پەرلەمانی کوردستان
2024-10-28
221 جار خوێنراوەتەوە
لەمەودوا شانۆى سیاسى هەرێمى كوردستان چۆن دهبێت؟
ناوەندی هەواڵ
بهڕێوهچوونى خولى شهشهمى پهرلهمانى كوردستان و ئهو ئهنجامانهى حزبهكان بهدهستیان هێنا زۆر پرسیار دێنێته كایهوه، ئێستا وهك ئهوهى باوه هیچ بهرهیهك ناتوانێت بهرهیهكى دیكه پشتگوێ بخات.
دادگاى فیدراڵى دهستكراوه دهبێت بهرامبهر ههرێمى كوردستان؟
دوای داخستنی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی و کەمکردنەوەی کورسیی کۆتاکان لە 11 کورسییەوە بۆ پێنج کورسی و دابەشکردنی بەسەر پارێزگاکاندا، گۆرینی سیستمی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان، هەروەها بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، دەروازەیەکی نوێ بەڕووی دادگای فیدراڵی و حکومەت و دەسەڵاتداران و پارتەکانی عێراق کراوەتەوە بۆ دەستوەردانی زیاتر لە پڕۆسەی سیاسی و پەرلەمانی و حکومیی هەرێمی کوردستان.
چیتر پێكهێنانى حكومهت ئاسان نییه
شارەزایان و چاودێرانی دۆخی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکەن، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، کاریگەریی هەبوو لەسەر گۆڕینی ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان، هەروەک بەهۆی ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لە بانگەشەکان و توندبوونی زمانی بانگەشەی هەڵبژاردن، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم قورس بێت.
چى گۆڕا؟
پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە 39 کورسی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە، لەگەڵ هاوبەشە 30 ساڵییەکەی لە حوکمداریی هەرێم، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و 23 کورسی خولی نوێی پەرلەمانی بردوەتەوە، لەسەرجەم کابینەکانی پێشووی حکومەتدا هاوبەش بوون، ئەمجارەیان هیچ لایەکێکیان ناتوانن بەبێ یەکتری یان بەشداریی فراکسیۆنیکی دیکەی پەرلەمان، حکومەت پێکبهێنن و پۆستەکان هاوشێوەی پێشوو لەسەر ئاستی سێ سەرۆکایەتییەکە (سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی هەرێم) لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن، بۆیە پێشبینی دەکرێت پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ و دانوستانەکان کاتێکی زیاتری بوێت.
دادگا یهكلاكهرهوهكه
پەنا بردنە بەر دادگای فیدراڵی عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسە یاسایی و دەستورییەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ئەو رێگەیەیە کە هەردوو لایەنەکە بە ئاسانیی دەتوانن بیگرنەبەر، بەوەش دەرگا بەڕووی دەستوەردانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق خۆش دەکەن بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات و کاریگەریی هەبێت لەسەر پەیکەری حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان.
دهستى حزبهكانى عێراق
لەسەر ئاستی عێراقیش، هەردوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان، بەشێکن لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتی نوێ و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، هەریەکە و پەیوەندیی و رێککەوتنیان هەیە لەگەڵ کەسایەتی و پارت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، لە حاڵەتی نەگەشتنە رێککەوتنیشیان، ناوبژیوانیی و نێوەندگیریی کەسایەتی و پارت و لایەنەکانی عێراق، یەکێکی دیکەیە لەو دەرگایانەی کە بەغداد دەتوانێت کاریگەریی لەسەر نەخشەی سیاسی هەرێم هەبێت.
ناوەندی بڕیار لە هەولێرەوە بۆ بەغداد
پێچەوانەی کابینەکانی پێشووی حکومەتی عێراق، کە هەمیشە بڕیاری کۆتایی و نێوەندگیریی و پارسەنگی هێز لای هەولێر و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، ئەگەر هەیە ئەمجارە پێچەوانە بێتەوە و لە بەغدادهوە بڕیاری کۆتایی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و رێککەوتنی لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت، سەرەڕای دەست و نەخشی وڵاتانی هەرێمی و دراوسێ و ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا.
بهڕێوهچوونى هەڵبژاردنی خولى شهشهمى پەرلەمانی کوردستان
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامەکان پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو حهوت کورسی، هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵ سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە، پێکهاتەکانیش خاوەنی پێنج کورسی پەرلەمانن.
چۆنیهتى دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ
بە پێی ڕێکارە یاساییەکان، لە کۆتایی ئەم مانگەدا، ئەنجامی کۆتایی و یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەندرێن، واتە 10 ڕۆژ دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، دوای ڕاگەیاندن و پەسهندکردنی ئەنجامی کۆتایی و فەرمی هەڵبژاردنی ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024، لە لایەن کۆمیسیۆنەوە، هەنگاو و ڕێکارەکان بۆ پێکهێنانی هەر سێ دەسەڵاتی پەرلەمان، سەرۆکایەتیی هەرێم، کابینەی دەیەم دەگیرێتەبەر. دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو بەڕێوەبچێت و وادەکەی دەستنیشان دەکات.
دانیشتنی یەکەم، بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێت، پاشان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێتەوە و بە زۆرینەی پەنجا کۆ یەک، سەرۆکێک بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و سوێندی یاسایی دەخوات.لەگەڵ سوێندخواردنی سەرۆکی پەرلەماندا، ماوەی یاسایی سەرۆکی هەرێم کۆتایی دێت.
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم
سەرۆکی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم دەکاتەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا، سەرۆکێکی تازە بۆ هەرێم هەڵبژێردرێت.
پڕۆسەی دەنگدان لە پەرلەمان دەکرێت و سەرۆکی هەرێم دەبێت بە دەنگی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئامادەبووانی دانیشتنەکە هەڵبژێردرێت، دهنگدانهكهش بهپێى پرهنسیپهكانى دیموكراسى دهبێت به نهێنى بێت.
دوای ئەوەی سەرۆکێکی تازە بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، لە بەردەم پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەکار دەبێت.
راسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران
یەکەم کاری سەرۆکی نوێى هەرێم، بریتی دەبێت لە ڕاسپاردنی پاڵێوراوی فراکسیۆنی گەورەی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 ڕۆژدا کابینەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمان.سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی کابینەکەی لە بەردەم پەرلەماندا، دوای ئەوەی متمانەیان پێ دەبەخشرێت، سوێندى یاسایى دهخۆن.
ئەگەر ڕێکارەکان وەک خۆیان بەڕێوەبچن، لە ماوەی دوو مانگ و نیوی داهاتوودا، کابینەی نوێی حکومەت پێکدەهێنرێت.
سیناریۆکان پێکهێنانی کابینەی نوێ
گۆڕانکاری لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و دابەشبوونی کورسی لایەنەکان، ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانی قورس کردووە.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هیچ لایەنێک (50+1)ی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستنەهێناوە و بەمەش بە تەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
ئەگەرچی چەند سیناریۆیەکی جیاواز بۆ پێكهێنانی حکومەت هەن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پێکهێنانی کابینەکە ماوەیەکی درێژ بخایەنێت.
سیناریۆكان چین؟
سیناریۆی یەکەم؛ هاوپەیمانی پارتی و یەکێتی
بەپێی ئەنجامە بەرایییەکان پارتی و یەکێتی پێکەوە 62 کورسی پەرلەمانی کوردستانیان هەیە، پێنج کورسی کۆتای تورکمان و کریستیانیش لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بونەتەوە و پشتیوانی بەرژەوەندییەکانیان دەکەن.
بەپێی ژمارەی کورسییەکان بێت، ئەم دوو لایەنە پێکەوە دەتوانن بەبێ بەشداریکردنی لایەنەکانی دیکە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.
یەکێتی لەپێناو پاراستنی سەنگی خۆیدا پشتیوانی ئەم سیناریۆیە دەکات، دەیەوێت ببێتە پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەت تا هەرکات هەڕەشەی کشانەوەی کرد حکومەت هەڵوەشێتەوە.
سیناریۆی دووەم؛ پارتی و نەوەی نوێ یان یەکێتی و نەوەی نوێ
نەوەی نوێ کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان 15 کورسیی بەدەستدەهێنێت، دەتوانێت بۆ پێکهێنانی حکومەت هێزێکی یەکلاکەرەوە بێت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا.
ئەگەرچی پێشتر حزبەکە پێداگیری لەسەر ئەوەکردووە ناچێتە حکومەتەوە تا خۆی هێزی یەکەم نەبێت، بەڵام هەندێک ئاماژە هەن کە خواستی حزبەکە نیشان دەدەن بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوودا.
نەوەی نوێ، خواستی هەیە لە حکومەتی داهاتودا جێگرەوەی یەکێتی بێت تا کۆتایی بەو نەخشە سیاسییە بێت کە بەبێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنرێت، بەڵام بە چەند هۆکارێک ئەم سیناریۆیە بەدوور دەزانرێت.
هۆکاری بەهێز کە ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆدا دروستبوونی مەترسییە لەسەر یەکگرتووی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
سیناریۆی سێیەم؛ پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێ
پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پارتی، یەکێتی و نەوەی نوێوە یەکێکە لە سیناریۆ بەهێزەکان، بەڵام جێبەجێکردنی سیناریۆکە پەیوەستە بە وەڵامی نەوەی نوێوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت.
پارتی پشتیوانی ئەم سیناریۆیە و هاوشێوەکانی دەکات، دەیەوێت بە بەشداریکردنی نەوەی نوێ، ئۆپۆزسیۆن پەرت بکات و هێزی سێیەمیش بۆ هاوسەنگی حکومەت بەشداری پێ بکات.
ئەم سیناریۆیە هاوشێوەی سیناریۆی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، نەوەی نوێ لە کابینەکەدا دەبێتە جێگرەوەی گۆڕان و هاوسەنگی مانەوەی حکومەت ڕادەگرێت.
پارتی لەم سیناریۆدا تەنها پێگەی یەکێتی لە حکومەتدا کەم ناکاتەوە، بەڵکو پێگەی ئۆپۆزسیۆنیش لە پەرلەماندا لاواز دەکات و لە باشترین حاڵەتدا ژمارەی کورسییەکانی ئۆپۆزسیۆن تەنها نزیکی 15 کورسی دەبێت.
سیناریۆی چوارەم؛ پارتی، یەکێتی، لایەنی دیکەو پێکهاتەکان
پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پارتی، یەکێتی، بەرەی گەل، سۆسیالیست و پێکهاتەکانەوە، سیناریۆیەکی دیکەیە ئەم سیناریۆیە لە سیناریۆی سێیەمەوە نزیکە و هێزی سێیەم بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی حکومەت هەیە.
چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن لە نێوان سیناریۆی سێیەم و چوارەمدا پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەیش بە لە بەرچاوگرتنی خواستی پارتی کە دەیەوێت 50+1 کۆبکاتەوە ئینجا دانوستان لەگەڵ یەکێتی بکات بۆ پێکهێنانی حکومەت.
پارتی ئەگەر بتوانێت یەکێک لەو سیناریۆیانە جێبەجێ بکات، ئەوکات تا رادەیەکی زۆر دەتوانێت خواست و ئامانجە سەرەکییەکانی بەدی بهێنێت کە خۆیان دەبیننەوە لە لاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن، بەشداری لایەنی سێیەم بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی حکومەت و کەمکردنەوەی پێگەی یەکێتی بۆ سەپاندنی مەرجەکانی.
|