1     کاتژمێر پێش ئێستا 84 جار خوێنراوەتەوە

سڵاوی تایبەتی ئۆجەلان و داواکاری بۆ دەستوورێکی نوێ؛ پڕۆسەی ئاشتی لە لێواری قۆناغێکی هەستیاردایە

لە مەراسیمێکدا کە لەلایەن کۆمەڵەی هاوکاری، پشتیوانی، یەکێتی و کلتووریی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری ڕوحای باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، پەیامێکی گرنگ و مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاراستەی کەسوکاری ئەو کەسانە کرا کە لە ڕێگەی تێکۆشاندا گیانیان بەخشیوە.

لەم پرۆگرامەدا کە بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی یاد و خەباتی گیانبەختکردووان ڕێکخرابوو، عومەر ئۆجالان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەکان، ئاماژەی بە کۆتا دیداری خۆی لە گرتووخانەی ئیمڕاڵی کرد و ڕایگەیاند کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سڵاوی تایبەتی بۆ کەسوکاری شەهیدان ناردووە و داوای کردووە خاوەنداریی تەواو لە بەها و ڕێبازی شەهیدان بکەن.

ئامانجی سەرەکی؛ سەرکەوتنی هاوبەشی ئاشتی و سیاسیبوون

لە پەیامەکەیدا کە لە ڕێگەی برازاکەیەوە بڵاوکرایەوە، ئۆجەلان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پڕۆسەی ئاشتی گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار و پێویستە هەنگاوەکانی داهاتوو بەپەلە جێبەجێ بکرێن. ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە ڕوونی ئاراستە و ئامانجی خۆی دەخاتەڕوو و دەڵێت: «ئامانجی من ئەوەیە ئاشتی و سیاسیبوون پێکەوە سەرکەوێت؛ ئاشتی بە واتای دانانی چەک و سیاسیبوونیش بە واتای سیاسەتی دیموکراتییە». ناوبراو دووپاتی کردەوە کە دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەم تورکیادایە و هیوادارە هەموو لایەنەکان لە گرنگیی ئەم قۆناغە تێبگەن، هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد، تورک، فارس و عەرەب هەمیشە لەسەر بنەمای بەشداریکردن و پێکەوەژیان بووە.

پێویستیی دەرچوونی یاسایەکی دەستووریی کورت

لە پەیامی پێشووتریدا ئۆجەلان باسی لەوە کردووە کە بۆ مسۆگەرکردنی دیموکراسی و چەسپاندنی پرۆسەکە، پێویستە یاسایەکی بنەڕەتی و دەستووریی کورت (کە پێکهاتوو بێت لە ٧ بۆ ٨ ماددە) دەربچێت بۆ ئەوەی ببێتە بزوێنەری سەرەکیی دیموکراسی لە وڵاتدا. سەرەڕای ئەم پەیامە ئەرێنییانە، لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت دەم پارتی نیگەرانیی خۆیان لە دواکەوتنی هەنگاوەکان دەربڕی.

ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاری ئەوەی کرد کە دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن کەی دەست بە کارەکانی دەكات؟ و ڕەخنەی لەوە گرت کە سەرباری ئاگربەست و بڕیاری چەکدانان، هێشتا ئاستەنگی جدی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەدا هەن، لەوانەش درێژکردنەوەی سزای دەیان زیندانی سیاسی.

ڕەوشی سیاسی و هەڵوێستی نوێی دەسەڵات لە تورکیا

پێشتریش، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، جەختی کردەوە کۆمەڵگە پشتگیریی بەهێز دەداتە پرۆسەکە و هیچ پاساوێک بۆ چاوەڕوانبوون نەماوە، چونکە هاووڵاتییان چاوەڕێن بزانن زیندانیان، ئەوانەی لە تاراوگەن و ئەوانەی لە چیاکەن کەی دەگەڕێنەوە.

ئەم پرۆسەیە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ەوە بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، و سەردانی وەفدی ئیمراڵی دەستی پێکردبوو، هێشتا ڕووبەڕووی بەربەست دەبێتەوە. باخچەلی لە دوایین لێدوانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر بەدی نایەت ئەگەر ناوچەکە لە "تیرۆر" پاکنەکرێتەوە، و ئاماژەی بە پێویستیی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی پژاك لە ناوچەکە کرد؛ لە کاتێکدا سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش هشداری داوە کە ئەگەر چەک نەدانرێت، یاسا پەسەندکراوەکان جێبەجێ ناکرێن.

 

  • سڵاوی تایبەتی ئۆجەلان و داواکاری بۆ دەستوورێکی نوێ؛ پڕۆسەی ئاشتی لە لێواری قۆناغێکی هەستیاردایە

  • پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان خێرا دەکرێت؛ DNO پلانی هەڵکەندنی بیرە نەوتییەکان زیاد دەکات

  • سزای زیندانیکردن و گەڕاندنەوەی 34 ملیار دینار بەسەر موسەننا سامەڕائی و زیاد جەنابیدا سەپێنرا

  • پێشنیازێکی نوێ لەسەر مێزە؛ ئایا تاران بە مەرجەکانی واشنتن ڕازی دەبێت؟

  • ده‌رگای تۆماركردنی سكاڵا و وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو بۆ زیانلێكه‌وتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو كرایه‌وه‌

  • ئیسرائیل له‌نێوان دوو حكومه‌تدا؛ كێ بڕیارى جه‌نگ و ئاشتیی به‌ده‌سته‌؟

  • تێکەڵکردنی هێزەکان لە شنگال؛ هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی و كاردانەوەی توندی هەرێم

  • پێشنیازی گواستنەوەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات بۆ سەماوە شکستی هێنا؛ "هەرێم پێداگرە لەسەر پاراستنیان"

  • هەڵبژاردنی کنێست؛ رێژەی بەشداریکردن ریکۆرد دەشکێنێت و ململانێی نەتەنیاهۆ و ئایزنکۆت دەگاتە لوتکە

سەرەکی