ڕەنج باراوی
31/08/2026
1084 جار خوێنراوەتەوە
تێکەڵبوونی میدیا و دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا: لێکەوتە یاساییەکان و نەخشەڕێگەی چارەسەری
میدیا لە کۆمەڵگە دیموکراتیەکاندا وەک دەسەڵاتی چوارەم ناسراوە و ئەرکی بنەڕەتیی بریتییە لە چاودێریکردن، گەیاندنی ڕاستییەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە. لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای گەشەسەندنی خێرای کەرتەکەی، لادانێکی ڕوون لە ئاراستە پیشەییەکان سەری هەڵداوە و میدیا لە هەندێک باردا لە سنووری گەیاندنی زانیاری و ڕوانگەی پیشەیی تێ پەڕیوە و ڕۆڵی لێکۆڵەر، پۆلیس و دادوەر دەبینێت. ئەم دیاردەیە نەک تەنها ئاماژەیە بۆ لاوازیی دەزگایی و قەیرانی متمانەی گشتی، بەڵکو پرسیاری جددی لەسەر سنووری ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی دروست دەکات، بە جۆرێک کە میدیا و میدیاکاران لەبری پابەندبوون بە بنەما یاساییەکانەوە، دەبنە بەشێک لە پشێویی ڕێکارە دادوەرییەکان.
چوارچێوەی دەستووری و یاسایی میدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا:
لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، ئازادیی کارکردنی میدیا لە بڕگەکانی مادەی (٣٨)ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕوونی چەسپێنراوە، کە تێیدا جەخت لەسەر ئازادیی ڕاوبۆچوون، بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری کراوەتەوە. لە هەمان کاتدا، لە هەرێمی کوردستاندا، یاسای ژمارە (٣٥)ی ساڵی ٢٠٠٧ (یاسای رۆژنامەگەری) کارکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕێکدەخات و سزادانی بەندکراوی لەسەر کەیسی ڕۆژنامەگەری هەڵگرتووە. سەرەڕای بوونی ئەم دەقە دەستووری و یاساییانە، لە پراکتیزەکردندا بۆشاییەکی گەورە لە نێوان پاراستنی ئازادییەکان و پابەندبوون بە بنەماکانی ئیتیکی پیشەیی و مافەکانی مرۆڤدا هەیە، کە ئەمەش ڕێگەی بۆ دەستتێوەردانی ناپیشەیی لە کارە دادوەرییەکان خۆشکردووە و وایکردووە هێڵی سووری نێوان کاری میدیایی و کاری دادوەری تێکەڵ ببن.
سنووری ڕۆڵی پەیامنێر لەسەر شانۆی تاوان و پێشوەختەکردنی لێکۆڵینەوە:
ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆی شانۆی تاوان لەلایەن پەیامنێرانەوە پێش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی دادوەری و ڕێکارە یاساییەکانە. بەپێی یاسا، شانۆی تاوان ناوچەیەکی قەدەغەکراوە و تەنها تیمی لێکۆڵینەوەی تاوان، پۆلیس و شارەزایانی دادوەری بۆیان هەیە بچنە ژوورەوە بە مەبەستی پاراستنی شوێنەوار، پەنجەمۆر و بەڵگەکان. گەیشتنی پەیامنێر و کامێراکان پێش هێزە ئەمنییەکان، نەک هەر ڕێکارە یاساییەکان پەکدەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی تێکدان یان لەناوچوونی بەڵگەی گرنگ، کە ئەمەش ئەرکی دادگا لە گەیشتن بە ڕاستی قورستر دەکات و پرۆسەی دادپەروەری خاو دەکاتەوە.
دادگاییکردنی ئیفترازی و شاشەکردنەوەی پۆلیس و دادوەر:
ئاشکراکردنی شوێنی داڵدەدانی تۆمەتبار، پێکهێنانی "دادگایەکی ئیفترازی"، وەرگرتنی ڕۆڵی پاڵەوانی بەردان یان بەگرتدانی تۆمەتباران لەلایەن میدیاکارانەوە، شاشەکانی ڕاگەیاندن دەگۆڕێت بۆ دادگا و پۆلیکی دەستکرد کە دەرچوونە لە تەواوی سنوورەکانی ئیتیکی پیشەیی. میدیا و بێژەرەکان جاری وا هەیە بە نمایشکردنی سۆزداری و فشار، خۆیان وەکو بڕیاردەر لەسەر ئازادکردن یان بەندکردنی تۆمەتبار دەناسێنن و شاشەکان دەبەنە شوێنی دەسەڵاتی دادوەری و پۆلیس. ئەم جۆرە بەرنامانە نەک هەر کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕای گشتی دروست دەکەن، بەڵکو فشاری دەروونی و جەماوەری لەسەر دادوەرەکان دروست دەکەن، کە ئەمەش دادپەروەری و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دادگا دەخاتە ژێر کاریگەریی شەقامەوە.
وەرگرتنی لێدوان لە شایتحاڵەکان و مەترسییەکی سەر ڕەوتی تەحقیق:
پیشاندانی ڕوخساری شایەتحاڵەکان و گرتنەبەری لێدوان لەسەر شانۆی تاوان، مەترسییەکی گەورە لەسەر گیانی شاهیدەکان و سەلامەتیی پرۆسەی لێکۆڵینەوە دروست دەکات. لە هەرێمی کوردستاندا یاسایەکی تایبەت و کارا بۆ پاراستنی شایەتحاڵ و هەڕەشەلێکراوان نییە، بۆیە پیشاندانیان لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی هاووڵاتیان لە هاوکاریکردنی پۆلیس و دادگا. لە ڕووی یاساییەوە، تەنها دادوەری لێکۆڵینەوە و دەزگا ئەمنییە ڕێگەپێدراوەکان بۆیان هەیە لێدوان و گوتە لە شایەتحاڵ وربگرن، و بڵاوکردنەوەی پێشوەختەی ئەم زانیارییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێکچونی ڕەوتی لێکۆڵینەوە دەبێت.
تێکەڵکردنی چەمکی ڕاگیراو و تاوانبار و قەیرانی متمانە بە یاسا:
جیانەکردنەوەی تۆمەتبار لە تاوانبار لە ڕووماڵە میدیاییەکاندا، زیانێکی گەورەی بە مافەکانی مرۆڤ گەیاندووە. بەپێی مادەی (٢٣) لە یاسای اصول محاکمات الجزائی، بنەما ئەوەیە کە تۆمەتبار بێ تاوانە هەتا تاوانەکەی بە بڕیاری دادگا دەسەلمێنرێت، و مافی پاراستنی کەرامەت و سەلامەتیی گیانی هەیە و دەبێت بەپێی ڕێکارە تشریعییەکان گیرابێت. کاتێک میدیا تۆمەتباری ڕاگیراو وەک تاوانبارێکی سزادراو پیشان دەدات، ئەمە پێشێلکردنی بنەمای بێ تاوانییە.
ئەم دیاردەیە لەلایەک نیشانەی لاوازیی سیستمی دادوەری و بێدەنگیی داواکاری گشتییە لە بەرانبەر سەرپێچییەکان، و لەلایەکی تریشەوە هۆکارە بۆ قوڵبوونەوەی بێمتمانەیی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی یاسا و دادوەری.
مەترسیی تەفسیرات و تەمییزی پێشوەختە لە کەناڵەکاندا:
یەکێک لە خاڵە لاوازە پیشەییەکان کە سەروەریی یاسا بچووک دەکاتەوە، خۆتێوەردانی میدیاکار و بێژەرەکانە لە تەفسیرکردنی ماددە یاساییەکان و دەرکردنی "تەمییزێکی جەماوەری". میدیاکار مەرج نییە پسپۆڕی یاسایی بێت، کەچی لە ڕێگەی تەفسیراتەوە، بڕگە یاساییەکان بە ئارەزووی خۆی دەشکێنێت و دەیەوێت پێناسەی تاوان و ماددە هێنراوەکان یەکلا بکاتەوە. ئەم جۆرە لێکدانەوە خاوەن سۆزانە، نەک تەنها دەسەڵاتی دادوەری دەخاتە ژێر گوشارەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی تەرویجدانی پێش وەختەی تاوان و خەڵەتاندنی ڕای گشتی بە زانیاریی نادروست، کە ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی بنەماکانی لێکۆڵینەوەی دادوەرییە.
پێشێلکردنی مافی کەسانی ئازادکراو و قەدەغەی ڕۆڵی "نەسیحەتکار" لەلایەن میدیاکارەوە:
دیاردەیەکی تری نایاسایی و ناپیشەیی لە بەشێک لە ڕووماڵەکاندا، مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێشتر بە بڕیاری دادگا یان بە کەفالەت ئازاد کراون، یان بێ تاوانیان سەلمێنراوە، کەچی لەسەر شاشەی کەناڵەکان وەک تاوانبارێکی هەمیشەیی دەردەخرێن و کەرامەتیان دەشکێنرێت لەڕێی گفتوگۆیەکی نایاسایی وپیشاندانی لەسەر شاشە کەئەم تاوانبارە یان سزادراوە ئیفراج بووە یان بەکەفالەت ئازاد کراوە. میدیا مافی ئەوەی نییە سزای دووبارە بەسەر کەسێکدا بسەپێنێت کە دادگا بڕیاری لەسەر داوە. هاوکات، پەرەسەندنێکی تری نەخوازراو ئەوەیە کە میدیاکار لەبری گەیاندنی هەواڵ، ڕۆڵی "نەسیحەتکار" و ئامۆژگاریکار دەبینێت؛ لە کاتێکدا ئەرکی میدیا گەیاندنی زانیاریی بێ لایەنە نەک وانەوتنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەخلاقیی سەر شاشە بۆ تۆمەتبار یان کەسانی بەشداربوو تەنانەت ئەگەر کۆتایی هاتبێت بەماوەی مەحکومیەتەکەشی، کە ئەمەش تێکچوونێکی ڕیشەیی لە پێوەری پیشەگەرێتیدا دروست دەکات.
بەزاندنی سنوورەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا:
فراوانبوونی پانتاییەکانی ڕووماڵی نایاسایی تەنها لە کەناڵە ئاسمانییەکاندا کۆنابتەوە، بەڵکو لە ئێستادا پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیجە سێبەر و بێ مۆڵەتەکان بوونەتە مەیدانێکی مەترسیدار بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و دروستکردنی دادگایەکی جەماوەریی ناتەندروست. ئەم ژوورانەی دەنگۆ پێش ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن، حوکمی خۆیان دەردەکەن و کاریگەرییەکی نەرێنی کوشندە لەسەر ڕەوتی دادپەروەری دروست دەکەن.
ڕەهەندی پاراستنی مافی قوربانی و خێزانەکانیان:
ڕووماڵی نابەرپرسانە و بڵاوکردنەوەی وێنە، گرتەی سۆزداری و زانیاریی هەستیار لەسەر کەیسی تاوانەکان، زیانێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی قووڵ بە خێزان و کەسوکاری قوربانیان دەگەیەنێت. ئەم جۆرە ڕووماڵە تەنها بۆ بەدەستهێنانی بینەر نییە، بەڵکو زۆر جار دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتیی نوێ، بریندارکردنەوەی هەستی خێزانی قوربانییەکە و تێکدانی ئارامیی کۆمەڵایەتی، کە پێویستە لە ڕووی ئەخلاقییەوە سنوورێکی توند بۆ دابنرێت.
بەکارهێنانی سۆز و کاریکاتێری دەروونی بۆ ڕکابەریی بازاڕی:
میدیا زۆر جار لەبری گەیاندنی زانیاریی هاوسەنگ، پەنا بۆ بەستنی کەرنەڤاڵی سۆزداری و دروستکردنی کارەکتەری کارتۆنی لەسەر شانۆی رووداوەکان دەبات بۆ ئەوەی سەرنجی زۆرترین بینەر ڕابکێشێت. ئەم شێوازە لە ڕووماڵکردن، بازرگانیکردنە بە ئازاری کۆمەڵگە و سەرپێچییەکی ئەخلاقیی زەقە کە کەرامەتی مرۆڤ و بنەماکانی پیشەی ڕۆژنامەگەری پێشێل دەکات.
لاوازیی بەرپرسیارێتیی ناوخۆیی (Ombudsman) و گرنگیی تیمی یاسایی لە ژووری هەواڵدا:
نەبوونی ڕێوشوێن و پاشکۆیەکی چاودێریی ناوخۆیی (Ombudsman) یان سکاڵاکاری فەرمی لەناو دەزگا میدیاییەکاندا، وایکردووە کە هیچ ڕێگرێکی فەرمی و ئەخلاقی لەناو خودی کەناڵەکەدا نەبێت بۆ لێپرسینەوە یاخود ڕێگریکردن لەو پێشێلکارییانەی پەیامنێر و بێژەرەکان لە کاتی ڕووماڵدا ئەنجامی دەدەن. لەم ڕوانگەیەوە، بوونی «تیمێکی یاسایی» چالاک و خاوەن دەسەڵاتی ڤیتۆ یان ڕاوێژکاری لە ژووری هەواڵدا (Newsroom) دەبێتە مەرجێکی بنەڕەتی؛ ئەم تیمە یاساییە دەبێت پێش پەخش و ڕووماڵکردنی کەیسی تاوانەکان، چاودێری و ڕێنمایی پیشەیی بدەنە بێژەر و پەیامنێرەکان تاوەکو دڵنیا ببنەوە لەوەی کە هەموو گوتار و زانیارییەک لە چوارچێوەی بنەماکانی ئیتیکی میدیایی و یاسایی دا دەمێنێتەوە و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا نایەنە ژێر پرسیارەوە.
شاشەی جینایی (پلاتفۆرمی هۆشیاریی یاسایی): نەخشەڕێگەی چارەسەر:
شەشەم:دەرکردنی یاسای تایبەت بە پاراستنی شاهید و لێدواندەران:
پێویستە پەرلەمانی کوردستان و عێراق بە زووترین کات یاسایەکی کارا بۆ پاراستنی شاهیدان، سکالاکاران و هەڕەشەلێکراوان دەرکەن، چونکە نەبوونی ئەم یاسایە بۆشاییەکی گەورە لە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و سەرکەوتنی پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا دروست دەکات.
پەیمانگای چاکسازی تاوانکاری کوردستان
سەرچاوە یاسایی و فەرمییەکان:
١.دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥: مادەی (٣٨) - تایبەت بە ئازادیی ڕاوبۆچوون، بڵاوکردنەوە و ڕۆژنامەگەری.
٢. یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧): تایبەت بە ڕێکخستنی کارکردنی ڕۆژنامەنووسان و قەدەغەکردنی بەندکردن لە کەیسی ڕۆژنامەگەریدا.
٣.یاسای سزادانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩): تایبەت بە پێناسەی تاوانەکان و بنەماکانی سزای یاسایی.
٤.یاسای اصول محاکمات الجزائی (ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١): مادەی (٢٣) و ماددە پەیوەندیدارەکان - تایبەت بە بنەمای بێتاوانی، ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە، مافی ڕاگیراوان و پاراستنی شانۆی تاوان.
٥.پەیڕەو و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن و گەیاندن (CMC) و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان:
ژمارە و بەرواری دەرچوون: ڕێنمایی ژمارەی (١ی ساڵی ٢٠١١) و بڕیارە کارپێکراوەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، دەرچوو بە بەرواری (١٥/٣/٢٠١١)، تایبەت بە مەرج و ڕێساکانی مۆڵەتدان و پابەندبوون بە بنەماکانی پەخشی میدیایی و ئیتیکی ڕۆژنامەگەری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
|