بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بارگرانییەکی قورسی خستووەتە سەر شانی هاوڵاتیان، چونکە مووچە و داهات بە دینارە و پێداویستییەکانی ڕۆژانەش بە دۆلار دەخەمڵێندرێن. ئەم ناهاوسەنگییە توانای کڕینی لاواز کردووە و خەرجییەکانی ژیانی گرانتر کردووە، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان لەسەرە کە بە دۆلار وەردەگیرێت، ئەمەش وایکردووە پابەندبوون بە دانەوەی قیستەکان ببێتە ئاستەنگێکی گەورە.
«نووسراوەکەش گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی»
لەم چوارچێوەیەدا، ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، بە "ئیرادە میدیا"ی راگەیاند کە لە ئێستادا نووسراویان کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بە مەبەستی دیاریکردنی نرخی پێدانی قیستی مانگانەی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دینار، و نووسراوەکەش گەیشتووەتە وەزارەتی دارایی و تەنها بڕیاری ماوە بۆی دەربچێت.
بەوتەی ئامانج جەلال بە "ئیرادە میدیا"، لە نووسراوەکەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە بڕیارەکە بۆ یەکخستن و جێگیرکردنی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار کە لە بەشداربووانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت، نرخی فەرمی بێت و سەرجەم یەکەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. دوای دەرچوونی بڕیارەکەش، پێویستە سەرجەم وەبەرهێنەران پابەندی ئەو نرخە بن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، تاوەکو هاوڵاتیان زیانمەند نەبن.
«گۆڕانکاریی نرخی دراو لە بازاڕدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی ئابووری و دڵەڕاوکێی خەڵک و بژێوی و داهاتیان دروست دەکات»
لەلای خۆیەوە، د. نەزاکەت حسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "ئیرادە میدیا"ی راگەیاند کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بارگرانی بۆ بەشداربووانی یەکەکانی نیشتەجێبوون دروست کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاگادارن لە هەندێک پرۆژەدا داشکاندن کراوە و ١٠ هەزار دینار خوار نرخی دۆلار لە بازاڕەکان لە بەشداربووان وەردەگیرێت.
د. نەزاکەت حسێن بە "ئیرادە میدیا"ی وتیشی کە گۆڕانکاریی نرخی دراو لە بازاڕدا کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیریی ئابووری و دڵەڕاوکێی خەڵک و بژێوی و داهاتیان دروست دەکات، چونکە خەڵک ناتوانێت باڵانسی خەرجی و داهاتی بکات و بازرگانەکانیش نازانن چ کاڵایەک بهێنن و بە چ نرخێک بیفرۆشن، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری هاوڵاتیان داهاتیان جێگیر و سنووردارە و بەزۆری خەڵک باجی بەرز و نزمیی دراو دەدات.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بەرز و نزمییە کاریگەریی خراپی لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش هەیە و دەرگا بەڕووی بەرزکردنەوەی نرخەکاندا دەکاتەوە، بۆیە جەختی کردەوە کە پێویستە یاسا یان رێنماییەک هەبێت تا لە کاتی بەرزبوونەوەی دۆلاردا هاوڵاتیان و بەتایبەت مووچەخۆران زیانمەند نەبن.