4   کاتژمێر پێش ئێستا 60 جار خوێنراوەتەوە

رۆژنامەی گاردیان:جەنگی ئێران شكستێكی ستراتیژی بوو بۆ ئەمریكا و هەمووان تێیدا دۆڕان

ناوەندی هەواڵ

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، بابەتێكی بەناونیشانی "ترەمپ و ئێران و ئاگربەست ئەو جەنگە وێرانكەرەی هەموان تێیدا دۆڕان" بڵاوكردووەتەوە.رۆژنامەكە باس لەوەدەكات، هەریەك لە ئەمریكا و ئێران بانگەشەی سەركەوتنیان كرد، كاتێك رۆژی بەیانی چوارشەممە ئاگربەست كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەویش پاش 40 رۆژ لە جەنگ، بەڵام "هەردوولا درۆ دەكەن".

سەركەوتنێك نییە وەك ئەو بانگەشەی بۆ دەكات

راپۆرتەكە نوسیویەتی:ئەو ئاگربەستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ دوو هەفتە ڕایگەیاند، سەركەوتنێك نییە وەك ئەو بانگەشەی بۆ دەكات، جگە لەوەی كۆتایی جەنگ نییە، سەرەڕای ئەوەی پێشوازی لە ئاگربەست كرا و ڕەنگە دوو هەفتەش سەركەوتوو بێت.

ترەمپ وتی گۆڕانكاری لە رژێمی ئێران ڕوویداوە، بەڵام رۆژنامەی گاردیان دەڵێت "ئەمە ڕاست نییە" بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئێستا كەسانێك رژێمەكە بەڕێوەدەبەن كە پسپۆڕییان كەمترە و كەمتر ڕوونن، بەڵام توندڕەوترن، هەروەها ترەمپ وتی گەرووی هورمز دەكرێتەوە، بەڵام ئێران دەڵێت كەشتییەكان بە مۆڵەتی ئەوان پێیدا دەڕۆن و دەبێت "باج" یش بدەن.

ئێوارەی چوارشەممە، چەند كاتژمێرێك پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئێران ڕایگەیاند كە گەرووی هورمز داخراوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی بۆسەر لوبنان بە چڕی دەستپێكرد، كە 100 هێرش بوو لە 10 خولەكدا، رۆژنامەی گاردیان نوسیویەتی:"ئێران سورە لەسەر ئەوەی لوبنان بەشێكە لە رێككەوتنەكە، بەڵام ترەمپ دژی ئەمەیە".

زیانەکانی جەنگ

لەو جەنگەدا كە بە دیاریكراوی 39 رۆژی خایاند و 28 ی شوبات دەستیپێكرد و هەشتی نیسان ڕاگیرا، واتە لە 40 هەم ڕۆژدا، هەزاران كەس لە ناوچەكە كوژران، لەوانەش منداڵ، زۆرێك بە ماڵوێرانی و ئاوارەیی و برینداری لێی دەرچوون، لەكاتێكدا ئەوانەی جەنگەكەیان هەڵگیرساند بە شانازییەوە"باس لە سەركەوتن " دەكەن.

دانوستان دەستپێدەکات

ئێستاش بڕیارە هەردوو لایەنی جەنگەكە، واتە ئێران و ئەمریكا، رۆژی هەینی لە ئیسلام ئاباد كۆببنەوە، ترەمپ دەیەوێت ئەو 10 خاڵەی وەك دانوستان لە ئێرانی قبوڵ كردووە قسەی لەسەر بكرێت، بەڵام ئەو پلانە ناكۆكی قوڵی تێدایە، بەتایبەت سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران، گەرووی هورمز، موشەكی بالیستی و یۆرانیۆمی پیتێنراو. ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتەكەی رۆژنامەی گاردیان.

ئێران چی دەستکەوت؟

لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا باس لەوەدەكات، جەنگ بۆ ئێران ئەوەی سەلماند، "بێگومان چەكی ئەتۆمیی كلیلی مانەوەیەتی لە داهاتوودا". جگە لەوەی ئەمریكا ملیاران دۆلاری بەهەدەردا، موشەكی بەرپەرچدانەوەشی كەمی كرد یاخود نەما، زیانیش بەر پەیوەندیەكانی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی كەوت، بەڵام ڕەنگە ئەمە سەرۆك ترەمپ بێزار نەكات، كە سەركەوتنەكەی بەستووەتەوە بە دووبارە كردنەوەی گەرووی هورمز، لەكاتێكدا پێش جەنگەكە دانەخرابوو، بەڵام جەنگ ترسی بۆ بازاڕەكان زیاتر كرد، نرخەكانی بەرزكردەوە، جگە لەوەی زیانیشی بەنێوبانگی ترەمپ و جەماوەرەكەی گەیاند.

ئیسرائیل ئامانجەکانی بەدەستهێنا؟

سەبارەت بە ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە ئامانجەكانی بەدینەهێنا كە پێشتر سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاندبوو، سەبارەت بە حزبوڵاش هەرچەندە دوژمنێكی لاوازی بۆ ماوەتەوە، بەڵام ئێستا ئەو دوژمنە كەمتر پێشبینی كراوە.

ئیسرائیل پەیوەندیەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو تووشی داڕمان كرد، جگە لەوەی رای گشتیی ئەمریكای لەخۆی توڕەكرد، كە لە بنەڕەتدا بەهۆی جەنگی غەززەوە لێی توڕەبوون، بەڵام ئێستا بوون بە نەیارێكی سەرسەختی.

مانەوەی ئێران سەرکەوتنە

لەبەرامبەردا، رژێمی ئێران ئێستا بەس مانەوەكەی وەك سەركەوتن دەبینرێت، هەرچەندە گەورە سەركردەكانی لەدەستداوە، ئابوریەكەشی لاواز بووە و لە داڕماندایە، ژێرخانی بنەڕەتیشی وێران بووە، بەڵام لەكۆتاییدا وەك ڕاپۆرتەكەی گاردیان باسی كردووە ئەو رژێمە ماوەتەوەو ڕەنگە بەرامبەر نەیارەكانی لەناوخۆ و دەرەوە توندوتیژتر بێت.

  • رۆژنامەی گاردیان:جەنگی ئێران شكستێكی ستراتیژی بوو بۆ ئەمریكا و هەمووان تێیدا دۆڕان

  • لە سوریا كۆتایی بە بێ ناسنامەیی كورد دێت

  • پارتی بە هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9 ی نیسان زەنگی چوونە بەرەی سوننەکانی لێدا

  • چاوەكان لەسەر پاكستانن بۆ ئەوەی ئاوێك بە ئاگرەكەدا بكات؛ وەفدی ئێران و ئەمریكا دەچنە ئیسلام ئاباد

  • هۆشداری لە شكاندنی ئاگربەست؛ هێرشەكان بۆسەر ئێران ڕاگیراون بەڵام ئاگربەست لوبنانی نەگرتووەتەوە

  • ئاگربەست لەگەڵ ئێران؛ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕوبەڕووی ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە

  • موجتەبا خامنەیی چۆن لە كۆتا ساتدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكرد؟

  • چۆن لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا جەنگی ئێران راگیرا؟

  • چیرۆكی ئازادكردنی كچە رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە

سەرەکی