|
ئۆزگور ئامەد
01/08/2026
175 جار خوێنراوەتەوە
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دیمەنەکانی فیلمی "ئۆدیسە" کە لەم دواییانەدا نمایش کرا، نەک لە نێوان شمشێر و خوداوەندەکاندا، بەڵکو لە پاڵ تەشتێکی ئاودا دەبینین. ساڵانێک دوای ڕۆیشتنی، ئۆدیسیۆس بە جلوبەرگی سواڵکەرێکەوە تا کەس نەیناسێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئیتاکا. تەنانەت هاوسەرەکەی، کوڕەکەی و هاوڕێ کۆنەکانی جەنگیش نایناسنەوە، هیچ کەس نایناسێتەوە، جگە لە یەک کەس. کاتێک یوریکلیا، دایەنە بەساڵاچووەکەی قاچەکانی دەشوات، دەستی بەر برینە کۆنەکەی سەر قاچی دەکەوێت. شوێنەواری ئەو برینەی کە لە گەنجییدا بەهۆی بەرازێکی کێوییەوە درووست ببوو، هێشتا وەک خۆی مابوو. لە ساتێکدا تێگەشت کە ئەم سواڵکەرە ماندووەی بەردەمی، هەمان ئەو منداڵەیە کە ڕۆژگارێک لە ئامێزیدا لاواندوویەتییەوە و گەورەی کردووە. ڕوخساری گۆڕاوە، دەنگی گڕ بووە و ناوی خۆی شاردووەتەوە، بەڵام برینەکە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.
"ئەوەی ڕاستیی ناسنامەی ئۆدیسیۆس ئاشکرا دەکات، ئەو ڕێگەیە نییە کە بۆ ماڵەوەی دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو شوێنەوارەیە کە بە جەستەیەوە هەڵیگرتووە"
مرۆڤ دەتوانێت زۆر شت لەبیر بکات، ڕوخسارەکان، ساڵەکان، تەنانەت هەندێک جار خودی ئازارەکەش. بەڵام برینەکان لەبیر ناکرێن. ئەوان پێست دەکەنە پەڕەیەک و هەموو ڕووداوەکان لەسەری دەنووسنەوە. ئەوەی ڕاستیی ناسنامەی ئۆدیسیۆس ئاشکرا دەکات، ئەو ڕێگەیە نییە کە بۆ ماڵەوەی دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو شوێنەوارەیە کە بە جەستەیەوە هەڵیگرتووە. ڕەنگە ئەوەی پێی دەڵێین گەڕانەوە، لەو شوێنەوە دەست پێبکات کە پێش هەموو کەسێک، برینەکانمان دەمانناسنەوە.
"من بە چیرۆکی جێبرینێک دەستم پێکرد. دواتریش بۆی دەگەڕێمەوە".
لە ١٧ی تەمووزدا، لە سینەماکاندا پەردە لەسەر بەرهەمە نوێیەکەی کریستۆفەر نۆلان لادرا کە لە شاکاری "ئۆدیسە"وە وەرگیراوە، بەمەش پرسیارە ٣٠٠٠ ساڵەییەکەی ناو داستانەکە لە هۆڵەکانی سینەماوە بووبە وێردی سەر زمانی جیهان، ئایا بەڕاستی مرۆڤ دەتوانێت لە دوای جەنگ بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە؟
لە زمانی یۆنانییدا، (Nostos) واتە گەڕانەوە، (algos)ـیش واتە ئازار. کاتێک ئەم دوو وشەیە یەک دەخرێن، وشەی "نۆستالجیا" دروست دەبێت. بە واتایەکی دیکە، ئەو هەستەی ئێمە پێی دەڵێین "تاسە و بیرکردن"، لە بنەڕەتدا واتە "ئازاری گەڕانەوە". هەر خۆی زمانەکە پێمان دەڵێت: گەڕانەوە هەرگیز شتێکی شیرین نەبووە.
تەوەری سەرەکیی داستانەکە ڕێک ئەمەیە. گەشتەکەی ئۆدیسیۆس لە ترۆیەوە بۆ ئیتاکا دە ساڵی خایاند، بەڵام ئەو دە ساڵە بە دووریی سەر نەخشە ناپێورێن. ئەو دە ساڵی لە جەنگدا بەسەر برد و دە ساڵی دیکەش تێکۆشا تا بگەڕێتەوە ماڵەوە. ئەم هاوکێشە سەیرە وەک ئاگادارییەکی توند بۆ مێژووی مرۆڤایەتی دەخوێنرێتەوە، چوون بۆ جەنگ ڕەنگە تەنیا بەقەد سەرکەوتنە سەر کەشتییەک کاتی بوێت، بەڵام ڕزگاربوون لە جەنگ ساڵانێکی دەوێت. چەکەکان بێدەنگ دەبن، بەڵام هەراوهوریای ناوەوەی مرۆڤ دەستبەجێ خامۆش نابێت. مرۆڤ دەریاکان دەبڕێت، لە سنوورەکان دەپەڕێتەوە و پێ دەنێتە سەر وشکانی، کەچی گەڕانەوەکە هێشتا تەواو نەبووە. لەم ڕێگەیەدا، ئۆدیسیۆس هاوڕێکانی لەدەست دەدات، فێر دەبێت ناوەکەی بشارێتەوە، لە کۆتاییشدا وەک نامۆیەک بە ناو ماڵەکەی خۆیدا ڕێ دەکات. کاتێک دەگاتە بەردەرگا، دەبینێت هیچ شتێک وەک خۆی نەماوە.
ئەمە ڕێکەوتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە. لە تورکیای هاوچەرخدا، گەرمترین بابەتی ڕۆژ، پرسی "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە"یە. پرۆسەی ئاشتیی نێوان حکومەتی تورکیا و تەڤگەری کورد، کە لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ لە پەرلەمانی تورکیا دەستی پێکرد، پاشان لە ئایاری ٢٠٢٥دا چەکدانانی فەرمیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی بەدوادا هات. پرۆسەکە تووشی کێشە و ئاستەنگی زۆر بووەوە، بەڵام ئێستا سەرەنجام نزیک بووەتەوە لەوەی کە بخرێتە چوارچێوەیەکی یاساییەوە – بە واتایەکی دیکە، بێتە ناو کایەی یاساوە.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، یەک بە یەک سەردانی پارتییە سیاسییەکانی کردووە، هەردوو پارتی ڕاستڕەوی نەتەوەیی (مەهەپە)ی هاوپەیمانی ئەردۆغان و پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە لایەنگری کورد دەکات، چاوەڕوانن ئەم مانگە "یاسای چوارچێوە"ـی زۆر لەسەر دواو تێپەڕێندرێت. نوێنەرانی کورد ئەم پڕۆسەیان بە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" ناو بردووە، لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا بە "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات.
ئێستا وڵاتی تورکیا بەگەرمی خەریکی گفتوگۆیە سەبارەت بە گەڕانەوەی خەباتکارانی کورد، چالاکوانان و ئەو مەدەنییانەی کە ساڵانێکی تەمەنیان لە شاخەکاندا بەسەر بردووە، کە بەهۆی سزای زیندان، جەنگ، یان ئاوارەیییەوە لە خێزان، ماڵ و شارەکانی خۆیان دابڕاون. هیچ پێویست ناکات کەس بە ئۆدیسیۆس بەراورد بکەین، بەراوردێکی لەو جۆرە هەم بایەخی مێژوو و هەم بەهای ئەو مرۆڤانەش کەم دەکاتەوە کە باجیان بە زۆر شتی ژیانیان داوە. بەڵام ئەم چیرۆکە کۆنەیە هێشتا بۆ پرسێکی گرنگ ڕاماندەکێشێت بۆ ئەوەی بپرسین "گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" واتا چییە؟
"ئاشتیی بەردەوام بە سووککردنی مرۆڤەکان، سڕینەوەی ڕابردوویان و هێشتنەوەیان لە هەستی تاوانباریی هەمیشەییدا درووست نابێت".
جارێکی دیکەش دەیڵێمەوە: "گەڕانەوە" و "توانای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" هەمان شت نین. مرۆڤ دەکرێت شوێنێک بەجێبهێڵێت و دواتر بگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن، ئەمە ڕووداوێکی جوگرافییە. بەڵام گەڕانەوە بۆ ماڵەوە شتێکی دیکەیە. ئەوەی ڕاستیی ناسنامەی ئۆدیسیۆس ئاشکرا دەکات، ئەو ڕێگەیە نییە کە بۆ ماڵەوەی دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو شوێنەوارەیە کە بە جەستەیەوە هەڵیگرتووە سیستەمێکی یاسایی بتپارێزێت و کۆمەڵگەیەکیش ئامادە بێت قبووڵت بکات، ئەگەر نا، تۆ تەنیا شوێنی خۆتت گۆڕیوە.
هەمان جیاوازیش لە نێوان "خۆبەدەستەوەدان" و "گەڕانەوەی سەربەرزانە"دا هەیە. کەسێک کە خۆی بەدەستەوە دەدات، ناچار دەکرێت سەرپاک دەست لە ڕابردووی خۆی هەڵبگرێت، تا کۆتایی ژیانی وەک تاوانبارێک بە سەرشۆڕییەوە داوای لێبوردن بکات. گەڕانەوەیەکی لەو جۆرە ئاشتی دەستەبەر ناکات، بەڵکو شکستێکی بێدەنگکراو بەرهەم دەهێنێت. ئاشتیی بەردەوام بە سووککردنی مرۆڤەکان، سڕینەوەی ڕابردوویان و هێشتنەوەیان لە هەستی تاوانباریی هەمیشەییدا درووست نابێت. کەسێک کە بێدەنگ کرابێت، نابێتە خاوەنی ئاشتی.
بەڵام نابێت ئەمە بە هەڵە تێبگەین. ئەمە بە مانای لەبیرکردنی ڕابردوو یان هێڵکێشان بەسەر هەموو ئەوانەی ڕوویان داوە، نایەت. ئازار هەبووە، لەدەستدان هەبووە، و دایکانی هەموو لایەک ڕۆڵەکانیان بەخاک سپاردووە. بۆیە گەڕانەوە دەبێت هاوشانی یاسا، ڕاستی، دادپەروەری و لێپرسینەوە لەگەڵ ڕابردوودا بێت. ئاشتی بە سڕینەوەی یادەوەری نایەتە ئاراوە، بەڵکو بە درووستکردنی بناغەیەکی ئەوەندە بەهێز دێت کە توانای هەڵگرتنی ئەو یادەوەرییانەی هەبێت.
ڕاستییەکی دیکەش هەیە. کەسێک کە دوای ساڵانێکی درێژ دەگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ماڵەی کە پێشتر بەجێیهێشتبوو. دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتێکی گۆڕاو، خێزانێکی گۆڕاو و کۆمەڵگەیەکی گۆڕاو. ئەو خوشک یان برایەی کە بە منداڵیی بەجێیهێشتبوون، ئێستا بوونەتە دایک یان باوک، شەقامە ئاشناکان ئیتر بۆ ئەو نامۆن و نیشتمانی ناو یادەوەرییەکان لەگەڵ ئەو نیشتمانەی کەوتبووە ژێر پێیەکانی، ئیتر هەمان شوێن نین. ئەمەش فیتاوفیت بەشێکە لە تراژیدیای ئۆدیسیۆس. ئەو ئیتاکایەی پێی دەگات، ئەو ئیتاکایە نییە کە دە ساڵ پێشتر بەجێیهێشتبوو.
ئەو کۆمەڵگەیەی پێشوازییان لێ دەکات، ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەک دەبێتەوە کە ئاستەنگییەکەی لە هی ئەوانەی دەگەڕێنەوە کەمتر نییە. ئەو کۆمەڵگەیەش دەبێت ڕووبەڕووی ترسی خۆی، تووڕەیی خۆی و ئەو برینانە ببێتەوە کە هەرگیز نەیتوانیوە ساڕێژیان بکات. ئەمە ئاسان نابێت، بەڵام ئاشتی ڕێک لە ساتی مامەڵەکردنی درووست لەگەڵ ئەم بەریەککەوتنانەدا بونیاد دەنرێت. ئا لێرەشەوە ئەرکی دەوڵەت دەست پێدەکات. بەرپرسیاریەتیی دەوڵەت تەنیا بە کردنەوەی دەرگاکە کۆتایی نایەت. ئەرکە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بکاتە ڕێگەیەکی سەلامەت، ئاشکرا، یاسایی و شایستەی کەرامەتی مرۆڤ. کردنەوەی دەرگاکە بە نیوەناچڵیی و هێشتنەوەی خەڵک بە دڕدۆنگیی لەپێش دەرگاکە، بانگهێشتکردن نییە بۆ گەڕانەوە، بەڵکو بانگهێشتکردنە بۆ تەڵەیەکی نوێ. ئەمەیە ئەوەی کورد لە یاسای چوارچێوە، لە "یاسای گەڕانەوە" چاوەڕوانی دەکات.
لەبەر ئەم هۆکارەشە، ناکرێت "یاسای چوارچێوە" تەنها وەک دەقێکی تەکنیکیی تەماشا بکرێت. ڕەنگە یاسایەکی دە مادەیی لەسەر کاغەز سادە دەربکەوێت، بەڵام سەنگی واقعی ئەم جۆرە یاسایانە، لە ڕێزکردنی وشەکاندا نییە، بەڵکو لە چۆنیەتیی هێنانەدی و جێبەجێکردنیدایە. هەمان دەق ئەگەر بە دادپەروەریی و درووستیی ڕەچاو بکرێت، ڕێگە بۆ وەرچەرخانێکی نوێ خۆش دەکات، بەڵام ئەگەر بە خواروخێچی پەسەند بکرێت، داڕمان و بێئومێدییەکی دیکە لەسەر بێئومێدییەکان زیاد دەکات. ئەو بارە سەنگینەی کە ئەم یاسایە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، زۆر لە چوارچێوەی دەقەکە گەورەترە، بارێکی مێژوویی و ئەخلاقییە. ئەم وڵاتە لێرەدا بڕیار دەدات کە بە چ ڕووسوورییەکەوە باوەش بۆ ڕۆڵەکانی خۆی بکاتەوە.
با ئەمەشمان لە یاد بێت، ئۆدیسیۆس پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵەوە، بە نێو تاقیکردنەوەی بێشوماردا دەربازببوو: زریان، دێوەزمەکان و تەڵەکەبازیی خوداوەندەکان. ئەوانەی ئەمڕۆ باسی گەڕانەوەیان دەکرێت، خۆیان لەناو تۆفانی تایبەت بە خۆیاندا تێپەڕیون. بۆ زۆرێک لەوانیش، گەڕانەوە بڕیارێکی وا ئاسان نییە؛ بۆیە، ئەو گوتارانەی کە ئاڕاستەیان دەکرێت، دەبێت لانیکەم هاوسەنگ و هاوشانی ئەو بڕیارە بێت کە داویانە.
کاتێک داستانەکە دووبارە دەخوێنینەوە، ئەم ڕاستییە بەڕوونیی دەبینین. تاقیکردنەوە ڕاستەقینەکەی ئۆدیسیۆس تەنیا ڕزگاربوونی نەبوو لە جەنگ، بەڵکو ئەوە بوو کە چۆن بەبێ لەدەستدانی جەوهەری مرۆڤبوونی خۆی بگەڕێتەوە ماڵەوە. ئەمڕۆش ئاڵۆزی و پرسە سەرەکییەکە تەنیا ئەوە نییە ئەم مرۆڤانە چۆن دەگەڕێنەوە، بەڵکو ئەوەیە ئایا چ جۆرە یاسایەک، چ دەستەبەرییەک، چ فەرهەنگێکی کۆمەڵایەتیی و چ جۆرە شکۆمەندییەک ئامادەیە بۆ پێشوازیکردنیان؟ لە کۆتاییدا، هەر ئەمە دەبێتە پێوەر و سەنگی ڕاستەقینە.
پرۆسەی گەڕانەوە بە تەنها بە پێ خستنە سەر زەوی و کەنارەکان کۆتایی نایەت، بەڵکو کاتێک گەڕانەوە دەبێتە ڕاستی، کە کۆمەڵگە بە دەنگێکی بەرز پێیان بڵێت: لێرە، هێشتا شوێنێک بۆ ژیانی ئێوە ماوە.
سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی بەوە ناپێورێت کە چەند کەس لە شاخەکان دێنە خوارەوە، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە چەند کەس دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ماڵەکانیان، باوەش بە خێزانەکانیاندا بکەن، بەشداری لە بزووتنەوەی سیاسیی بکەن، کار و چالاکی ڕێکبخەن و وەک خودی خۆیان بژین. کردنەوەی دەرگاکە تەنها دەستپێکێکە، دەستپێکێکی باشیشە، بەڵام گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، زۆر لە تێپەڕین بەناو ئەو دەرگایەدا گەورەترە.
با بگەڕێمەوە بۆ دەستپێکی وتارەکەم: گەڕانەوەی ڕاستەقینەی ئۆدیسیۆس، ئەو ساتە بوو کە پەنجەکانی داپیرە یوریکلیای بەخێوکەر بەرکەوتنی لەگەڵ برینە کۆنەکەیدا دروست کرد. ڕێگەی گەڕانەوەی ئێمەش ڕێک لەوێوە دەست پێدەکات.
کەواتە پرسیارەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا کورد ئەزموونی ئۆدیسەی تایبەت بە خۆی دەکات؟
وەرگێڕانی: ئیمان ئومێد
سەرچاوە: The Amargi
|