×

مەسعود بارزانی
2   کاتژمێر پێش ئێستا 135 جار خوێنراوەتەوە

بارزانی چۆن لەپیلانەكەی توركیا بەناوی پرۆسەی ئاشتی بەشدارە؟

ناوەندی هەواڵ

دەوڵەتی قوڵ لە توركیا، كە مەبەست لێی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا مەهەپەیە، لە نوێترین پیلانیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدانی توركیا "ئاكپارتی" كە دەسەڵاتدارە، پیلانی ئەوەیان هەیە بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە دووبەرەكی نێوان كوردان قوڵتر بكەنەوە.

پیلانەكە بەشێوەیەكە بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە دەیانەوێت كورد بەسەر دووبەرەدا دابەش بكەن، لەگەڵ لایەك گفتوگۆ بكەن و لایەكیش كە لایەنە سەرەكییەكەی پرسی كوردە وەك "تیرۆریست" وێنا بكەن، بۆ ئەمەش پەنایان بۆ كۆمەڵێك هێزی كوردی بردووە كە لە باكوری كوردستان جەماوەریان نیە، یەكێك لەو هێزانەش پارتی دیموكراتی كوردستانە.

توركیا بەنیازی چییە؟

لەماوەی ڕابردوودا پارتی و بەدیاریكراوی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حزبە، پێشوازی لە چەندین بەرپرسی حزبی كردووە، لەوانەش هوداپار كە بەدوژمنی سەرسەختی ڕزگاریخوازانی كورد و دۆستی مەهەپە و ئاكپارتی دادەنرێت.

هەوڵەكانی پارتی دوای بانگەشەی بەرپرسانی توركیا بۆ پرۆسەی ئاشتی چڕ بوەوە، بەدیاریكراوی دوای لێدوانەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە كە وتی "با ئۆجەلان سەرۆكی تیرۆریستان بێتە پەرلەمان و كۆتایی پەكەكە ڕابگەیەنێت".

دیارە باخچەلی مەبەستی لەو لێدوانە چییە و دەیەوێت كوردی ئازادیخواز و بەدیاریكراوی پەكەكە وەك تیرۆریست وێنا بكات، لەكاتێكدا لەگەڵ ئەردۆغان دەیانەوێت كوردانی باكور بە دیاریكراوی دەم پارتی بەلای خۆیاندا ڕابكێشن و بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە هەم ئەو قۆناغە گۆڕانكارییەی لەناوچەكە لێی دەترسن تێپەڕێنن، هەم بەوەش دووبەرەكی بخەنە نێو كوردان بەوەی ئەوان دەیانەوێت ئاشتی بەرپا بكەن و پەكەكە نایەوێت، هەرزوو پەكەكە پرۆسەكەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند"ئەوەی توركیا دەیڵێت پرسەی ئاشتییە نەك پرۆسەی ئاشتی، ئەگەر ئەوان داوای چەكدانان لە ئێمە دەكەن با جارێ خۆیان چەكەكانیان بێدەنگ بكەن".

وتەی بەرپرسانی توركیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لەكاتێكدایە، هەر ئەوكاتەی باسی پرۆسەكەیان دەكرد بۆمب و فرۆكەكانیان رۆژئاوا و باشوری كوردستانیان بۆردومان دەكرد، ئەمەش دەریدەخات نیازێكی جددیان بۆ پرۆسەكە نییە.

بارزانی لەبری سەركۆنەكردنی توركیا پەكەكە بە "تیرۆریست" ناودەبات

بارزانی لەبری سەركۆنەی هێرشەكانی توركیا و كوشتن و بڕینی خەڵكی سڤیلی باشور و ڕۆژئاوای كوردستان پەكەكە وەك تیرۆریست ناودەبات، بەمەش دەردەكەوێت بەشێكی دیكەی پیلانەكەی توركیا لە ڕێگەی هوداپار و پارتی دیموكراتی كوردستانەوەیە، ئەو دوو هێزەش ڕاستەوخۆ بە فەرمانی توركیا دەستیان بەجموجوڵ دژ بە كوردانی ئازادیخواز و پەكەكە كردووە، سەرەتا نوێنەرایەتی هەدەپەیان لە هەولێر داخست، دواتر دەستیان كرد بە پروپاگەندە كردن دژ بە پەكەكە و بەوەی نایەوێت پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت.

بەڵگەش بۆ ئەوە وتەكانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە وتارێكدا لە پێنجەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانكۆی ئەمەریكی – كوردستان لە دهۆك كە وتی "خۆشحاڵین كە پرۆسەی چارەسەر لە توركیا دەستیپێكردووەتەوە بە هەموو توانایەك پشتیوانی دەبین، نابێت پەنا ببەینە بەر تیرۆر ئەمە خۆكوژییە بۆ نەتەوەكەمان".

وتەكانی بارزانی پشتڕاستكردنەوەی وتەی باخچەلییە، كە سەرۆكی پارتێكی نەتەوەپەرستی دژ بە كوردە. بە مانایەكی دیكە پیلانەكە هێندە وردە بارزانی كە خۆی بە سەرۆكی پارتێكی نەتەوەیی دەزانێت هاوشێوەی سەرۆكی پارتێكی ڕەگەزپەرستی تورك پەكەكە بە تیرۆریست ناودەبات.

رۆڵپێدانی بارزانی لەلایەن دەوڵەتی قوڵ لە توركیا، دوای بێ ئومێدبوونیانە لەوەی پەكەكە بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە هەڵبخەڵەتێت و ئاگربەست ڕابگەیەنێت، بەوەش ئەردۆغان و مەهەپە خۆیان وەك پاڵەوان نیشان بدەن و بۆ هەڵبژاردن و ڕای گشتی توركیا سودی لێببینن، بەڵام كاتێك پیلانەكەیان شكستیهێنا لە ڕێگەی بارزانییەوە دەیانەوێت پەكەكە وەك تیرۆریست وێنا بكەن كە نایەوێت پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا سەربگرێت، بۆ ئەمەش بەڵێنی هاوكاریكردنیان بە بارزانی و پارتی داوە.

دەیەوێت ناوماڵی كورد پەرت بكات

توركیا دەیەوێت لە ڕێگەی هێنانە پێشەوەی پرۆسەی ئاشتی ناوماڵی كورد لە باكور پەرت بكات و پەكەكە و دەم پارتی و سیاسەتمەدارانی كورد وەك دوو كوردی جیاواز نیشان بدات.هەرچەندە توركیا زیاتر لە چارەكە سەدەیەكە عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەكەكەی زیندانی كردووە، بەڵام تائێستا پرسی كورد لە توركیا چارەسەر نەكراوە و توركیا بە مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت.

بانگهێشتەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" بۆ ئەوەی ئۆجەلان بچێتە پەرلەمان و داوای چەكدانانی پەكەكە بكات بۆ هەموو ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی توركیا دەكەن شۆكێك بوو.

باخچەلی وتی:"ئەگەر گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت، بێتە پەرلەمان و قسە بكات، بە ئاشكرا كۆتایی تیرۆر ڕابگەیەنێت، ئەوا تیرۆر كۆتایی دێت". باخچەلی لەبەرامبەر ئەو داوایە بەڵێنی ئازادكردنی ئۆجەلانی لە زینداندا لەكاتێكدا هێشتا پەكەكەی وەك تیرۆر ناوبرد و عەبدوڵا ئۆجەلانیش وەك سەركردەی تیرۆریستان.

داواكەی باخچەلی لەكاتێكدایە، ئەو سەرۆكی گەورەترین پارتی ناسیۆنالیستی توركیایە، بەوە ناسراوە هیچ كاتێك سازش بۆ كورد ناكات، تەنانەت ئەو لەیەكێك لە گردبوونەوە جەماوەرییەكانی پارتەكەیدا "پەتێكی بەدەستەوە گرتبوو داوای دەكرد دووبارە سزای سێدارە بۆ توركیا بگەڕێتەوە تا بتوانرێت ئۆجەلان لەسێدارە بدرێت".

بۆیە ئەم پلانەی باخچەلی بەرامبەر ئۆجەلان جێی سەرنجە، نیشانەی ئەوەیە لەپشت دەرگا داخراوەكانەوە پلانی دیكە هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر كۆتایی هێنان بە پەكەكە.

بۆچی توركیا لەمكاتەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی دەكات؟

 گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و دەستواڵابوونی ئیسرائیل لەپەلكێشانی بۆ وڵاتانی دەوروبەری، ئەو ترسەیە كە وای لە توركیا كردووە لەمكاتەدا بیەوێت باس لە پرۆسەی ئاشتی بكات، ترسەكەش لەجێگەی خۆیدایە، چونكە كورد لە توركیا گەورەترین پێكهاتەیە دوای تورك و نزیكەی پێنج یەكی دانیشتوانە 85 ملیۆنیەكەی پێكدەهێنێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر كورد لە سوریا و دواتر ئێرانیش دەبێت، لەئەگەری هەر گۆڕانكارییەك كە لەناوچەكە ڕووبدات.

لەكاتێكدا هێشتا دانوستانەكانی پرۆسەی ئاشتی جێگەی باس بوون، دوای چەند ڕۆژێكی كەم لەو وتانەی ئەردۆغان و باخچەلی، دەسەڵاتدارانی توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردیان لە پۆستەكانیان دوورخستەوە لە سێ شاریش (مێردین، ئێلە و خەلفەتی) كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن و قەییومیان لە جێگە دانان.دەسەڵاتدارانی توركیا پاساویان بۆ ئەو كارەیان ئەوەبوو كە ئەو سێ سەرۆك شارەوانییە كە لە بنەڕەتدا لە دەم پارتین، پەیوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە، ئەمەش ناڕەزایەتی گەورەی جەماوەری لە باكوری كوردستان لێكەوتووەتەوە و تائێستاش بەردەوامە.

دەم پارتی كە سێیەم گەورەترین پارتی پەرلەمانی توركیایە، دوای لادانی ئەو سەرۆك شارەوانیانە سەركۆنەی ئەو هەڵوێستەی حكومەتی توركیای كرد، ڕاشیگەیاند "لەكاتێكدا چاوەڕوان بووین دەستی ئاشتیمان بۆ درێژ بكرێت، بەڵام ئیرادەی گەل پێشێلكرا".

لادانی ئەو سەرۆك شارەوانییانە لەكاتێكدایە لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان سەرۆك شارەوانی دیكە بە هەمان تۆمەت لە باكوری كوردستان و توركیا دوورخراونەتەوە.

دینامیكیەتی هەرێمیی هۆكاری پێشكەشكردنی ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە بۆ ئۆجەلان، پرسیارێكی سەرەكیییە كە زیاتر لە مانگێكە كۆنترۆڵی مەیدانی سیاسی لەتوركیا كردووە.

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان گۆڕانی دینامیكیەتی هێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت فراوانبوونی دەستی ئیسرائیل بۆ لێدان لە ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بەمدواییە.

توركیا دەیەوێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو مەترسیانەی بەهۆی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەوە ڕەنگە لە داهاتوودا یەخەی بگرێت.

بەرپرسانی توركیا نایانەوێت هاوشێوەی سوریا كاتێك لە 2011 دۆخی تێكچوو و هێزە كوردیەكان بە زەبری هێز بەشێك لە ناوچە كوردیەكانیان كۆنترۆڵ كرد، ڕووداوی هاوشێوە لەئەگەری تێكچوونی دۆخەكە لە توركیا دووبارە ببێتەوە.

بۆیە ئەو دەستپێشخەرییەی توركیا بەناوی پرۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاندووە، وەك هەوڵێكی پێشوەختەیە تا كورد و پەكەكە بە پرۆسەیەكی لە بنەمادا بێ ئەنجام سەرقاڵ بكات.هەندێك تێڕوانینی دیكەی سیاسی لەناوخۆی توركیا سەبارەت بە پێشنیازەكەی دەسەڵات بۆ پرۆسەی ئاشتی باس دەكرێت، بەشێك لە چاودێران پێیان وایە، هەوڵەكانی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەسەڵات بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی بزوێنەری سەرەكی ئەو پلانەیە بۆ ئەوەی پشتیوانی كوردەكان بەدەست بهێنێت.ئەردۆغان دەیەوێت بەو پرۆسەیە خەونەكەی بەدیبهێنێت، كە سەرەتا بە سەرۆكوەزیران دەستیپێكرد و دواتر گەیشتە سەرۆكایەتی و پاشان دەسەڵاتەكانی بۆ زیاتر بكرێت.

ساڵی ڕابردوو ئەردۆغان بۆ جاری سێیەم بە سەرۆك هەڵبژێردرایەوە، بەپێی دەستوور ئەمجارە ئەگەر بیەوێت ببێتەوە بە سەرۆك دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت ئەگەرنا ناتوانێت جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك.بۆ ئەو گۆڕانكارییە دەستوریانەی پارتی دەسەڵاتداری توركیا "ئاكپارتی" دەیەوێت بیكات، پێویستی بە دەنگی كوردە، بەدیاریكراویش دەم پارتی، چونكە لە پەرلەمانی توركیا گۆڕانكاری دەستوری لە كۆی 600 ئەندام پێویستی بە دەنگی زیاتر لە 360 ئەندامە، بەڵام ئاكپارتی خاوەنی 321 كورسییە، دەم پارتیش خاوەنی 57 كورسی، بۆیە بە كورتی ئەوەی ئەردۆغان پێویستیەتی ئەو كورسیانەیە تا پشتیوانی بكەن.

لەگەڵ شاردنەوەی وردەكاری و بیرۆكەی پرۆسەی ئاشتی لەلایەن حكومەتی توركیاوە، وە پێشكەش نەكردنی هیچ بەڵگەیەك بۆ دەمەوەهاتنی داواكارییەكانی كورد، گەیشتن بە چارەسەر و پرۆسەی ئاشتی ناڕوون دەبێت.ئەوەی لایەنی سەرەكی پرۆسەی ئاشتییە و توركیا دەبێت گفتوگۆی لەگەڵ بكات پەكەكەیە، ئەوان گومانیان لە پرۆسەكە هەیە و پێشتر زاگرۆس هیوا وتەبێژی كەجەكە ڕایگەیاندبوو ئەوان داوای دانانی چەكیان لە پەكەكە كردووە، با جارێ خۆیان چەك دابنێن و چەكەكانیان بێدەنگ بكەن ئەوكات داوای چەكدانان لە پەكەكە بكەن.

وتەبێژی كەجەكە ئەو پرۆسەیەی توركیا بەناوی ئاشتی دەستیپێكردووە بە "پرسەی ئاشتی" ناویبرد وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی توركیا نایەوێت پرسی كورد بە ئاشتی چارەسەر بكات.

  • قومار و قوماری ئەلكترۆنی چۆن خەریكە كۆمەڵگە تێكدەدات؟

  • بارزانی چۆن لەپیلانەكەی توركیا بەناوی پرۆسەی ئاشتی بەشدارە؟

  • هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە عێراق زیان دەكات؟

  • پرۆسەی ئاشتی؛ پیلانێكی دیكەی توركیا لە پشتی دەرگا داخراوەكانەوە

  • پاڵاوگەی نایاسایی و تێكدانی ژینگەکەی؛ هەولێری كردووەتە یەكەم شار لە توشبوون بە شێرپەنجە

  • په‌كه‌كه‌ بێبه‌رى ده‌رچوو؛دادگایه‌كى به‌غداد ڕیسه‌كه‌ى پارتى كرده‌وه‌ به‌ خورى

  • بۆچى هه‌ڵبژاردن لە ئه‌مریكا جیاواز و ئاڵۆزه‌؟

  • ئۆجەلان و ماندێلا؛ ئەو دوو ڕێبەرەی زیندان نەیتوانی چۆكیان پێدابدات

  • رۆژی جیهانی كۆبانێ؛ ڕۆژی شانازی بۆ كورد و شەڕڤانان

سەرەکی