55   خولەک پێش ئێستا 42 جار خوێنراوەتەوە

پارتی و یەکێتی کۆنەبوونەوە؛ ئەمینداری یەکگرتوو باس لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تا ئێستا و دوای نزیکەی دوو ساڵ، لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هیچ رێککەوتنێکیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان نەکردووە، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش دەڵیت ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەیە.

سەڵاحەدین بەهائەدین لە کۆنرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، نازانێت کەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کۆدەبنەوە، بەڵام دەبێت هەر کۆببنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پارتی و یەکێتی بەڵێنیان داوە بەشداریی کۆبوونەوە بکەن.

لەبارەی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنیش ئەمینداری یەکگرتوو وتی " یەکێکە لە ئەگەرەکان".

لەلایەن خۆشیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان دا رایگەیاند"جەخت لە پتەوکردنی تەبایی، یەکڕیزی، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە تا بتوانین داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلەکەمان مسۆگەر بکەین".

 رۆژی 20 ی ئاب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ، نیگەرانیی خۆی نیشان دا کە سەرەڕای ویستی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو هاوبەشی سەرەکی، بەڵام هاوبەشەکانی دیکە هەمان بۆچوونیان نەبووە.

مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە تاکە لایەن بووە کە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کردووە. بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و دەستی ئاشتی بۆ سەرجەم لایەنەکان درێژ دەکەین، تاوەکو بەرژەوەندیی نیشتمانیی گەلی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانەوە.

بەپێی قسەکانی سەرۆکوەزیران، هاوبەشەکانیان لە حکومەت ویستوویانە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوابخرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پارتی خاوەنی زۆرترین دەنگ بووە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی حکومەت.

رۆژی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە یادی 80 ساڵه‌ى دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ''پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رۆڵی گرنگی لە دروستکردن و پێگەیاندنی هەرێمی کوردستان هەبووە.''

عەلی حوسێن ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و عێراق کرد و وتی: ''ئەم دۆخە پێویستی بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی لایەنە سیاسییەکانە، بەتایبەتی لە کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.''

لە لێدوانەکەی 16 ی ئابدا  عەلی حوسێن وتی ''نزیکبوونەوەی باش'' لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە و کۆبوونەوەی داهاتوویان ''لەم رۆژانەدا'' دەکرێ". بەڵام نزیکەی 10 رۆژ بەسەر ئەو قسەیەدا تێپەڕی و کۆبوونەوەکە نەکرا.

رۆژی پێنجشەممە 2ـی تەممووزی 2026، لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەردوو حیزبەکە بەڕێوە چوو.

هاوپەیمانییەکە بە واتای ئەوە دێت، دوای چەندین ساڵ لە ئۆپۆزیسیۆنبوون، نەوەی نوێ رێگەی بەشداربوون لە حکومەتی گرتووەتەبەر.

لە بەشێکی قسەکانیدا عەلی حوسێن باسی لە نەوەی نوێ کرد کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 15 کورسی بەدەستهێنا و وتی: ''مانگی نۆی پار نەوەی نوێ لە رێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندی پێوە گرتم کە ئامادەن بە هەموو کورسییەکانیان لەگەل ئێمە 50+1 [ـی کورسییەکانی پەرلەمان] پێکبهێنن، بۆ ئەوەی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنرێت.''

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەشڵێت، پارتی پێشنیازەکەی نەوەی نوێی رەتکردووەتەوە لەبەر دوو هۆکار، ''یەکەم؛ پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکدین و پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی بۆشایی تێدەکەوێت. دووەم؛ پێمان دروست نەبوو لەکاتێکدا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید رێککەوتن بکەین کە لە زیندان بوو.''

نزیکەی دوو ساڵە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و کابینەی دەیەمی حکومەتیش پێکنەهێنراوە. ئەو بەرپرسەی پارتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''دەبێ کار لەسەر یەکڕیزی بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاست ئەم قۆناخەدا هەنگاو بنێین.''

بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیاری نەکراوە.

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.

 

  • پارتی و یەکێتی کۆنەبوونەوە؛ ئەمینداری یەکگرتوو باس لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکات

  • لێکترازانی ئابووری و سەربازی؛ ئەمریکا گەمارۆکان توندتر دەکات و ئێران هۆشداری لە ئاژاوە دەدات

  • ئۆجەلان هۆشداری دەدات و پێشنیاری "حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیک" بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

  • هەوڵی لابردنی سفرەکانی سەر دینار؛ نەشتەرگەرییەکی بەئازار بۆ ئابوورییەکی پەککەوتوو

  • دادگای فیدراڵی و چارەنووسی کابینەی نۆ؛ بڕیارێک کە بونیادی حکومڕانی لە هەرێم دەلەرزێنێت

  • ئه‌مریكا گه‌وره‌ترین جه‌نگى ئابوورى دژ به‌ ئێران ده‌ستپێده‌كات؛ ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاگرتنى نه‌وت ده‌كات

  • لە چەواشەکارییەوە تا بێدەنگی؛ بۆچی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی بکوژانی گوڵستان و هێرۆ ئاشکرا نەکرا؟

  • هۆشداریی دەم پارتی لە "کۆنووسی ساختە"؛ کێ دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی تێکبدات؟

  • بە ناوی کوردایەتی و لە پشکی خەڵک؛ کێ باجە ترلیۆن دیناریەکەی کۆڕەک دەدات؟

سەرەکی