێکدا. کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە کە چالاکییەکانی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان لە کوردستان خێراتر دەکات و ئامێری دووەمی خستووەتە کار بۆ تەواوکردنی بەرنامەی هەڵکەندنی 8 بیر، لەگەڵ هەبوونی پلان بۆ بەکارهێنانی ئامێری سێیەم و فراوانکردنی چالاکییەکان لە ساڵی 2027دا.

بیجان موسەڤەر ڕەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای DNO ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان بە تەواوی جەخت لەسەر گەشەکردن و دیسپلینی دارایی دەکاتەوە و سەرکەوتن لە گەڕان و پشکنیندا بە خاڵی بەهێزی خۆیان دەزانن. هاوکات، دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە ڕەزامەندی لەسەر دابەشکردنی قازانجی چارەکە ساڵانە بە بڕی 0.375 کرۆنی نەرویجی بۆ هەر پشکێک داوە کە لە تشرینی دووەمی 2026 دابەش دەکرێت.

کۆمپانیای DNO ASA  کۆمپانیایەکی نەرویجییە بۆ نەوت و غاز کە لە دەریای باکوور و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکات. لە ساڵی 1971 دامەزراوە، کۆمپانیای DNO کۆنترین کۆمپانیای نەوتە لە نەرویج و یەکەم کۆمپانیا بوو کە لە ساڵی 1981 لە بۆرسەی ئۆسڵۆ پشکەکانی تۆمارکران. کۆمپانیاکە خاوەنی پشکە لە مۆڵەتەکانی گەڕان، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە وشکانی و دەریا لە نەرویج، هەرێمی کوردستان، بەریتانیا و یەمەن.

  • سڵاوی تایبەتی ئۆجەلان و داواکاری بۆ دەستوورێکی نوێ؛ پڕۆسەی ئاشتی لە لێواری قۆناغێکی هەستیاردایە

  • پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان خێرا دەکرێت؛ DNO پلانی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان زیاد دەکات

  • سزای زیندانیکردن و گەڕاندنەوەی 34 ملیار دینار بەسەر موسەننا سامەڕائی و زیاد جەنابیدا سەپێنرا

  • پێشنیازێکی نوێ لەسەر مێزە؛ ئایا تاران بە مەرجەکانی واشنتن ڕازی دەبێت؟

  • ده‌رگای تۆماركردنی سكاڵا و وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو بۆ زیانلێكه‌وتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو كرایه‌وه‌

  • ئیسرائیل له‌نێوان دوو حكومه‌تدا؛ كێ بڕیارى جه‌نگ و ئاشتیی به‌ده‌سته‌؟

  • تێکەڵکردنی هێزەکان لە شنگال؛ هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی و كاردانەوەی توندی هەرێم

  • پێشنیازی گواستنەوەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ سەماوە شکستی هێنا؛ "هەرێم پێداگرە لەسەر پاراستنیان"

  • هەڵبژاردنی کنێست؛ رێژەی بەشداریکردن ریکۆرد دەشکێنێت و ململانێی نەتەنیاهۆ و ئایزنکۆت دەگاتە لوتکە

سەرەکی