21   کاتژمێر پێش ئێستا 174 جار خوێنراوەتەوە

بەکارهێنانی ئەحمەدی نەژاد؛ ڕاستە یاخود وەرزێکی نوێی جەنگی زانیاریی نێوان ئێران و ئیسرائیلە؟

ڕاپۆرتەکان بەهۆی زانیارییە سەرنجڕاکێش و نائاساییەکانەوە گرنگییەکی زۆریان پێدرا، بۆیە پرسیار دەربارەی ڕاستی و دروستییان سەریهەڵداوە، ئایا جوڵەی راستەقینە بوون یاخود لە چوارچێوەی جەنگی زانیارییدا بوون

چەند راپۆرتێک لەبارەی سیناریۆی ئیسرائیل بۆ گۆڕانکاری لە رژێمی ئێران بڵاوبوونەتەوە، کە دیارترینیان باس لە تێوەگلانی ئەحمەدی نەژاد سەرۆکی پێشووتری ئێران دەکەن، بەمەش دەردەکەوێت جەنگی نێوان تاران و تەلئەبیب تەنها سەربازیی نییە، بەڵکو بووەتە جەنگی زانیاریی و چیرۆکیش.

یەکێک لەو راپۆرتانە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردبوەوە، بەمدواییەش رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلی راپۆرتێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، ئەمەش مشتومڕێکی زۆری لەسەر پلانی ئیسرائیل بۆ گۆڕانکاری لە رژێمی دەسەڵات لە ئێران لێکەوتەوە.

بەپێی هەردوو راپۆرتەکە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ویستوویانە ئەحمەدی نەژاد کە پێشتر وەکو دوژمنێکی سەرسەختی ئیسرائیل دەرکەوتووە بەکاربهێنن و بیکەنە کەسایەتیی یەکەم و دیاری ئێران لە قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی، ئەم جوڵانەش لەکاتی جەنگدا چڕبوونەتەوە، تەنانەت پەیوەندی نهێنی لە هەنگاریا ئەنجام دراوە.

پلانەکە تەنها بۆ ئەحمەدی نەژاد بووە؟

بەپێی راپۆرتەکە دەیڤد بارنیا سەرۆکی پێشووی هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، خودی خۆی سەرپەرشتی ئەو هەوڵەی کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لە بۆدابست کۆبوونەوەی لەگەڵدا ئەنجامداوە، رۆژنامەی هائارێتسی ئیسرائیلیش دەڵێت ئەو هەوڵە تەنها لە ئەحمەدی نەژاددا چڕ نەبووەتەوە، بەڵکو پلانی دزەکردنە ناو ئێرانیش هەبووە، جگە لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەمینەکانی ئێران، تا لەو رێگەیەوە دۆخەکە لەناوخۆدا لە کۆماری ئیسلامی ئێران بشێوێنن.

ڕاپۆرتەکان بەهۆی زانیارییە سەرنجڕاکێش و نائاساییەکانەوە گرنگییەکی زۆریان پێدرا، بۆیە پرسیار دەربارەی ڕاستی و دروستییان سەریهەڵداوە، ئایا جوڵەی راستەقینە بوون یاخود لە چوارچێوەی جەنگی زانیارییدا بوون، جگە لەوەی هیچ لایەنێکیان نە ئێران و نە ئیسرائیل بە رەسمی پشتراستیان نەکردووەتەوە.

نوسینگەی ئەحمەدی نەژاد راپۆرتەکانی بە بێبنەما و درۆ ناوبرد، زیاتریش رۆشت و بە چیرۆکێکی هۆڵیوودی ناوی هێنا، لەکاتێکدا سەرچاوە رەسمییەکانی ئێران پێش نزیکەی دوو مانگ باسیان لە گواستنەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد کرد بۆ شوێنێکی پارێزراو بەهۆی بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنەی لێی ماوەتەوە لە 28 ی شوباتی 2026 لە لایەن ئیسرائیلەوە، کە ئەوەش یەکەم رۆژی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بوو دژ بە ئێران.

بەشێک لە چاودێران قسەیان بۆ ئاژانسی دۆیچە ویللەی ئەڵمانی کردووە و پێیان وایە، ناتوانرێت راپۆرتەکە نە رەت بکرێتەوە نە پشت راست، چونکە هیچ لایەنێکی رەسمی ئێران و ئیسرائیل دانیان پێدا نەناوە و رەتیشیان نەکردووەتەوە.

هەندێک لە سەرچاوەکانیش بە شتێکی ئاسایی دەزانن ئەحمەدی نەژاد بە ئامانج بگیرێت، بەوپێیەی پێگەیەکی بەهێزی هەیە لەناو ئێران.بەڵام ئەوەی گومانەکان زیاتر دەکات بەمدواییە ئەحمەدی نەژاد لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی ئێران پاشەکشەی پێکراوە، وا دەردەکەوێت ئەمەش بڕیاری عەلی خامنەیی رێبەری ثێشووی ئێران یان کەسانی باڵادەستی چواردەوری بووبێت، تەنانەت راپۆرتە ناوخۆییەکان باس لەوە دەکەن، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی دەسەڵاتەکەی لە 2013، ئەحمەدی نەژاد پەیوەندی لەگەڵ باڵی دەسترۆیشتووی توندڕەوی ئێران پاشەکشەی کردووە، لەکاتێکدا ئەوان کردیان بە سەرۆک، جگە لەوەی لەگەڵ نوسینگەی تایبەتی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران بەهەمانشێوە پەیوەندی سارد بووەتەوە، بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و ئەنجومەنی داڕشتنی دەستوریش دەستیان لێ بەرداوە.

کێ لە چیرۆکەکە سودمەندە؟

بە وتەی چاودێرانی سیاسی، هەریەک لە ئیسرائیل و ئێران لەو چیرۆکە سودمەندن، دەسەڵاتدارانی ئێران بەکاری دەهێنن بۆ برەودان بەو بیرۆکەیەی کە تەنانەت سەرۆکەکانی پێشووش دەکرێت لەلایەن ئیسرائیل یان وڵاتانەوە بەئامانج بگیرێن و بەکاربهێنرێن،بەوەش پاساویان دەبێت بۆ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و قوڵکردنەوەی دۆخی گومان و ترس لەناو وڵاتدا.

بۆ لایەنی ئیسرائیلیش ئەم چیرۆکەی ئەحمەدی نەژاد بە ڕاست بوونی یاخود ناراست بوونی سودی پێگەیاندووە، چونکە توانای خۆی پیشان دەدات لە گەیشتن بە ناوخۆی ئێران یاخود هەر سەرکردەیەک کە بیەوێت بەوەش ترس و گومان لەو وڵاتە بڵاو دەکاتەوە.

 

  • لە محەمەدی حاجی مەحمودەوە بۆ ترەمپ؛ چۆن سیاسەت باڵی بەسەر وەرزشدا کێشاوە

  • سندوقی تریلیۆن دۆلاریی عێراق و ئەمریکا؛ کۆمپانیا نەوتییەکان پشتیان لە هەرێم کرد؟

  • موجته‌بام نه‌بینیوه‌؛ عێراقچی گومان له‌ مردنى خامنه‌یى ده‌كات

  • بارینی درۆن و مووشەک لە ئاسمانی کوردستان؛ هێرشەکانی تاران چۆن بەرەی هەڵوێستی نیشتمانیی یەکخست سنورێکی بۆ بێدەنگی دانا؟

  • بەکارهێنانی ئەحمەدی نەژاد؛ ڕاستە یاخود وەرزێکی نوێی جەنگی زانیاریی نێوان ئێران و ئیسرائیلە؟

  • لە نێوان قۆرغکاریی ناوخۆ و جەنگی گەرووی هورمزدا؛ بۆچی نرخی بەنزین لە کوردستان و ئەمریکا هاوشێوەن؟

  • کۆتاییهاتنی قۆناغی دانوستان و دەستپێکی هێرشە چڕەکان؛ هۆکارەکانی بێدەنگیی ئیسرائیل و کێشانی نەخشەی نوێی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە

  • نەخشەڕێگای قەندیل و کورد بۆ پرۆسەی ئاشتی؛ یاسای چوارچێوە بەبێ ئیمراڵی بە مردوویی لەدایک دەبێت

  • به‌رگریی شارستانی هۆشداریده‌دات؛ ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ئاوه‌وه‌ 25%یان ده‌خنكێن

سەرەکی