سەرتیپ جەوهەر
28/07/2024
176 جار خوێنراوەتەوە
خاكی كوردستان نەزۆكە، لەمام جەلال باشتری نەهێناوە
مەلا عەوڵای رەحمەتی (مەلا ماتۆڕ) دەیگوت "خاكی كوردستان نەزۆكە، لەمامجەلال باشتری نەهێناوە"
گرفتی هەرە گەورەی كورد دوای نەخۆشكەوتنی مامجەلال (رۆحی شادبێت) پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە گەورەبوو كە(مام) لەبەغدا دروستیكرد. سەرباری هەموو رەخنەو گلەیی و گازندەیەك، بەڵام غیابی ئەو دەستبەجێ لێكەوتەو كاریگەری لەسەر رۆڵی كورد لەبەغداو هاوسەنگیی و سەقامگیریی سیاسی لەكوردستان دروستكرد.
ئەو لەبەغدابوو لەباتی هەموو كورد بیری دەكردەوەو بڕیاری دەدا، فریای دۆخی كوردستانیش دەكەوت، رێی دەگرت لەدروستبوونی ناسەقامگیریی سیاسی ئەگەرچی بەزیانی حزبەكەیشی تەواو ببوایە. لەماوەی بوونی ئەو لەبەغدا لە 2005 تاوەكو 2012 هەرێمی كوردستان بەباشترین قۆناغی بوژانەوەی ئابوریی تێپەڕیی چونكە هەموو ساڵێك بەكاریگەری مامجەلال پرسی 17%ی بەشە بودجەی كوردستان لەپەرلەمانی عیراق تێدەپەڕی. نامەوێ بچمە وردەكاریی رووداوەكانی ئەوكات، بەڵام مامجەلال لەبەغدا لەمپەرو گولەبەندێكی گەورەو كاریگەر بوو بۆ كورد، سەرۆك وەزیران لێی دەترسا تەنانەت دووجار سەفەری سەرۆك وەزیرانی هەڵوەشاندەوە كە دەیویست لەباتی سەرۆك كۆمار بەشداری لەبۆنەی رەسمیی عیراقدا بكات! یەكێكیان سەفەری مالكی بوو نیۆیۆرك لەكاتێكدا پیاوێكی بەهێز بوو لەعیراق.
خولاسە، ئەگەر مامجەلال لەبەغدا نەبوایە، ئەوانەی روویاندا وەك پەلاماردانی 16ی ئۆكتۆبەر، زۆر زووتر روویان دەدا، هەروەك ئەگەر ئەو لەژیاندابوایە، قەت نەیدەهێشت ریفراندۆمێكی وەك 2017 بكرابا كورد ئەوەندە زەرەری بەركەوتبا.
ئەم وتارەم بۆ ئەوەیە بڵێم كورسی سەرۆك كۆمار لەبەغدا ئەوەندە گرنگ و كاریگەر نەبوو، ئەوە ئەو بوو ئەو پێگەیەی كاریگەر كردبوو، چونكە مامجەلال بۆخۆی پیاوێكی گەورەو كاریگەربوو، هەموو لایەنە سیاسیەكان نەك رێزیان دەگرت، بەڵكو شەرمیان لێدەكرد.
دوای مامجەلال ئەو پۆستە سودێكی ئەوتۆی بۆ كورد نەما. قۆناغ دوای قۆناغ ئەو مەكانەتەی نەما و زۆری لەكورتیدا، بگرە ئێستا پۆستی سەرۆك كۆمار نەك سودی نییە، بەڵكو بووە بەبارگرانییەكی گەورەو هەندێجار زیانی بۆ ناو ناوبانگی كوردیش هەیە. ئەوانەی هاتن نەیانتونی وەك پێویست داكۆكی لەبەركەوتەو ئیستیحقاقی كورد لەبەغدا بكەن، هەر لە 17%ی بودجەوە بگرە تا دەگاتە پرسی پارێزگاری كەركوك و پرسە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان هەردولا.
راستەوخۆ دوای مام، د. فوئاد مەعسوم جێی گرتەوە. هەرچەندە پیاوێكی بەئەزموون و رەفیقی مامجەلال بوو، بەڵام لە 4ساڵی سەرۆكایەتیكردنی جێدەستی زۆر كەم دیاربوو، تەنانەت نەیتوانی بەر لەرووداوی 16ی ئۆكتۆبەر بگرێت كەدەكرا رۆڵی خۆی ببینێت، من پێموایە سەرباری ئەو هەڵە گەورەیەی بڕیاربەدەستانی هەرێم كردیان، بەڵام ئەو دەیتوانی بەر لەو مەرگەساتە بگرێت.
دوای ئەو، د. بەرهەم ساڵح هات. پێموایە د. بەرهەم ساڵح دیبلۆماتێكی بەئەزموون بوو، كەم كاریگەرنەبوو لەعیراق، بەڵام دیسان ماوەی سەرۆكایەتیكردنی لەژێر پرسیاردایە، چونكە لەو ماوەیەدا تەنانەت یەك جاریش سەردانی شاری كەركوكی نەكرد! هەر لەسەردەمی ئەودا هەردوو سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی و مستەفا كازمی لەژێر كاریگەری كورد و د. بەرهەمدا بوون، كەچی لەماوەی دەسەڵاتدارێتی كازمیدا ئەنجومەنی پارێزگاكان هەڵوەشێنرانەوەو لەماوەیەكی كەمدا نزیكەی 15 پارێزگاری عیراق گۆڕان، د. بەرهەم ساڵح دەیتوانیی بەكاریگەری لەسەر مستەفا كازمیی و پێگەی خۆی دەیتوانیی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێت، بەڵام بۆ نەیكرد ئەوە دەبێت پرسیار لەخۆی بكەین؟!
لەكاتێكدا مامجەلال نەك هەردەم چاوێكی لەسەر كەركوك بوو، بەڵكو جار هەبوو بە دوو مانگ لەشاری كەركوك دەمایەوە بۆ رێكخستنی كاروبارەكانی شارەكەو دروستكردنی متمانە لەنێوان پێكهاتەكانی شارەكەو رێگرتن لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراو لەبەرامبەر كەركوك، چونكە مامجەلال لەهەستیاری پرسی كەركوك تێگەیشتبوو، بۆیە هەمیشە دەیگوت چارەسەری كەركوك وەك نەشتەرگەری مێشكە.
ئەم خولی سەرۆك كۆمارەی ئێستا، عەیبدارترین خولی سەرۆكایەتییە بۆ كورد. ئەم سەرۆك كۆمارەی ئێستا (لەتیف رەشید) لێكەوتەو لەدایكبووی دۆخی دوای 8ی تەمموزی ناوخۆی یەكێتییە، لەئاست پێگەو كاریگەری ئێستای یەكێتییە لەعبراق، بۆیە نابێت چاوەڕوانی زۆر گەورەی لێبكرێت. ئەم سەرۆك كۆمارە نەك نوێنەرایەتی كورد ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتی حزبەكەیشی ناكات كە لەسەر حیسابی ئەو كراوەتە سەرۆك كۆمار.
ئەم سەرۆك كۆمارە، كاندیدی پارتی بوو، لەسەر حیسابی یەكێتیی. ئێستاش لەهەر منداڵێكی عیراقیی بپرسیت جەلال تاڵەبانیی كێیە، بەدلًنیایەوە ئەگەر شارەزای مێژووی سیاسیشی نەبێت بەنوكتە سیاسیەكانی دەیناسێتەوە، كەچی بەر لەماوەیەك تەلفزیۆنێكی عیراقیی لەدەیان هاوڵاتی بەغدای پرسی كێ سەرۆك كۆماری ئێستای عیراقە نەیاندەزانی كێیە! بگرە هەندێكیان نەیاندەزانی كوردیشە؟!
سەرۆكی كۆمار بەهیچ شێوەیەك لەناو هاوكێشەی سیاسی عیراق نەماوە، نەكەس پرسی پێدەكات و نەئاگاداریەتی! بەپێچەوانەی سەرۆكی پەرلەمان، 8 مانگە ئەو پۆستە بەتاڵە، كەچی سەرباری دوورخستنەوەی، بەڵام شیعەكان بەبێ رازیكردنی حەلبوسی نەیانتوانیوە ئەو پۆستە پڕبكەنەوە!
ئەم سەرۆك كۆمارە، لەرۆژانی یەكەمی دەستبەكاربوونی و لادانی لەسەر فەرشی سور عەیبەكانی دەستیپێكرد، ئەم لادانەی بووە جێی تێڕامان و لەناوەندەكانی سیاسەتكردن و راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان. بەتوانجەوە باسیان لە هەڵسوكەوتی سەرۆك كۆماركرد. ئەوە سەرەتای رووداوەكانی بوو.
لادانی لویس ساكۆ (بەتریاركی كلدانی كاسۆلیك) بەر لەساڵێك لەلایەن سەرۆك كۆمار، قەیرانێكی گەورەی سیاسی بەدوایخۆیدا هێنا، بەڵام بێ ئەوەی پرسی پێبكرێت لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوەی ساكۆ گەڕێنرایەوە شوێنی خۆی! ئەمەش نەك عەیبە، بەڵكو شەرمەزارییەكی گەورەبوو بۆ سەرۆكایەتی كۆمار!
ئەم سەرۆك كۆمارە نەك نەیتوانیوە ببێتە كۆكەرەوەی لایەنە سیاسیەكان و سفرەو خوانی لایەنەكانی لەسەر كۆببێتەوە، یان چارەسەری كێشەیەكی كەركوك بكات، بەڵكو پێگەكەی ئەوەندە دابەزاندووە هەندێجار بۆ كردنەوەی رێكخراوێك بەكاریدەهێنێت! لەم چەند رۆژەی رابردووش هەواڵی داواكردنی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ لێخۆشبوون لەبەڕێوبەری بانكێك كە لەسەر گەندەڵی حوكمدراوە، عەیبەیەكی دیكەی سەرۆكایەتی كۆماربوو بووە مانشێتی رۆژنامەكان و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لەهەموو عیراق.
خولاسەی كەلام، كورد بەلەدەستدانی مامجەلال پۆستی سەرۆك كۆماری لەدەستنەدا، بەڵام رۆڵ و پێگەو كاریگەرییەكانی لەعیراق لەدەستدا، بۆیە روونبویەوە كە مامجەلال لەسەرۆك كۆمار گەورەتربوو.
|