بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 19°C (ساماڵ)
  • سلێمانی: 17°C (ساماڵ)
  • دهۆک: 16°C (کەمێک هەوری)
  • هەڵەبجە: 20°C (ساماڵ)
  • کەرکووک: 20°C (کەمێک هەوری)
  • زاخۆ: 17°C (کەمێک هەوری)
  • گەرمیان: 22°C (ساماڵ)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە
ڕاپۆرتی سەرەکی ڕاپۆرتە هەواڵ

سەرەڕای ڕەخنە ناوخۆییەکان کۆدەنگی دروست بوو؛ لەنێوان هەرێم و بەغداد چی ڕوویدا؟

زنجیرەیەک بڕیار و ڕێکاری نوێی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ڕۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026 لە ڕێگەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە ڕاگەیەندران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای خستە قۆناغێکی نوێی گرژییەوە. ئەم بڕیارانە، کە دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکوور هاتن، ڕاستەوخۆ دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناوچە جێناکۆکەکانیان کردە ئامانج.

ئیرادە میدیا (فەرمی)

3 خولەک خوێندنەوە

سەرەڕای ڕەخنە ناوخۆییەکان کۆدەنگی دروست بوو؛ لەنێوان هەرێم و بەغداد چی ڕوویدا؟

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • بڕیارەکانی بەغدا (24ی تشرینی دووەمی 2026): سپاردنی دەروازە فەرمییەکانی هەرێم بە دەستەی دەروازە سنوورییەکان، داخستنی 20 دەروازە و ڕێڕەوی نافەرمی، پابەندکردنی هەرێم بە وەرگرتنی مۆڵەتی هەناردەی نەوت لە بەغدا، و چاودێریکردنی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری مادەی 140
  • پارتی و یەکێتی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا و سەرکردایەتیی هەرێم (مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، بافڵ تاڵەبانی) بڕیارەکانیان بە نادەستووری زانی
  • پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان سەرکردەکانی هەرێم، عەلی زەیدی، تۆم باراک و فایەق زەیدان ئەنجام درا و دڵنیایی درا کە هیچ هێزێکی سەربازی ناجووڵێنرێت
  • وەفدێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ زەیدی کۆبووەوە؛ زەیدی داوای وەفدێکی یاسایی کرد بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش

زنجیرەیەک بڕیار و ڕێکاری نوێی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە ڕۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026 لە ڕێگەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە ڕاگەیەندران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای خستە قۆناغێکی نوێی گرژییەوە. ئەم بڕیارانە، کە دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکوور هاتن، ڕاستەوخۆ دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت و کێڵگە نەوتییەکانی سنووری ناوچە جێناکۆکەکانیان کردە ئامانج.

«دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕاسپێردرا بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم»

بەپێی بڕیارەکان، دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕاسپێردرا بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێم و فەرماندەیی هێزە سنوورییەکانیش بۆ داخستنی دەروازە و ڕێڕەوە ناڕەسمییەکان. هاوکات حکومەتی هەرێم پابەند کرا بەوەی مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بدرێت، وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزەش ڕاسپێردران بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی سنووری مادەی 140 لە دیالە، کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمدان، لەگەڵ داخستنی ڕێگا خۆڵەکان لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە و دانانی گۆڕەپان و تاقیگەی پشکنین لە بازگەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک. لە چوارچێوەی هەمان ڕێکارانیشدا چەند بەرپرسێکی ئەمنی و کارگێڕی لە کەرکووک و دەروازە سنوورییەکان دوورخرانەوە و بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور سڕ کرا.

«سەرەتا ترس و نیگەرانییەکی زۆریان لە هەرێمدا دروست کرد»

ئەم پێشهاتانە کە دوای دوو ساڵ لە ناکۆکیی ناوخۆیی و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هاتن، سەرەتا ترس و نیگەرانییەکی زۆریان لە هەرێمدا دروست کرد و هەندێک لایەن و چاودێر هۆشدارییان لە ئەگەری جووڵاندنی هێز یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم دا. لە یەکەم کاردانەوەشدا، پارتی و یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕێوشوێنەکانیان بە چاوەڕواننەکراو و پێچەوانەی دەستوور ناوبرد و جەختیان لە دیالۆگ و دەستوور وەک حەکەم کردەوە. هەریەک لە مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانیش بە جیا جەختیان لە پاراستنی قەوارە و مافە دەستوورییەکانی هەرێم، ڕەتکردنەوەی زمانی سەربازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە ڕێکاری یاسایی و دەستووری کردەوە.

لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمیش، سەرەڕای ئەوەی لایەنەکانی وەک نەوەی نوێ، گۆڕان، حزبی زەحمەتکێشان، پارتی سۆسیال دیموکرات و پارتی چاکسازیی تورکمان ڕەخنەی جددییان لە شێوازی حوکمڕانی، ململانێ ناوخۆییەکان و بوونی دەروازە نافەرمییەکان هەبوو، بەڵام هەموویان لە دژی بڕیارە تاکلایەنەکانی دەرەوەی دەستوور و هەوڵی لاوازکردنی دەسەڵاتی هەرێم وەستانەوە و داوای یەکڕیزی و گەڕانەوە بۆ دەستووریان کرد. لە بەرامبەردا، چوارچێوەی هەماهەنگی و نوسینگەی سەرۆکوەزیران پشتیوانییان لە ڕێکارەکان کرد و جەختیان لە پاراستنی سامانی گشتی، لێپرسینەوە و سەروەریی بڕیاری نیشتمانی لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە.

«زانیارییەکانی پشت پەردە»

بەپێی زانیارییەکانی پشت پەردە، دوای دەرچوونی بڕیارەکان، زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنی خێرا ئەنجام دران؛ مەسعود بارزانی لەگەڵ تۆم باراک قسەی کرد و دڵنیایی پێدرا کە ڕێکارەکان بۆ سەروەریی عێراقن و هیچ جووڵەیەکی سەربازی لەئارادا نییە، کە دواتر تۆم باراک هەمان دڵنیایی لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ عەلی زەیدی دووپات کردەوە. هاوکات پەیوەندی نێوان پیرمام و دەباشان و مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی چالاک بوو و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش درا، هاوکات لەگەڵ پەیوەندیی نێچیرڤان بارزانی و زەیدی بە فایەق زەیدانەوە کە جەخت لە دەستوور و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ کرایەوە.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، وەفدێکی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا زەیدی دووپاتی کردەوە کە هیچ هێزێک ناجووڵێنرێت و ئامانج جێبەجێکردنی دەستوور و بەڕێوەبردنی هاوبەش و ڕێگرییە لە قاچاخ و ماددەی هۆشبەر، بە نموونەهێنانەوەی دەروازەکانی بەسرە و مەنزورییە، داوای ناردنی وەفدێکی یاسایی کرد بۆ تێگەیشتن لە وردەکاریی بڕیارەکان. دوای کۆبوونەوەکەش، زەیدی لە بەیاننامەیەکدا جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان کردەوە و وەفدی هەرێمیش گەڕایەوە بۆ ڕاوێژ، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت سەرکردایەتیی سیاسیی کورد وەفدێکی باڵای سیاسی و یاسایی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان ڕەوانەی بەغدا بکات.

 

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە