گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە باکوری کوردستان
2024-10-19
308 جار خوێنراوەتەوە
گۆڕانكارییهكان خهویان له چاوى ئهردۆغان زڕاندووه؛ تورکیا بۆچى دەیەوێت پرۆسهى ئاشتى دهستپێبكاتهوه؟
ناوەندی هەواڵ
پرۆسهى ئاشتى دووجار له توركیا و لهلایهن كوردهوه دهستپێشخهرى بۆكرا، بهڵام دهوڵهتى توركیا ئهو دوو دهرفهتهى تێكدا و جارێكى دیكه شهڕ دهستیپێكردهوه، ئێستا گۆڕانكارییهكانى ناوچهكه و باڵادهستبوونى كورد له دوو بهشى كوردستان، خهوى لهچاوى ئهردۆغان زڕاندووه و دهیهوێت پێش ئهوهى كار لهكار بترازێت خۆى دهستپێشخهربێت و ئهمهش بۆ ههڵبژاردنى داهاتوو بهكهڵكى دێت.
"گرنگه ئاشتى لهناوخۆدا بهرقهرار بكرێت"
ئهمه قسهیهكى نوێیه، ڕۆژی 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە دوای گەڕانەوەی لە ئەلبانیا و سڕبیا بە ڕۆژنامەنوسانی وت:"لە قۆناغێکی گرژی لە عێراق و شەڕی ناوخۆ لە سوریا و دڕندەیی ئیسرائیل، گرنگە ئاشتی لە ناوخۆدا بەرقەرار بکرێت." باسی لەوەشکرد، سیاسەت دەکەن بۆ بەهێزکردنی ئارامی و یەکڕیزی تورکیا بۆیە ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازی نا"تیرۆریستی".
"وتنهوهى سهرۆك ئاپۆ ئازادى ڕادهربڕینه"!
دوا بە دوای لێدوانەکەی سەرۆک کۆمار، دادگای دەستوری تورکیا ڕایگەیاند، دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "پەکەکە گەلە و گەلیش لێرەیە" و وتنەوەی مارشی "چەرخا شۆڕشێ" ئازادی ڕادەبرینە.
دەرچوونی ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە، پێشتر چەندین هاوڵاتی و چالاکی سیاسی بە تۆمەتی وتنەوەی ئەو دروشمانە و "پروپاگەندە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە" سزادراون.
"دهست به گفتوگۆ لهگهڵ ئۆجهلان كراوه"
ڕۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 2024، پێگەی مۆنیتۆری ئەمریكی لە زاری سێ سەرچاوەی جیاوازەوە ئەوەی ئاشكراكردووە، توركیا دەستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كردووە.
بەپێی وتەی ئەو سێ سەرچاوەیە، ڕێگە بە ئۆجالان دراوە ڕاستەوخۆ لەسەر پرسەکە گفتوگۆ لەگەڵ سەركردایەتی پەكەكە بكات، بۆیە ئۆجهلان بە سەركردایەتی پەکەکەی وتووە "كاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەسەر دانانی چەك بكەن لەگەڵ توركیا".
پهكهكه چى دهڵێت؟
پەکەکە ئەو زانیارییانەی ڕەتکردوەتەوە کە باس لە دەستیپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی دەکەن، موراد قەرەیلان ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی ڕایگەیاند:" هەندێک دەپرسن پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکاتەوە؟ بەڵام شتێکی وەها بوونی نییە، نابێت کەس خەون و خەیاڵێکی وابکات".
قەرەیلان بە باسکردنی بەردەوامی شەڕی نێوان تورکیا و گەریلا و دۆخی ئیمراڵی وتی:" شتێکی لەو شێوە بوونیی نییە کە باس دەکرێت، بەڵام ئەردۆغان بەنیازە ئۆپۆزسیۆن به پێی خۆی دابڕێژێت، تەنانەت دەیەوێت دەستی بۆ هەمووان درێژ بکاتەوە و یارییان پێ بکات".
"تهوقهى گورگهكان"
ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە(پارته نهتهوهپهرستهكهى توركیا) لە هۆڵی پەرلەمان تەوقەی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دەم کرد. سەرۆکی مەهەپە لە پەیامەکانیدا دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی ڕاگەیاند و دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوخۆیی لە تورکیادا بە گرنگ وەسفکرد.
پەرلەمانتارانی دەم پارتی لەسەر ئاستی تاکە کەسی پێشوازی لە هەنگاوەکە دەکەن بەڵام وەک پارتەکە دەیەوێت بگاتە ئەو بڕوایەی کە هەموان دەیانەوێت کێشەی کورد چارەسەر بکەن.
دەم پارتی ترسی هەیە، نزیکبونەوەکانی دەسەڵات هەنگاوێکی تەکتیکی بێت بۆ ڕاکێشانیان بۆ ناو یارییەکی سیاسی تا لەو ڕێگەیەوە ببنە بەشێک لە پشتیوانی و پاڵپشتی هەموارکردنەوەی دەستور، بۆیە پارتەکە نایشارێتەوە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان
دوای ساڵانێکی زۆر دانووستان لە ئاکامی پرۆسەیەکی ئاشتیدا لە ساڵی 2013 ئاگربەست لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا ڕاگەیەندرا، بەڵام ئاشتەواییەکە زۆری نەخایاند و دوای دوو ساڵ پرۆسەکە کۆتایی هات و شەڕ لە نێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
دهم پارتى داواكارى ههیه
له نوێترین پێشهاتدا، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغڵوڵڵاری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیستانبوڵ ڕایانگەیاند: بە گرنگییەوە لە گوتەکانی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی دەڕوانن و لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکەن.
دەم پارتی حەوت داواکاری ئاراستەی باخچەلی کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی تورکیا و زەمینەسازی بۆ دەستپێکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی.
ئەو داواکارییانەی دەم پارتی لە دوای کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی گشتیی پارتەکە، لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و سەلجوق مزراکڵی لە زیندان، بوونەتە جێی سەرنج.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ئاماژەیان بەوە دا داواکارییەکانیان هەمان ئەو داواکارییانەن کە لە کاتی پرۆسەی ئاشتی لە کۆشکی دۆڵمەباخچە لە ئەنقەرە هەدەپە کە ئێستا دەم پارتی درێژەپێدەرییەتی خستنیە ڕوو.
داواکاریی یەکەم: کۆماری دیموکرات و نەتەوەی دیموکرات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە کار بە دەستوری 1921ی تورکیا بکرێت کە یەکە کارگێڕییەکان بە سیستەمی ئەیالهت دابەش دەکران و جێبەجێکردنی مەرجنامەی یەکێتیی ئەوروپایە بۆ بەڕێوەبردنی یەکە خۆجێیەکان بە شێوەی خۆڕێبەری.
داواکاریی دووەم: کارکردن بە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، گوزارشتە لەوەی کار بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە بکرێت کە لەبارەی ئەندامانی پەکەکە و هەدەپە و سیاسییەکانی کوردەوە دراوە.
داواکاری سێیەم: گۆشەگیری هەڵبگیرێت، ئەمەش بەو واتایە دێت گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و ڕێگە بە کەسوکار و پارێزەرانی بدرێت سەردانی بکەن.
داواکاریی چوارەم: چەکەکان بێدەنگ بکرێن و کۆتایی بە پێکدادان بهێندرێت، مەبەست لێی کۆتایی بهێنرێت بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و پێکدادانەکان لە نێوان سەربازانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە.
داواکاریی پێنجەم: پرۆسەکە پێویستی بە سێ لایەنی دانوستانکارە، ئەوانیش پێکهاتوون لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی، موراد قەرەیڵان لە قەندیل و دەمیرتاش لە دەم پارتی.
داواکاری شەشەم: پەرلەمان بکەوێتە خۆی بۆ هەموارکردنەوە پێویستەکان، ئەمەش بەو واتایە دێت کار بە سیستەمی ئەیالهت بکرێت و خۆبهڕێوهبهرى خۆجێیی بکرێت بە یاسا لە پەرلەمان و مسۆگەر بکرێت.
داواکاریی حەوتەم: لیژنەی ئاشتی لە پەرلەمان پێکبهێنرێت و نوێنەری سەرجەم پارتەکانی لەناودا بێت، بەمانای ئەوەی حکومەتی تورکیا لەگەڵ دەم پارتی بکەوێتە دانوستان.
نهخشهكه چییه و بۆچى توركیا دهیهوێت پرۆسهى ئاشتى دهستپێبكاتهوه؟
لە نەخشەیەكدا کە جێگری پێشووی سەرکۆماری تورکیا، فوئاد ئۆکتای بەرزی کردەوە جگە لە تەواوی خاکی عێراق و سوریا بە باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە، تەواوی خاکی لوبنان، ئوردن، کوهیت و بەشێک لە میسر، سعودیە و تورکیا و ئێرانیش دەگرێتەوە، بە نزیکەیی تەواوی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نیوەی زیاتری خاکی باکوری کوردستان دەکەونە ناو نەخشەکەوە.
فوئاد ئۆکتای کە ئێستا پەرلەمانتاری تورکیایە لەسەر لیستی ئاک پارتی، لە 2018ـەوە 2023 جێگری سەرۆك کۆماری تورکیا بووه ئاماژەی بەوە دا کە جگە لە پارێزگاکانی وان، ئامەد (دیاربەکر) و دیلۆک لە باکوری کوردستان، هەروەها پارێزگای ئاداناش دەکەوێتە ناو نەخشەکەوە.
پێشتر ئەردۆغانیش ترسی خۆی نەشاردبوهوە
ئەم وتانەی فوئاد ئۆکتای دوای ئەوە دێت، ئەردۆغان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ترسی خۆی نەشاردەوە لەوەی تا دێت ئیسرائیل دەیەوێت لە سنورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان نزیک بێتەوە و وتی: "حکومەتی ئیسرائیل بە خەیاڵی خاکی بەڵێندراو، دوای فەڵەستین و لوبنان چاو دەبڕێتە خاکی وڵاتەکەمان".
بۆ ئەمەش نمونە بە دوری نێوان شارەکانی تورکیا لەگەڵ دوری نێوان ناوچەکانی سەر سنور و ئەو ناوچانە هێنایەوە کە سەربازانی ئیسرائیلی لێن و دەڵێت: "بەشێک لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا و لوبنان بە ئۆتۆمبێل تەنها دوو کاتژمێر و 30 خولەک لەیەکەوە دورن. دوری نێوان ئەنتاکیا و غەززە، هێندەی دوری نێوان ئەنقەرە و ئایدنە. داگیرکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل زۆر لێمانەوە نزیکن".
ئەردۆغان جەختی لەوەکردەوە بە تەواوی تواناکانیانەوە دژی داگیرکارییەکانی ئیسرائیل دەوەستنەوە کە لە قۆناغی داهاتوودا دەیەوێت خاکی وڵاتەکەیشی بکاتە یەکێک لەو شوێنانەی داگیری دەکات.
ئایا پرۆسەی ئاشتی دەست پێ دەکاتەوە؟
ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە کاتێکدایە، تورکیا ترسێکی زۆری لەوە هەیە جارێکی دیکە نەخشەی ناوچەکە بکێشرێتەوە و ئەزمونی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتریش لە باکوری کوردستان دووبارە بێتەوە.
هاوشێوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەڵاحەدین دەمیرتاش کە لە کاتی پرۆسەی ئاشتیدا هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە بوو، ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگی گێڕا بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی (2013 بۆ 2015) و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا.
لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا دوو هەفتە لەمەوبەر، لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی دەم پارتی کرد لە پەرلەمان و لەوبارەوە وتی: "لە کاتێکدا داوای ئاشتی دەکەین بۆ جیهان، لە ناوخۆدا پێویستیمان بە ئاشتییە".
لای خۆیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، پێشوازی لەو هەنگاوە کرد و هیوای خواست هەنگاوی دیکەی بەدوادا بێت و ببێتە هەوێنی دیالۆگ و دانوستان.
ئیسماعیل حەقی پەکین، سەرۆکی پێشووتری فەرمانگەی هەواڵگریی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا، جەنەڕاڵی خانەنشین ئاماژە بەوە دەدات لە کاتێکدا بە کردەیی هەوڵی کێشانەوەی نەخشەی ناوچەکە دەدرێت، تورکیا دەیەوێت کەمێک لە مافە نەتەوەیییەکان بە کورد بدات.
ئیسماعیل حەقی پەکین بە میدیای تورکی ڕاگەیاندووە " بە کردەیی سوریا دابەش بووە و بەشێکی بەرچاوی لەژێر دەستی هێزە کوردییەکاندایە" دەشڵێت: "کۆنتڕۆڵکردنی چەندین ناوچە لە لایەن یەپەگەوە کاریگەری دەکاتە سەر تورکیا. لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سنورەکانی سوریا، ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگەدان ستاتۆیەک وەردەگرن و یەپەگە هەوڵ دەدات لەوێ باڵادەستی خۆی بنوێنێت".
ترس لە گواستنەوەی ئەزموونی باشور و ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
چاودێرانی سیاسی لە تورکیا نایشارنەوە لە دەیەی نەوەدەکانەوە لە ئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناوچەکەدا، کورد بووەتە خاوەن دەسکەوتی گرنگ و بۆ ئەمەش نمونە بەوە دەهێننەوە لە دوای جەنگی یەکەمی کەنداو حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێندرا و لە دوای شەڕی ناوخۆی سوریاشەوە بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژئاوای کوردستان کەوتە ژێردەستی پەیەدە و پەیەگە.
ئەوان ترسیان لەوە هەیە لە کاتێکدا تادێت گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر پەرەدەستێنن، ئەمجارە ئاگری ئێران ناوچە بسوتێنێت و زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەونە دەست هێزە کوردییەکانی ئەم پارچەیەی کوردستان.
بەم جۆرەش زۆربەی ناوچەکانی سێ پارچەی کوردستان دەکەونە دەست کورد و ئەمەش تورکیا بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی خۆی، چونکە لە دوایەمین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکوری کوردستان لە کۆی 24 پارێزگای باکوری کوردستان کە حەوتیان تورکێندراون، دەم پارتی توانی سەرۆکایەتیی شارەوانی 10 پارێزگا بباتەوە.
ژمارەیەک لە چاودێرانی سیاسی وای بۆ دەچن ئەو هەوڵانەی بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەوەیە هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکەدا ڕووبدات بە زیانی تورکیا نەشکێتەوە و دەڵێن: "پرۆسەی ئاشتی لە 2013 درەنگ دەستی پێکرد، کاتێک دەستی پێکرد، ئێران بۆ ئەوەی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نەچنە بەرەی دژی بەشار ئەسەدەوە، ڕێگەی دا بە پەیەدە کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوا بکات. کەچی حکومەتی تورکیا دوای پێنج مانگ لەو پێشهاتە بڕیاریدا پرۆسەی ئاشتی دەست پێبکات و ئەوکاتیش درەنگ ببوو".
بەڵام ئێستا حکومەتی تورکیا بە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو و بەر لەوەی پێشهاتێکی دیکەی لەم جۆرە ڕووبدات، هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ دەم پارتی کە لە دوای کۆتایی هێنان بە پرۆسەی ئاشتی بەتوندترین شێوە کەوتە وێزەی ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی و بە پاساوی داکۆکیکردن لە پەکەکە و بوونە دەمڕاستی پەکەکە هەزاران ئەندام و چەندان بەرپرسی ئەو ئاراستە سیاسییەی ئێستا دەم پارتی نوێنەرایەتی دەکات خراونەتە زیندان.
پرسیارەکە چییە؟
ئەوە لە کاتێکدایە لە زۆربەی پارێزگاکانی باکوری کوردستان ئاک پارتی و هاوپەیمانەکانی دەنگیان بە کاندیدی یەکتر دەدا بۆ ئەوەی کاندیدەکانی دەم پارتی دەرنەچن و ژمارەیەکی زۆری هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکانی دیکەی تورکیا گوازرابوونەوە بۆ پارێزگاکانی باکوری کوردستان تا ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئاک پارتی یەکلایی بکەنەوە.
حەوت لەو 24 پارێزگایەی باکوری کوردستان پرۆسەی پاکتاوکردن، سڕینەوە و تواندنەوەی کورد بۆ سەردەمی عوسمانییەکان درێژ دەبێتەوە و زۆربەی کوردانی ئەوێ ڕاگوێزراون بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای تورکیا و بەشێکی زۆر لەو کوردانەی لەو ناوچانەش ماونەتەوە لەژێر زەبری ئاگر و ئاسندا ناتوانن و ناوێرن هەستی نەتەوەیییانەی خۆیان دەرببڕن.
ئێستا پرسیارهكه ئهوهیه توركیا و ئاكپارتى دهست بۆ جامه ژههرهكه دهبهن و بههۆى ترس ئامادهن پرۆسهى ئاشتى دهستپێبكهنهوه و خۆبهڕێوهبهرى بدهن به كورد، یاخود دیسان ههستى ڕهگهزپهرستى و غروریهتى توركبوون وایان لێدهكات ملكهچ نهكهن و سهرئهنجام توركیا له دروستبوونى ههر گۆڕانكارییهك هاوشێوهى سوریاى لێدێت و كورد به زهبرى هێز خاكهكهى خۆى بهدهستدههێنێتهوه.
|