×

باخچەلی و ئەردۆغان
2024-11-13 192 جار خوێنراوەتەوە

پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

ناوەندی هەواڵ

باخچەلی كە بە دووژمنە سەرسەختەكەی كورد ناسراوە و پێی وایە شێخ سەعیدی پیرانیش تیرۆریست بووە، چۆن دەكرێت ئێستا بچێتە پەرلەمان و داوای ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان بكات كە بە تیرۆریستی دادەنێت.

ئەمە ئەو پرسیارە سەرەكییەیە كە گومانی لای كوردانی باكور و چاودێرانی سیاسی دروستكردووە.

 ئەم پلانەی باخچەلی بەرامبەر ئۆجەلان جێی سەرنجە، نیشانەی ئەوەیە لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە پلانی دیكە هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر كۆتایی هێنان بە پەكەكە، توركیا دەیەوێت لە ڕێگەی هێنانە پێشەوەی پرۆسەی ئاشتی ناوماڵی كورد لە باكور پەرت بكات و پەكەكە و دەم پارتی و سیاسەتمەدارانی كورد وەك دوو كوردی جیاواز نیشان بدات.

هەرچەندە توركیا زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەكەكەی زیندانی كردووە، بەڵام تائێستا پرسی كورد لە توركیا چارەسەر نەكراوە و توركیا بە مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت.

بانگهێشتەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" بۆ ئەوەی ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و داوای چەكدانانی پەكەكە بكات بۆ هەموو ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی توركیا دەكەن شۆكێك بوو.

باخچەلی وتی:"ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت، بێتە پەرلەمان و قسە بكات، بە ئاشكرا كۆتایی تیرۆر ڕابگەیەنێت، ئەوا تیرۆر كۆتایی دێت". باخچەلی لەبەرامبەر ئەو داوایە بەڵێنی ئازادكردنی ئۆجەلانی لە زینداندا لەكاتێكدا هێشتا پەكەكەی وەك تیرۆر ناوبرد و عەبدوڵا ئۆجەلانیش وەك سەركردەی تیرۆریستان.

داواكەی باخچەلی لەكاتێكدایە، ئەو سەرۆكی گەورەترین پارتی ناسیۆنالیستی توركیایە، بەوە ناسراوە هیچ كاتێك سازش بۆ كورد ناكات، تەنانەت ئەو لەیەكێك لە گردبوونەوە جەماوەرییەكانی پارتەكەیدا "پەتێكی بەدەستەوە گرتبوو داوای دەكرد دووبارە سزای سێدارە بۆ توركیا بگەڕێتەوە تا بتوانرێت ئۆجەلان لەسێدارە بدرێت".

بۆیە ئەم پلانەی باخچەلی بەرامبەر ئۆجەلان جێی سەرنجە، نیشانەی ئەوەیە لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە پلانی دیكە هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر كۆتایی هێنان بە پەكەكە.

عەبدوڵا ئۆجەلان و پەكەكە

 پارتی كرێكارانی كوردستان لەساڵی 1978 لە باكوری كوردستان لەلایەن 22 كەسەوە دامەزرا، یەكێك لەوانە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبەیە، دواتر ئەو حزبە خەباتی چەكداری دژ بە توركیا ڕاگەیاند.

پەكەكە لە سەردەمێكدا دروستبوو كە لە توركیا ناوهێنانی كورد و قسەكردنیش بە زمانی كوردی نەك هەر قەدەغەبوو بەڵكو سزاشی لەسەربوو.

لەوكاتەوەی پەكەكە شەڕی چەكداری دژ بە توركیا ڕاگەیاندووە تائێستا چەندین هێرشی چەكداری و خۆكوژی كردووەتەسەر سوپای توركیا و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتە، بەهۆی شەڕی چەندین ساڵەی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەكەكەش تائێستا زیاتر لە 40 هەزار كەس لەهەردوولا كوژراون.

عەبدوڵا ئۆجەلان كە ئێستا تەمەنی 75 ساڵی تێپەڕاندووە، زیاتر لە 25 ساڵە لە زیندانە، بەڵام بەو دۆخەشەوە هێشتا كەسایەتییەكی خاوەن هەژموونە لە توركیا و باكوری كوردستان، هەرچەندە زۆربەی توركەكان ڕقیان لێیەتی و بە "تیرۆریست" ناوی دەبەن، بەڵام هیچ لەوەی نەگۆڕیوە كە لای زۆربەی كوردانی باكور و بەشێك لە پارچەكانی دیكەی كوردستان وەك ڕێبەر و سەركردە لێی دەڕوانرێت.

دەستگیركردن نەیتوانی كۆتایی پێبهێنێت

 هێزێكی تایبەتی توركیا لەساڵی 1999 عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە كینیا دەستگیركرد و ڕەوانەی توركیایان كرد، بۆ ئەوەی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا بسەپێنن، بەڵام دوای ئەوەی سزای لەسێدارەدان لە توركیا ڕاگیرا سزاكەی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی لە زیندانی دورگەی ئیمراڵی كە دەكەوێتە باشوری ئیستەنبوڵ.

بۆچی توركیا لەمكاتەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی دەكات؟

 گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و دەستواڵابوونی ئیسرائیل لەپەلكێشانی بۆ وڵاتانی دەوروبەری، ئەو ترسەیە كە وای لە توركیا كردووە لەمكاتەدا بیەوێت باس لە پرۆسەی ئاشتی بكات، ترسەكەش لەجێگەی خۆیدایە، چونكە كورد لە توركیا گەورەترین پێكهاتەیە دوای تورك و نزیكەی پێنج یەكی دانیشتوانە 85 ملیۆنیەكەی پێكدەهێنێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر كورد لە سوریا و دواتر ئێرانیش دەبێت، لەئەگەری هەر گۆڕانكارییەك كە لەناوچەكە ڕووبدات.

بینینی ئۆجەلان

 دوای چەند ڕۆژێك لە پێشنیازە چاوەڕوان نەكراوەكەی باخچەلی، دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگەیاندا دوای 43 مانگ ئۆجەلان چاوی بە پارێزەرەكەی و یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكەی بكەوێت كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی توركیایە.

لە سەردانەكەدا ئۆجەلان بە عومەر ئۆجەلانی برازای وتووە "دەتوانێت دۆخی شەڕ لە توركیا بۆ دۆخێكی سیاسی بگۆڕێت".

بەڵام لە هەمان ڕۆژدا دوو ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان هێرشیانكردەسەر كارگەیەكی درۆن لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا كە بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران و 22 ی دیكەش برینداربوون.

دوای هێرشەكە پەكەكە وێرای ئەوەی بەرپرسیارێتی گرتەئەستۆ، ڕاشیگەیاند "ئەو هێرشە هیچ پەیوەندییەكی بە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتییەوە نییە و زۆر پێشتر پلانی بۆ دانراوە".

دوای ئەو هێرشەی پەكەكە بۆسەر كارگەیەكی دروستكردنی درۆن لە ئەنقەرە، توركیا بەپاساوی وەڵامدانەوەی هێرشەكە هێرشێكی چڕی ئاسمانی بۆسەر پەكەكە لە قەندیل و سنورەكانی هەرێمی كوردستان و هاوكات بۆسەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری كورد لە سوریا دەستپێكرد.

ئەو هێرشانە دەكرێت سەرەتابێت بۆ كۆتایی هێنان بەو پرۆسەیەی توركیا بەنیازبوو دەستیپێبكات، چونكە لە بنەڕەتدا پەكەكە گومانی لەو پرۆسەیە هەبوو كە باخچەلی دەستپێكەكەی ڕاگەیاند، بەڵام تائێستا پرسی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا جێگەی باسە و كاریگەرییەكەی بەتەواوەتی دەرنەكەوتووە.

هەرزوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پشتیوانی بۆ پێشنیازی هاوپەیمانەكەی "باخچەلی" دەربڕی و بە پێشنیازێكی ئازایانە ناوی برد.

بەڵام لەكاتێكدا هێشتا دانوستانەكانی پرۆسەی ئاشتی جێگەی باس بوون، دوای چەند ڕۆژێكی كەم لەو وتانەی ئەردۆغان و باخچەلی، دەسەڵاتدارانی توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردیان لە پۆستەكانیان دوورخستەوە لە سێ شاریش (مێردین، ئێلە و خەلفەتی) كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن و قەییومیان لە جێگە دانان.

دەسەڵاتدارانی توركیا پاساویان بۆ ئەو كارەیان ئەوەبوو كە ئەو سێ سەرۆك شارەوانییە كە لە بنەڕەتدا لە دەم پارتین، پەیوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەری لە باكوری كوردستان لێكەوتووەتەوە و تائێستاش بەردەوامە.

دەم پارتی كە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانی توركیایە، دوای لادانی ئەو سەرۆك شارەوانیانە سەركۆنەی ئەو هەڵوێستەی حكومەتی توركیای كرد، ڕاشیگەیاند "لەكاتێكدا چاوەڕوان بووین دەستی ئاشتیمان بۆ درێژ بكرێت، بەڵام ئیرادەی گەل پێشێلكرا".

لادانی ئەو سەرۆك شارەوانییانە لەكاتێكدایە لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان سەرۆك شارەوانی دیكە بە هەمان تۆمەت لە باكوری كوردستان و توركیا دوورخراونەتەوە.

دینامیكیەتی هەرێمیی

هۆكاری پێشكەشكردنی ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بۆ ئۆجەلان، پرسیارێكی سەرەكیییە كە زیاتر لە مانگێكە كۆنترۆڵی مەیدانی سیاسی لەتوركیا كردووە.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان گۆڕانی دینامیكیەتی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت فراوانبوونی دەستی ئیسرائیل بۆ لێدان لە ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەمدواییە.

توركیا دەیەوێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو مەترسیانەی بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەوە ڕەنگە لە داهاتوودا یەخەی بگرێت.

بەرپرسانی توركیا نایانەوێت هاوشێوەی سوریا كاتێك لە 2011 دۆخی تێكچوو و هێزە كوردیەكان بە زەبری هێز بەشێك لە ناوچە كوردیەكانیان كۆنترۆڵ كرد، ڕووداوی هاوشێوە لەئەگەری تێكچوونی دۆخەكە لە توركیا دووبارە ببێتەوە.

بۆیە ئەو دەستپێشخەرییەی توركیا بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاندووە، وەك هەوڵێكی پێشوەختەیە تا كورد و پەكەكە بە پرۆسەیەكی لە بنەمادا بێ ئەنجام سەرقاڵ بكات.

هەندێك تێڕوانینی دیكەی سیاسی لەناوخۆی توركیا سەبارەت بە پێشنیازەكەی دەسەڵات بۆ پرۆسەی ئاشتی باس دەكرێت، بەشێك لە چاودێران پێیان وایە، هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەسەڵات بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی بزوێنەری سەرەكی ئەو پلانەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی كوردەكان بەدەست بهێنێت.

ئەردۆغان دەیەوێت بەو پرۆسەیە خەونەكەی بەدیبهێنێت، كە سەرەتا بە سەرۆكوەزیران دەستیپێكرد و دواتر گەیشتە سەرۆكایەتی و پاشان دەسەڵاتەكانی بۆ زیاتر بكرێت.

ساڵی ڕابردوو ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم بە سەرۆك هەڵبژێردرایەوە، بەپێی دەستوور ئەمجارە ئەگەر بیەوێت ببێتەوە بە سەرۆك دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت ئەگەرنا ناتوانێت جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك.

بۆ ئەو گۆڕانكارییە دەستوریانەی پارتی دەسەڵاتداری توركیا "ئاكپارتی" دەیەوێت بیكات، پێویستی بە دەنگی كوردە، بەدیاریكراویش دەم پارتی، چونكە لە پەرلەمانی توركیا گۆڕانكاری دەستوری لە كۆی 600 ئەندام پێویستی بە دەنگی زیاتر لە 360 ئەندامە، بەڵام ئاكپارتی خاوەنی 321 كورسییە، دەم پارتیش خاوەنی 57 كورسی، بۆیە بە كورتی ئەوەی ئەردۆغان پێویستیەتی ئەو كورسیانەیە تا پشتیوانی بكەن.

لەگەڵ شاردنەوەی وردەكاری و بیرۆكەی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن حكومەتی توركیاوە، وە پێشكەش نەكردنی هیچ بەڵگەیەك بۆ دەمەوەهاتنی داواكارییەكانی كورد، گەیشتن بە چارەسەر و پرۆسەی ئاشتی ناڕوون دەبێت.

ئەوەی لایەنی سەرەكی پرۆسەی ئاشتییە و توركیا دەبێت گفتوگۆی لەگەڵ بكات پەكەكەیە، ئەوان گومانیان لە پرۆسەكە هەیە و پێشتر زاگرۆس هیوا وتەبێژی كەجەكە ڕایگەیاندبوو ئەوان داوای دانانی چەكیان لە پەكەكە كردووە، با جارێ خۆیان چەك دابنێن و چەكەكانیان بێدەنگ بكەن ئەوكات داوای چەكدانان لە پەكەكە بكەن.

وتەبێژی كەجەكە ئەو پرۆسەیەی توركیا بەناوی ئاشتی دەستیپێكردووە بە "پرسەی ئاشتی" ناویبرد وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی توركیا نایەوێت پرسی كورد بە ئاشتی چارەسەر بكات.

 

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

  • ئۆجەلان و ماندێلا؛ ئەو دوو ڕێبەرەی زیندان نەیتوانی چۆكیان پێدابدات

  • رۆژی جیهانی كۆبانێ؛ ڕۆژی شانازی بۆ كورد و شەڕڤانان

  • لەمەودوا شانۆى سیاسى هەرێمى كوردستان چۆن ده‌بێت؟

  • گۆڕانكارییه‌كان خه‌ویان له‌ چاوى ئه‌ردۆغان زڕاندووه‌؛ تورکیا بۆچى دەیەوێت پرۆسه‌ى ئاشتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌؟

سەرەکی