12 کاتژمێر پێش ئێستا
126 جار خوێنراوەتەوە
ئەمریكا و ئێران هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە؛ ناكۆكیەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جارێكی تر كاندیدی سەرۆكی حكومەت دوادەخات
ناوەندی هەواڵ
مشتومڕی نێوخۆیی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هێشتا بەردەوامە، لەكاتێكدا چەند جارێك بەهۆی ناكۆكیی سیاسیەوە دواخراوە، ئەمریكا "حكومەتی گروپەكان" ڕەتدەكاتەوە و ئێرانیش شكستیهێنا لە یەكخستنی هێزە شیعەكان تا یەك كاندید بهێڵنەوە.
بەوتەی محەمەد بەلداوی، وتەبێژ بەناوی كوتلەی سادیقون، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەردەم هەلی كۆتاییدان بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو، نەبوونی رێككەوتن هۆكاری بنەڕەتییە بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكانی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە.

پێشتر دووجار هەوڵدراوە
بەوتەی بەلداوی، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتر دوو هەلیان پێدراوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە، بەڵام بەهۆی نەبوونی رێككەوتن ئەوە نەكرا، ئێستاش تەنها دوا هەلیان لەبەردەمە رۆژی دووشەممە ئەو پرسە یەكلا بكەنەوە.
بەپێی زانیاریەكان، دواخستنی كۆبوونەوەكانی پێشووتر، بەهۆی ئەوەبووە سەرجەم سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەنەبوون، ئەوەش لەكاتێكدا ئیسماعیل قائانی یەكێك لە فەرماندەكانی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی عێراقی كرد، بەڵام وادەردەكەوێت ئەویش نەبووەتە هۆكاری نزیككردنەوەی لایەنە شیعەكان، بەمزوانەش تۆم باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سوریا سەردانی عێراق دەكات، چاوەڕوان دەكرێت ئەویش بۆ هەمان مەبەست واتە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و كاندیدی سەرۆكوەزیران سەردانەكەی ئەنجام بدات.

مالیکی هێشتا کاندیدە
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، هێشتا لە كاندیدبوون بۆ سەرۆكایەتی حكومەت نەكشاوەتەوە، لەكاتێكدا ئەمریكا ڤیتۆی لەسەر داناوە، محەمەد شیاع سودانیش سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق پێشتر چانسی زۆر بوو جارێكی تر ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵام ئێستا سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن سودانیش ئەو چانسەی نەماوە.
نزیكەكانی نوری مالیكی، سودانی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە دەیەوێت كۆبوونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شكست پێبهێنێت، "ئەمەش لەپێناو بەدەستهێنانی كات و كردنەوەی دەرگا بۆ دەستێوەردانی دەرەكیی".

ماوەی دەستووری هێندەی نەماوە
یەكلانەبوونەوەی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق لەكاتێكدایە، بەپێی دەستور پێویستە تا 26 ی نیسان كاندید یەكلا بكرێتەوە، بەڵام پێناچێت ناكۆكیەكان ڕێگە بدەن ئەو پۆستە وازوو یەكلا بێتەوە و چەقبەستوویی سیاسی بەردەوام بێت.
رۆژی 11 ی نیسان نزار ئامێدی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، بەپێی دەستوری عێراقیش لەماوەی 15 رۆژدا دەبێت سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رابسپێرێت.
ئاڵۆزی پێكهێنانی حكومەت لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟
ئاڵۆزی پێكهێنانی حكومەت لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمریكا حەوت سەركردەی گروپە عێراقیەكانی خستووەتە ناو لیستی سزاكانیەوە، بەشێكی زۆری ئەو سەركردانەش بەشدارن لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و خاوەن كورسین لە پەرلەمان، لەوانەش گروپەكانی كەتائیبی حزبوڵا و سەید شوهەدا و بزوتنەوەی نوجەبا و عەسائیبی ئەهلی حەق.

هەڕەشەی ئەمریکا و هەوڵی ئێران
بەوتەی سەرچاوەكان، رێوشوێنەكانی توند كردووەتەوە تا حكومەتێك لەژێر هەژموونی گروپە چەكدارەكان پێكنەهێنرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بەغدادی كردووە و لەگەڵ سەركردەكانی شیعە سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت كۆبووەتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت تا كاتیی درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریكا یاخود دەستپێكردنەوەی جەنگ، پێكهێنانی حكومەتی عێراق یەكلا نەبێتەوە. بەوپێیەی ئەمریكا دەیەوێت حكومەتێكی دوور لە میلیشیا چەكدارەكان پێكبهێنرێت و ئێرانیش دەیەوێت هێزەكانی نزیك لەخۆی حكومەت پێكبهێنن.

-
ئەمریكا و ئێران هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە؛ ناكۆكیەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جارێكی تر كاندیدی سەرۆكی حكومەت دوادەخات
|
-
ئاغازادەكان چۆن پارەی قاچاغی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن؟
|
-
هەماهەنگی نزیك و نوێكردنەوەی ئامانجەكان؛ ئەمریكا و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شكستی ئاگربەست دەكەن
|
-
ئەلمۆنیتەر: مەزڵوم عەبدی پێشنیارێکی ئەحمەد شەرع-ی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار ڕەتکردەوە
|
-
هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هێرشەکانی ئێران ئیرادەمان نالەرزێنێت
|
-
لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە؛ بۆ یەكەمجار توركمانێك بوو بە پارێزگاری كەركوك
|
-
غەزاڵ چۆن شەهید بوو و كێ بەرپرسیار بوو؟
|
-
ئەمریكا گەشبینە و ئێران خۆشحاڵە؛ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئێران و ئەمریكا كاتەكەی نادیارە
|
-
ئەندامانی پێشمەرگە و خەڵكی ئێزدی تێدابووە؛ سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لە موسڵ دۆزرانەوە
|
|
|
|