7   کاتژمێر پێش ئێستا 8445 جار خوێنراوەتەوە

پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات

 

پوختە

سەرچاوەکانى هەواڵ لەناوخۆى هەرێمی کوردستان ئاشکرایانکرد، ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان سەرەتاى ئەم هەفتەیە چەکەکانیان ڕادەستدەكەن، ئەمەش دوای شەش هەفتە لە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەک لەرێى بانگەوازێکی رێبەرو سەرکردە زیندانیکراوەکەی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

لە هەمان کاتدا پارتێکی لایەنگری کورد لە تورکیا پشتڕاستی کردەوە کە بێ ئاگان لەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە پەکەکە بە نیاز بوە لە سەرەتای مانگی تەمموزدا چەکەکانی خۆی ڕادەست بکات.

سزای تەمەلی، سەرۆکی فراكسیۆنى پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانى توركیا، کە سێیەمین پارتی پەرلەمانیى ئەو ولاتەیە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "تورکیا دور لە تیرۆر" بە پێى ناوناى میدیاكانى توركیا، سەرکردایەتی دانوستانەکان دەکات لەگەڵ ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا و پارتە سیاسییەکانی دیکە.

ناوبراو لە لێدوانێكی دا بۆ میدیاكانى وڵاتەكەى پشتڕاستى كردەوە هیچ زانیارییەکی لەو شێوەیەمان نییە، پێدەچێت ئەم پێشهاتانە هەبن،  بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتو ڕودەدات.

پرسەكە هەنگاوى سیاسى و یاسایى دەوێت

 تەمەلی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەگای پەرلەمانی ئەنقەرە، رایگەیاند؛  نابێت ئەو پرسە تەنیا لە چەکداماڵین دا سنوردار بکرێت، چونكە هەنگاوە یاسایی و دیموکراسیەکان لە پێشینەی کارەکانن، پێشتریش لێدوانى بۆ یەكێك لە میدیا كوردییەكان دابو بەوەى كە نزیكەى 20 بۆ 30 ئەندامى پەكەكە لە نێوان 3 بۆ 10ی تەمموزدا لە مەراسیمێکدا لە شاری سلێمانی کە دوەم گەورەترین شاری هەرێمی کوردستانە، چەکەکانیان ڕادەست دەکەن.

ئاماژەیەکی نیازپاکیی

بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، ئەو هەنگاوە وەک "رێکارێکی متمانە دروستکردن" و "ئاماژەیەکی نیازپاکی" بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتەوایی لەگەڵ تورکیا دەگیرێتەبەر.

هاوكات، ئەو ئەندامانەی چەکەکانیان ڕادەست دەكەن، بەبێ چەک دەگەڕێنەوە سەر بنكەو مۆڵگەکانیان، و بەهیچ جۆرێك اە هیچ شارێك و ناوچەیەكى هەرێم هیچ ئەندامێكى پەكەكە دەستبەسەر نەكراوەو وەك نیازپاكییەك سەبارەت بە بەانگەوازى رێبەرى گەورەى كورد عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوكارە دەكەن.

ئایا میكانیزمى هەڵوەشانەوەى پەكەكە رونە؟

وردەکاریی میکانیزمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە و ڕادەستکردنی چەکەکانی تا ئێستا ڕون نییە، بەڵام حکومەتی تورکیا دوپاتیکردەوە کە لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکات بۆ دڵنیابون لە جێبەجێکردنی تەواوەتی پلانەكە. .

لەمبارەیەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەوەى خستەڕو كە هەماهەنگی لە نێوان دەزگاکانی دەوڵەت و هەواڵگریی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە گواستنەوەی چەکى پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئارادایەو ئەنقەرە هیچ هەنگاوێک لەم بارەیەوە ناگرێتەبەر تا ئیبراهیم کالین، بەرپرسی هەواڵگری ڕاپۆرتێک پێشکەش بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەكات و پشتڕاستی نەكاتەوە کە پرۆسەی گواستنەوەکە بە پێی پێوەرە دامەزراوەکان تەواو بوە.

لەلایەكى ترەوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لەو بانگەوازە کرد کە ئۆجەلان لە زیندانەکەیەوە لە دورگەی ئیمراڵی لە باشووری دەریای مەڕمەڕە لە ڕۆژئاوای تورکیا، کە ماوەی 26 ساڵە زیندانی کراوە، رایگەیاندبو.

ئۆجەلان لەو پەیامەیدا بۆ پەكەكە ئاماژەى بەوەدابو كە پارتەكە کۆنگرەی گشتی ببەستێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەکەکانی بدات.

پارتەکە وەڵامی بانگەوازە مێژووییەکەی سەرکردەکەی دایەوە، كە لە رێى دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیست "مەهەپە" دەستپێشەخەریى بۆ كرابو.

مەهەپە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار "هاوپەیمانی گەل" ى پێكهێناوە.

لەلایەكى ترەوە، ئەو بانگەوازە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پشتڕاستکرایەوە ئەمەش دواى ئەوە هات كە پەكەكە لە 12ی ئایاردا و دوای کۆنفرانسێک کە لە دو شوێنی ئاشکرانەکراو لە هەرێمى كوردستان بەڕێوەچو، بڕیاری خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی و دانانی چەکەکانی ڕاگەیاند، دواتریش قوباد تاڵەبانی داوای لە پەکەکە کرد گوێ لە بانگەوازەکەی ئۆجەلان بگرێت و بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکەکانی جێبەجێ بکات.

ئایا ئۆجەلان پەیامى نوێ دەنێرێت؟

بەپێى سەرچاوەكانى هەواڵ، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا ئۆجەلان پەیامێکی نوێ سەبارەت بەو بڕیارە بڵاوبکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوە پڕۆسەی تەسلیمکردنی چەکەکان بە فەرمی دەستپێدەکات.

کورد لە تورکیا هیوادارن ئەم بڕیارەی پەکەکە بوار بۆ یەکلاییکردنەوەی سیاسیی خۆش بکات و دەرگای کرانەوەیەکی نوێ بەرامبەر بە کورد بکاتەوە کە نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دانیشتوانی تورکیا پێکدەهێنن لە كۆى ٨٦ ملیۆن کەس.

لێدوانەكانى تەمەلى و چەكدانانى پەكەكە

بەگەڕانەوە بۆ لێدوانەكانى سزاى تەمەلى، ناوبراو ئاماژەى بەوە كردوە كە نابێت پرسی کورد لە تورکیا کورت بکرێتەوە بۆ دانانی چەکەکانی پەکەکە، ئەو داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی کرد بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کورد.

رونیشیكردەوە، پێویستە ئەم لیژنەیە پێش داخستنی پەرلەمان بۆ پشوی هاوینە پێکبهێنرێت و دەبێت بەردەوام بێت لە کارەکانی تەنانەت ئەگەر داشبخرێت،  چونكە نوێنەرایەتی لیژنەکە، بنەماکانی کارکردن، و هەستیاریی بەرامبەر چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا زۆر گرنگە. پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ دروستکردنی متمانە، دورکەوتنەوە لە بەشداریکردن لە مشتومڕی بێ ئەنجام، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و ژێرخانی پێویست بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، و پێویستیشە جیاکاری لە دژی ژنان و منداڵان و كەمینە نەتەوایەتییەكان چارەسەربكرێت.

تەمەلی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم لیژنەیە دەرفەتێکە بۆ نەهێشتنی نەبونى ئاسایش لە كۆمەڵگەدا، لە کۆمەڵگادا و وتیشی: رۆژی سێشەممە بە نوسراو پێشنیازەکانمان لەسەر ئەو پرسە پێشکەش بە نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمان دەکەین، پێشبینیش دەکەین لە چوارچێوەی پێشنیازی لایەنەکاندا بگاتە کۆدەنگییەکی فراوان و لیژنەکە کارا بکات.

سەرۆکی فراكسیۆنى پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، وتیشى: بڕیارە لە ٨ یان ٩ی تەمموزدا شاندێکی پارتەكەى كە لەرێى راگەیاندنەوە ناسراوە بە "شاندی ئیمرالی" لەگەڵ ئەردۆغان و دواتر سەرکردەی پارتە سیاسییەکان کۆببنەوە. دواتر شاندەکە گەشت بۆ ئیمرالی دەکەن و لەگەڵ ئۆجەلان-یش کۆدەبنەوە.

جێى ئاماژەیە، ئەردۆغان هەفتەی ڕابردو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتودا لەگەڵ شاندێکی هەدەپە کۆدەبێتەوە، کە ڕۆڵی سەرەکی هەبوە لە گەیاندنی پەیامەکانی نێوان ئۆجەلان و ئەنقەرە.

ئەمە دوەمينجار دەبێت كە ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆببێتەوە، پاش یەکەمین کۆبونەوەیان لە مانگی نیسانی ڕابردودا.

 

 

 

  • خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە

  • ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن

  • عێراق..لەمەودوا هەر هەڵسوكەوتێكى تائیفی سزاى 3 ساڵ زیندانییە

  • پەكەكە وەك نیازپاكییەك دەست بەڕادەستکردنی چەکەکانی دەکات

  • عێراق دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی حه‌وت دەستپێدەكات و موچه‌خۆرانی هه‌رێمیش 60 رۆژه‌ چاوەڕێی موچەن

  • حکومەتی هەرێم موفلیسە پارەی نییە

  • ئایا سیاسەتە نوێیەکەی کاتس لەدوای ئێران؛ عێراق دەگرێتەوە؟

  • بۆچی میلیشا عێراقییەکان لە ڕوبەڕوبونەوەکەدا ئامادە نەبون؟

  • موسەوى: روفاتى قوربانییەکان بەدانپێدانانی داعش ئاشکرابوە

سەرەکی