2   کاتژمێر پێش ئێستا 49 جار خوێنراوەتەوە

سێ مانگی پڕ لە تراژیدیا و ٤٣ ساڵ لە چاوەڕوانی؛ چیرۆکی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیی

43 بەسەر یەکێک لە تاریکترین و دڕندانەترین پەڕەکانی مێژووی گەلی کورددا تێدەپەڕێت؛ پرۆسەی جینۆساید و لەناوبردنی بە کۆمەڵی بارزانییەکان، کە وەک پڕۆژەیەکی سیستماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو لەلایەن رژێمی بەعسەوە جێبەجێ کرا و تا ئێستاش شوێنەواری خەمناک و ئازاری کەسوکارەکەی بە زیندووی ماوەتەوە.

سەرەتای مێژووی ئەم غەدرە گەورەیە بۆ ساڵی ١٩٧٥ دەگەڕێتەوە؛ کاتێک خەڵکی دەڤەری بارزان بە ستەم لە زێدی باوباپیرانیان ڕاگوێزران و بۆ بیابانەکانی باشوری عێراق و بۆ پارێزگای دیوانییە دوورخرانەوە. لەوێ، لە چەند کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێدا نیشتەجێکران، بە جۆرێک کە مرۆڤە کوێستانی و بەرهەمهێنەرەکان کرانە بیاباننشین و بەکارهێنەر، و تەنانەت سەرجەم ئافرەتان بێکار کران کە پێشتر لە ناوچەکانی خۆیاندا بەرهەمی شیرەمەنییان دروست دەکرد.

تا ساڵی ١٩٧٨، ئەو بارزانییانەی دیکەش کە مابوون، بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکانی حەریر و دیانا گوازرانەوە و دوای چۆڵکردنی ناوچەکە، سەرجەم گوندەکان سوتێنران و ژینگەی دەڤەری بارزان بە تەواوی شێوێندرا و لە ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٩١ بە فەرمی بە ناوچەی قەدەغەکراو هەژمار کرا.

دوای هاتنە سەر حوکمی سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٧٩، بارزانییەکانی ناوچەکانی باشوری عێراق هێنرانەوە بۆ دەوروبەری هەولێر (دەشتی قوشتەپە، کۆمەڵگەی قودس و قادسییە). بەڵام ئەمە تەنها سەرەتای قۆناغێکی نوێی مەترسی بوو

لە ساڵی ١٩٨٣دا، جینۆسایدەکە چووە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە و پیاوەکان لە ئافرەتان جیاکرانەوە:

قۆناغی یەکەم (٣١ـی تەموزی ١٩٨٣): بارزانییەکانی کۆمەڵگەی قودس و قادسییە دەستگیرکران، برانە بیابانەکانی باشوری عێراق (لە سێکوچکەی عێراق – سعودییە و کوەیت) و زیندەبەچاڵکران.

قۆناغی دووەم (١٠ـی ئابی ١٩٨٣): بارزانییەکانی کۆمەڵگەی حەریر و دیانا لەنێوبران.

قۆناغی سێیەم (١ـی تشرینی یەکەمی ١٩٨٣): ئەو مێردمنداڵ و پیرە پیاوانەی کە مابوونەوە، دووبارە دەستگیرکرانەوە و کۆتاییان پێهێنرا.

بە گوێرەی بەڵگەکان، تەمەنی قوربانییان لە منداڵێکی کوڕی حەوت ساڵانەوە تا پیرە پیاوێکی سەروو هەشتا و نەوەد ساڵ بووە. لە ماوەی تەنها سێ مانگدا، هەشت هەزار بارزانی کە سەرجەمیان هاووڵاتی ئاسایی (تەنانەت بەشێکیان سەربازی خودی حکومەتی عێراق) بوون، بێ تاوان لەنێوبران.

سەڕەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر، هێشتا زۆربەی رووفتەکان نەگەڕێنراونەتەوە زێدی خۆیان:

١٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٥: یەکەمین کاروانی گەڕانەوەی رووفاتەکان کە پێکهاتبوون لە ٥٠٣ رووفات، گەڕێنرانەوە.

لە ٦ـی ئازاری ٢٠١٤دا ٩٣ رووفاتی دیکە هێنرانەوە.

٣١ـی حەوتی ٢٠٢٢: ١٠٠ رووفاتی دیکە گەیشتنەوە دەست کەسوکاریان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە کۆی هەشت هەزار جینۆسایدکراو، تەنها ٦٩٦ رووفات گەڕێنراونەتەوە و حەوت هەزار و ٣٠٤ رووفات تا ئێستاش لە بیابانەکانی باشوری عێراقدا ماون، کەسوکارەکەیان بە چاوی پڕ لە ئەسرینەوە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیاندا ژیان بەسەر دەبەن.

لە لایەکی دیکەوە، لە ساڵی ٢٠١١دا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دوای ئەنجامدانی ٤٠ دانیشتن، بە فەرمی پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکانی بە جینۆساید ناساند، بەڵام بۆ کەسوکاری قوربانییان گەورەترین مەرگ، نەگەڕانەوەی ئێسکوپروسکی ئازیزانیانە کە هێشتا لە بیابانە دوورەکاندا چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم غەدرە مێژووییەن

  • سێ مانگی پڕ لە تراژیدیا و ٤٣ ساڵ لە چاوەڕوانی؛ چیرۆکی ئەنفالی هەشت هەزار بارزانیی

  • لە مەغریب چی ڕوودەدات؟ هەزاران كەس وڵاتەكەیان جێدەهێڵن و ڕوودەكەنە ئیسپانیا

  • ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان ناوەکەی دەگۆڕێت یان هەڵدەوەشێتەوە؟

  • پزیشکان هۆشداری دەدەن؛ ژمارەی ڕاستەقینەی تووشبووانی شەکرە لە سلێمانی دوو هێندەی ئامارە فەرمییەکانە

  • لێدانی گورچکبڕ لە حەوت پارێزگا: لایەنە شیعەکانی توڕەو ئامادە کردووە

  • حكومه‌تى هه‌رێم په‌نا بۆ فراكسیۆنه‌كان ده‌بات و چه‌ند داواكارییه‌كى له‌ عێراق هه‌یه‌

  • ئه‌مریكا كاتژمێرى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌ كاتى خۆى ڕێكده‌خات؛ ئیسرائیل هاوپه‌یمانه‌ یان سه‌ركرده‌؟

  • عێراق لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا: کاردانەوەی توندی لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بە پێشێلکردنی سەروەریی

  • ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ نەتەنیاهۆ و زێلێنسكی

سەرەکی