2 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
هەوڵی بە ئامانجگرتنی دیگۆ گارسیا چی توانایەكی شاراوەی ئێرانی دەرخست؟
بۆ یەكەمجار ئێران ئەوەی ئاشكراكرد كە موشەكی بالیستی مەودا مامناوەندی هەیە، دوای ئەوەی دوو مووشەكی لە گەورەترین موشەكەكانی ئاڕاستەی بنكەی دییگۆ گارسیای سەربازیی بەریتانیا كرد، كە دەكەوێتە دووری 2500 میل لەو وڵاتەوە. ئەمەش هەنگاوێكە بە ڕای چاودێران دەریدەخات ئێران توانا موشەكییەكەی زۆر لەوە دوورتر دەڕوات كە پێشتر باس دەكرا.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە، ئەو هێرشەی بەرەبەیانی هەینیی، ئێران ئەنجامیدا، ئامانجەكەی نەپێكاوە، یەكێك لە موشەكانیش لەكاتی هەڵدانیدا شكستیهێناوە، ئەوی تریشیان دوای ئەوەی لەلایەن موشەكێكی بەرگریی ئاسمانی جۆری "ئێس ئێم سێ" ی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریكاوە پێكراوە دیار نەماوە.
بەڵام سەرەڕای ئەوەش، بە دانپێدانانی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا، تەنها هەڵدانی ئەو جۆرە موشەكانە، دەرخەری پێشكەوتنی تواناكانی ئێرانە لە بە ئامانجگرتنی ناوچەكانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش.
وتەی ئەو دوو بەرپرسە ئەمریكیە لەكاتێكدایە، پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا یەكێك لە پاساوەكانی جەنگ دژ بە ئێرانی بۆ ئەوە گەڕاندبوەوە، ئێران سەرقاڵی بەرنامەیەكی موشەكییە كە بتوانێت كڵاوەی ئەتۆمیی هەڵبگرێت و بگاتە ئەمریكا.
تا مانگی رابردووش، بەرپرسانی ئێران دووپاتیان دەكردەوە، مەودای موشەكەكانیان نیوە كەمترە لەوەی بگاتە بنكەی دییگۆ گارسیا.
بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە، بە ئامانجگرتنی دییگۆ گارسیا، بەراورد دەكرێت بە دوورییەكی بەراوردكاری بۆ شارەكانی ئەوروپا وەكو لەندەن و پاریس،ئەمەش واقیعێكی ئەمنیی نوێیە بۆ ئەوروپا و زەریای هێمن.
بەوتەی دۆگلاس باری، پسپۆڕ لە پیشەسازییە سەربازییە ئاسمانیەكان لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژیەكان، ترسی كۆنی ئەوروپا لە ئەگەری پەرەپێدانی موشەكەكانی ئێران، ئێستا زیاتر لەجێی خۆیدایە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند: رێگەدانی بەریتانیا بە بەكارهێنانی بنكەكانی رۆحی بەریتانیەكان دەخاتە مەترسییەوە.
دوای هێرشەكە حكومەتی بەریتانیا دەسەڵاتی زیاتری دایە ئەمریكا بۆ بەكارهێنانی بنكەكانی لە جیهان، تا لەوێوە هێرش دژ بە ئێران ئەنجام بدات.
بەڕای چاودێران گومان دەكرێت، ئێران یەكێك لە موشەكەكانی بەناوی بەكارهێنانی ئاسمانیی پەرەپێداوە، بەڵام دواتر بۆ مەبەستی سەربازیی كەڵكی لێوەرگرتووە.
چونكە بەوتەی پسپۆڕان، ناكرێت ئەو گۆڕانكاریی ئاڵۆزە لەماوەی چەند هەفتەیەكدا رووبدات، بەو مانایەی بە چەند مانگێك پێش هێرشەكە ئامادەكاری بۆ كراوە.
بنكەی دییگۆ گارسیا، دەكەوێتە سنوری قەڵەمڕەوی بەریتانیا لە زەریای هێمن یاخود هیندییەوە، پێگەیەكی ستراتیژی گرنگە، كە ئەمریكا پێداویستی سەربازیی دەریایی و فڕۆكەی تێدا جێگیركردووە.
-
بە بۆردومانەكانی؛ ئیسرائیل دەیەوێت سوریا لە جەنگی ئێران تێوەبگلێنێت؟
|
-
هەوڵی بە ئامانجگرتنی دیگۆ گارسیا چی توانایەكی شاراوەی ئێرانی دەرخست؟
|
-
زۆربەیان ئەمنیی و سەربازین؛ لە 18 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 5000 هەزار كەس لە ئێران كوژراون
|
-
سود و زیانەکانی جەنگ بۆ وڵاتان
|
-
بوون و پێگەی كورد بە یاسا بپارێزرێت
|
-
ئیسرائیل كوژرانی لاریجانی و فەرماندەی بەسیجی ڕاگەیاند
|
-
ترەمپ بۆچی داوای هاوكاری لە ناتۆ كرد و وەڵامی ئەوان چی بوو؟
|
-
نەوت جارێكی تر گڕی لە پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد بەردا
|
-
بەغدا بێ منەتی خۆی بەرامبەر بۆری نەوتی هەرێم دەردەبڕێت
|
|
|
|