23 کاتژمێر پێش ئێستا
331 جار خوێنراوەتەوە
لە نێوان قۆرغکاریی ناوخۆ و جەنگی گەرووی هورمزدا؛ بۆچی نرخی بەنزین لە کوردستان و ئەمریکا هاوشێوەن؟
پرسی سووتەمەنی و بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە ململانێیەکی ناوخۆیی نێوان بەغدا و هەولێرەوە، ئێستا بووەتە بابەتێکی گرێدراو بە هاوسەنگییەکانی وزەی جیهانی و جووڵە ستراتیژییەکانی ئەمریکا. لە کاتێکدا عێراق و واشنتن کار بۆ زیندووکردنەوەی هێڵە گەورەکانی وەک جەیهان و بانیاس دەکەن بۆ پاراستنی بازاڕی جیهانی و سەقامگیرکردنی نرخی بەنزین لە ناوخۆی ئەمریکادا، شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە ژێر باری قۆرخکاریی ناوخۆیی و ئاودیوکردنی بەنزین بۆ دەرەوەدا دەناڵێنن و ناچارن چەندین کاتژمێر لە سەرەی بەنزینخانەکاندا بوەستن.
گرنگیی دۆسیەی نەوتی عێراق تەنیا بۆ ناوچەکە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر وێستگەکانی سووتەمەنی لە ئەمریکا. لەبەر ئەوەی ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری بەنزینە لە جیهاندا، نرخەکانی لەسەر بنەمای نرخی نەوتی خاوی جیهانی دیاری دەکرێت.

نرخی ئێستای بەنزین لە ئەمریکا: تێکڕای نرخی گالۆنێک بەنزینی نۆرماڵ لە ئەمریکا لە دەوروبەری 3.88 بۆ 3.94 دۆلاردایە.
بە لیتر و دینار چەند دەکات؟ هەر گالۆنێکی ئەمریکی یەکسانە بە 3.78 لێتر، ئەمەش واتە نرخی یەک لێتر بەنزینی نۆرماڵ لە ئەمریکا نێزیکەی 1.03 دۆلارە. ئەگەر بە بەهای دیناری عێراقی هەژماری بکەین، نرخی هەر لێترێک لە ئەمریکا نێزیکەی 1,500 دینارە.
هاوکێشەی نرخ: ئەم داتایە پیشانی دەدات کە نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە ئەمریکا (1,500 دینار) تادێت لە نرخی بەنزینی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان (بەتایبەت هەولێر بە 1,400 دینار و سلێمانی بە 1,150 دینار) نێزیک دەبێتەوە، لە کاتێکدا لە عێراق هێشتا بە 450 دینار جێگیرە.
هەر لەبەر ئەم کاریگەرییە خێرایەیە کە ئیدارەی ئەمریکا پشتگیری لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق دەکات (وەک هێڵی نوێی 56 ئینجی بانیاس بە توانای 2 ملیۆن بەرمیل، و هێڵی کەرکووک-جەیهان بۆ هەناردەی نەوتی کەرکووک و هەرێم بە سەرپەرشتی بەغدا تا بگاتە 2.5 ملیۆن بەرمیل)؛ بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا و ڕێگریکردن لە بازدانی شێتانەی نرخی بەنزین بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی لە کاتی دروستبوونی هەر جەنگێکدا.

هۆکارە ڕاستەقینەکانی قەیرانی بەنزین لە کوردستان
عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی کوردستان، لە لێدوانێکدا پەردەی لەسەر دوو هۆکاری سەرەکی لادا کە بازاڕی ناوخۆییان شێواندووە:
ئاودیوکردن و هەناردەی دەرەکی: لە هەرێمی کوردستاندا سێ پاڵاوگەی سەرەکی هەن کە سێ هێندەی پێداویستی ناوخۆ بەنزین دابین دەکەن. بەڵام پاڵاوگەکانی وەک (لاناز و کار) بەشێکی زۆری ئەو بەنزینەی دەیپاڵێون، ڕەوانەی وڵاتی تورکیای دەکەن. هۆکاری ئەمەش تەنیا بازرگانی و قازانجە؛ چونکە لێترێک بەنزین لە تورکیا بە 2,000 دینار دەفرۆشرێت و داهاتێکی خەیاڵی بۆ پاڵاوگەکان مسۆگەر دەکات. لە بەرامبەردا، پاڵاوگەی بازیان لەلایەن عێراقەوە نەوتی خاوی بۆ دابین دەکرێت و بەنزینەکەش تەنیا بۆ عێراق دەپاڵێوێت کە نرخەکەی تێدا جێگیرە.
قۆرخکاریی بازاڕ: نەبوونی کێبڕکێی تەندروست و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ لەلایەن چەند لایەنێکی دیاریکراوەوە، بارگرانییەکی گەورەی دروستکردووە کە تێیدا نرخی جۆرە جیاوازەکانی بەنزین لە شارەکاندا بەردەوام ڕوو لە بەرزی دەکات.
چاودێریی حکومی و سزای سەرپێچیکاران
لەسەر ئاستی جێبەجێکردن، فازڵ عومەر, قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند کە ئاساییبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بە گشتی بەستراوەتەوە بە ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لیژنەی تایبەتی سووتەمەنی چاوەدێری وردی وێستگەکان دەکات و چەندین بەنزینخانەیان سزاداوە کە سەرپێچییان کردووە. سەبارەت بە غازیش پێداگری دەکرێت کارگەکان بە بڕی کۆن و نرخی کۆن بیفرۆشنەوە.
هاوكات قادر پیرۆت، بەڕێوەبەری گومرگی سلێمانی ئاشکرای کرد کە هاوردەکردنی بەنزین تەنیا لە مەرزی باشماخ و پەروێزخانەوە بەردەوامە و لە مەرزەکانی وەک سهیرانبەن و تەوێڵە بەنزین هاوردە ناکرێت.
ململانێی بەغدا و هەرێم لەسەر نەوتی پاڵپشتیکراو
جوانڕۆ محەمەد، پەرلەمانتاری کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە خاوەی کە عێراق ڕۆژانە بە نرخی پاڵپشتیکراو دەیداتە هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی هەرزان. ئەم لیژنەیە پێداگری دەکات کە دەبێت یان نرخی سووتەمەنی لە هەرێم هاوشێوەی عێراق دابەزێت، یانیش ئەو 50 هەزار بەرمیلە بگڕێنرێتەوە بۆ بەغدا، چونکە سەرەڕای وەرگرتنی ئەو پاڵپشتییە، نرخەکان لە هەرێمی کوردستان هێشتا بە بەرزی ماونەتەوە.

خشتەی بەراوردکاریی هەموارکراوی نرخەکان (کوردستان، عێراق و ئەمریکا)
ئەم خشتەیە جیاوازیی نرخی نوێی لێترێک بەنزین لە نێوان بازاڕە ناوخۆیی، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا بە ڕوونی پیشان دەدات:
|
جۆری بەنزین
|
نرخ لە هەولێر (دینار/لێتر)
|
نرخ لە سلێمانی (دینار/لێتر)
|
نرخ لە عێراق/کەرکووک (دینار/لێتر)
|
ئەمریکا (هاوتای بە دینار/لێتر)
|
|
نۆرماڵ (Normal)
|
1,400
|
1,150
|
450
|
~ 1,500
|
|
موحەسەن (Modified)
|
1,800
|
1,300
|
850 (بازرگانی)
|
-
|
|
سوپەر (Super)
|
1,950
|
1,500
|
1,250
|
-
|
دەرئەنجام و واقیعی سەر شەقام
ئەم جیاوازییە گەورەیەی نرخ و قۆرخکارییە وایکردووە کە لە تەواوی شاری سلێمانیدا، تەنیا سێ بەنزینخانە بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی (750 دینار) دابەش بکەن. ئەم کەمبوونەوەیە دروستبوونی لۆد و قەرەباڵغییەکی شێتانەی لێکەوتووەتەوە، بە شێوەیەک شۆفێران ناچارن پێنج بۆ شەش كاتژمێر لە سەرە و ڕیزە درێژەکاندا چاوەڕێ بکەن تەنیا بۆ وەرگرتنی چەند لێترێک بەنزینی هەرزان، چونکە نرخەکانی بازاڕی ئازاد لە سلێمانی گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ (1,150 دینار بۆ نۆرماڵ، 1,300 دینار بۆ موحەسەن و 1,500 دینار بۆ سوپەر).
لەکاتێکدا جیهان و ئەمریکا ملیۆنان دۆلار بۆ ڕزگارکردنی نەوتی ناوچەکە لە مەترسییەکانی کەنداو خەرج دەکەن بۆ جێگیرکردنی نرخەکان لە وێستگەکانی خۆیاندا، هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان هێشتا باجی قۆرخکاری، نەبوونی ڕێککەوتنی کۆنکرێتی لەگەڵ بەغدا و ڕوانینی بازرگانیی پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەدات کە نەوتەکە بەرەو بازاڕی گرانبەهای دەرەکی ئاودیو دەکەن.
-
لە محەمەدی حاجی مەحمودەوە بۆ ترەمپ؛ چۆن سیاسەت باڵی بەسەر وەرزشدا کێشاوە
|
-
سندوقی تریلیۆن دۆلاریی عێراق و ئەمریکا؛ کۆمپانیا نەوتییەکان پشتیان لە هەرێم کرد؟
|
-
موجتهبام نهبینیوه؛ عێراقچی گومان له مردنى خامنهیى دهكات
|
-
بارینی درۆن و مووشەک لە ئاسمانی کوردستان؛ هێرشەکانی تاران چۆن بەرەی هەڵوێستی نیشتمانیی یەکخست سنورێکی بۆ بێدەنگی دانا؟
|
-
بەکارهێنانی ئەحمەدی نەژاد؛ ڕاستە یاخود وەرزێکی نوێی جەنگی زانیاریی نێوان ئێران و ئیسرائیلە؟
|
-
لە نێوان قۆرغکاریی ناوخۆ و جەنگی گەرووی هورمزدا؛ بۆچی نرخی بەنزین لە کوردستان و ئەمریکا هاوشێوەن؟
|
-
کۆتاییهاتنی قۆناغی دانوستان و دەستپێکی هێرشە چڕەکان؛ هۆکارەکانی بێدەنگیی ئیسرائیل و کێشانی نەخشەی نوێی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە
|
-
نەخشەڕێگای قەندیل و کورد بۆ پرۆسەی ئاشتی؛ یاسای چوارچێوە بەبێ ئیمراڵی بە مردوویی لەدایک دەبێت
|
-
بهرگریی شارستانی هۆشداریدهدات؛ ئهوانهی دهكهونه ئاوهوه 25%یان دهخنكێن
|
|
|
|