2025-06-11 1047 جار خوێنراوەتەوە

رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

ئێران بەتەنها روبەرەكەى بارتەقاى کیشوەرێکە، فرە نەتەوەترین کۆمەڵگایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە زۆرینەى کەلتورە هەمەچەشنەکان لەخۆدەگرێت، لەوانە کورد، کە بەسەر پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، خوراسان و ناوچەکانی دیکەدا دابەشبون. هەرچەندە تا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەسەر کەمینەکان لە ئێراندا نییە، بەڵام بەپێى خەمڵاندنەکان ژمارەی کوردانی ئێران نزیكەى هەشت ملیۆنە كە لەنێوان سوننە و شیعە بە یەکسانی دابەشکراون.

 تێڕوانینێکی گشتی مێژویی

هەمو ناوچه کوردنشینەکان بە به شێک له ئێرانی مێژویی مایەوه تا لە شه ڕی چارەنوسسازی "چاڵدێران" دا له ساڵی 1514ی زایینی له نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوى دا دابەشكران.  ڕوبەرە بەرفراوانەکانی ئەم ناوچانە- کە دواتر بە کوردستانی عوسمانی وەسف کران و "باکوری کوردستان"، "ڕۆژئاوای کوردستان" و "باشوری کوردستان"ی گرتەوە- دواتر کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەرکەوتو لە جەنگەكان.

ئەم شەڕانە دواهەمین هۆکارنەبون بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە کوردنشینەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە، بەڵکو سەرکردە و شازادەکانی کورد بە سەرۆکایەتی شێخ ئیدریس بەدلیسی ڕۆڵێکی سەرەکییان بینی لە دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەریی دژی دەوڵەتی سەفەوی، پاڵنەری مەزهەبی تائیفی و لە ڕاکێشانی کورد بۆ پەیوەست بون بە دەوڵەتی عوسمانی.

 دواتر، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی خاکی ئێراندا مایەوە بەڵام لە قۆناغە سەرەتاییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەفەویدا بەردەوام لە ململانێیەکی تاڵدا بوە. ئەم دەوڵەتە هەوڵی سەپاندنی شیعەیی بونى بە زۆر دەدا، بەتایبەتی لە سەردەمی دامەزرێنەرەکەی.

سەردەمی سەفەوی وەرچەرخانێکی بەرچاوی لە مێژوی کوردەکانی ناوچەکەدا بەدیکرد، جگە لە جیابونەوەی ناوچە بەرفراوانەکانی کوردستان لە ئێران، ڕکابەریی نێوان کورد و سەفەوییەکان تۆوی ناسیۆنالیزمی لە دەرونی کورد لە ئێراندا چاند و دەستیان کرد بە هەستکردن بەوەی کە ئەوان "ئەویتری جیاوازن".

دواتر دەوڵەتی سەفەوی دوای چەسپاندنی بناغەکانی پەیوەندی خۆی لەگەڵ کورد کرد، ئەمەش وایکرد عوسمانییەکان ئەوەی لە کوردستان مابونەوە جیابكرێنەوە، هەمو ئەو رێككەوتنانەش دواى ئەوە هات  كە ناوچە کوردییەكانى ئێران شایەتحاڵی دامەزراندنی چەند میرنشینێک بون.

 كورد لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی سەفەوی

دوای ڕوخانی دەوڵەتی سەفەوی و لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی لە سەردەمی قاجاردا، ناوچە کوردییەکانی ئێرانی توانی دەسەڵاتی خۆسەر دابمەزرێنن و ژمارەی میرنشینە کوردییەکانیش کە خۆیان بەڕێوە دەبرد، زیادیان کرد.

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ساڵی 1920 لە سەردەمی ئیسماعیل خانى سمکۆ پەرەیسەند، کە لەلایەن بەشێك لە لێكۆڵەرەوانەوە سمكۆ بە دامەزرێنەری ئەم ناسیۆنالیزمە لە ئێران دادەنرێت، بەڵام هەوڵەكانى لەلایەن حکومەتی ناوەندی ئێرانەوەو لەسەردەمى یەكەمین قۆناغى پەهلەویى دا و لەسەر دەستى رەزا خان (1925- 1941) خامۆش كران، چونكە رەزا خان  پێداگریى لە بوژانده وه ی ناسنامه ی فارسی ئێرانی و فراوانکردنی ده سه ڵاتی خۆی به سه ڕ نزیکه ی هه مو ئێران دا دەكرد. پاشان لە سەردەمی دوەمی پەهلەوی (1941-1979) و دوای جەنگی جیهانی دوەم، بزوتنەوەی کورد- بە سەرکردایەتیی زانای ئایینی قازی محەممەد- کۆماری مەهابادی لە ساڵی 1946 دامەزراند، یەکەم کۆمار بو کە کورد لە مێژوی خۆیدا دایمەزراند، بەڵام تەنها نۆ مانگی خایاند و هەمو سەرکردەکانی لە سێدارە دران.

 كوردانى رۆژهەڵات و شۆڕشى ئێران

کوردستانی رۆژهەڵات دو ساڵ پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بە سەرکردایەتی ئیمامى خومەینی پەیوەندی بە شۆڕشی ئێرانەوە کرد، بزوتنەوەی کورد (هەم عەلمانی و هەم ئیسلامییەکان) بەشدارییان لە سەرکەوتنی شۆڕشدا کرد، بەڵام ئەو ناکۆکییانەی کە لە نێوان ئەم بزوتنەوەیە و دەسەڵاتی شۆڕشگێڕیی ناوەندیدا سەریانهەڵدا، شەراکەتی گۆڕی بۆ ململانێیەکی سەربازی لەگەڵ بزوتنەوە چەپەکان و ململانێیەکی سیاسی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی سوننەی کورد کە شێخ ئەحمەد موفتیزادە سەرکردایەتی دەکرد.

 شۆڕش سەرکەوتو بو لە کۆتایی هێنان بە ئامادەبونی سەربازی کورد لە کوردستانی ئێران و سەرکردە و ئەندامانی ئەو حزبانەی ناچار کرد کە ڕو لە کوردستانی باشور و وڵاتانی ئەوروپا بکەن، بەڵام ئەمڕۆ ناوچە سنورییەکان شایەتی پێکدادانی پچڕپچڕن لە نێوان ئەندامانی ئەم بزوتنەوانە- دیارترینیان پارتی ژیانی ئازادی کورد (پژاک)ە.، دوای ململانێیەکی سەربازی توند لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا، حزبی دێموکراتیش دو ساڵ لەمەوبەر و دوای دو دەیە لە دانانی چەک، خەباتی چەکداری دەستی پێکردەوە.

 فاکتەری تائیفی

پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە وردەکاری و فاکتەرەکانیدا یەکسان نییە لە سەرانسەری هەر چوار وڵات کە کوردیان تێدا ئامادەیە (عێراق، ئێران، تورکیا، سوریا)، بۆ نمونە پرسی کورد لە تورکیا بە پرسێکی تەنها نەتەوەیی دادەنرێت، لە کاتێکدا لە ئێراندا تەنیا نەتەوەپەرستی نییە، بەڵکو ناسیونالیزمێکی خاوەن سیمایەکی تائیفییە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، چیرۆکەکە لە سەردەمی سەفەویدا دەستی پێکردوە و لە ماوەی شەش سەدەی ڕابردودا پێشکەوتنی جۆراوجۆری هەبوە، بەڵام فاکتەری تائیفی کە ڕۆڵی بناغەیی دەگێڕا لە سەردەمە مێژوییەکانی دوای سەفەوییەکاندا - هەرچەندە بە پلەی جیاواز - ئامادە بو.

تائیفەگەریی بونی مەسەلەی کورد مەرج نییە بەو مانایە بێت کە ئیسلامییەکانى ئێران ئەو پرسى تائیفەبونەیان وروژاندوە، بەڵکو بزوتنەوەی کوردی ئەمڕۆ عەلمانی و چەپگەرایە، بۆ ئەم تایبەتمەندییەش دو هۆکار هەیە:

یەکەم: ڕەگ و ڕیشەی مەسەلەکە- وەک ئاماژەمان پێدا- لە بنەڕەتدا تائیفییە و مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان، بۆیە زۆربەی ئەندامانی نەوەی یەکەمی بزوتنەوەی کورد زانای ئایینی و دەرچوی مزگەوت بون.

دوەم: ئەوەیە کە ژینگەکەی سنوردارە بە کوردی سوننە نەک کوردی ئێزدی، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە بزوتنەوە ناسیونالیستەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورددا لە پەنجەی دەستێک تێناپەڕێت، جگە لەوەش ئەو داواکارییانەی کورد کە لە ئێراندا وروژێنراون؛ تا ڕادەیەکی زۆر تایبەتە بە پێکهاتە سوننەکانی خۆیان.

بەڵام بزوتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە دەرەوەی وڵات هەوڵیانداوە کورد بە گشتی ڕابکێشن، بەبێ ئەوەی سەرنجیان لەسەر فاکتەری تائیفی بێت، ئەمەش بە گرتنەبەری زمانێکی ناسیۆنالیستی غەیرە تائیفی کە سەرنجی هەمو کوردەکان، سوننە یان شیعە ڕادەکێشێت، بەڵام بەداخەوە شکستیان هێناوە لەو کارەدا.

لە ماوەی سەدەکانی دوای شانشینی سەفەوی، کوردی ئێزدی تێکەڵ بە پرۆسەی بنیاتنانی شوناسی مۆدێرنی ئێرانی بون، کە ئەوكاتە شیعەیزم بو بە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی، بۆ ئەم توێژە، شوناسی تائیفی لە شوناسی نەتەوەیی گرنگترە و ئەوانیش وەک کوردە سوننەکان کەمتر خەمی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان و دەرکەوتەکانین.

سەبارەت بە کوردانی سوننە، ئەوان لە ماوەی ئەو سەدانەدا هەستیان بەوە دەکرد کە پێکهاتە بنەڕەتییەکانی شوناسیان چیتر وەک چەترێکی یەکگرتو بۆ هەمو ئێرانییەکان کار ناکەن. هەرچەندە ئەوان خۆیان بە تەنها ئێرانی دەزانی، بەڵام ئەو کەڵەکەبونانەی کە لە ئەنجامی کاردانەوەی ناسنامەی نوێی ئێرانی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردودا هاتبونە ئاراوە، هەستێکی ڕونی جیاکارییان لە دەرونییاندا دروستکرد، كە دواجار؛ وەک بەربەستێک لە بەردەم یەکگرتن وەستابون.

ئەم تایبەتمەندییەى کە کوردە سوننەکانی ئێران پێداگرییان لەسەر دەکرد، لە سیاسەتی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران دا بە درێژایی سەدەکان کاردانەوەی هەبو، كە ئەوەیش بە گومان و وریایی لە مامەڵەکردن لەگەڵیاندا تایبەتمەند بو، ئەم دو چارەسەرە نەرێنییە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردودا کاریگەرییەكى وەها خراپی لەسەر هەردولا كەڵەكەكردوە؛ کە ناتوانرێت بە ئاسانی تێپەڕێنرێت.

 واقیعی ئێستا

ئەو واقیعەی ئەمڕۆ کوردەکانی ئێران ئەزمونی دەکەن، بەرجەستەکردنی ڕابردوی کەڵەکەبوە لە سەردەمە یەک لە دوای یەکەکاندا، و بەو میراتە قورسەشەوە بەڕێوەدەچێت.

ڕەنگە ئەوەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆمار لە بەیاننامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بۆ خولی یەکەمی خۆی، بە ناوی "مافی نەتەوەکان، ئایینەکان و مەزهەبەکان"، خستیەڕو، وەسفێکی وردی ئەم واقیعە بێت و دەیان بەڵێنی بۆ چارەسەرکردنی دانابێت.

گرنگترینی ئەم خاڵانە پێویستی بەدەرکردنی یاسایە بۆ جێبەجێکردنی ماددەکانی 3 و 12 و 15 و 19 و 22ی دەستور، ئەو ماددانەى پەیوەندییان بە مافەکانی نەتەوە و مەزهەبەکانەوە هەیە بۆ بەدەستهێنانی هاوڵاتیبونی ڕاستەقینە، بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن (استثناء)، بەشداریکردنی نەتەوەکان و شوێنکەوتوانی مەزهەبەکان لە پرۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات لە هەمو ئاستێکی سیاسی و ئیداریدا، بۆ بەرەوپێشبردنی گەشەپێدانی دادپەروەرانە بۆ هەمو هەرێمەکان، و کۆتاییهێنان بە شوێنكەوتەى سیاسیى ئەمنی لە  مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوەکان دا.

بەڵام ئەم واقیعە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەو واقیعە هەیە کە کورد لە وڵاتانی دیکەدا ئەزمونی دەکات، چونکە سروشتی مەسەلەکە لەگەڵ هاوتاکانی ئەو وڵاتانە جیاوازە، ئەگەر بارودۆخی کوردانی رۆژهەڵات لە دوای ئینقلابی ئیسلامی لەگەڵ هاوتاکانیان لەو سێ وڵاتە بەراورد بکەین، بۆمان دەردەکەوێت زۆر باشترە، ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەسەر کورد لەو وڵاتانەدا هات، بە هیچ شێوەیەک بەسەر کوردەکانی ئێراندا نەهاتوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز نکۆڵی لە ناسنامەی کورد نەکردوە، بەم پێیە قسەکردن بە زمانی کوردی و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و...هتد، قەدەغە نەکردوە، وەک ئەوەی لە تورکیادا ڕویداوە، کە تەنیا لەم دواییانەدا مافی سەرەتایی بە کورد دراوە.

حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا دوای دامەزراندنی کۆمار لە ساڵی 1923 دانیان بە ناسنامەی كوردەكاندا نەنا و بە "تورکی شاخ"یان دەزانی. لە سوریاشدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکان بەبێ ناسنامە و نە نەتەوەیی ژیانیان بەسەر دەبرد.

کۆمەڵێک فاکتەری بابەتیی لە پشت جیاوازیی بارودۆخی کورد لە سێ وڵاتەکەدا بە بەراورد لەگەڵ کوردانی ئێران هەیە، دیارترینیان ئەو پەیوەندییە شارستانی و کولتورییەیە کە کورد لەگەڵ ناسنامەی مێژویی ئێرانی خۆیدا یەکدەخات. کورد هەمیشە ئێرانی بە یەکەم نیشتیمانی خۆی زانیوە و یادەوەری مێژویی کورد و ڕەچەڵەکی هاوبەش لەگەڵ فارسەکان لە تاکە نەتەوەیەکەوە (نەژادى ئاریی) هەستی سەربەخۆیی خۆیان بە وڵاتەوە وەک یەکەیەکی سیاسی بەهێزتر دەکەن، بە پێچەوانەی کوردانی عێراق و سوریا و تورکیاوە کە پەیوەندییەکی وا و یادەوەریی مێژویییان نییە.

 سەرەڕای ئەمەش، ئەم بەستەرە قسەى کۆتایی بابەتەکە نییە، چونكە ڕەنگە کەڵەکەبونی سیاسی نەرێنی دۆخێک دابمەزرێنێت کە - بە تێپەڕبونی کات- بەرەو پەراوێزخستنی یادەوەری مێژویی پەیوەست بە ڕەگەز و هاوبەشی شارستانیی کولتوری بچێت سەرەڕاى وەبیرهێنانەوەی ئەوەی بیرەوەری سیاسی مۆدێرن لەخۆدەگرێت و تاڵییەکەی دواجار دەبێتە هۆی دامەزراندنی مەیلی نەرێنی.

 پوختەى باسەكە

بەكورتى پەیوەندی کوردەکانی ئێران بە ئێرانەوە ڕەگ و ڕیشەی قوڵی لە مێژودا داکوتاوە، بەو پێیەی پەیوەندییە بە نیشتمانەوە. دۆخی ئەوان جیاوازە لە دۆخی وڵاتانی دیکە، بەڵام ڕەنگە مەرج نەبێت دەرئەنجامەکانی جیاواز بن.

بۆ دورکەوتنەوە لە دەرئەنجامە نەخوازراوەکان، ئەم پرسە پێویستی بە بەرپرسیارێتی دەستەجەمعی هەیە، هەروەک ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی لە وەڵامی نامەیەکی مەولەوی عەبدولحەمید ڕێبەری دیاری سوننە سەبارەت بە ماف و نەتەوەکانی سوننە دەریبڕی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی لەونامەیەدا جەختی لە بەرپرسیارێتی هەمو پایەکانی دەوڵەت کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە جیاکارییەک لە دژی هەر نەتەوە و ڕەگەز و مەزهەبێک.

 

 

 

  • رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

  • ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

  • رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان

  • نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو

  • جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو

  • ئەو سەرۆكەى رۆژێك پێش مردنى وتارێكى نوسى و تەنها خۆى بینى

  • هۆچی منە.. چێشتلێنەرێك دەرگاى دۆزەخ بۆ ئەمریكییەكان دەكاتەوە

  • عیدی ئەمین..لە نێوان ستەم و پرتەقاڵ خواردن و رەفتاری نامۆدا

  • ناپلیۆن..ئەو ئیمپراتۆرەى لە پشیلە دەترسا و دەنگى زۆر ناخۆشبو

سەرەکی