نەورۆز مەحمود قادر 25/08/2026 90 جار خوێنراوەتەوە

جەنگی جیهانی سێیەم، جەنگی نێوان دامەزراوەی دەوڵەت و کەرتی تایبەتە

ئەزموونەکەی  بانکی خێزانیی "جاکۆب فیش"ی ئەمریکی، لەساڵی ١٩٠٣ وانەیەکی مەترسیدار
بوو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، کە دواتر بوو بە مۆدێلێک بۆ دامەزراندنی سیستمی کردیدیتە
دەرەکیەکان، لە بانکە تایبەتەکانی ئەمریکا و دەسپێکی سەردەمی هەژموونی ئابووری
کەرتی تایبەتی واڵستریت بەسەر تەواوی سیاسەتی دەرەوە و کەرتی سەربازیی دەوڵەتی
ئەمریکا، کە تیایدا گرووپی بانکەکانی جاکۆب فیش بە بڕی ٢٠٠ ملیۆ دۆلاری ئەو
سەردەمە، هاوکاری سوپای یابانیان کرد. ئەوەش بوو بەهۆی سەرکەوتنی یابان لە جەنگی
هەرێمی مەنشوریا لە ساڵی ١٩٠٤، بەسەر سوپای ڕوسیای قەیسەریی، کە لەئەنجامدا بە
ملیۆنان کەسی ئەو هەرێمە لەلایەن یابانیەکانەوە کۆمەڵکوژکران و ئەوانەی زیندوو
بوون کران بە کۆیلە. ئەمەش بوو بەبەردی بناغەی دامەزراندنی سیستمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڕاستە و دەرئەنجامی جەنگەکان و
تەنانەت ئاڕاستەکردنی خودی مێژوو، لەهەمان کات ئەم تاقیکردنەوەیە بوو بە هۆی
ئامادەکارییەکی بەرفراوانتر بۆ داڕشتنەوەی سیستمی ئابووری جەنگی جیهانیی یەکەم و
دووەم و جەنگەکانی دواتر کە تا ئەمڕۆش کارایە.

لە جەنگی جیهانی یەکەمدا بانکی نێودەوڵەتیی لە سویسرا، لەلایەن سەرمایەدارە ئەمریکیەکان و
بەتایبەتی گرووپی بانکی خێزانیی "جەی - پی مۆرگان"ەوە دادەمەزرێت، کە
سەرەتا قەرز دەدەن بە هەردوو لایەنی جەنگەکە، بەڵام بەهۆی دەوڵەمەندی فەرەنسا و
بەریتانیا، هەروەها لەپێناوی برابەشی لە کۆلۆنیەکانی ئەوان، واڵستریت باڵانسی
هاوکارییەکانیان بەلای بەرەی فەرەنسا و بەریتانیادا شکاندەوە، هەربۆیە لەکاتی
باڵادەستی بەرەی ئەڵمانیا/نەمسا و عوسمانیەکان لەکۆتایی جەنگەکە، ئەوان فشار لە
سەرۆکی ئەمریکا دەکەن کە بەکرداریی بەشدرایی لە جەنگەکەدا بکات و هێز ڕەوانەی
ئەوروپا بکات، ئەوەش لەپێناوی سەرکەوتنی فەڕەنسی و بەریتانیەکان بوو کە قەرزاری
ئەوان بوون. سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا، ویدرۆ ویڵسن کە ناوەڕۆکی بانگەشەی
هەڵبژاردنەکەی، بریتیبوو لە بێلایەنی ئەمریکا لە جەنگی جیهانی یەکەم، بە فشاری
واڵستریت و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت، سوپای ئەمریکا لە جەنگی جیهانی یەکەمەوە
دەگلێنێت، ئەم سیناریۆیە بەهەمان ئەو
ئامانجە ئابوورییانە، لە جەنگی جیهانی دووەمیشدا بەشێوەیەکی بەرفراوانتر دووبارە
دەبێتەوە و سەرەتا هاوکارییەکی بێپایانی نازیەکان و فاشیەکان دەکەن، بەڵام لەدواتر
لەدژیان دەوەستنەوە.

لە سەردەمی جەنگی سارد و لە چوارچێوەی پیلانی مارشاڵ، کەتیایدا ئەمریکا سیاسەتی قەرزە
بانکیەکانی پەرەپێدا و کریدیتێکی زەبەلاحی بە ١٧ وڵاتی ئەوروپی و تورکیا بەخشی،
بەوەش دیواری بەناو بەرگریکردنی ئەوروپای بەرامبەر بە هەژموونی یەکێتی سۆڤیەت
دامەزراند، ئەمە جگە لەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی بە ئاڕاستەی پاراستنی
بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا قۆرخ کرد و پشتیوانیەکی بێئەندازەی لە بڕیارەکانی ناو
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەستخست، ئەم سیاسەتەش دواتر لەگەڵ ژمارەکی زۆرتر
لە وڵاتانی دیکەی جیهانیی پەیڕەوکرا. جەنگی کەنداوی دووەم لە ساڵی ١٩٩١ لە دژی
عێراق - لەدوای داگیرکردنی کوێت، یەکەمین ئەزموونی ئەرێنی ئەمریکا بوو کە پشتیوانی
سەربازیی و ماددی و سیاسی ئەوانی بۆ هێرش و پەلامارەکانی سەر عێراق بەدەستخست، هەر
بۆ بەبیرهێنانەوە، ڕێبەری زیندانیکراوی کورد، بەڕێز ئۆجالان سەبارەت بە
پەلاماردانی عێراق ئەودەمە وتی: ئەوە یەکەمین هەنگاوی لێدانە لە بوونیادی
دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا لەلایەن مۆدێرنەی سەرمایەدارییەوە.

بەگوێرەی چاودێریکردنی نزیکەی هەموو جەنگەکانی ئەمریکا لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی، مرۆڤ ئەو
ڕاستیە دەبینێت کە ئامانجی ڕاستەقینەی هەموویان بەبێ جیاوازی، لێدانە لە کەرتە
دەوڵەتییە بنەڕەتیەکانی وەک: کەرتەکانی وزە و سامانی ژێرزەوی، تەندروستی، ژێرخانی
ئابووری و پیشەسازییش هەمیشە بەتەواویی خاپووردەکرێن، ڕاستەوخۆش لەپاش جەنگەکان
کۆمەڵێک کۆمپانیای خۆراوایی ڕوو لەو ناوچانە دەکەن، بەپەلەپروسکێ فەرمیەت دەدەن بە
ئیدارەیەک، کە خاوەنی زۆرترین چەکدارە و بۆ حوکمڕانیش پێویستی بە فەرمیەتێکی
نێودەوڵەتیی هەیە، ئەوەش تەنیا بۆ واژۆکردنی هەندێک گرێبەست و بەتایبەتیکردنی
کەرتە بنەرەتیەکانە، وەک کارەبا، نەخۆشخانەکان، سامانی ژێرزەوی، گواستنەوە و هتد.
لەو وڵاتانەدا. ئەم هاوکێشەیە لە ئۆکرانیاش سەرەتا بەهەمان ئاڕاستەدا ڕۆشت، لەپاش
ڕاپەرینی جەماوەریی و لادانی پەترۆ پۆرۆشێنکۆ لەسەرۆکایەتی وڵات لە ساڵ ٢٠١٩، ڕاستەوخۆ وڵاتانی خۆراوایی دەستیانکرد بە هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگا دەوڵەتیەکان و
قۆرخکردنیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە. بەڵام هێرشی پێچەوانەی ڕوسیا بۆسەر هەرێمە
ڕووسی-زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هاوکێشەکەی پێچەوانەکردەوە، بۆیە ئێستا ئەوە
ئەوروپیەکانن کە هەڵوێستی کریملن سەرکۆنە دەکەن و بە داڕماندنی ژێرخانی دەوڵەتیی
ئۆکرانیا تاوانباری دەکەن.

دەرئەنجامی ئەم پیلانە نوێیەی وڵاتانی خۆراوا و براوەی جەنگی سارد لە هەموو هەرێمەکان وەک یەک
نیە، لە دوای ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەوان ڕاستەوخۆ هەوڵی داڕماندنی دامەزراوە
دەوڵەتیەکانی ڕوسیایان دا، پشتیوانیەکی بێپەروایان لە بۆریس یێڵتسن، یەکەم سەرۆکی
کۆماری ڕوسیای فیدراڵ کرد کە کەسایەتیەکی گەندەڵ و بوودەڵە بوو، ئەوەش بەمەبەستی
بەهێزکردنی کەرتی تایبەت بوو کە سەرۆک یێڵتسن زۆر کەیفی پێدەهات، جگەلەوەی سوپای
ڕوسیا لە چەندین کێشەی دەرەکیەوە گلا، وەک ململانێکانی قەوقاز و چیچان، بەڵام
دەزگای هەواڵگریی ڕوسیا کە میراتگری دەزگای کەی جی بی یەکێتی سۆڤیەت بوو، بە
هێنانە سەردەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتین خاڵێکی لەبەردەم ئەم هەوڵەی وڵاتانی ناتۆ دانا.
هەربۆیە لە قۆناغی ئێستەدا ئەم جەنگانە دژی زلهێزە جیهانییەکانی وەک ڕوسیا و
هندستان و چین بەرپا ناکرێت.

سەبارەت بە زلهێزە هەرێمیەکانیش ئەم پیلانە بەشێوازی جیاواز پەیڕەوکرا، لە تورکیا لەڕێگەی
سندوقەکانی هەڵبژاردنەوە ڕێکخراوی ئیخوان موسلمین بەهێزکران، بەشێکی زۆری کەرتە
خزمەتگوزاریەکان و ژێرخانی ئابووری کراون بە کەرتی تایبەت و لە ئێستادا لەڕێگەی
سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنێکی نەیاری ئاکەپە و ئەردۆگان، دەستیان بەسەر
هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە، بەڵام بەهۆی هەستیاریی وڵاتانی کەندواو مەترسی
شانشینەکانی لە باڵادەستبوونی بزووتنەوە ئیسلامییە سوننیەکان، ئەم پیلانە لە میسر
سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و سوپای میسڕ بە کودەتایەک محەمەد مورسی و ئیخوانیەکانی
لەسەر دەسەڵات لابرد کە لەڕاستیدا بەهەڵبژاردن هاتبووە سەردەسەڵات.

لە ئێستادا ولەسەروبەندی جەنگی ئێران ئەجندا نهێنیەکانی ئەم پیلانە بۆ خاپورکردنی کەرتە
گشتیەکانی دەوڵەتان و جێگرتنەوەیان لەلایەن بازرگانی کەرتی تایبەتەوە، تاڕادەیەک هەڵماڵراون
و ئەمەش کەلەلایەن کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانیەوە، بە ڕێگەچارەی ئەمنیی و
سەربازیی بەرامبەری ڕادەوەستن، وەک یاریکردنە بە ئاگر، چونکە سروشتی پێکهاتەیی و
باوەڕیی لە ناوچەکە زۆر مۆزائیکیە ولەکاتی جەنگدا هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت کۆنترۆڵی
بکات. بۆنمونە لە سوریا مۆدێلی جەنگی میلیشیاکان و دامەزراندنی ئیدارەی کاتیی(
ئیدارەی میلیشیایی)، وەک چارەسەرێکی کاتیی لەلایەن وڵاتانی خۆراوایی و تورکیا و
ئیسرائیلەوە پەنای بۆ براوە و دوور نیە لە ئێرانیش بیر لە هەمان سیناریۆ نەکەنەوە.
ئەوجۆرە ئیدارە میلیشیاییەش لەپێناوی مانەوەی خۆی لەسەر دەسەڵات و بۆ بەدەستخستنی فەرمیەت، ئامادەیە تەواوی وڵاتەکە
هەڕاج بکات، دیارە ئەوەش لەپەراوێزی سپیکردنەوەی سامانێکی گەورەی تاڵانکراوەوە
دەبێت و لەلایەن سەرکردەکانی ئەو جۆرە گرووپانە و بانک و سەرمایەدارە نادیارە
خۆراواییەکاندا ئەنجام دەدرێت کە لەسەرەتاوە پشتیوانی سیاسی و دارایی بەو گرووپانە
دەبەخشن.

هەرچەندە ئەمەش بەدەر نیە لە مەترسی بۆ خودی ئەو لایەنانەی کە لەسەرەتاوە پیلانیان بۆ ئەم جەنگە
میلیشیاییانە داڕشتووە، ئەم تاکتیکە لە مێژوودا زۆرجار بووە بەهۆی پێکدادانی
ناوخۆیی نێوان لایەنە هاوپەیمانەکان، وەک پێکدادانەکانی لایەنە هاوپەیمانەکانی
باڵکان لەدوای پاشەکشەی سوپای عوسمانیەکان کە نزیکەی نیوسەدە بەردەوام بوون، ئەمڕۆ
لە سوریاش وا دەبێت بەهۆی پێکدادان لەنێوان ئیسرایل و تورکیا، لەسەر خێر و
دەسکەوتەکانی سوریای دوای بنەماڵەی ئەسەد.

سەبارەت بە گەلی کورد و ناوچە کوردستانیەکان، هەرچەندە ئەم گۆڕانکارییانە لە ڕواڵەتدا وەک
دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی کیانێکی دەوڵەتیی سەربەخۆش خۆیان بنوێنن، بەڵام تەواو
پێچەوانەی ئەوە راستە. بۆ گەلی کورد ئەم قۆناغە ڕاگووزەرە لەوەی پێشخۆی زۆر
مەترسیدارترە و نەک کاتی بیرکردنەوە لە پرۆژەیەکی لەو چەشنە نیە، بەڵکو کورد
پێویستی بە وتارێکی پلاستیکی زۆر ناڕۆشنتر و ناجێگیرتریش هەیە لەوەی ئێستا و
کوردوتەنی: دەبێت بەبا ئاشی بگەڕێت و بەبارانیش جووتی بگەڕێت. چونکە هەرچەندە
ناکۆکیەکانی ئێستا لەڕواڵەتدا ئاڵۆسکابن، بەڵام لێدان لە ستاتۆی کورد تاکە خاڵێکی
هاوبەشە لەنێوان ئەو لایەنە دژبەرانەدا، کە بێگومان بەرلەوەی جەنگ و ململانێکانیان.

لەدژی یەکدی فۆرم وەربگرێت، ئەوان لەبەرامبەر بە هەر سەرهەڵدانێکی گەلی کورد دەبن
بەیەک، چونکە هەرکیانێکی کوردیی کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر جوگرافیای سیاسی
ئەو دەوڵەتانە، بۆیە لەباری هەبوونی ئەنقەرە و بەغداد، تەنانەت تاران و دیمەشقیش
ئامادەن ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەدژی هەر سەرهەڵدانێکی کورد دروست بکەن.

سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوای کوردستان لە خۆگرێدانەوە بە دەسەڵاتێکی ناجێگیری دەوڵەتیی لە دیمەشق کە
دەتوانن تاڕادەیەک مەرجەکانی خۆیانیان بەسەردا بسەپێنن، هەنگاوێکی یەکجار
ژیرانەیان ناوە، لەهەمان کات بۆ خۆدەربازکردن لە تەڵەی ئیدارەی میلیشیایی یاخود
بوونیادنانی کیانیکی داخراو (وەک هەرێمی قەرەباخ و باکوری قوبروس)، ئەوان هەمیشە
چەند هەنگاوێک لە ڕێگەکەی پێش خۆیان پاکدەکەنەوە. چونکە جیاواز لە باشوری
کوردستان، کە حاڵەتێکی تایبەتی بوو و هەر لەسەرەتاوە بە ئیرادەیەکی بەهێزی دەرەکیی
دامەزرا، "ئەوە هەرێمی کوردستان بوو کە ساڵی ٢٠٠٣ فەرمیەتی بە ئیدارەی
فیدرالیی لە بەغداد بەخشی"، ڕەوشی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، لەپاش
دەسخەڕۆکردنیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش و خیانەتی ڕاستەوخۆی
ئیدارەی ئەمریکا، هەنگاوێک گەڕایەوە دواوە و کاتی دەوێت هەتا پێگەکەی دەگاتەوە
ئاستی پێگەی کوردی باشور لەساڵی ١٩٩١

ترسی دەوڵەتی تورکیش لە دووبارەبوونەوەی مۆدێلی باشوورە لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی 
کوردستان. دەوڵەتی تورک هەتا ئێستا سەرکەوتوو بوون لە بوونیادنانی هاوپەیمانیەکی
بەهێز لە دژی گەلی کورد، کە لەڕووی سیاسی و تەکنەلۆژی سەربازیەوە تەواوی یەکێتی
ئەوروپا و ئەمریکا و لەڕووی ئابووری و ئایدۆلۆژیشەوە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و
بزووتنەوە ئیسلامی_ناسیۆنالیستیە سوننیمەزهەبەکانی لەخۆی کۆکردووەتەوە و دەزانن کە
بەجەنگ دەتوانن براوەبن، بەڵام پووچەڵکردنەوەی ئەو پیلانە لەڕێگەی پرۆسەی
چارەسەریی و ئاشتی لە باکوری کوردستان، بەهەموو کەموکووڕیەکانیەوە، ڕەنگە لە
قۆناغەکانی داهاتوو ئەو رەوشە مەترسیدارە بۆ دۆزی کورد بگۆڕن بە دەرفەتێکی مەزن.

 

 

 

 

 

هەموو وتارەکانی نەورۆز مەحمود قادر

هەموو وتارەکانی نەورۆز مەحمود قادر

سەرەکی