2025-07-09 102 جار خوێنراوەتەوە

پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان پاش 26 ساڵ لە زیندانی ئیمراڵییەوە

ئیرادە میدیا

پەیامێکی ڤیدیۆیی عەبدوڵا ئۆجەلان لە پاش 26 ساڵ لە زیندانی ئیمراڵییەوە بڵاوکرایەوە و ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "جەختدەکەمەوە لە بانگەوازی 27ی شوبات بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆنگرەی 12ی پەکەکە وەڵامێکی دروستبوو بۆ بانگەوازەکە".

ئۆجەلان راشیگەیاند، "مانیفێستۆیه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیم ئاماده‌كرد، كه‌ ده‌بێت به‌وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بژمێردرێت".

لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و پشت بەست بە بانگەوازی 27ی شوبات 2025، بەیانی ئەمڕۆ 9-7-2025 "عەبدوڵا  ئۆجەلان پەیامێکی ڤیدیۆی بڵاو کردەوە،لەپاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "دەیان ساڵە میللەتی ئێمە چاوەڕێی ئاشتییەو دەبێ پرۆسەکە زوو بەرەو پێشبچێت".


دەق و پەیامی ڕێبەری زیندانی کراوی کورد "عەبدوڵا ئۆجەلان" لە زیندانی ئیمرالییەوە بۆ کورد و پەکەکە و ڕای گشتی :

کلیک بکە بۆ بینینی دەقی پەیامەکە بە ڤیدۆ:

هاوڕێیانی هێژا


سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ و ڕێگه‌چاره‌كانی دۆخی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی ته‌ڤگه‌ڕی هاوڕێیه‌تی كۆمیناڵیمان پێی گه‌یشتووه‌ به‌ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقییانه‌م زانی كه‌ به‌ نامه‌یه‌كی به‌رفراوانی دووباره‌ش بێت، وه‌ڵامی ئاشكرا و خوڵقێنه‌رتان بده‌مه‌وه.

1- پێداگرم له‌سەر بانگه‌وازییه‌ مێژووییه‌كه‌ی 27ی شووباتی 2025 بۆ (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی).

2- به‌ كۆنگره‌ی 12 و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (پەکەکە) وه‌ڵامێكی تاكۆتا ڕاست و ئه‌رێنی و به‌رفراوانی ئه‌مه‌تان دایه‌وه‌، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌تان به‌ وه‌ڵامێكی مێژووییانه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م.

3- ده‌بێت ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا وه‌كو ئه‌نجامێكی به‌ بایه‌خ و مێژوویی په‌سه‌ند بكرێت. هاوكات ڕه‌نجی ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌ ڕۆڵی پرد ده‌گێڕن شایسته‌ی ڕێز و گرنگی پێدانێكی هاوئاسته‌.

4- له‌ سه‌ره‌نجامی سه‌رجه‌م گۆڕانكارییه‌كاندا، مانیفێستۆیه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتیم ئاماده‌كرد كه‌ ده‌بێت به‌وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بژمێردرێت. ئه‌م مانیفێستۆیه‌ بە سەرکەوتوویی شوێنی مانیفێستۆی ٥٠ ساڵەی "ڕێگای شۆڕشی كوردستان" دەگرێتەوە‌.

له‌و بڕوایه‌دام كه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی مێژوویی كورد، بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی و گه‌ردوونیش ناوه‌ڕۆكێكی كۆمه‌ڵگه‌یی مێژوویی هه‌ڵگرتووه‌، گومانم نییه‌ كه‌ ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی نه‌ریتی مانیفێستۆی مێژووییه‌.

5- ده‌بێت به‌ئاشكرا ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییانه سه‌ره‌نجامی ئه‌و دانیشتنانه‌ن له‌ ئیمراڵی ئه‌نجامم داون. به ‌وریاییه‌كی به‌رزه‌وه‌ كار كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانیشتنه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئیراده‌ی ئازاد بن.

٦- ئه‌م قۆناغه‌ی پێیگه‌یشتووین، هه‌نگاوی نوێ بۆ پراكتیزه‌كردن ده‌سه‌پێنێت. به‌ بایه‌خه‌وه‌ جه‌ختكردنه‌وه‌، تێگه‌یشتن و پابه‌ندبوون به‌ بنەماکانی ئه‌م قۆناخه‌ و ئه‌م هه‌نگاوه‌ پێویستانه‌ی گرنگییه‌كی مێژووییان هه‌یه‌، مه‌رجی درێژه‌ پێدانن به‌هه‌نگاوه‌كان.

لێرەدا كۆتایی به‌ته‌ڤگه‌ڕی پەکەکە دەهێنین کە وەک کاردانەوەیەک له ‌دژی نكۆڵیكردن له‌ هه‌بوونی کورد دەرکەوت و بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێکی جیا ستراتیژییەکەی شه‌ڕی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی بوو. ئێدی دان بە هەبوونی گەلی کورددا نراو و لەم سۆنگه‌یه‌وه‌ ئامانجە سەرەکییەکە بەدی هاتووە. لەم واتایەدایە کە ماوەکەی بەسەر چووە. ئه‌وه‌ی تر به‌ دووباره‌یه‌كی زۆر و چه‌قبه‌ستن هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت. له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ درێژه‌ به‌ ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌دانی به‌رفراوان ده‌دات.

به‌و پێیه‌ی سیاسه‌ت بۆشایی هه‌ڵناگرێت، ده‌بێت ئه‌و بۆشاییه‌ به‌ به‌رنامه‌ی (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی)، به‌ستراتیژی (سیاسه‌تی دیموكراتی) و وه‌ك ته‌كتیكی سه‌ره‌كیش به‌حقوقی گشتگیرانه‌ پڕ بكرێته‌وه‌. ئامانجمان‌ قۆناغێكی مێژوویی و چاره‌نووسسازه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌كه‌دا؛ ئارەزوومەندانە دانانی چه‌ك و هه‌نگاوی دامه‌زراندنی كۆمسیۆنێكی به‌رفراوان كه‌ وا بیری لێده‌كرێته‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی توركیادا به‌یاسایی بكرێت و ده‌ستڕۆیشتوو بێت هه‌نگاوی گرنگن.

مه‌رجه‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ وریایی و هه‌ستیارییه‌وه‌ و دوور له‌ لۆژیكی نه‌زۆك و ململانێی من و تۆیی، بنرێن. ده‌زانم كه‌ هه‌نگاوه‌كانمان مایه‌پووچ نابن. ئه‌و ڕاشكاوییه‌ ده‌بینم و متمانه‌م پێیه‌تی. هاوكات هه‌وڵی چوونه‌ ناو هه‌نگاوی كرداریتر و كلیل ئاساییانه‌ی به‌رجه‌سته‌ له‌ئارادایه‌.

ئه‌و تێزانه‌ی من دامناون سه‌ره‌كیترینیان ئه‌مانه‌ن؛

1- هەموو لایەک ئه‌ركه‌كانی سەر شانیان جێبەجێ بکەن، گه‌یشتن به‌ ئامانجی (ئاشتی و كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی) به‌ گه‌یشتن به ‌ڕێنماییه‌كی ئینته‌گراسیۆنیستی ئه‌رێنی به‌دیدێت.

له‌ سه‌ره‌نجامی هه‌موو باسه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كە پەکەکە: ده‌ستبه‌رداری ئامانجی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ بووه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌ردان له‌و ئامانجه‌ بنچینه‌ییه‌ ده‌ستبه‌رداری ستراتیژییه‌تی بنچینه‌یی شه‌ڕیش بووه‌، كۆتایی به‌هه‌بوونی خۆی هێناوه‌. چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ئه‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌ به‌ره‌و پێشتر ببردرێت.

2- به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ببێته‌ مایه‌ی واتادان به ‌په‌رله‌مان و كۆمسیۆن و گومانه‌كانی ڕای گشتیی لاببات و ببێت به‌وه‌ڵامی پێویستییه‌كانی جێبه‌جێكردنی به‌ڵێنه‌كه‌مان، ده‌بێت ئه‌وه‌ ئاساییانه‌ لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ زه‌مینه‌سازكار بن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كدانان بۆ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و ڕای گشتی به‌شێوه‌یه‌كی كراوه‌ بكرێت. دروستكردنی میكانیزمی چه‌كدانان پرۆسه‌كه به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌بات. ئه‌وەی دەکرێت هه‌نگاوێكی دڵخوازانه‌یه‌ له‌ قۆناغی تێكۆشانی چه‌كدارییه‌وه‌ به‌ره‌و قۆناغی حقوقی و سیاسه‌تی دیموكراتیاینه‌. ئه‌مه‌ نه‌ك به‌ شكست، به‌ڵكو ده‌بێت به‌سه‌ركه‌وتنێكی مێژوویی بزانرێت. ورده‌كاری چه‌كدانان ده‌ستنیشان ده‌كرێن و به‌ خێرایی پراكتیزه‌ ده‌كرێن.

3- ده‌م پارتی له‌گه‌ڵ پارتییه‌كانی تری ژێر چه‌تری په‌رله‌مان بۆ گه‌یاندنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌سه‌ركه‌وتن پێكه‌وه‌ ئه‌ركی سه‌رشانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

4- له‌م نێوه‌دا سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئازادبوونی من كه‌ وه‌كو مه‌رجێكی سه‌ره‌كی له‌ سه‌رجه‌م نوسراو و بڕیاره‌كاندا هاتووه‌: خۆشتان ده‌زانن كه‌ هه‌رگیز ئازادی خۆمم به‌ كێشه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سی دانه‌ناوه‌. له‌ ڕووی فه‌لسه‌فیشه‌وه‌ ئازادی تاك؛ دوور له‌ كۆمه‌ڵگه‌ نابێت. تاچه‌ند (تاك) ئازاد ببێت (كۆمه‌ڵگه‌) و تاچه‌ند (كۆمه‌ڵگه‌) ئازاد ببێت (تاك)ـیش ئازاد ده‌بێت. مه‌رجه‌ به‌پێی ئه‌م مه‌یله‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت.

باوەڕم به‌ هێزی سیاسه‌ت و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه‌، نه‌ك چه‌ك. بانگه‌وازی له‌ ئێوه‌ش ده‌كه‌م ئه‌م پره‌نسیپه‌ پراكتیزه‌ بكه‌ن. پێشهاته‌كانی ئه‌م ڕۆژانه‌ی دوایی له‌ هه‌رێمه‌كه‌دا، به‌ ئاشكرا گرنگی و پێویستیی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مێژووییه‌مان ده‌سه‌لمێنێت. ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌كه‌ پڕ به‌دڵ چاوه‌ڕێی هه‌موو جۆره‌ ڕه‌خنه‌ و پێشنیار و هاوكارییه‌كتانم. ده‌توانم به‌ حه‌ز و جۆشه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه‌ و خۆم به‌ گەشبین و ئاماده‌ ده‌زانم كه‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌ لەسەر ئاستی ناوچه‌كه‌ و جیهانیشدا ئێمه‌ و هێزه‌كانی مۆدێرنیته‌ی دیموكراتی به‌ به‌رنامه‌یه‌كی تیۆری و قۆناغێكی ستراتیژی و ته‌كتیكی ده‌گه‌یه‌نێت و له‌ ئێستاوه‌ له‌ناو هه‌وڵ و ئاماده‌كاری ئه‌مه‌دان.

بانگه‌وازیم بۆ قۆناغی داهاتوومان؛ با له‌سه‌ر بنچینه‌ی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ و ئه‌و بۆچوون و پێشنیارانه‌ی له‌م نوسراوه‌دا باسم كردوون، قورسایی بخه‌ینه‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانمان و پێشكه‌وتن و وه‌رچه‌رخانی سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌دی بهێنین.

له‌گه‌ڵ سڵاو و خۆشه‌ویستی هاوڕێیه‌تی هه‌میشه‌ییم

19ی حوزه‌یرانی 2025

عەبدوڵا ئۆجەلان

لەلایەکی دیکەوە ئه‌ردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دواى ئۆجه‌لان په‌یامێكى به‌په‌له‌ى بڵاوكرده‌وه‌

لەپاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "دەیان ساڵە میللەتی ئێمە چاوەڕێی ئاشتییەو دەبێ پرۆسەکە زوو بەرەو پێشبچێت".

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەساڵی 1999وە لەزیندانی دورگەی ئیمراڵییە، دوای زیاتر له‌26 ساڵ، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە.
 
ئەردۆغان سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان لەکۆبونەوەی گروپی پەرلەمانی پارتەکەیدا لەپەرلەمان وتارێکى پێشکەشکردو ڕایگه‌یاند، پشت به‌خوا هەموو شتێک زۆر باشتر دەبێت، براوەکان هەموو وڵاتەکەمان دەبن، کورد، تورک، عەرەب".

سەبارەت بەدیدارەکەى لەگەڵ شاندى ئیمراڵى ئه‌ردۆغان وتى، "ڕۆژی دوشەممە پێشوازیم لەشاندی ده‌م پارتى كرد".

ئه‌وه‌شى وت:"دیدارێکی زۆر بەرهەمدارو بونیادنەرمان لەگەڵ ئەوان ئەنجامدا، ئێمە ئامانجی خۆمان بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر دوپاتکردەوە، ئێمە دەچینە قۆناغێکەوە کە لەڕۆژانی داهاتودا هەواڵی ئەرێنیمان پێدەگات، هیوادارین ئەم پڕۆسە بەختەوەرییە لەزوترینکاتدا بەسەرکەوتویی تەواوبێت، بەبێئەوەی هیچ ڕوداوێک ڕوبدات".

قسەکانی ئەردۆغان لەپاش پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دێت کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە.

پەیامەکەی ئۆجەلان کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تەمموز بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە، لە 19ی حوزەیرانی 2025 تۆمارکراوە. 
 
ئۆجەلان لەپەیامەکەدا پێداگریی لەسەر بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئەمساڵی دەکاتەوە کە تێدا داوای خۆهەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی لەپەکەکە کردو دەڵێ، ئەو بانگەوازەی بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی‌و بنیادنانی كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراسی کردوە.

 

  • ئەمریکا وەزیرێكى بەعس لە لیستى سزاكانى لادەبات

  • ئەردۆغان: ڕێگریکردن لە زمانی کوردی هەڵەبو

  • ئیسرائیل بەنیازە هەڵبژاردنەکانی عێراق تێكبدات

  • سندوقی دراوی نێودەوڵەتی: ئابوری عێراق لە مەترسیدایە

  • گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی: بە ئیرادەی ئازادمانەوە چەکەکانمان لەناودەبەین

  • دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە و هەڵوەشاندنەوەی کارەبا 24 کاتژمێرییەکەی هەرێم کۆدەبێتەوە

  • وەزارەتى كارەبا لە راگەیاندراوێكدا چەند داتایەكى بڵاوكردەوە

  • ئیرادە... سیناریۆكانى گفتوگۆى نێوان هەرێم و بەغدا ئاشكرادەكات

  • مۆساد لە عێراق.. بێدەنگی فەرمی یان گێڕانەوەى دژ بەیەك؟

سەرەکی