بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 15°C (کەمێک هەوری)
  • سلێمانی: 12°C (باران)
  • دهۆک: 13°C (کەمێک هەوری)
  • هەڵەبجە: 14°C (باران)
  • کەرکووک: 17°C (هەوری)
  • زاخۆ: 14°C (باران)
  • گەرمیان: 17°C (باران)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە

دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟

ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی 2011 لە عێراق، تەنها کشاندنەوەیەکی سەربازیی سادە نەبوو..

ئیرادە میدیا (فەرمی)

3 خولەک خوێندنەوە

دوای ڕۆیشتنی هێزە بیانییەکان؛ چیرۆکی سەروەریی عێراق بە کوێ دەگات؟
فۆتۆ: Social Media

ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی 2011 لە عێراق، تەنها کشاندنەوەیەکی سەربازیی سادە نەبوو، بەڵکو وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ تاقیکردنەوەی توانا و ئیرادەی عێراقییەکان لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بڕیاردانی نیشتمانیدا. ڕێککەوتنامە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئەمریکا کە لە ساڵی 2008 واژۆ کرا، خشتەیەکی زەمەنی بۆ ئەم کشانەوەیە دیاری کرد، تاوەکو لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2011ـدا پرۆسەی دەرچوونی سەربازیی کۆتایی پێبێت.

​ پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوە بوو: عێراقییەکان دوای ڕۆیشتنی هێزه بیانیەکان چی دەکەن؟

​سەروەریی ڕاستەقینە تەنها بە جێهێشتنی سوپاکانی دەرەوە و داخستنی بنکە سەربازییەکان کورت نابێتەوە، هەروەها بە ئاهەنگی حکومی و جەماوەریش ناپێورێت، بەڵکو لە بنیاتنانی دەوڵەتێکدایە کە خاوەنی بڕیاری سیاسی، دامەزراوەی تۆکمە، ئاسایشی ناوخۆ، ئابوورییەکی بەهێز و پەیوەندییەکی هاوسەنگی دەرەکی بێت.

​عێراق باجێکی قورس و زۆر گرانبەهای دا بۆ گەیشتن بە ساتەوەختی "دەرچوونی هێزەکانی داگیرکەر". باجەکە لە ڕێگەی ساڵانی تاریکی تیرۆر و توندوتیژییەوە درا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی بێتاوان و داڕمانی ژێرخانی دەوڵەت و کۆمەڵگە.

​لەبەر ئەوە، کشاندنەوەی سەربازی کۆتایی جەنگ نەبوو، بەڵکو دەستپێکی بەرپرسیارێتییەکی مەزن و خاڵی وەرچەرخان بوو. قۆناغێکی نوێی کاری زەحمەت بوو بۆ بنیادنانی دەوڵەت و دابینکردنی سەروەریی ڕاستەقینە. لێرەدا سەروەری چەند ڕەهەندێکی گرنگ لەخۆ دەگرێت:

سەروەریی یاسایی و سیاسی: بریتییە لە ڕێککەوتن لەسەر دەستوورێک کە حوکمی هەمووان بکات، بنیاتنانی دامەزراوەیەک کە لە سەرووی کەسەکانەوە بێت، دروستکردنی هێزی سیاسی کە بەرژەوەندی نیشتمانی بکەنە بنەمای یەکەم بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان، لەگەڵ دروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتمانی کە فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینی کۆبکاتەوە نەک بیانکاتە هۆکاری دابەشبوون.

​سەروەریی ئابووری؛ عێراق دەبێت لەو بازنەیە دەربچێت کە تەنها پشت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو دەبەستێت. سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەن سامانی سروشتی زۆر گەورەیە، بەڵام داهاتوو پێویستی بە زیندووکردنەوەی کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ، وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت هەیە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون و بنیاتنانەوەی ژێرخان.

​ئاسایش و پاراستنی ناوخۆ: دەزگا ئەمنییەکان لەبەردەم قورس‌ترین تاقیکردنەوەدا دەمێننەوە؛ پاراستنی هاوڵاتی، توندکردنەوەی سنوورەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوی و توندوتیژی ناوخۆیی یان دەرەکی.

​سەروەریی دەرەکی و دیپلۆماسی: سیاسەتێکی دەرەکیی هاوسەنگ پێویستە کە کراوە بێت بەڕووی ناوچەی عەرەبی، ئیسلامی و جیهانیدا بەبێ ئەوەی ببێتە دیلی هیچ تەوەرێک. ئەزموون سەلماندی کە دۆسیە نێودەوڵەتییەکان کەمتر لە بوونی سەربازی گرنگ نین؛ بۆ نموونە دۆسیەی قەرەبووی کوێت تا ساڵی 2022 بە تەواوی داخرا، دوای ئەوەی عێراق نزیکەی 52.4 ملیار دۆلاری دا بە نزیکەی 1.5 ملیۆن داواکاری قەرەبوو.

​کەواتە، دەرچوونی هێزە بیانییەکان نابێت کۆتایی چیرۆکەکە بێت، بەڵکو دەبێت دەستپێکی پڕۆژەیەکی قورستری نیشتمانی بێت: بنیاتنانی دەوڵەتێک کە توانای پاراستن و بەڕێوەبردنی خۆی هەبێت و ئایندەی خۆی بە دەستی خۆی بنەخشێنێت.

​سەروەریی ڕاستەقینە بە ژمارەی ئەو سەربازانە پێوانە ناکرێت کە ڕۆیشتوون، بەڵکو بە توانای مانەوەی دەوڵەت بە بەهێزی دوای ڕۆیشتنیان دەپێورێت، هەروەها بەو توانایەی کە دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆ بدات، ئاسایشی خۆی مسۆگەر بکات و ئابوورییەکەی ببوژێنێتەوە.

​لێرەوە گەورەترین تاقیکردنەوە دەست پێدەکات: ئایا عێراقییەکان دەتوانن بڕیاری نیشتمانییان لە سەرووی ناکۆکییەکانیانەوە دانێن؟ ئایا دەتوانن نیشتمانێکی بەهێز بە ئابووری، ئاسایش و بە ئیرادەی کوڕ و کچەکانی بنیات بنێن؟

​ئەمە قووڵترین واتای سەربەخۆیی و سەروەرییە، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکە کە بە کشاندنەوەی هیچ هێزێکی بیانی کۆتایی نایەت

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە