2025-01-20 82 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دارایی: ڕۆژی یەکشەممە بڕیار لەبارەی شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت

ناوەندی هەواڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەغدا لەڕاگەیەندراوێکد بڵاویکردەوە، هەردولا هاوڕابوون ئاستەنگەکانی بەردەم مووچە لاببرێن و بڕیاردراوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکرێت، کە تێیدا بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
 
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم، کۆبوونەوەکە ڕۆژی دووشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەچووەو.

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون بەشداربوون. 
 
شاندی حکومەتی فیدراڵیش لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق پێکهاتوون.
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، "لە کەشێکی ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا"، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرد، "هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم ساڵدا."

هاوکات، داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "بۆ ناردنی ئەو شایستانەی کە ساڵی ڕابردوو نەنێردراون، بە داتا و بەڵگەی فەرمی خرانەڕوو و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا."
 
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا ڕێککەوتن کە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بکرێت، کە تێیدا "بڕیاری پێویست لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت و ڕاسپاردەی پێویستیش ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت."

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەر لە کۆبوونەوەکەدا "بڕیاردراوە تیمێکی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان  پێکبهێنرێت، و لە سبەی سێشەممەوە تیمەکە لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەستبەکاربن و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ کۆبوونەوەی سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەسەر ئەرک و پابەندییەکانی هەردوولا بۆ ساڵی 2025."
 
هەر ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەتەوە.
 
وەزارەتی دارایی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو. هەردوولا جەختیان لە پێویستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ ئەم قۆناخە کردەوە، تاوەکو بە هاوبەشی داکۆکی لە ماف و شایستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بکرێت."

  • حكومەت هەژماری من دەكاتە ئۆنلاین و تەنها بانکە عێراقییەکانی تێدایە

  • دەستبەكاربوونی ترەمپ نرخی زێڕ و دۆلاری بەرزكردەوە

  • ساڵی2024 بۆ پیشەسازی هەرێم چۆن بوو؟

  • وەزارەتی دارایی: ڕۆژی یەکشەممە بڕیار لەبارەی شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت

  • نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پاره‌ به‌ تاڵانبراوه‌كانى پشتیوانى عێراق ده‌كه‌ین

  • هەرێم مووچەى مانگى 12ى دابەشنەکردوە و داواى مووچەى مانگى یەک دەکات

  • هەرێم بەردەوامە لە ناردنی وەفد؛ بەغداش ئامادە نییە مووچەی مانگی 12 بنێرێت

  • حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى مووچه‌ى مانگى یه‌ك روونکردنەوە دەدات

  • کەرکوک؛ پرۆژەی زیادکردنی بەرهەمى کێڵگە نەوتییەکان رادەستی کۆمپانیای بریتش پێترۆلیۆم کرا

سەرەکی