لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دوای دانیشتنەکەی ٤ـی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان گەیشتوونەتە بنبەست و ململانێکانیان بووەتە هۆی پاشەکشەی پێگەی کورد لە بەغدا، هاوکات حکومەتی عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکادا هەڵمەتێکی توندی بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، سنووردارکردنی قاچاخچێتیی نەوت و جوڵاندنی دۆسیەی کێڵگە نەوتی و غازییەکانی هەرێم دەستپێکردووە، ئەمەش ئەزموونی ٣٥ ساڵەی هەرێمی کوردستانی لە نێوان قەیرانە ناوخۆییەکان و فشارە دەرەکییەکاندا خستووەتە بەردەم قۆناغێکی هەستیارەوە.
پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتوونەتەوە خاڵی سفر و دۆخەکە بەرەو بنبەست دەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی پارتی بە فەرمی داواکارییەکانی یەکێتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی سێ مەرجی سەرەکی ئاراستەی پارتی کردبوو کە بریتی بوون لە هەڵوەشاندنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو سێ پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا کرد تاوەکو سێ کەسی دیکە لە جێگەیان دابنرێت، لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسە ئەمنییەکان. لە بەرامبەردا، پارتی دەرگای بەڕووی ئەم داواکارییانەدا داخستووە و شەوی شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکدا بەرگریی لە بەشداریکردنی ئەو پەرلەمانتارانە کرد و جەختی کردەوە کە هەر لایەنێک نیوەی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەست نەهێنابێت، ناتوانێت داوای نیوەی پۆستەکانیش بکات.
«ئەزموونی ٣٥ ساڵەی هەرێم و هەڕەشەی سەر کێڵگە نەوتییەکان»
دوای تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر ئەزموونی حوکمڕانیی خۆماڵیدا و زیاتر لە دوو ساڵ لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، هەرێمی کوردستان لەبەردەم قۆناغێکی هەستیاردایە؛ لەلایەک ململانێی پارتی و یەکێتی گەیشتووەتە لێواری دابڕانی تەواوەتی و کارکردن لەسەر پەکخستنی پڕۆژەکانی یەکتر لە بەغدا، لەلایەکی دیکەش بەردەوامیی قەیرانی سووتەمەنی، نەوت و کارەبا و نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، متمانەی شەقام و بەرەی ناوخۆیی لاواز کردووە.
لەسەر ئاستی عێراقیش، حکومەتی عەلی زەیدی لە ژێر فشاری ئەمریکادا هەنگاوەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و رێگری لە قاچاخچێتیی نەوت چڕکردووەتەوە. دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەی جورف سەخر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە، لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەکاندا باس لە جوڵاندنی دۆسیەی یاسایی دەکرێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەردوو کێڵگەی ستراتیژیی کۆرمۆر و خۆرمەڵە، کە سەرچاوەی سەرەکیی غاز، کارەبا و ٤٠٪ـی نەوتی کوردستانن.
«روونکردنەوەی حکومەتی هەرێم و هەڵوێستی سەرۆککۆمار»
سەبارەت بە جموجوڵە سیاسییەکانی ئەم دواییە و سەردانەکەی رۆژی شەممەی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ پیرمام و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەنگۆکانی میدیاکانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رەتکردەوە و رایگەیاند، گفتوگۆکان تایبەت بوون بە چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و دەروازە سنوورییەکان، و هەموو لایەک هاوڕا بوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا.
لای خۆیەوە، نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "الشرقیە نیوز" داوای لە پارتی و یەکێتی کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە هیچ کامیان بە تەنیا ناتوانن حکومەت بەڕێوەببەن. ئامێدی جەختی کردەوە کە لەگەڵ جیاکردنەوەی پشکی بودجەی سلێمانی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستاندا نییە. هەروەها حکومەتەکەی عەلی زەیدی بە "دوا دەرفەت" بۆ رزگارکردنی سیستمی سیاسیی عێراق وەسف کرد و داوای پشتیوانیی هەموو لایەنەکانی کرد بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی کۆکردنەوەی چەک و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
«لەدەستدانی پێگە سیادییەکانی کورد لە بەغدا»
پەرتەوازەیی نێوان پارتی و یەکێتی و پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤، بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە ٢٠٠ پۆستی گرنگ لە بەغدا بە بەتاڵی بمێننەوە و پێگەی کورد لە جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتدا پاشەکشەیەکی بێوێنە بکات. بەپێی بەدواداچوونەکان ، لە کۆی زیاتر لە ٢١ دەستەی سەربەخۆی کارا کە بەپێی ماددەکانی (١٠٢ تا ١٠٨)ـی دەستوور خاوەن سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕین، لایەنە شیعەکان دەستیان بەسەر ١٨ دەستەدا گرتووە (وەک بانکی ناوەندی، دەستەی دەستپاکی و دەروازە سنوورییەکان)، لە کاتێکدا کورد تەنها سەرۆکایەتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بەرکەوتووە. لەسەر ئاستی ئەمنی و سەربازیش، لە کۆی شەش پۆستە هەرە باڵا ئەمنییەکەی عێراق و ١٥ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگاکان (بە کەرکوک و موسڵیشەوە)، هیچ پۆستێکی باڵا بەدەست کوردەوە نییە، لە کاتێکدا پێویست بوو ڕێژەی کورد لە ١٢٪ کەمتر نەبێت.
«هەڵمەتی دژ بە قاچاخچێتیی نەوت و "کەوتنی سەرە گەورەکان"»
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، عەلی ئەنهێر، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الرابعة" هۆشداری دا کە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتدا "سەری گەورە دەکەون". ئەنهێر ئاشکرای کرد کە راپۆرت و وێنەی ئاسمانی لەبەردەستدان کە رێگاکانی قاچاخچێتی روون دەکەنەوە، لەوانە بوونی دەریاچەیەکی نەوت لە کەرکوک کە بە وتەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی شارەکە هەر ٤ خولەک جارێک تانکەرێکی لێ دەردەچێت، جگە لە چارەسەرکردنی زیاتر لە ٢٠ حاڵەتی کونکردنی بۆرییە ستراتیژییەکان لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ـدا.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان، هەڵمەتەکەی لە ناوەڕاست و باشوورەوە بەرەو باکوور، کەرکوک، سەڵاحەدین، نەینەوا و خۆرئاوای ئەنبار فراوان کردووە، و پێشبینیی کرد حزب و لایەنە دەستڕۆیشتووەکان کێشە بۆ عەلی زەیدی دروست بکەن ئەگەر دۆسیەکە بە تەواوی و بێ پەردە بکاتەوە.