5   کاتژمێر پێش ئێستا 54 جار خوێنراوەتەوە

نهێنی 1ی تەمموز چییە؟

ئیرادە میدیا

1ی تەمموز واتا ئەمڕۆ رۆژی لە دایكبوونی ملیۆنان ھاوڵاتی یە لە عێراق وھەرێمی كوردستان، لەو رۆژەدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆربەیان پیرۆزبایی لە یەكتر دەكەن، زۆر لە ھاوڵاتییان دەڵێن، ئەو رۆژە لە ناسنامەكەیاندا نوسراوە، بەڵام رۆژی لە دایكبوونیان نییە.

ئەمڕۆ 1ی تەمموزی2025، یادی لەدایکبوونی بەشێکی زۆری عیراقییەکانە، کە چیرۆکەکەی بۆ 68 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی 1957دا، بە دیاریکراوی 68 ساڵ بەر لە ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەی عیراق بڕیاریدا بە سەرژمێرییکردنی دانیشتووان بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ناویان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا تۆمارنەکراوە.

ئەو سەردەمەی ئەم بڕیارە دراوە ، دوای سەرژمێرکردنی دانیشتوانی عێراق بووە لە ساڵی 1957 دا . کاتی خۆی بڕیارەکە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نەزانینی رۆژی لەدایکبوون دراوەو، ئەو رۆژەیان وەک رۆژی ناوەندی ساڵ وەرگرتووە، بەو پێیە ، ئەو رۆژەیان بە رۆژی لەدایکبوونی سەرجەمی دانیشتوان دیاریکردووە ، بۆیە زۆربەی ناسنامەکان ئەو بەروارەیان لەسەر تۆمار کراوەو ، بەشێکیشیان هەر ساڵی لەدایکبوونەکەی لەسەرە ، بەبێ ئەوەی رۆژو مانگەکەی لەسەر بنووسن.

دوای ئەو سەرژمێرە دوو سەرژمێریدیکە لە عێراقدا کراوە لە ساڵانی ( 1965 و 1987) دا ، بەڵام هەمان ئەو رێنماییە بۆ دیاریکردنی رۆژو مانگی لەدایکبوون ، بۆ ئەوانەی بەڵگەنامەی فەڕمیی لەدایکبوونیان نییە ، هەر بەردەوامە، ئەگەر یەکێک لە کاتی دەرهێنانی ناسنامەیەکی نوێدا بەروارێکی جیاواز لەو بەروارە بڵێت ، ئەوا تووشی کێشە دەبێت و ناچار دەبێت بەو رۆژە دیاریکراوەی لەدایکبوون قایل بێت .

بەهۆی بارودۆخی عیراق لەو ساڵانەدا، بەشێکی زۆری خێزانەکان لە ماڵەوە منداڵیان ببوو و ناوی منداڵەکانیان چەند ساڵێک بوو تۆمار نەکردبوو، تەنانەت بەشێکی زۆریان بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان نەبوو.

بەشێکی خێزانەکان بەهۆی تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکانیان گرفتیان لە مامەڵەکانیاندا بۆ دروست دەبوو کاتێک دەگەیشتنە تەمەنی قوتابخانە، بەشێکی دیکەیان لە مامەڵەکانی دیکەی رۆژانەدا رووبەڕووی کێشە دەبوونەوە.

ئەوەی گرفتی سەرەکی بوو ئەوە بوو، بەشێ زۆری ئەو خێزانانە بەهۆی تێپەڕینی کات بەسەر لەدایکبوونی منداڵەکانیان  بە دیاریکراوی رۆژەکەیان بیرنەبوو، تەنانەت هەندێکیان ساڵەکەشیان بە تەواوی بیر نەمابوو.

زۆر جار لە گەورەکانی خێزان ئەوە بیستراوە کە وتوویەتی، "کچەکەم لە بەهاردا لەدایک بوو؛ کوڕەکەم رۆژێک لە دایکبوو کە بەفرێکی زۆر دەباری؛ کچەکەم ناوناوە رێزان چونکە لە پاییزدا لەدایکبوو" و دەیان چێرۆکی دیکەی هاوشێوە.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی تۆمارنەکردنی ناوی منداڵەکان لەو سەردەمەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە، هەندێک لە خێزانەکان بە مەبەست ناوی کوڕەکانیان تۆمار نەدەکرد بۆئەوەی لە تەمەنگی 18 ساڵیدا نەینێرن بۆ سەربازی.

باشترین بڕیار بۆ بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە لەو ساڵەدا ئەوە بوو، کە 1ی تەمموز بە رۆژی لەدایکبوونی ئەو کەسانە دیاریکرد کە بەرواری لەدایکبوونیان روون نەبوو.

بۆچی 1ی تەمموز؟

بەهۆی ئەوەی 1ی تەمموز بە تەواوی نیوەی ساڵە و لەو رۆژەدا نیوەی یەکەمی ساڵەکە رۆیشتووە و دەست بە نیوەی دووەمی دەکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی منداڵەکان رێگەیان بدرێت بچنە خوێندنگە و مافی خوێندنی ئەو ساڵەیان لەدەست نەچێت.

روداوێکی سەرنجڕاکێش

1ی تەمموز بەدەر لەوەی یادی لەدایکبوونی بەشێکی زۆری عێراقییەکانە چیرۆکی سەرنجڕاکێشیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆنمونە هەندێک جار دەوترێت: 1ی تەمموز یادی لەدایکبوونی ملیۆنان عیراقییە.

لە گێڕانەوە عیراقییەکاندا باس لەوەدەکەن، لە ساڵانی 90 کاندا وەفدێکی عیراقی سەردانی شوێنێکیان کردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرجەم ئەندامانی وەفدەکە لەسەر پاسپۆرتەکانیان نووسراوە لەدایکبووی 1ی تەمموزن، پاسپۆرتەکانیان بە ساختە دانراوە و رێگەیان نەدراوە لە فڕۆکەخانەوە بچنە ئەو شارەی سەردانیان کردووە،  باڵیۆزخانەی عیراق لەو وڵاتەدا گرفتەکەی چارەسەر کردووە.

 جارێکیش هاوڵاتییەک بە پێكەنینەوە بەمیدیاکانی وتبو "تەمەنم 15 ساڵ بوو كە زانیومە ئەم رێكەوتە راست نییە،جیا لە خۆم دایك و باوك و دوو برا و خوشكێكم لە دایكبوونیان ئەم رۆژەیە."

  • نهێنی 1ی تەمموز چییە؟

  • نزیكەی چوار هەزار و 500 ساڵ لەمەوپێش مرۆڤ بۆ زاخاوی مێشكی یاری داهێناوە

  • ژنێكى ئێزدى به‌ ته‌مه‌نترینى هه‌رێمى كوردستان و عێراقه‌

  • فەیسبووک لە لای بەشێک لە بەکارهێنەران گەڕایەوە

  • فەیسبووک لە لای بەشێک لە بەکارهێنەران گەڕایەوە

  • فەیسبووک کێشەی تێکەوت و هەژمارەکانی دادەخاتەوە

  • بەتلیس ئەو شارە کوردیەی تورکەکان وەک سوکایەتی لە بەرهەمی توتنەکەیان دەخوارد !

  • چى لەبارەى “کاتژمێرى قیامەت” دەزانى؟ کەى دەبێتـە نیوەشەو؟

سەرەکی