جەمیل بایک
2025-01-18 127 جار خوێنراوەتەوە

جەمیل بایك: ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتیدا جددی نییە

ناوەندی هەواڵ

جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە دەڵێت "ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتیدا جددی نییە".

جەمیل بایک لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ستێرک تیڤی دەربارەی پێشهاتەکانی دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە ڕایگەیاند:" تا ئێستا هیچ زانیاریی و قسەیەک نە لە ڕێبەر ئاپۆ و نە لە دەوڵەتەوە پێیان نەگەیشتووە و دیاریکرد لە دۆخی ئێستادا دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی شەڕێکی بەرفراوان بەڕێوەدەبات، گەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت پەرە بە خوشک-برایەتی بدات دەبێت مافەکانی کورد بە بنەما بگرێت".

بایک دەربارەی قسەکانی دوای دیدارەکەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و پەیامەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری توركیای هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند:" نزیکبوونەوەی ئاکەپە لە بابەتەکەدا جددی نییە".

تەواوی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە بەم شێوەیە:

  "لە دوای گۆشەگیرییەکی ماوە درێژ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتن ئەنجامدرا. سەرەتا بنەماڵەکەی ڕۆشت و دواتری شاندێکی دەم پارتی ڕۆشتنە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیدارییان ئەنجامدا. لەو چاوپێکەوتنانەدا بۆ چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا ڕێبەر ئاپۆ جەختی لەوەکردەوە دەتوانێت لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسییدا پرسەکان چارەسەر بکات. کۆبوونەوەکانی شاندەی ئیمراڵی لەگەڵ پارت و لایەنەکاندا لە ئارادایە. ئێوە چۆن ئەم پێشهاتانە هەڵدەسەنگێنن؟

هەرچەندە شاندەکە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کۆبوونەوە بەڵام گۆشەگیری بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە. لەو بارودۆخەی گۆشەگییردا ڕێبەر ئاپۆ ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. گەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکانی تورکیا چارەسەر ببن، پرسی کورد لە نێو ئەو پرسانەدا پرسێکی بنەڕەتییە. ئەمە لەم مانگانەی کۆتییدا زۆرتر ڕوونبووەوە. بۆئەوەی کێشەکان چارەسەر ببێت، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت. لە نێو هەلومەرجی گۆشەگیرییدا داوای چارەسەری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. ئەمە کارێکی نا مرۆڤانە، نا ئەخلاقی و نا یاساییە. ڕێبەر ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی ڕەهادایە. لە ژێر گۆشەگیرییەکی لەم شێوەیەدا چۆن بتوانێت ڕۆڵی خۆی جێبەجێ بکات!. ڕێبەر ئاپۆ دەبینێت تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پرسی زۆر قوڵ و جددیدا تێپەڕدەبن. بۆیە دەیەوێت ئەم پرسانە چارەسەر بکات. یانی ڕۆڵێکی مێژووی دەگرێتە ئەستۆی خۆی.

خواستێتی خزمەتێکی گەورە بە گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی بکات. لەسەر ئەم بنەمایە ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی ٧ خاڵی بڵاوکردەوە. ئەمە بۆچارەسەری کێشەکان مانیفیستۆیەکە. لێرەدا رێبەر ئاپۆ بە ئاشکرا ڕوانگەی خۆی دەربڕی. زۆر بە ئاشکرا ئەوەی دەرخست کە پرسەکان چۆن چارەسەر بکرێن. کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ئەم ٧ خاڵەی دیاری کرد، لە نێو کۆمەڵگەی تورکیادا ئاسوودەیەکی هێنایە ئاراوە. ئەمە داهاتووی گەلانی تورکیای دیاری کرد. بۆیە دەڵێین ئەمە مانیفێستێکە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیە ڕۆڵی خۆی دەربڕی، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا بیرکردنەوە و ڕوانگەی خۆی دیاری بکات. ئەو شاندەی کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا چاوپێکەوتنی کرد، لێدوانی دا و گوتی، هەڵوێستی دەوڵەتی تورک لە بابەتەکەدا ڕوون نییە. وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ بۆ پرسەکانی تورکیا پەرەی بە چارەسەرییەکاندا، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە ئاشکرا لەم بابەتەدا ڕوانگەی خۆی دەربڕێت.

وەڵامییان چی بێت، چی هەنگاوێ هەڵگرن، دەبێت دیاری بکەن. هەمووان لە چاوەڕوانی ئەمەدایە. دەوڵەتی تورک لەم بابەتەدا هەنگاوی نەناوە، بۆیە ئەمە گومان درووستەکات. دەبێت ئەم گومانە بڕەوێتەوە.
لە ناوەندی هاوپەیمانییدا، دیموکراتیک بوون هەیە. یانی تورکیا چۆن ببێتە وڵاتێکی دیموکراتیک؟ تا ئەوەی لە تورکیادا دیموکراتیکبوون نەیەتەئاراوە، پرسی کورد و پرسەکانی دیکە چارەسەر نابن. ئەمە لای هەموو کەسێک ئاشکرایە. تابێت گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درووستەبێت، ئەمانە پرسەکان زۆر بەرفروانتر دەکات. لە ئێستادا لەسەر کوردستان شەڕێکی مەزن دەگوزەرێت. لە حەماسەوە دەستیپێکرد، دواتر حیزبوڵا و لە کۆتایشدا ڕێژمی بەعسی سووریا هەڵوەشایەوە. شەڕێک لە ئارادایە و ئیدی گەیشتووە بە کوردستان. کوردستان چارەنووسی هەموو کەس و لایەنێک دیاری دەکات. بۆیە هەندێک ناوەند و لایەن هەیە لەسەر کوردستان شەڕ دەکەن. یانی هەر لایەنێک کوردستانی دەستهێنا ئەوا ئەنجامی بەدەستهێناوە.

ڕێبەر ئاپۆ بە تەنها پرسەکان نیشان نادات بەڵکو چارەسەریشیان دەخاتە ڕوو. یانی بەم شێوەیە بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاست گەلی کورد، گەلی تورکیا، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی دەگرێتەئەستۆ. لەبەرانبەر ئەمەدا دەبێت هەموو کەسێک بەرپرسیارێتی خۆی دیاری بکات، دەوڵەتی تورک هەنگاو بنێت، بۆیە شاندەکە دەڵێت گومان هەیە. گەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوکاتە گومانەکان زیاتر دەبن. پرسی تورکیا دیموکراتیکبوونە. دەوڵەتی تورکیش هیچ کاتێک هەنگاوی بۆ ئەمە نانێت. لەبەرئەوەی گەر دیموکراتیکبوون لە تورکیادا پێشبکەوێت، لە هەموو کەسێک زیاتر کوردان لێی سوودمەند دەبن.

بۆئەوەی کورد سوود وەرنەگرێت، دەوڵەتی تورک دیموکراتیکبوون پێشناخات. گەر پەرە بە دیموکراتیک بوون نادات ئەوا هۆکارەکەی پرسی کورددە. لەبەرئەوەی خواستێتی کۆتایی بە کوردان بهێنێت. ئەوەی هەڵگری ئەم عەقڵێتەبێت پەرە بە دیموکراتیکبوون نادات. هۆکاری دیموکراتیک نەبوونی تورکیاش هەر ئەمەیە. لە ئێستادا تورکیا گەیشتووە بە قۆناغێک، ئیدی ناتوانێت وەک پێشوو بەردەوام بێت. بۆ تورکیا دیموکراتیکبوون مەرجە، گەر قبوڵی نەکات و عەقڵێتی نەگۆڕێت ئەوا تەنگەتاو دەبێت و گورزی گەورەی بەرەکەوێت. لێرەدا ڕێبەرئاپۆ دەور وەرەگرێ، دەیەوێت تورکیا هەنگاوبنێت بۆ ئەوەی کۆتاییەکەی وەک عوسمانییەکان نەبێت. لەبەرئەوەی دۆخی ئێستای تورکیا هاوشێوەی کۆتا دۆخەکانی عوسمانییە. ئەمەش مەترسییەکی مەزنە بۆ تورکیا. لێرەدا ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی مێژووی خۆیی پێکدێنێت، پێویستە دەوڵەتیش ئەمە ببینێ و لەسەر ئەم بنەمایە ئەرکی خۆی جێبەجێکات.

لە پرۆسەیەکی لەم شێوەیدا قسەوباسی زۆر دەکرێت، ڕۆژانە پڕوپاگەندە بەڕێوەدەبرێت. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ گوتی، 'بۆ چارەسەرییەکی یاسایایی و سیاسی ئامەدەم'، پەیوەندی ئێوە وەک تەڤگەر یان وەک لایەنی سێهەم بە ڕێبەر ئاپۆ یان بە دەڵەتەوە درووستبووە یان نا؟
تا ئێستاکە هیچ شتیك نە لە دەوڵەت، نە لە ڕێبەر ئاپۆوە پێمان نەگەیشتووە. هەر لە ڕاگایەیاندنەکانەوە ئەو مشتومڕانەی دەکرێن هەڵدەسەنگێنین. دەمانەوێت تێبگەین. یانی بە فەرمی هیچ شتێکمان بۆ نەهاتووە، بۆیە هیچ شتێک نییە کە دەست و پێمان گرێ بدات. لە ئێستادا دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و تەڤگەرمان شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەبات. هەموو ڕۆژێک ڕاگەیاندراو دەدات، دەڵێن ئەوەندە ئۆپەراسیۆنمان کردووە، ئەوەندمان گرتووە و ئەوەندمان کوشتووە. یانی ئەوان بۆخۆیان دان بەمەدا دەنێن. لە نزیکایەتی دەوڵەتی تورکدا هیچ گۆڕانێک لە ئارادا نییە. لە لایەکەوە دەڵێت، پەرە بە خوشک-برایەتی دەدەین، مێژوویەکی گەورەمان لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی هەیە. لایەکی دیکەوە هیچ کاتێک لەسەر بنەمای خوشک-برایەتی ناجوڵێتەوە. گەر بەڕاستی خوشک-براین، گەر بە ڕاستی دەیەوێت پەرە بە خوشک-برایەتی بدات، ئەوکاتە دەبێت مافەکانی کورد جێبەجێ بکەن. وەک چۆن ئەوەی بۆ گەلی تورک کاردەکەن، دەبێت بەهەمان شێوەش مافەکانی گەلی کورد جێبەجێ بکەن. دەبینین هەموو شتێک بۆ گەلی تورک پێشەخەن، بەڵام بۆ گەلی کورد هەموو شتێک لەناوەبەن. یانی لەناوبردنی گەلی کورد بە بنەما دەگرن. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە خوشک-برایەتییەوە نییە. تەنها خۆ فریودانە. یانی بەڕاستی کەسێک بیەوێت پرسەکان چارەسەر بکات، پەرە بە خوشک-برایەتی و یەکسانی بدات ئەوا دەبێت ئەو سیاسەتەی لە بەرانبەر گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت، کۆتایی پێبهێنێت و زیهنییەتی خۆی بگۆڕێت. هەلێکی مێژووی هاتووەتە ئاراوە، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت لە زیهنییەتیاندا گۆڕانکاری درووست بکات. گەر ئەو زیهنییەتی تا ئێستا بەکاریانهێناوە نەیگۆڕن، گورزێکی گەورە دەخۆن. لە تورکیادا هەندێک کەس شتەکە دەبینن و دەیانەوێت ئەو زیهنییەتە بخەنەلاوە کە نکۆڵی لە گەلی کورد دەکات. بەڵام لە دەوڵەتدا هێشتا ئەو زیهنییەتە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و بەردەوامە. ڕەنگە لە هەندێکیاندا گۆڕابێت، بەڵام هێشتا هەندێکییان مکوڕن لەسەری. یانی مرۆڤ لە پراکتیکدا ئەوانە دەبینێت. هەندێک کەس دەڵێن ڕێبەر ئاپۆ هەندێک پەیام و نامەی ناردووە بۆ پەکەکە، بەڵام هیچ شتێکی لەم شێوەیە نییە. لە دەوڵەتیشدا تا ئێستا هیچ گۆڕانێک نییە. یانی وەک هەمووان ئێمەیش لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و هەوڵەدەدەین لە دۆخەکە تێبگەین. دەوڵەتی تورکیش بەردەوامی دەدات بە کارەکانی، ئێمەیش لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبین و ئەوەمان کردووە. تا ئەم زیهنییەتە نەگۆڕدرێت، لە ناوییدا هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانکاری بەسەردا نەهێندرێت، تا لە پەڕلەماندا کۆمسیۆن درووست نەبێت، لە لایەنی یاساییەوە هەنگاوی بۆ نەنرێت، ئێمە لە تێکۆشانمان بەردەوام دەبین. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک ڕۆژانە بە هەموو چەک و هێرشێک دەدات بەسەرماندا. ئەوان خۆیان ئەمە دیاری دەکەن. هەڵبەتە ئێمەیش درێژە دەدەین بە تێکۆشانمان.

 

  • هاوسەرۆكی كەجەكە: لە بارودۆخی گۆشەگیرییدا چۆن چاوەڕوانی بانگەوازییەك لە ڕێبەر ئاپۆ دەكرێت؟

  • مەزڵوم عەبدی: لە سوریا تەنها گوێ بەوتەكانی ئەحمەد شەرع دەدەین

  • جەمیل بایك: ئەردۆغان لە پرۆسەی ئاشتیدا جددی نییە

  • بایك: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین دەكرێتەوە و بەدڵی توركیا و ئێرانیش نابێت

  • وته‌بێژى كه‌جه‌كه‌: ئه‌وه‌ى له‌ توركیا هه‌یه‌ پرسه‌ى ئاشتییه‌ نه‌ك پرۆسه‌ى ئاشتى

  • کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بە واتای باڵادەستی ئێران و سەرکەوتنی ئەو وڵاتە نییە

سەرەکی