2025-04-09 79 جار خوێنراوەتەوە

22 ساڵ بەسەر رووخاندنی دەسەڵاتى بەعس لە عێراق تێدەپەڕێت

ئیرادە میدیا

لە 9ی نیسانی 2003 هێزەکانی ئەمریکا بەرەو ناوەڕاستی بەغداد پێشڕەوییان کرد، هەر لەو رۆژەدا پەیکەری سەدام حسێن، سەرۆککۆمارى پێشووترى عێراق لە گۆڕەپانى فیردەوس رووخێندرا، ئەو رۆژەش بوو بە رۆژى رووخاندنى دەسەڵاتى بەعسییەکان، کە لە ساڵى 1968ـەوە حوکمى عێراقیان دەکرد.

حزبی بەعس ئەو حزبە دیکتاتۆرەی ماوەی زیاتر لە 40 ساڵ حوکمی عیراقی کرد، ئەمڕۆ 22 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر روخانیدا و ئازادبوونی عیراق لەدەست ئەو رژێمە.

حزبی بەعس، ئەو حزبەدیکتاتۆرە بوو کە 4ی نیسانی 1947 لەسەر دەستی میشێل عەفلەق، سەلاح بەیتار، جەلال سەید و وەهیب غانم لە سوریا دامەزرا، پابەندی بیری ناسیونالیستی عەرەبی بوو.

لە کۆنگرەی 1947دا سێ پەیامیان هەبوو، کە گرنگترینیان بەلای خۆیانەوە ئەوە بوو، دەیانویست هەموو عەرەب لەژێر چەتری یەک دەوڵەتدا کۆبکەنەوە.

حزبی بەعسی عیراق لە ساڵی 1958 بە سەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف کودەتای بەسەر سیستمی پاشایەتی عیراقدا کرد، تاوەکو لە ساڵی 1963 جارێکی دیکە کودەتایەکی دیکە بەسەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف ئەنجام درا، تاوەکو لە ساڵی 1969 بەعسییەکان ئەحمەد حەسەن بەکریان کردە سەرۆک کۆمار و سەدام حسێنی دیکتاتۆریش لە ساڵی 1979دا بوو بە سەرۆک کۆمار، کە دوایین سەرۆکی ئەو حزبەش بوو.

حزبی بەعس بەهۆی سیاسەتە دیکتاتۆرییەکەی و سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی کوردستان، چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی بەرانبەر کورد ئەنجام دا و بە مەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانی خۆی چەندین رێگای دڕندانەی بەکارهێنا بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و لەناوبردنی ئەو نەتەوە رەسەنە.

حزبی بەعس لەسەردەمی دەسەڵاتیدا بە چەندین قۆناغ لە جینۆسایدکردنی کوردەکاندا بەردەوام بوو، هەر لە سەرەتاوە لە ساڵی 1963 بە تەعریبکردنی گوندەکانی دەوروبەری کەرکوک دەستیپێکرد، تا لە ساڵی 1970وە دەستی کرد بە راگواستن و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی، لە ساڵی 1983 ئەنفالکردنی هەشت هەزار کەس و لە کۆتایی 80کانیشدا چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی دژ بە کورد بەکارهێنا.

لە ساڵی 1988یش بە هەشت قۆناغ پرۆسەی ئەنفالی دژ بە کورد دەست پێ کرد.

لە بەهاری ساڵی 1991دا دژ بە دەسەڵاتی بەعس گەلی کورد راپەڕی و لە سەرتاسەری کوردستاندا راپەڕین دژ بە بەعس دەستیپێکرد و توانرا لەماوەی 16 رۆژدا  شارەکانی کوردستان لەدەست رژێمی بەعس ئازاد بکرێت، بەڵام لە 27ی ئازاردا سوپای عیراق دەستی بەسەر کەرکوکدا گرتەوەو  لە 31ی ئازاریشدا هەولێری گرتەوە، دوای ئەو هەنگاوەی بەعس  کۆڕەوی کوردان دەستیپێکرد و خەڵکی کوردستان بەرەو سنورەکانی ئێران و تورکیا ئاوارە بوون.

 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 5ی نیسانی ساڵی 1991دا بڕیاری 688ی نەتەوە یەکگرتووەکانی دەرکرد کە تیایدا هاتبوو، نابێ سوپای عیراق پەلاماری باشووری کوردستان بدات و کۆمەڵ کوژی کورد بکات.

ناوچەیەکی ئارامیان لە سەرووی ھێڵی 36،  بۆ پاراستنی کورد دیاری کرد، دواتر ھیزی وڵاتانی ھاوپەیمان گەیشتنە بنکەی سەربازی (ئەنجەلیک) لە تورکیا، بۆ پاراستن و گەڕانەوەی ھاووڵاتیان بۆ شوێنەکانی خۆیان.

دواجار لە ساڵی 2003دا ئەمریکا سەدام حسێنی ئاگادار کردەوە کە لەماوەی دوو رۆژدا دەست لە دەسەڵات هەڵبگرێت و عیراق جێبهێڵێت، بەڵام سەدام حسێن ئەوەی رەتکردەوە، بۆیە ئەمریکا بڕیاریدا بەوەی لە سەعاتی سفردا هێرش بکاتە سەر عیراق و کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام بهێنێت.

تا لەڕۆژی لە 20ی ئازاری 2003دا یەکەم هێرشی ئەمریکا بۆ سەرناوچەی ئوم قەسر دەستیپێکرد و تا 9ی نیسان هێزەکانی هاوپەیمانان بەغدایان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد، لە 25ی ئازار لەرێگای کەنداوەوە هێزی دەریایی گەیشتنە عیراق و لە 26ی ئازار لە رێگای هێزی ئاسمانییەوە بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە توانیان کوردستان ئازاد بکەن.

پڕۆسەی ئازادی عێراق کە تیایدا 49 وڵات هاوپەیمان بوون، لە 9ی نیساندا پەیکەری سەدام حسێن لە عیراق خرایە خوارەوە و رووخانی رژێمی بەعس راگەیەنرا، لە مانگی ئایاریشدا پۆل بریمەر حاکمی ئەوکاتی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق، بە رەسمی هەڵوەشانەوەی حزبەکەی راگەیاند.

دواى رووخاندنى دەسەڵاتى بەعس، لە تەمموزى ساڵى 2003 ئەنجوومەنی حوکم بۆ راپەڕاندنى کاروبارى عێراق پێکھێنرا.

ساڵى 2005، دەستوری عێراق خرایە راپرسییەوە و بە زۆرینەی دەنگی ھاوڵاتییان پەسەند کرا، تێیدا کورد و عەرەب وەکو دوو نەتەوەیى سەرەکى ناسێندران و بەفەرمیش دان بە زمانى کوردیدا نرا و سیستمى فیدراڵیش بۆ بەڕێوەبردنى عێراق پەسەند کرا، ئەوەش راستەوخۆ داننان بوو بە فیدراڵییەتى ھەرێمی کوردستاندا.
لە دوای ساڵی 2005ەوە وەک نەریتێکی سیاسی پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننەیە.

مام جەلال، سەرکردەى کورد و سکرتێرى پێشووى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بوو بە یەکەم سەرۆککۆمارى هەڵبژێردراو لە عێراقى دواى سەدام حسێن، دوو خول و لەنێوان ساڵانى 2006 تاوەکو 2014 سەرۆککۆمار بوو.

دوای پەسەندکردنی دەستوری نوێی عێراق، رۆژی 30ی کانوونی دووەمی 2005 یەکەم ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنى نوێنەران بەڕێوەچوو، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا پێنج هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران کراون و ئێستا لە خولى پێنجەمدایە و بڕیاریشە هەڵبژاردنى خولى شەشەم لە 11ى تشرینى دووەمى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

ئەمساڵ ساڵڕۆژى رووخاندنى دەسەڵاتى بەعس هاوکاتە لەگەڵ ئاڵنگارییەکانى ناوچەکە، لەسەر ئاستى فەرمیى عێراق هەوڵیداوە لە ئاگرى گۆڕانکارییەکان بەدوور بێت و سیاسەتى بێلایەنى و ناوبژیوانى لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان بەتایبەت ئەمریکا و ئێران گرتووەتەبەر، کە هەردووکیان هەژموونیان بەسەر عێراقەوە هەیە.

  • ئەنفال تاوانی سەدە، جینۆساید دژی نەتەوەیەک

  • 22 ساڵ بەسەر رووخاندنی دەسەڵاتى بەعس لە عێراق تێدەپەڕێت

  • ترەمپ: شەممەی داهاتو گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەبێت

  • ئاهەنگی نەورۆز لە 25 وڵات و ناوچەی جیهاندا بەڕێوەدەچێت

  • حەوت ساڵ بە سەر داگیرکردنی عەفریندا تێدەپەڕێت

  • ئەو جوتیارە كوردەی سەربازێكی عێراقی ملپێچەكەی ڕاكێشا، دەستگیركراو بە كەفالەت ئازاد كراوە

  • یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە

  • 'حه‌مزات' كێن؟ چی له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌زانی؟

  • بەرەی مقاومە لە عێڕاق بەهۆی ئێرانەوە گورزێکی دیکەی بەردەکەوێت

سەرەکی