2025-06-09 152 جار خوێنراوەتەوە

ئیرادە رەگوڕیشەى گرفتەكانى نەوت و غاز لە هەرێم بڵاودەكاتەوە

 

عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە خاوەنی چەندین کێڵگەی نەوتییە کە بە ئاسانی دەتوانرێت بە سودى هاوڵاتییان بقۆزرێتەوە، لەماوەى ساڵانى رابردودا؛ هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا توانى سەركەوتنێك بۆ حزبەكان بەدەستبهێنێت و ماڵوێرانیش بۆ میللەتى كورد دەستەبەر بكات، هەرێم، لە ساڵی 2006 ەوە دەستی کرد بە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و زیاتر لە 50 گرێبەستی دابەشکردنی بەرهەمی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت واژۆ کرد.

دروستكردنى قەیران لەلایەن كۆمپانیاكانى نەوتەوە

 سەرەتا هاوبەشە بەڵێندەرەکان کۆمپانیا بچوکەکانی نەوت بون لەوانە: گۆڵف کیستۆن، جێنێل و وێستەرن زاگرۆس. دواتر گۆڵف کیستۆن کێڵگەی زەبەلاحی "شێخان"ى دۆزیەوە کە مەزەندە دەکرێت ١٤ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگى تێدابێت، كە وایکردوە کە ببێتە یەکێک لە گەورەترین دۆزینەوەکانی نەوت لە جیهاندا لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵى رابردودا.

لە ساڵی ٢٠١٢ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل وەک یەکەم کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتی هاتە ناو هەرێمەوە و دواتر کۆمپانیای شیڤرۆن و تۆتال و گازپرۆم هاتن، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەزەندە دەکات کە یەدەگى نەوت بگاتە ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و غازیش بگاتە ١٧٧ ترلیۆن مەتر سێجا.

 ئەگەر هەرێمی کوردستانی عێراق دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوایە، یەدەگی نەوت و غازی یەکگرتو، دەیخستە ڕیزی دە وڵاتی دەوڵەمەندی خاوەن نەوت لە جیهان دا.

سزا داراییەكانى بەغدا بۆ مەلەفى نەوت

لەسەر بەڕێوەبردنی بەرهەمی نەوتی هەرێم؛ بەردەوام ناكۆكى لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەنددا هەبوە، لە ئێستادا تواناى بەرهەمهێنانى نەوت بە 550 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ناوەند پارەی لە بودجەی فیدراڵی تەرخانکراو بۆ حکومەتی هەرێم راگرتوە، چونكە پێشتر كاتێك هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا بەردەوامبو لە هەناردەکردنی نەوتی سەربەخۆی خۆی بۆ تورکیا،لەو سەروبەندەدا دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی و شەڕی داعش لەلایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقەوە، قەیرانە داراییە سەختەكانى سەر هەرێمی کوردستانی زیاتر كرد.

دانوستانەكانى بەغداو هەرێم بۆ یكلاكردنەوەى پرسەكە

حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەستیان بە کارکردن کردوە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، هه ردولا به رده وامن له دانوستاندن بۆ ڕێککەوتنێكی گشتگیریی دابەشکردنی داهات، که یەدەگى نەوت و غازی عێراق له خۆدەگرێت، بەڵام تا ئێستا سه رکه وتنیان بەدەستەنەهێناوەو رۆژ بە رۆژ هەردولا قەیرانەكە قوڵتر دەكەنەوە.

لە ساڵی ٢٠١٧سێ ساڵ دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی باكورى عێراقدا گرت، موسڵ ئازادکرا و بونی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە باکوری عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوەوە، بەڵام ئەمە سەقامگیریی خوازراوی بۆ هەرێم نەهێناوە و ناکۆکییەک لە نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمدا ماوە سەبارەت بە یەدەگی نەوت و مافی هەرێم بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو سەربەخۆ دور لە بەغدا و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ).

 ململانێ ناوخۆییەكانى هەرێم لە دە ساڵى رابردودا

ململانێیەکی بەردەوام لەناو هەرێمی کوردستانی عێراقدا هەبو، لە 20ی ئابی 2015دا بە فەرمی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی کۆتایی هات، ئەمەش بەهۆی نەبونی چوارچێوەیەکی یاسایی قبوڵکراو لەلایەن لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە کە رێگە بدات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لەوکاتەدا ئەنجام بدرێت.

پاش كۆمەڵێك گرفت و قەیران و دیپۆرتكردنەوەى سەرۆكى پەرلەمانى ئەوكاتەو پیشاندانى سیستمێكى حوكمڕانیى ناشرین لەلایەن پارتییەوە، ئەو دامەزراوە ناشەرعییەى لەو كاتەدا ناوى پەرلەمانی کوردستان بو رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەردەوامبونی بارزانی تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم، هاوکات لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن داواى ئەوەیان دەكرد پەرلەمان سەرۆکێکی کاتی دیاری بکات، ئەم ململانێیە وایکرد نزیکەی دو ساڵ  پەرلەمانی کوردستان كۆنەبێتەوە، ئەمەش گڕى لە سوتەمەنی ململانێی ناوخۆیی نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بەردا.

 كێشەى هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016 ساڵێکی زۆر سەختی بەخۆیەوە بینی، بەو پێیەی پارەدانی بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان کە لەوێ کاردەکەن دواکەوت و تێچوی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رزگارکردنی موسڵی لە ئەستۆ گرت. لە ساڵی 2017 حکومەت هەنگاوی گەورەی نا بۆ چاککردنەوەی دۆخەکە و پتەوکردنی متمانەی نێودەوڵەتی بە هەرێم و دواتر گەیشتە رێککەوتنی ییەكلاكەرەوە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی نەوت.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی حکومەتی ناوەند لە بەغدا، رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسی بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی بۆرییە نەوتیییەكان بۆ تورکیا ئەنجامدرا، ئەمە بێجگە لە زنجیرەیەك رێككەوتنى دیكە بۆ هەمو پرسى نەوت و گەڕان و پەرەپێدانی پێنج کێڵگەی ترى نەوت كە بەرهەمهێنان و خزمەتى لۆجستی لەخۆدەگرت.

کۆمپانیای ڕۆسنەفت پێشوەختە ڕەزامەندی دارایی لەسەر نەوتی خاوی کوردی دەربڕى، ئەمەش هاوکاری هەرێمی کوردستانی كرد بۆ پەرەپێدانی زیاتر و سودمەندبون لەو نەوت و غازەی سەربەخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا بەرهەمى دەهێنا.

ریفراندۆم و لاوازكردنى پارتى

لە روى سیاسیشەوە حکومەتی هەرێم دوای هەوڵە بەردەوامەكانى لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز، لە 25ی ئەیلولی 2017 ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی پەسەند کرد، لە کاتێکدا مەبەست لێی ئەوە نەبوە دەستبەجێ لە عێراق جیاببێتەوە، بەڵكو هەوڵیدا لەو رێگەیەوە پشتیوانییەكی نێودەوڵەتى بۆ پرسى سەربەخۆیى كوردستان بەدەستبهێنێت، ئەمەش لەپێناوى ئەوەى لە داهاتودا هەر دانوستانێکی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە نەوت و غاز؛ پرسەكە  لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بهێڵێتەوە و پەرە بەو نەهامەتییە بدات كە تاوەكو ئێستا میللەتى كورد بە موچەخۆر و بىَ موچەوە باجى ئەو هەنگاوە هەڵانەى حزبى حوكمڕان دەدەن، كە پارتییە.

سیناریۆى داهاتو

ماوەتەوە بزانین ئایا لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان بەتایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا و لایەنە کوردستانییەکانی ناوخۆ؛ دەتوانن چارەسەرێکی قبوڵکراوی هەردولا بدۆزنەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سەرتاسەری عێراقدا؟.

 

 

  • حكومەتى هەرێم كلیلی بازاڕى خانوبەرە وندەكات

  • ترەمپ بۆ نەتانیاهۆ "دۆخەکە ئاڵۆز مەکە دانوستانەکان بەباشی بەرێوە دەچن"

  • عێراق.. نەبونى چاودێريى و یاساى بودجە؛ دەوڵەت ئیفلیج دەکات

  • ئیرادە داتا و زانیارى گرنگ سەبارەت بە ئابوریى عێراق دەخاتەڕو

  • نەبونى متمانە لە یاساى هەڵبژاردنەكانى عێراق دا درێژەدەكێشێت

  • ئیرادە ئامارى پێنچ ساڵى رابردوى خۆكوشتن لەهەرێم بڵاودەكاتەوە

  • ئیرادە رەگوڕیشەى گرفتەكانى نەوت و غاز لە هەرێم بڵاودەكاتەوە

  • ئایا سەدر دەگەڕێتە نێو گەمەى سیاسى هەڵبژاردنەكان؟

  • ئیرادە ئەگەرەكانى بەردەم هەمواكردنەوەى دەستور ئاشكرادەكات

سەرەکی