خیانەتێکی نوێ لە بەرگێکی تردا
2   کاتژمێر پێش ئێستا 102 جار خوێنراوەتەوە

لە جەزائیرەوە بۆ پیرمام؛ مێژووی چاوپۆشییەکانی ئەمریکا لە کۆمەڵکوژی کوردان

ناوەندی هەواڵ

مێژووی سیاسیی کورد پڕە لەو وێستگانەی کە تێیدا خەونی ڕزگاری کورد دەبێتە قوربانیی بۆ بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی و بازرگانی زلهێزەکان. ئەوەی لە ئێستاندا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سووریاش دەگوزەرێت، تەنها گۆڕانکارییەکی سەربازیی کاتی نییە، بەڵکو دووبارەبوونەوەی سیناریۆیەکی مێژووییە کە نیو سەدە لەمەوبەر لە جەزائیر دەستی پێکرد.

ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە، تیشک دەخاتە سەر چاوپۆشییەکانی ئەمریکا لە هێرشی نارەوای داگیرکەران بۆسەر کورد، ڕۆڵی بازرگانانەی تۆم باراک و بەراوردکارییەک لە نێوان سەردەمی کیسنجەر و باراکدا.

ڕێککەوتننامەی جەزائیر (1975)

بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەمڕۆ لە سووریا دەگوزەرێت، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو. لەو سەردەمەدا، جەنگی سارد لە نێوان جەمسەری ڕۆژهەڵات (یەکێتی سۆڤیەت) و ڕۆژئاوا (ئەمریکا) لە لوتکەدا بوو. عێراقی ژێر دەسەڵاتی بەعسیش لە سۆڤیەتەوە نزیک بوو، ئەمەش مەترسی بوو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی شا. واشنتۆن و تاران بڕیاریاندا شۆڕشی ئەیلوول وەک کارتێکی فشار بەکاربهێنن بۆ لاوازکردنی بەغدا.

بەڵگەنامە مێژووییەکان (بەتایبەت ڕاپۆرتی لێژنەی پایک لە کۆنگرێس Congressional Pike Committee) دەریانخستووە کە پلانەکەی کیسنجەر هەرگیز بۆ سەربەخۆیی کورد نەبووە، بەڵکو تەنها بۆ سەرقاڵکردنی سوپای عێراق بووە. لە 6ی ئاداری 1975، لە کۆنفرانسی ئۆپێک لە جەزائیر، کاتێک سەدام حوسێن و شای ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن، ئەمریکا بە ئاسانی پشتی لە کورد کرد. کیسنجەر تەنانەت وەڵامی داواکارییەکەی بارزانیشی نەدایەوە کە بۆ بە هاناوەهاتنی کورد ناردبووی و وتبووی: کاری نهێنی نابێت لەگەڵ کاری خێرخوازی تێکەڵ بکرێت. ئەمە بووە هۆی هەرەسی ١٩٧٥ و ئاوارەبوونی ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی کورد، کە تێیدا ئەمریکا نیشانی کوردیدا کە بەها مرۆییەکان قوربانیی بەرژەوەندییە کاتییەکانن.

سووریا لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدا

دوای تێپەڕبوونی نیو سەدە، مێژوو بە هەمان ڕووەوە خۆی نیشان دەدات. لە سەرەتای کانوونی دووەمی 2026ەوە، سووریا و بەتایبەت ڕۆژئاوای کوردستان، قۆناغێکی گۆڕانکاریی پڕ لە مەترسی بەخۆوە دەبینێت، کە تێیدا چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی دیمەشق بە پاڵپشتی هیزێکی زۆری بیانی و بە پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هێرشی کردە سەر دەستەکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بەرهەمی قوربانیدانێکی بێ شومار بوون. ئەمەش بە چاودێری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بوو، چونکە لە سەرەتای هێرشەکەوە ئەمریکا لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە هیچ هەڵوێستیکی نەبوو و بگرە فشاری لە کورد دەکرد تا ڕازی بێت بەسازش و کەوتن لەبەر دەرگای ئەبو محەمەدی جۆلانی، بەڵام هەسەدە کە نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ڕازی نەبوو و بڕیاری ڕووبەڕووبونەوەیدا.

لێرەدا و لە قووڵایی ئەم گۆڕانکارییانەدا، ئەو پلانە نێودەوڵەتییە دەردەکەوێت کە بە ڕێککەوتنی پاریس دەناسرێت و لەسەر حیسابی کورد واژۆ کرا.

لە پەراوێزی ڕێککەوتنەکەی پاریسدا، تێگەیشتنێکی نافەرمی لە نێوان لایەنە بەرامبەرەکان بە چاودێری ئەمریکا هاتۆتە ئاراوە. چەقی ئەم تێگەیشتنە بریتییە لە: پێدانی ڕەوایەتی بە ناوەندیەتی و بەهێزی جۆلانی بەرامبەر بە ڕێگەدان بە هێرش بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان.

بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم ڕێککەوتنەدا لەگەڵ جۆلانی لە چەند خاڵێکدا کورت دەبێتەوە:

بۆ ئیسرائیل: دوورخستنەوەی مەترسییەکانی ئێران لە سنوورەکانی و سەرقاڵکردنی ناوخۆی سوریا بە شەڕی نێوان گروپە ئیسلامییەکان و کورد.

بۆ ئەمریکا: درووستکردنی حکومەتێکی گوێڕایەڵ و ناوەندی وەک ئەوەی پێشتر تۆم باراک وتبوی باوی فیدڕالی و ناناوەندیەتی نەماوە، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن.

ئامانجە ستراتیژییەکان دژی کورد لەم هێرشانەی جۆلانی کە بە "گڵۆپی سەوزی پاریس" ناودەبرێت، چەند ئامانجێکی مەترسیدار دەپێکن:

- جیاکردنەوەی کانتۆنە کوردییەکان لە یەکتری.

- تێکدانی پێگەی نێودەوڵەتی هەسەدە و نیشاندانی ناوچەکە وەک ناوچەیەکی ناسەقامگیر کە گروپە توندڕەوەکان تێیدا باڵادەستن.

- ناچارکردنی کورد بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی ڕژێم، بە مەرجی قورستر و بەبێ هیچ دەستکەوتێکی سیاسی.

بەم هۆیەشەوە، ئێستا هەسەدە ستراتیژییەتی خۆی بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان گۆڕیوە. هەرچەندە هێشتا پارێزگای حەسەکە و شارەکانی قامیشلۆ و دێرک و کۆبانێ لەژێر دەسەڵاتیاندایە، بەڵام فشارەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. بەهۆی ئەو هێرشانەوە و بێ دەنگ بوونی ئەمریکا هەسەدە لە شارە ستراتیژییەکانی وەک ڕەقە و بەشێکی دێرەزوور پاشەکشەی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی جۆلانی و هێزەکانی سەر بە دیمەشقی نوێ کارتی عەشایەرییان بەکارهێنا بۆ هاندانی هۆزە عەرەبەکان دژی کورد.

خیانەتێکی نوێ لە بەرگێکی تردا

یەکێک لە خاڵە هەرە تەمومژاوییەکانی ئەم قۆناغە،دەرکەوتنی تۆم باراک (Tom Barrack)، ملیاردێر و کەسایەتیی نزیک لە ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکایە. باراک وەک ئەندازیاری نوێی ڕێککەوتنەکان دەردەکەوێت کە زیاتر لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی ئابووری و سەقامگیریی کاتیی وڵاتانی ناوچەکەوە سەیری دۆخەکە دەکات.

لە کۆبوونەوەیەکی هەستیاردا لە پیرمام، کە بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی بەڕێوەچوو، تۆم باراک وەک نێوەندگیری ئەمریکا فشارێکی سەختی خستە سەر کورد. باراک بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە سەردەمی پاراستنی تایبەتی کورد لەلایەن ئەمریکاوە بەرەو کۆتایی دەچێت و دەبێت هەسەدە لەگەڵ واقیعی نوێی سووریا دەسەڵاتی جۆلانی ڕێکبکەوێت.

پشتیوانیی باراک بۆ جۆلانی لەبەر ئەوەیە کە ئەو پێیوایە دەسەڵاتێکی سوننەی یەکگرتوو لە دیمەشق دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بەیەکەوە ببەستێتەوە، ئەگەر نرخەکەشی لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی کورد بێت. ئەمە وای کردووە کورد ببێتە قۆچی قوربانی لە پێناو نەخشەیەکی نوێ کە تێیدا مافە نەتەوەییەکان هیچ بەهایەکیان نییە.

لە کیسنجەرەوە بۆ باراک؛ بازرگانی بە خوێنی کوردەوە

لێرەدا دەردەکەوێت کە تۆم باراک و کیسنجەر دوو ڕووی یەک دراون. کیسنجەر لە ساڵی 1975دا بۆ ڕازیکردنی شای ئێران و لاوازکردنی سۆڤیەت کوردی کردە قوربانی؛ تۆم باراکیش لە ساڵی 2026دا دەیەوێت هەسەدە بکاتە قوربانی بۆ ڕازیکردنی تورکیا و جێگیرکردنی ئیدارەی نوێی دیمەشق. هەردووکیان نوێنەرایەتی قوتابخانەی "ڕیالپۆلیتیک" دەکەن؛ قوتابخانەیەک کە تێیدا هاوپەیمانییەتییەکان کاتین و تەنها بەرژەوەندییەکان هەمیشەیین، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها جیاوازی ئەو دوو کەسایەتییە ئەوەیە، تۆم باراک کەسێکی مامەڵەی بازرگانی بە سیاسەتەوە دەکات و دەیەویت لە دەرەوەی بەرپرسیاریەتییە حکومیەکەی ببێتە دۆستێکی بازرگانی تورکیا و سوریا.

سەیرەکە لەوەدایە کە هەسەدە باشترین هاوپەیمانی زەمینیی ئەمریکا بوو، بەڵام کاتێک بەرژەوەندی بازرگانی و سیاسیی و کەسایەتییەکی وەک تۆم باراک دێتە پێشەوە، هەموو ئەو قوربانییانە فەرامۆش دەکرێن. ئەوەی کیسنجەر پێی دەوت پاراستنی ئاسایش، باراک پێی دەڵێت سەقامگیریی بازرگانی و ناوچەیی.

دەنگێکی ناڕازی لە نێوان بێدەنگیی واشنتۆن و بازرگانییەکانی باراکدا

لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا لە ئاست ئەم فشارانەی باراک بێدەنگە، سیناتۆر لێندزی گراهام، کە ناسراوە بەوەی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هەسەدە هەبووە، بە توندی دژی ئەم ڕێککەوتنە داسەپاوە وەستایەوە. گراهام لە لێدوانێکی فەرمیدا کە گوزارشت لە نیگەرانیی بەشێک لە بڕیاربەدەستانی کۆنگرێس دەکات، ڕایگەیاند:

"سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمدواییەی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە، من و هیچ سیناتۆرێکی تر، شیکارییەکی وردی ئەم ڕێککەوتنەمان پێنەگەیشتووە. هیوادارم پڕ بێت لە بەڵێن و وەرچەرخان، بەڵام نیگەرانی و پرسیارم هەیە. یەکەم: ئایا ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ هیچ هاوبەشێکی هەرێمی جگە لە تورکیا گفتوگۆی لەسەر کراوە؟ ئایا هێزەکانی تورکیا تێوەگلاون لە هیچ هێرشێکی ئەمدواییە بۆ سەر ناوچە کوردییەکان؟ یەکێک لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا سەبارەت بە سووریا، هاوبەشیمان بووە لەگەڵ هەسەدە، کە ڕێبەرایەتی هەوڵەکانیان کرد بۆ تێکشکاندنی داعش و ڕێگری لە گەڕانەوەیان."

ئاسۆیەکی لێڵ و ئەنجامگیری

ڕێککەوتننامەی پاریس (ئەگەرچی لە ژوورە تاریکەکاندا بێت) نیشانیدا کە جارێکی تریش کورد کرا بە قوربانی بۆ ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتە گەورەکان. مۆڵەتدان بە جۆلانی بۆ هێرشکردنە سەر ڕەقە و دێرەزوور، تەنیا گۆڕانکاری سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەوارە سیاسییەی کە کورد لە باکووری سوریا دروستی کردووە.

ئەو هێرشانەی بە پشتیوانی سیاسیی "تۆم باراک" و بێدەنگیی واشنتۆن ئەنجام دران، کوردیان خستووەتە بەردەم بژاردەی شەڕی مان و نەمان. کشانەوە لە ڕەقە و بەشێکی دێرەزوور تەنها تاکتیکێکی سەربازی نییە، بەڵکو نیشانەی شکستخواردنی ئەو متمانەیەیە کە کورد بە ئەمریکای هەبوو.

ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە 1975 و کۆبوونەوەی پیرمام لە 2026، دوو ڕووی یەک دراوی ئەمریکان. لە هەردووکیاندا، کورد وەک ئامرازێک بۆ شەڕی هێزەکانی تر بەکارهێنرا و لە کاتی ئاشتیدا وەک بارگرانییەک فڕێ درا. دۆخەکە بە خێرایی دەگۆڕێت، بەڵام پەیامەکە ڕوونە: کورد تەنها چیاکانی دۆستییەتی، چونکە لەسەر مێزی دیپلۆماسیی کەسانێکی وەک کیسنجەر و باراک، تەنها ئەوەی بوونی نییە، ماف و بەها مرۆییەکانە.

ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا لێندزی گراهام و دۆستانی تری کورد لە کۆنگرێس دەتوانن ڕێگری لەم خیانەتە نوێیە بکەن، یان دیسانەوە کورد دەبێت باجی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ملیاردێرەکانی واشنتۆن بدات؟

  • لە جەزائیرەوە بۆ پیرمام؛ مێژووی چاوپۆشییەکانی ئەمریکا لە کۆمەڵکوژی کوردان

  • یه‌كێتی‌ و نه‌وه‌ی‌ نوێ رێككه‌وتن

  • سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەکۆبوونەوەدان

  • هەسەدە: بانگەشەی وەزارەتی بەرگری سوریا دورە لە راستییەوەو کارەکانی سوریاتاوانی جەنگە

  • هاتوچۆی هەولێر: ئەم ساڵ بە جۆرێکی جیاواز و لەناو ئۆتۆمبێلەوە سزای سەرپێچیکاران تۆمار دەکەین

  • سوپای عەرەبیی سوریا پلانی هێرش بۆ سەر دێرحافر و دەوروبەری رادەگەیەنێت

  • ئاڵدار خەلیل: ئەگەر چەکدار نەبین وەک عەلەوییەکانمان لێدێت

  • بە 42 هەزار چەکداری فەرمیی سوریا و دەیان هەزار بەکرێگیراوی تورکیا شەڕی دوو گەڕەکی کوردیی دەکەن

  • ئەگەر هێرشەكان لەحەلەب بەردەوامبن شەڕدەبەینە تەواوی شارەكانی سوریا

سەرەکی