×

وێنە: میدیای ئەمریکا
2024-11-04 152 جار خوێنراوەتەوە

بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

ناوەندی هەواڵ

دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مریكا ده‌ركه‌وتن، ئه‌و وڵاته‌ پڕ ده‌بێت له‌ ڕه‌نگى سور و شین ( ڕه‌نگى هه‌ردوو حزبى كۆمارى و دیموكراته‌كان) شاشه‌ى كه‌ناڵه‌كانیش پڕ ده‌بن له‌و دوو ڕه‌نگه‌، له‌جیهانیشدا میدیاكان سه‌رقاڵ ده‌بن به‌وه‌ى كاندیدى كام له‌و دوو حزبه‌ ده‌چنه‌ كۆشكى سپى، ئه‌مه‌ نیشانى ده‌دات هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا كه‌ 5/11/2024 به‌ڕێوه‌ده‌چێت چه‌ند گرنگن، به‌ڵام وه‌كو گرنگییه‌كه‌شیان قورس و جیاوازن.

هه‌ندێك له‌ڕێوشوێنه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مریكا ئاڵۆزن، كاندیدى براوه‌ زۆرجار له‌و ویلایه‌تانه‌ ده‌یباته‌وه‌ كه‌ به‌ قه‌باره‌ بچوكن به‌راورد به‌و ویلایه‌تانه‌ى كاندیدى دۆڕاو ده‌یباته‌وه‌، هه‌ندێك جاریش كۆى ئه‌و ده‌نگانه‌ى كاندیدى دۆرڕاو به‌ده‌ستى ده‌هێنێت كه‌متره‌ له‌ ژماره‌ى ئه‌و ده‌نگانه‌ى بۆ سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراو ده‌چێت.

بۆچى ئه‌م ئاڵۆزییه‌؟
كام ویلایه‌تانه‌ن كاندیدى براوه‌ى كێبڕكێى سه‌رۆكایه‌تى یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌؟
ئه‌و پرۆسانه‌ى دیكه‌ چین كه‌ هه‌مان ڕۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چن؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ن كه‌ به‌ وه‌مدانه‌وه‌یان تێده‌گه‌ین له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مریكا چى ده‌گوزه‌رێت؟

واده‌ى هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى له‌ ئه‌مریكا هه‌موو چوار ساڵ جارێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت، زۆربه‌ى كات ده‌كه‌وێته‌ مانگى نۆڤه‌مبه‌ر (تشرینى دووه‌م) .
به‌و مانایه‌ى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى سێشه‌ممه‌ 5/11/2024 به‌ڕێوه‌ده‌چێت جیاواز و قورسه‌.
یاساى ئه‌مریكا ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ یه‌كه‌م سێشه‌ممه‌ى مانگى نۆڤه‌مبه‌ر به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌شێوه‌یه‌كى وردتر پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مریكا له‌ نێوان ڕۆژى دووى مانگ بۆ هه‌شتى مانگى نۆڤه‌مبه‌ر به‌ڕێوه‌بچێت.

ته‌نها دۆناڵد تره‌مپ و كامالا هاریس؟
هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا بۆ ساڵى 2024 ڕكابه‌رییه‌كى توند له‌نێوان دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا و كاندیدى كۆمارییه‌كان، هه‌روه‌ها كامالا هاریس جێگرى سه‌رۆكى ئێستا و كاندیدى دیموكراته‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به‌ڵام لیستى كاندیده‌كان ته‌نها ئه‌و دوو كه‌سه‌ نین، ژماره‌یه‌ك كاندید هه‌ن كه‌ هه‌لى بردنه‌وه‌یان له‌ ڕكابه‌رییه‌كه‌دا زۆر نییه‌.
له‌وانه‌ جیل ستاین چالاكوان و پزیشك یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كانى پارتى سه‌وز، ئه‌و به‌رنامه‌كه‌ى زیاتر ژینگه‌ییه‌ و داواى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌رمبوونى زه‌وى ده‌كات.

یه‌كێك له‌ كاندیده‌كانى دیكه‌ شیش ئۆلیڤه‌ره‌، كه‌ كاندیدى پارتى "لیبه‌رتارى" یه‌ ئه‌و داواى وه‌ستاندنى پشتیوانى سه‌ربازى بۆ ئیسرائیل و ئۆكرانیا ده‌كات، هه‌روه‌ها داواى داخستنى سه‌رجه‌م بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌كات.
كۆرنێڵ وێست، یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ كاندیده‌كان ئه‌كادیمی و چالاكوانێكى سه‌ربه‌خۆیه‌، كار له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ى بودجه‌ى سه‌ربازى و ڕووكردنه‌ كه‌رتى ته‌ندروستى ده‌كات.

كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن
سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تى له‌ ئه‌مریكا پشتى به‌ دابه‌شكردنى دانیشتوان به‌سه‌ر ویلایه‌ته‌كاندا به‌ستووه‌، ویلایه‌ته‌ گه‌وره‌كان كه‌ دانیشتوانیان زۆره‌ كاریگه‌رى زۆرتریان له‌سه‌ر براوه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌راورد به‌و ویلایه‌تانه‌ى كه‌متر دانیشتوانیان هه‌یه‌.
ئه‌و سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن یان كۆمه‌ڵگه‌ى هه‌ڵبژاردن ناسراوه‌، كه‌ ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى و دابه‌شكردنى به‌گوێره‌ى پێكهاته‌ى كۆنگرێسه‌ و دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و پیراندا.

كۆنگرێس 535 ئه‌ندامى هه‌یه‌، 100 كه‌سیان به‌ر ئه‌نجومه‌نى پیران ده‌كه‌وێت (هه‌ر ویلایه‌تێك دوو نوێنه‌رى به‌رده‌كه‌وێت) ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش 435 ئه‌ندامى به‌رده‌كه‌وێت، به‌گوێره‌ى ژماره‌ى دانیشتوان ئه‌ندامه‌كانى به‌سه‌ر ویلایه‌ته‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
به‌ڵام كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن له‌ 538 ئه‌ندام پێكدێـت، سێ ئه‌ندامه‌ زیاده‌كه‌ له‌سه‌ر حسابى كۆنگرێس زیادكراون و نوێنه‌رى واشنتۆنى پایته‌ختن به‌ڵام ناچنه‌ كۆنگرێس.

ویلایه‌تێكى وه‌كو كالیفۆرنیا، كه‌ گه‌وره‌ترین ویلایه‌تى ئه‌مریكایه‌ له‌ ڕووى دانیشتوانه‌ و له‌ڕووى ڕووبه‌ریشه‌وه‌ له‌ پاش ئالاسكا دێت، 54 ئه‌ندامى له‌ كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌، كه‌ هه‌مان ژماره‌ى نوێنه‌ره‌كانیه‌تى له‌ كۆنگرێس، دوو ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نى پیران و 52 ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران.

به‌ڵام ویلایه‌تى ئالاسكا هه‌رچه‌نده‌ گه‌وره‌ترین ڕووبه‌ڕى هه‌یه‌ به‌ڵام كه‌مترین دانیشتوانى هه‌یه‌، ڕوبه‌ره‌كه‌ى زیاتر له‌ ملیۆن و نیوێك كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌، به‌ڵام له‌ كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مریكا سێ ئه‌ندامى هه‌یه‌.

ویلایه‌تى فلۆریدا 30 ئه‌ندامى هه‌یه‌ له‌ كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن، ئه‌ویش هاوشێوه‌ى نۆ ویلایه‌تى دیكه‌یه‌.
هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت ببێته‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا پێویسته‌ له‌ كه‌مپه‌ین یاخود (ئه‌نجومه‌نى هه‌ڵبژاردن) ببێته‌ خاوه‌نى 270 كورسى.
هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مریكا پشت به‌ بنه‌ماى "سه‌ركه‌وتوو هه‌موو شتێك به‌ده‌ست ده‌هێنێت" ده‌به‌ستێت، كاندیدى براوه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست ده‌هێنێت له‌ ویلایه‌تێكى دیاریكراو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌كى كه‌مى له‌گه‌ڵ كاندیدى دۆڕاو هه‌بێت سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كانى ده‌بات.

ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌سه‌رجه‌م ویلایه‌ته‌كان جگه‌ له‌ دوو ویلایه‌ت جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌و دوو ویلایه‌ته‌ش "ماین" و "نبراسكا" ن، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ى ده‌كرێت له‌هه‌ندێك دۆخدا ئه‌نجامى ده‌نگدانى ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ى هه‌ڵبژاردن جیاوازبێت له‌ئه‌نجامى ده‌نگدانى سه‌رجه‌م دانیشتوانى وڵاته‌كه‌.
نمونه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌و جیاوازییه‌ ئه‌وه‌یه‌، له‌ ساڵى 2016 هه‌رچه‌نده‌ هیلارى كلینتن نزیكه‌ى سێ ملیۆن ده‌نگى له‌ دۆناڵد تره‌مپ زیاتر بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردن بردیه‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ بوو چونكه‌ توانى ده‌نگى 304 ئه‌ندامى كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست بهێنێت.

ویلایه‌ته‌ ئارامه‌كان
هه‌ندێك ویلایه‌ت هه‌ن ئه‌نجامى كێبڕكێى هه‌ڵبژاردن تێیاندا ڕوونه‌ و زۆربه‌ى كات یه‌كلایى كراونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ دانیشتوانه‌كه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى گه‌وره‌ مه‌یلیان بۆ یه‌كێك له‌ دوو حزبه‌ ڕكابه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ئه‌مریكا هه‌یه‌، بۆیه‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیان تێدا به‌ توندى به‌ڕێوه‌ناچێت، بۆیه‌ به‌ ویلایه‌ته‌ سه‌لامه‌ته‌كان یاخود ئارامه‌كان ناوده‌برێن.

بۆ نمونه‌ ویلایه‌تى كالیفۆرنیا له‌ ساڵى 1992 ده‌نگى به‌ كاندیدى دیموكراته‌كاندا بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا، بۆیه‌ ئێستاش كه‌ ساڵى 2024 ه‌ بردنه‌وه‌ى كامالا هاریس له‌و ویلایه‌ته‌ چاوه‌ڕوان كراوه‌ و سوپرایز نییه‌، دۆخى تره‌مپیش له‌ ویلایه‌تى تێكساس هه‌مان دۆخه‌ چونكه‌ حزبه‌كه‌ى له‌ ساڵى 1980 ه‌وه‌ له‌و ویلایه‌ته‌ براوه‌یه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ندێك ویلایه‌ت هه‌ن ده‌نگه‌كانیان یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ نین، بۆیه‌ له‌لایه‌ن كاندیدانه‌وه‌ به‌ توندى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنیان تێدا ده‌كرێت، بۆیه‌ بردنه‌وه‌ له‌ هه‌ریه‌كێك له‌م ویلایه‌تانه‌ زیاتر كاندیده‌كان له‌ كۆشكى سپى نزیك ده‌كاته‌وه‌.
چاودێران پێیان وایه‌ حه‌وت ویلایه‌ت هه‌ن كه‌ ده‌نگه‌كانیان كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا بۆ ساڵى 2024 یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌.
ئه‌و ویلایه‌تانه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ ( نیڤادا، ئه‌ریزۆنا، جۆرجیا، پێنسلڤانیا، میشیگان، ویسكنسۆن) ن ئه‌وان له‌ ساڵى 2020 له‌ به‌رژه‌وه‌ندى جۆ بایدن ده‌نگیان دا، ویلایه‌تى كارۆلایناى باكوریش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى تره‌مپ ده‌نگیاندا.
ئێستا تره‌مپ ده‌یه‌وێت له‌ ویلایه‌ته‌ ئارامه‌كان بیباته‌وه‌ كه‌ چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ده‌ستیدا، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كامالا هاریس ده‌یه‌وێت له‌و ویلایه‌ته‌ ئارامانه‌ى تێیدا براوه‌بوون ده‌نگه‌كانى بپارێزێت.

هه‌ڵبژاردنى كۆنگرێس
ته‌نها هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى نییه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌ریه‌ك له‌ یاسادانه‌ران و حاكمى ویلایه‌ته‌كان و ئه‌ندامانى ئیداره‌ خۆجێییه‌كان هه‌ڵده‌بژێردرێن، له‌سه‌ر ده‌نگده‌رانى ئه‌مریكا پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و یه‌ك له‌سه‌ر سێى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پیران هه‌ڵبژێرن.

ئێستا زۆرێك ده‌پرسن بۆچى سێیه‌كى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پیران هه‌ڵده‌بژێردرێن، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ دووساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێن و ئه‌نجومه‌نى پیران بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ هه‌ڵده‌بژرێدرێن، واته‌ هه‌ر دوو ساڵ جارێك سێیه‌كى ئه‌ندامه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پیران هه‌ڵده‌بژێردرێن.
ژماره‌ى دانیشتوانى ئه‌مریكا زیاتر له‌ 330 ملیۆن كه‌سه‌ و به‌سه‌ر 50 ویلایه‌ت دا دابه‌ش بوون، نزیكه‌ى 244 ملیۆن ئه‌مریكى مافى ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 77 ملیۆنیش له‌ ده‌نگدانى پێشوه‌خت ده‌نگیان داوه‌.

 

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

  • ئۆجەلان و ماندێلا؛ ئەو دوو ڕێبەرەی زیندان نەیتوانی چۆكیان پێدابدات

  • رۆژی جیهانی كۆبانێ؛ ڕۆژی شانازی بۆ كورد و شەڕڤانان

  • لەمەودوا شانۆى سیاسى هەرێمى كوردستان چۆن ده‌بێت؟

  • گۆڕانكارییه‌كان خه‌ویان له‌ چاوى ئه‌ردۆغان زڕاندووه‌؛ تورکیا بۆچى دەیەوێت پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌؟

سەرەکی