5   کاتژمێر پێش ئێستا 7787 جار خوێنراوەتەوە

واشنتۆن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی هه‌سه‌ده‌..هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

ئەمریکا بەردەوامە لەپاڵپشتیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، چ لەڕێگەی تەرخانکردنی بودجەی ساڵانەو چ لەڕێگەی پاڵپشتی لۆجستی‌و مەیدانی لەبنکەکانی ئەمریکا لەسەرتاسەری ناوچەکە.

بەڵگەنامەی پێشنیازی بودجەی ساڵی 2026ی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لەچوارچێوەی "بەرنامەکانی پشتیوانی هێزی هاوبەش" لەناوخۆی سوریا، بەتایبەتی لەچوارچێوەی شەڕی بەردەوامی دژی داعش، پشتیوانی بەردەوامی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەخاتەڕوو.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیە، هێزەکانی پاراستنی گەل یەکێکە لەهاوبەشە سەرەکییەکانی ئەمریکا لەسوریا، بودجەی 130 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی تەرخانکراوە لەڕێگەی پاکێجێکی هەمەچەشنی هاوکاری سەربازیی‌و لۆجستی‌و مەشق‌و ڕاهێنانەوە، بەئامانجی بەرزکردنەوەی سەقامگیریی لەناوچەکەو ڕێگریکردن لەگەڕانەوەی داعش.

بەردەوامی پشتیوانی سەربازیی‌و هەواڵگریی
پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنها بەچەکداری سنوردار نییە، بەڵکو هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان‌و مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکان‌و دابینکردنی زانیاری هەواڵگریی‌و دامەزراندنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاش دەگرێتەوە.

هەروەها ئەمریکییەکان بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکانی دژە داعش دەکەن، بەشوێنکەوتنی شانە خەوتوەکان‌و دەستەبەرکردنی ناوچە ئازادکراوەکان.

پشتگیریی ئۆپەراسیۆن‌و لۆجستی زیادیکردوە
لەچەند مانگی ڕابردودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا، پاڵپشتی لۆجستی‌و مەیدانی خۆیان بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) پەرەپێداوە.

تەنها لەماوەی مانگی ڕابردوی مانگی ئەیلولدا، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چاودێری نیشتنەوەی چوار فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی لەبنکەکانی "هاوپەیمانی نێودەوڵەتی" کردووه‌، ئەمە جگەلەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 221 بارهەڵگریان بردووه‌ته‌ بنکەکانیان له‌ڕۆژئاواى كوردستان.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەبەشداریی هێزەکانی (هەسەدە) شەش مانۆڕی سەربازییان لەبنکە سەربازییەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا، هەروەها حەوت ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان لەدژی ئەو ڕێکخراوە ئەنجامداوەو لەئەنجامدا زیاتر لە 19 کەس دەستگیرکراون، لەنێویاندا سەرکردەیەکی دیار.

ئەو پشتگیرییە لەچوارچێوەی پلانێکی ستراتیژی ئەمریکیدایە
پلانی پاڵپشتی دارایی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات بریتییە لەدابینکردنی کەرەستەی سەربازیی بۆیان، لەوانە چەکی بچووک‌و تەقەمەنی‌و کەرەستەی پەیوەندیی. ڕاهێنان‌و پاڵپشتی تەکنیکی بۆ بەرزکردنەوەی کارایی سەربازیی‌و توانای ئۆپەراسیۆنی هێزەکان، پشتگیریی لۆجستی‌و پزیشکی، لەوانەش فریاگوزاری سەرەتایی، خۆراک‌و خزمەتگوزارییەکانی دابینکردن، نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئەمنی‌و سەربازیی، وەک خاڵەکانی پشکنین، بارەگای ئۆپەراسیۆنەکان‌و شوێنە مەیدانییەکان.

ئەم پاڵپشتییە لە چوارچێوەی ستراتیژی پنتاگۆن بۆ پاراستنی دەستکەوتە سەربازییەکانی دژ بەداعش‌و پێشگرتن لەسەرهەڵدانەوەی ئەو هێزانە دێت کە توانای پاراستنی زەوییان هەیەو ڕووبەڕووی هەڕەشە بەردەوامەکان ببنەوە.

ئەم پاڵپشتییە بەڕوونی دەرخەری ئەوەیە کە ئەمریکا بەردەوامە لەتەماشاکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەرەڕای ئاستەنگە ئاڵۆزە سیاسی‌و ناوچەییەکانی دەوروبەری ململانێی سوریا.

  • هەواڵگریی تورکیا لەلوبنان.. پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا تێکدانی بەرنامەی ئەمریکاو ئیسرائیل

  • ڕۆژئاواى كوردستان هۆشداریده‌دات‌و لامه‌ركه‌زى به‌بنه‌ماى دانوستانه‌كان داده‌نێت

  • واشنتۆن بەردەوامە لەپشتگیریکردنی هه‌سه‌ده‌..هاوبەشێکی سەرەکی لەئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

  • ئێران قسه‌ى خۆى كرد.. ده‌ڵێت: پابه‌ندین به‌ڵام تواناى شه‌ڕكردنمان به‌هێزتر ده‌كه‌ین

  • ئێران‌و عێراق له‌گفتوگۆكانیان شكستیانهێنا.. قائانى به‌په‌له‌ خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا

  • بۆ ماوه‌ى 10 كاتژمێر نه‌وتى هه‌رێم ڕاگیرا.. سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌هه‌رێمه‌وه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ به‌نده‌رى جه‌یهان

  • چه‌كه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان به‌كێ ده‌درێن؟

  • ورده‌كاریى یه‌كگرتنى هه‌سه‌ده‌و سوپاى سوریا ئاشكراده‌كرێت.. هه‌سه‌ده‌ سێ فیرقه‌و چه‌ند لیوایه‌كى ده‌بێت

  • بكوژى هه‌ڤرین له‌لیستى سزاكانى ئه‌مریكایه‌.. ئێستا به‌رپرسێكى باڵای حكومه‌ته‌

سەرەکی