عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دژی قاچاخچێتیی نەوت دەرکرد کە تێیدا بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان دراوە، هاوکات سەرچاوە سیاسییەکان باس لە پەیامێکی چوار مەرجیی زەیدی دەکەن لە ڕێگەی فالح فەیازەوە کە تێیدا هەولێر هاتنی سوپای فیدراڵی و گەڕانەوە بۆ هێڵی شینی پێش ٢٠٠٣ ڕەت کردووەتەوە.
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ، بڕیار و ڕێکارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی فالح زەیدیی ئاشکرا کرد کە دوای پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتیی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەرکراون و بەشێکی سەرەکییان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
«بڕیارەکانی زەیدی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان»
لە ڕێکارە نوێیەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا، چەندین بڕیاری کارگێڕی، ئەمنی و هونەری بە ئاراستەی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێم دەرکراون، کە دیارترینیان بریتین لە:
دەروازە سنوورییەکان و سنووری نێودەوڵەتی: وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە، هەروەها ڕاسپاردنی فەرماندەیی هێزەکانی سنوور بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان لەسەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان، بە دەروازەکانی هەرێمیشەوە.
دۆسیەی نەوت و کێڵگەکان: پابەندکردنی حکومەتی هەرێم بە پێنەدانی مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە، لەگەڵ ڕاسپاردنی وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزە بۆ گرتنەدەستی بەڕێوەبردن و چاودێریکردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە پارێزگاکانی (دیالە، کەرکووک، سەڵاحەددین و نەینەوا) کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێم.
داخستنی ڕێگاکان و دانانی بازگە و تاقیگە: ڕاسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ داخستنی سەرجەم ڕێگا خۆڵەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکانی (دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و نەینەوا)، هاوکات دروستکردنی گۆڕەپان و تاقیگەی پشکنین لە بازگەکانی دەروازەی (سلێمانی، هەولێر و دهۆک) بۆ پشکنینی بەرهەمە نەوتییەکان، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە بڕی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لە دەروازەکانی هەرێمەوە هەناردە کراون و وردبینی لە دابینکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی بازیان و کار.
هاوکات لە چوارچێوەی هەمان بڕیارەکاندا، زەیدی بڕیاری دا بە بەخشین و دوورخستنەوەی کاتیی ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتی، لەوانە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، فەرماندەیی لیوای یەکی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، لەگەڵ ڕەوانەکردنی دۆسیە و گرێبەستە نەوتییەکان بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی.
«مەسرور بارزانی: جێگەی قبوڵکردن نییە»
لە وەڵامدا، مهسرور بارزانی له لێدوانێكدا بۆ میدیاكان لهبارهی بڕیارهكانی سهرۆكوهزیرانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنی كێڵگه نهوتییهكان و دهروازه سنورییهكانی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند "ههر شتێك لهگهڵ دهستور نهگونجێت قبوڵكراو نییه. وتیشی توشی سهرسوڕمان بووین بهو بهیاننامهی ئهمڕۆ دهرچووه، لهگهڵ ناوهڕۆكی ئهو گفتوگۆیانه ناگونجێت كه پێشتر لهگهڵ دهسهڵاتدارانی بهغداد ههمانبووه".
مەسرور بارزانی وتی "ئهمهی ئهمڕۆ كراوه جێگهی سهرسوڕمانهو به هیچ جۆرێك جێگهی قبوڵكردن نییه".
«پەیامەکەی فالح فەیاز و مەرجە باسکراوەکان»
لە تەریبی ئەم بڕیارانەدا، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەرلەمانتاری پێشوو حوسێن عەرەب و سەرچاوەیەکی سیاسی بۆ پێگەی "العالم الجدید"، فەیاز پەیامێکی چوار مەرجیی عەلی زەیدیی گەیاندووەتە هەولێر کە بریتین لە:
«ڕادەستکردنی ٤٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا.»
بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لەلایەن کۆمپانیایەکی جیهانییەوە.
کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیا، ئێران و سووریا لەلایەن سوپای فیدراڵییەوە.
گەڕانەوەی هەرێم بۆ هێڵی شینی پێش ساڵی ٢٠٠٣، لەگەڵ هێشتنەوەی تەنها حەوت دەروازە و داخستنی زیاتر لە ١٧ دەروازەی نافەرمی.
«وەڵامی هەولێر و ڕەتکردنەوە فەرمییەکان»
بەگوێرەی سەرچاوە سیاسییەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی لە وەڵامی پەیامەکەدا ئامادەیی هەرێمی بۆ هاوکاری لە ڕێگەی لیژنە هونەرییەکان و بەڕێوەبردنی هاوبەشی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەربڕیوە، بەڵام بە شێوەیەکی ڕەها هاتنی سوپای فیدراڵی بۆ ناو هەرێم و گەڕانەوە بۆ هێڵی شینی ڕەت کردووەتەوە، چونکە گەڕانەوە بۆ ئەو هێڵە بە واتای دابڕینی ناوچەکانی سحێلا، مەحموودییە، شێخان، ئاکرێ، کفری و بەشێک لە چەمچەماڵ، شوان و تەقتەق دێت لە هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئاستی فەرمیش، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان وەفا محەمەد کەریم، وردەکاریی داواکاری و مەرجەکانیان لە کۆبوونەوەکانی فەیاز ڕەت کردەوە و بە بێبنەما وەسفیان کرد، جەختیشیان کردەوە کە کێشەکانی بودجە، نەوت و مووچە بە دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر دەکرێن و هەرێم ئامادەی ناردنی هێزی زیاتری پاسەوانی سنوور و پێشمەرگەیە بۆ کۆنترۆڵی سنوورەکان.
لە لایەکی دیکەوە، چاودێران و سیاسەتمەدارانی کورد (فایەق یەزیدی و شێرزاد مستەفا) پێیان وایە بەغدا دوای هەنگاوەکانی لە جرف الصخر و سوودوەرگرتن لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و هەڵوێستی ئەمریکا، بە جددی هەوڵی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و سەپاندنی مەرجەکانی بەسەر هەرێمدا دەدات.