×

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کەجەکە
2024-11-07 167 جار خوێنراوەتەوە

وته‌بێژى كه‌جه‌كه‌: ئه‌وه‌ى له‌ توركیا هه‌یه‌ پرسه‌ى ئاشتییه‌ نه‌ك پرۆسه‌ى ئاشتى

ناوەندی هەواڵ

وتەبێژی کەجەکە ڕایگەیاند، "هیچكات په‌كه‌كه‌ نابێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ى ئاشتیى ‌و هه‌میشه‌ش ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بووین، بەڵام ئەوەی لە تورکیا هەیە زیاتر لە پرسەی ئاشتیی دەچێت تا پرۆسەی ئاشتی".

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ سایتی شارپرێس، هەڵوێستی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە بارەی ئەو ڕۆژەڤەی لە تورکیا بە ناوی پرۆسەی ئاشتیی باس دەکرێت، ده‌خاته‌ڕوو.

زاگرۆس هیوا ده‌ڵێت:" پەکەکە ڕێگریی لە پرۆسەی ئاشتیی ناکات، پەکەکە هەمیشە ئاسانکاریی ‌و لەخۆبردوویی کردووە بۆ ئاشتیی، لەم پێناوەشدا تائێستا 11 جار بەشێوەیەکی تاکلایانە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و دووجاریش هەموو هێزەکانی خۆی لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە پاشەکشە پێکردووە، تورکیا تائێستا یەکجاریش ئاگربەستی ڕانەگەیاندووە و تەنانەت دان بە بە هەبوونی کوردیشدا نانێت."

دەشڵێت:" ئەردۆغان بەکوردستان دەڵێت "تیرۆرستان، ئێستاش لە پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی دەڵێین زمانی نەناسراو یان نەزانراو، پەکەکە ڕێگریی لە ئاشتیی ناکات، بەڵکو ڕێگریی لە پرۆسەی پاکتاوی نەژادیی‌ و سیاسیی ‌و کەلتووریی گەلی کورد دەکات، کە لەسەر دەستی تورکیا لە باکووری کوردستان‌ و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەدەچێت".

لە درێژەی دیمانەکەدا وتەبێژی کەجەکە دەڵێت: "کاتێک دەوڵەتی فاشیست هیچ دەرچەیەکی بۆ هەناسەدانی کوردی ئازاد نەهێشتەوە و لە زیندانی ئامەددا ویستی ئیرادەی بشکێنێت مانگرتن لە خواردن‌ و ڕۆژووی مردن یەکەم وەڵامی کادرە پێشەنگەکانی پەکەکە بوو بۆ ئەم سیاسەتە".

لە وەڵامی ئەوەی پەکەکە چۆن لە گفتوگۆکانی ئێستای تورکیا دەڕوانێت وتەبێژی کەجەکە ڕایگه‌یاند:" ڕاستە، ئێستا گفتوگۆیەک سەبارەت بە ئاشتیی هەیە لە تورکیا و باکووری کوردستان‌ و تەنانەت هەموو بەشەکانی دیكه‌ى کوردستانیش، ئەم قسانەی دەوڵەت باخچەلی لە خۆیدا دانپێدانانێکه‌ بۆ ئەوەی کە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ گۆشەگیریی هەیە و دەوڵەتی تورکیاش مافی هیوا کە مافێکی گەردوونییە پێشێلکردووە، دەوڵەت باخچەلی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بە تاوانەکانی دەوڵەتدا نا، هەروا لەخۆیەوە شتی لەوجۆرە ناخاتە ڕۆژەڤەوە."

" ئێستا وای لێهاتووە تورکیا و ئەردۆغان لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا تەنها محەمەد شیاع سودانی‌ و مەسعود بارزانی بەدەستەوە ماوە، پەیوەندیی ئەردۆغان لەگەڵ ئەم دوانەش تەنها و تەنها لەسەر بنەمای دژایەتی کوردە و بەس". زاگرۆس هیوا وا ده‌ڵێت.

وته‌بێژى كه‌جه‌كه‌ ده‌شڵێت:" ئەو شەڕەی کە ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست، بە دیاریکراوی لە نێوان ئیسرائیل‌ و ئەمریکا و ناتۆ لەلایەک‌ و ئێران ‌و حەماس ‌و حزبوڵا لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەدەچێت، تورکیای توشی نیگەرانیی کردووە، ڕەنگە ئەردۆغان‌ و دەوڵەت باخچەلی بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتیی ‌و ناوخۆیی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل تەماحی هێرشکردنە سەر تورکیای هەیە و پێویستە هەموو پێکهاتەکانی تورکیا لە دژی ئەم هێرشانە یەکبگرن، بەڵام لە ڕاستییدا تورکیا نیگەرانی هێرشی ئیسرائیل نییە".

ئاماژەی بەوەشدا "تورکیا و ئیسرائیل‌ و پارتى دیموكراتى كوردستان یەک ماستەرپلانن‌ و سیاسەتەکانیان‌ و پەیوەندییەکانیان تەواوکەری یەکدین، لەم شەڕەدا تورکیا بە کردەوە پشتیوانیی ئیسرائیلە و بە وتن پشتیوانی حەماسە، تورکیا بە دەم جوێن بە ئیسرائیل دەدات‌ و بە چاو دەڵێت وەرە."

سەبارەت بە مەرجی پەکەکە بۆ پرۆسەی ئاشتیی لە ڕووی سیاسیی ‌و سەربازیی ‌و یاساییەوە زاگرۆس هیوا دەڵێت: "ئەگەر تورکیا بەنیازی ئاشتییە ‌و دەیەوێت ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ بگێڕێت، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندان ئازاد بکات، پێویستە دۆخی تەندروستیی ‌و پاراستنی گیانی ڕێبەر ئاپۆ گەرەنتی بکرێت‌ و بتوانێت ئازادانە کاروخەبات بکات، ئەمە سەرەتایەکە بۆ دانووستان کە دانووستان دەستیپێکرد، ئەوکاتە نەخشە ڕێگه‌ی چارەسەریش دادەنرێت".

هەروەها لەبارەی چەکدانانی پەکەکە وتەبێژی کەجەکە دەڵێت:" تورکیا داوای چەکدانان دەکات، مەگەر بۆ خۆی لە دژی کورد چەکی داناوە؟ ئەو دەڵێت چەک دانێین با بەدڵێکی ئاسودەوە چیم ویست بەسەرتاندا بیهێنم، مادام ئەو مەرجی چەکدانان دێنێتە پێش، ئەوکات با خۆیشی چەکدانێت، با ئیدی لەشکرکێشیی نەکات، با لە باشوور و لە ڕۆژئاوا و لە باکوور خەڵک نەکوژێت، لەلایەکەوە باسی چەکدانان دەکات، لەلایەکی دیکەشەوە کارگەی ئارد و ئاو لە ڕۆژئاوا بۆردوومان دەکات، کابرا تەنها لەبەرئەوەی بە کوردی قسەی کردووە بە چەقۆ کوشتیان، لە دۆخێکی وەهادا کورد چۆن دەتوانێت چەک دابنێت؟

زاگرۆس هیوا باسی لە بڕیاری پەکەکە لە پرۆسەی ئاشتیی کرد و وتی: "بزوتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ڕێبەر ئاپۆی وەک دانووستانکاری سەرەکی دەستنیشانکردووە، ئەگەر تورکیا نیازپاکی چارەسەری هەبێت، دەڕوات بۆ لای ڕێبەر ئاپۆ، گۆشەگیریی لەسەر لادەبات، لە بواری یاسایی ‌و دەستورییەوە شەرت‌ و مەرجی بۆ فەراهەم دەکات کە ئەو بتوانێت هەم لەگەڵ ڕای گشتیی تورکیا و کوردستان‌ و جیهان‌ و هەم لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی بزووتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان دانووستاندن بکات بۆ ئەوەی کە پێکەوە بڕیار لەسەر ئاشتیی بدەن".

سەبارەت بە ڕۆڵی لایەنە سیاسییەکانی باشوور لە پرۆسەی ئاشتییدا وتەبێژی کەجەکە دەڵێت:" ئەگەر باشووری کوردستان دەیەوێت لە پرۆسەی ئاشتییدا ڕۆڵ بگێڕێت، پێویستە بەر لە هەموو شتێک لە دژی داگیرکاریی تورکیا لەسەر خاکەکەی هەڵوێستی هەبێت، پێویستە لە کۆمەڵکوژیی هاوڵاتییانی بێدەنگ نەبێت، پێویستە لە تاڵانکردنی سەرچاوەی ژێرزەویی‌ و سەرزەویی‌ و وێرانکردنی ئابووریی کوردستان بێدەنگ نەبێت."

 

  • وته‌بێژى كه‌جه‌كه‌: ئه‌وه‌ى له‌ توركیا هه‌یه‌ پرسه‌ى ئاشتییه‌ نه‌ك پرۆسه‌ى ئاشتى

  • کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بە واتای باڵادەستی ئێران و سەرکەوتنی ئەو وڵاتە نییە

سەرەکی