13   کاتژمێر پێش ئێستا 89 جار خوێنراوەتەوە

ئەو بومەلەرزە سیاسییەی تورکیای هەژاندووە چییە؟

 لەهەنگاوێكی چاوەڕواننەكراودا كە وەك بوومەلەرزەیەكی سیاسیی لەناوەندی بڕیاری توركیادا وەسفدەكرێت، دەوڵەت باخچەلی رابەری پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) و هاوپەیمانی سەرەكیی ئاكپارتی دەسەڵاتدار، بانگەوازێكی مێژویی ئاڕاستەی عەبدوڵا ئۆجەلان رابەری پەكەكە كرد، ئەم پەیامەی باخچەلی هەموو هاوكێشە سیاسییەكانی توركیای بەرەو قۆناغێكی نوێ برد.

باخچەلی كە بەتوندترین نەیاری پرسی كورد و پەكەكە ناسراوە، لەكۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەیدا وتی، ئەگەر گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان هەڵبگیرێت، با بێت لەكۆبوونەوەی پەرلەمانی توركیادا قسە بكات.

ئەم داواكارییە تەنها بۆ قسەكردن نییە، بەڵكو باخچەلی داوادەكات، ئۆجەلان لەوێوە بەدەنگی بەرز كۆتاییهاتنی توندوتیژیی ‌و هەڵوەشاندنەوەی یەكجاریی پەكەكەو دانانی چەكەكان رابگەیەنێت.

باخچەلی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ئۆجەلان ئەم بوێرییە نیشانبدات‌ و كۆتایی بەپرسی چەك بهێنێت، ئەوا دەكرێت رێگەی یاسایی بۆ سوودمەندبوونی لەمافی هیوا بكرێتەوە، كە مەبەست لێی ئازادكردنی مەرجدار یان پێداچونەوەیە بەسزای زیندانی هەتاهەتاییەكەیدا، ئەمەش یەكەمجارە باخچەلی باس لەئەگەری ئازادبوونی ئۆجەلان بكات.

چاودێران پێیانوایە ئەم گۆڕانكارییەی باخچەلی پەیوەندیی بەچەند خاڵێكەوە هەیە، یەكێكیان هەوڵدانی توركیایە بۆ یەكلاكردنەوەی ناوخۆیی بەر لەپەرەسەندنی ململانێیە هەرێمیەكان‌ و دەشڵێن، ئەردۆغان‌ و باخچەلی پێویستیان بەدەنگی كورد هەیە بۆ تێپەڕاندنی دەستورێكی نوێ، كۆتا خاڵیش كۆتاییهێنانە بەململانێی 40 ساڵە بۆ ئەوەش توركیا دەیەوێت لەڕێگەی سەری رێكخراوەكەوە، كۆتایی بەجەنگێكی درێژخانی بهێنێت كە زیانی گەورەی ئابوریی‌و مرۆیی لێداوە.

ئەم پەیامە لەناوخۆی توركیا شۆكێكی گەورەی دروستكردووە، دەم پارتی بەوریاییەوە پێشوازیی لێكردوەو تەئكیدیكردووەتەوە، كە پێویستە قسە ببێتە كردارو گۆشەگیریی هەڵبگیرێت، لەلایەكی تریشەوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا و هەندێك باڵی نەتەوەپەرست، رەخنەی توند دەگرن ‌و ئەم هەنگاوە بە سازشكردن ناودەبەن.

دەوڵەت باخچەلی كە ساڵانێك بوو داوای لەسێدارەدانی ئۆجەلانی دەكرد، ئێستا دەرگای پەرلەمانی بۆ دەكاتەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە سیاسەت لەتوركیا گەیشتووەتە خاڵێكی وەرچەرخان، بۆ ئەمەش چاودێران دەپرسن، ئاخۆ ئۆجەلان وەڵامی ئەم بانگەوازە دەداتەوە؟ ئایا قەندیل پابەندی بڕیارێكی لەو شێوەیە دەبێت؟ لەوەڵامیشدا دەڵێن، رۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدەنەوە كە چارەنووسی توركیا و ناوچەكە دەگۆڕن

  • ئاڵۆزبوونی کێشەکانی کۆڕەک تیلیکۆم؛ بەغدا هۆشداری دەدات و سیروان بارزانیش بڕیارەکان بە نایاسایی دەزانێت

  • ئەو بومەلەرزە سیاسییەی تورکیای هەژاندووە چییە؟

  • قەیرانی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ئەڵمانیا؛ چین جێگەی براندە جیهانییەکان دەگرێتەوە

  • ئیسرائیل دواى زیاتر له‌ چوار ده‌یه‌ ته‌رمى سه‌ربازێكى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه

  • لە نێوان فشاری میلیشیاکان و وادەی ڕادەستکردنی چەکدا؛ ئایا زەیدی دەتوانێت بەرەنگاری هەژموونی ئێران ببێتەوە؟

  • گورزێك دواى جوڵه‌ى توركیا؛ ئه‌مریكا به‌ گرژییه‌كى ناپێویست ئیسرائیل تۆمه‌تبار ده‌كات

  • ئایا تره‌مپ زه‌مینه‌سازیی بۆ كۆتاییهێنان به‌جه‌نگی ئێران ده‌كات؟

  • یاسای چوارچێوە لەلایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە پەسەندکرا و رۆژنامەی تورکیا بڵاویکردەوە

  • گرووپە چەکدارەکان هەڕەشە لە زەیدی دەکەن و داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە دەکەن

سەرەکی