2025-06-11 877 جار خوێنراوەتەوە

ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

 

پاش ئەوەى "ئەعیاد تۆفان"ى عەمیدى خانەنشینکراو و شارەزا لە کاروباری سەربازی و ئەمنی، لە لێدوانێكیدا ئەوەى بۆ میدیا عێراقییەكان پشتڕاستكردەوە؛ کە عێراق ناتوانێت ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ سەرکردە پلە یەکەکانی گروپی حوسییەکان، و ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سیاسی و ئەمنی هەن کە ڕێگری لەم کارە دەکەن، لە ئێستادا خودى سەركردە حوسییەكان سەرقاڵى گەڕان بە دواى پەناگەیەكى ئارامدان ئەگەر هاتو ئیسرائیل بە گورزى كوشندەو یەكلاكەرەوە دەسەڵاتى ئەو بزوتنەوە توندڕەوە كۆتایى پێبهێنێت.

تۆفان، لە درێژەى لێدوانەكەیدا ئاماژەى بەوەداوە كە باوەشکردنەوە بۆ سەرکردەکانی حوسییەکان، عێراق دەخاتە بەردەم ئەگەرى ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان، ئەمەش ڕەنگە وڵاتەکە ڕابکێشێت بۆ کاردانەوەی سەربازی و ئابوریی مەترسیدار، چونكە خودى سەركردەكانى عێراق دەیانەوێت وڵاتەكەیان نه بێته به شێک له ململانێ سەربازى و سیاسییەكانى ناوچەكە، چونکه هه نگاوێکی له م جۆره به مانای لایەنگیرییە بۆ لایەنێك لەو دژى بەرەیەكى تر، ئه مه ش دژایه تی سیاسه تی ده ره وه ی بەغدایه.

عێراق بە ئەگەرێكى لەو چەشنە چى بەسەردێت؟

 لەلایەكى ترەوەو بەپێى بیروڕاى چاودێرانى سیاسى؛ لە ئەگەرێكى لەو چەشنەدا، عێراق وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ بونی ئەمریکا و ئۆپەراسیۆنە سیخوڕییەکانی ئیسرائیل دەمێنێتەوە، هەر جوڵەیەکی سەرکردە حوسییەکان لەناو خاکەکەیدا چاودێری دەکرێت و ئەگەری هەیە ببێتە ئامانجی شەرعی بۆ بۆردومانکردن، چونكە تاوەكو ئێستا ئاسمانی عێراق لەژێر چاودێری ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ماوەتەوەو گواستنەوەی چەک بۆ ناو عێراق یان لەڕێگەی ئەو وڵاتەوە بۆ سوریا و حوسییەكان؛ پەلدەكێشێت بۆ پێشهاتێكى مەترسیدارو هەر ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرە دەبێتە ئامانج، وەک پێشتر ڕویداوە، بۆیە عێراق ڕەتیدەکاتەوە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێكان یاخود ببێتە خاڵى سەرەتاى هەر شەڕێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی.

 بەغدا بەڵانسى سیاسى دەوێت

هاوكات، لەسەر ئاستى ناوخۆیى و لێدوانى بەرپرسە سەربازى و سیاسییەكانى عێراقیش ساڵانێکە حكومەتى بەغدا هەوڵی پاراستنی سیاسەتی هاوسەنگی دەدات لە نێوان ئەو ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕودەدەن، بۆیە بەغدا هەوڵدەدات خۆی نەکاتە لایەنێک بۆ ناکۆکییە بەردەوامەکان، بەتایبەتی لەنێوان میحوەرە کێبڕکێکارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

جوڵەیەكى لەوجۆرە بەئامانجگرتنى شیعەكان ئاسان دەكات

بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بچوكترین ئەگەرى كرانەوەى عێراق بە روى حوسییەكاندا، ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن كە گرژییەکان لە ناوچەکەدا پەرەدەسێنن، بەتایبەتی لەگەڵ دوبارەبونەوەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەى ئیسرائیل كاتێك ئەو گروپەیان لەناوخۆى یەمەن و دەوروبەری دا کردە ئامانج و عێراقیش تا ئێستا لەژێر چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدایە و هەر جوڵەیەکی نەخوازراو دەبێتە هەڕەشەی چاودێری و بەئامانجگرتنى لایەنە شیعییەكانى نزیك لە ئێران.

 پرسى میوانداریكردنى حوسییەكان دەبێتە مەحاڵ

ئەوەى جێى سەرنجە ئەوەیە، عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکان دەپارێزێت، لەوانە ئێران کە بە پاڵپشتی سەرەکی حوسییەکان دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا بپارێزێت، ئەمەش پرسی میوانداریکردنی کەسایەتییە دیارەکانی حوسییەکان ئاڵۆزتر دەکات.

 حاكمى حوسییەكان دەبێت لە نەوەى بەنى هاشم بێت

جێى ئاماژەیە، سەرکردە و ئەندامانی بزوتنەوەى حوسییەكان بە زەیدی ناسراون، شیعە زەیدییەكان پێیانوایە کە حاکم دەبێت لە نەوەی هاشمی بێت لە بنەماڵەی پێغەمبەر و بزوتنەوەکەش لەلایەن کەسایەتییە کاریزماتیکەکانی زەیدی هاشمییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، و بونی خۆی لە میراتی زەیدی هاشمیی یەمەنەوە وەرگرتوە. دواتریش لە پەیڕەوەى دامەزراندنى بزوتنەوەكە هاتوە: بزوتنەوەکە خۆی بە تەحەدایەک بۆ حکومەتی یەمەن نازانێت، هەروەها نایەوێت ببێت بە دەرکەوتنێکی روكەشیى هیلالی شیعی لە ناوچەكەدا.

 

  • رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

  • ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

  • رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان

  • نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو

  • جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو

  • ئەو سەرۆكەى رۆژێك پێش مردنى وتارێكى نوسى و تەنها خۆى بینى

  • هۆچی منە.. چێشتلێنەرێك دەرگاى دۆزەخ بۆ ئەمریكییەكان دەكاتەوە

  • عیدی ئەمین..لە نێوان ستەم و پرتەقاڵ خواردن و رەفتاری نامۆدا

  • ناپلیۆن..ئەو ئیمپراتۆرەى لە پشیلە دەترسا و دەنگى زۆر ناخۆشبو

سەرەکی