دیمەنی هێرشێک بۆسەر هەولێر
3 کاتژمێر پێش ئێستا
70 جار خوێنراوەتەوە
بەغداد لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر ئاگردایە
ناوەندی هەواڵ
بەغداد لەسەر هێڵێکی ناسکە، لەنێوان تێوەگلان لە جەنگ و بێلایەنیدا، سەرەڕای ئەوەی گروپە چەکدارەکان رایەکی دیکەیان هەیە، ئاماژە و شیکردنەوەکان بۆ ئەوە دەچن کە عێراق بە کرداری بووەتە مەیدانی روبەڕووبوونەوەی نێوان تاران و واشنتۆن، بەوهۆیەشەوە لە چەند لایەکەوە بەغداد لەژێر ئاگرباراندایە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە دۆخێکی شێواودان
بارەگاکانی حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکان لە چەند شارێک روبەڕووی هێرش بوونەوە، بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و برینداربوون، لەبەرامبەردا گروپە چەکدارەکان چەند پێگەیەکی سەربازییان لە بەغداد و هەرێمی کوردستان بۆردومان کرد، بە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە بێت، مقاوەمەی عێراقیش لە شەممەی رابردوەوە کە هێرش بۆسەر ئێران دەستیپێکردووە چەند هێرشێکیان گرتووەتە ئەستۆ.
هەندێک لە سەرکردە و سیاسییەکانیشیان خۆیان لە چاوەکان ون کردووە
بەوتەی سەرچاوە سیاسییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان لە دۆخێکی شێواودان، ئەویش بەهۆی ئەو دۆخەی رووی لە ناوچەکە کردووە، هەندێک لە سەرکردە و سیاسییەکانیشیان خۆیان لە چاوەکان ون کردووە، هەر بەم هۆیەشەوە سەرجەم دۆسیە سیاسیەکان دواخراون، لەوانەش پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار، تا ئەوکاتەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بە لایەکدا دەکەوێت.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، پەیوەندی چڕی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و کەنداو بۆ تاوتوێی کاریگەرییەکانی جەنگ ئەنجام داوە، هەرچەندە بە ئاشکرا تا ئێستا عێراق هێرشەکانی ئێرانی بۆسەر وڵاتانی کەنداو ئیدانە نەکردووە، بەڵام بە ئاشکرا رایگەیاندووە جەنگ رەت دەکاتەوە و ئیدانەی سەر هێرشەکانی ئیماراتی کردووە.
سودانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادی جێنشینی کوەیت و شای بەحرەین ئەنجامدا، دوای ئەوەی ئەو دوو وڵاتە روبەڕووی هێرشی ئێران بوەوە، بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی عێراق، داوای ئارامی و پەنابردن بۆ گفتوگۆ دەکات لەگەڵ وەستاندنی سەرجەم هێرشەکان.
پێشتریش سودانی داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، روبەڕووی سەرجەم ئەو کارانە ببنەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی وڵات.
عێراق ترسی هەیە لەوەی بازنەی جەنگەکە بیگرێتەوە
عێراق ترسی هەیە لەوەی بازنەی جەنگەکە بیگرێتەوە و روبەڕووی هێرشی ئیسرائیل ببێتەوە، وەک چۆن پێش چەند مانگێک فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداریدا و وتی ئەمریکا رێگر بووە لەوەی ئیسرائیل هێرش لە عێراق ئەنجام بدات.
حکومەتی عێراق بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پرسەی راگەیاندووە و کوشتنەکەشی بە دوژمنکارانە وەسف کردووە، بە وتەی سەرچاوەیەکی سیاسی، عێراق روبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە لە راگرتنی هاوسەنگی لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیکن لە ئێران، هاوپەیمانی شیعەکان و سەرکردەکانی بەیاننامەی شەرمنانەیان سەبارەت بە جەنگ بڵاوکردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا باس لەوەدەکرێت گروپەکانیان سەرپشک کردووە لەوەی ئازادن لە مامەڵەکردن.
لایەنە شیعەکان بەپێی دەرئەنجامی ناکۆکییەکان بڕیار دەدەن
بە وتەی شیکەرەوانی سیاسی، لایەنە شیعەکان بەپێی دەرئەنجامی ناکۆکییەکان بڕیار دەدەن، ئەگەر ئێران لەم جەنگەدا دەستکەوتی بەدەستهێناو سەرکەوتووبوو لە هێشتنەوەی رژێمەکەی، ئەوکات هەژموونی بەسەر عێراقدا دەمێنێتەوە و بە پێچەوانەشەوە هەموو هەژموونەکەی لەدەستدەدات، بۆیە سیاسیەکانی نزیک لە ئێران بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن، هەندێک هەنگاو دەنێن و هەندێکیشیان دواخستووە، ئەمەش لەپێناو کڕینی کات، گروپەکانیشیان سەرپشک کردووە کە رێرەوی خۆیان بگرن.
بۆیە بەپێی هەموو ئەگەرەکان پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەپێی دەرئەنجامە مەیدانییەکانی ئەم جەنگە دەبێت، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە عێراق وا دەردەکەوێت بووەتە بەشێک لە شەڕەکە و تەنها مەیدانێکی لاوەکیی نییە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدا، وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بەبێ ئەوەی ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا بکات، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی گروپە عێراقیەکان بۆسەر چەند پێگەیەکی سەربازیی، هەروەها بارەگای سەر بەو گروپانەش رووبەڕووی هێرش بوەوە، ئەمەش واتا جەنگەکە لە عێراق دوولایەنەیە.
-
بەغداد لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر ئاگردایە
|
-
ئایا کوڕەکەی شا بەلای ئەمریکاوە شیاوە؟
|
-
بژاردەی رۆژی قیامەت؛ ئەگەرەكانی سەرهەڵدانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئەمریكا
|
-
پرسی كورد لەنێوان بە "تیرۆر" ناساندن و خوشك و برایەتیدا
|
-
ساڵ و نیوێكە پەرلەمانی كوردستان پەكیكەوتووە و یەكێتی و پارتی خەمی بەغدادیانە
|
-
ئۆجەلان: قۆناغی چەكدانانی پەكەكە كۆتایی هات
|
-
ساڵێک بەسەر دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی و پلانگێڕییەکە تێدەپەڕێت
|
-
ئەمڕۆ 15ساڵ بەسەر مەرگی هونەرمەند حمە جەزا تێدەپەڕێت
|
-
لاهور جەنگی بورهان لە هاوسەرۆکی یەکێتیەوە بۆ زیندان
|
|
|
|