×

سەرتیپ جەوهەر 09/08/2024 359 جار خوێنراوەتەوە

كوردستان لەلێواری خنكان دا

🔻 بڕیاربەدەستانی پارتی، رازینەبوون پرۆژەی بەنداوی بێخمە تەواوبكرێت
🔻 عیراق رازیبوو خەرجی ملیارەها دۆلاری بەنداوی بێخمە بگرێتە ئەستۆ، بەڵام لێنەگەڕان
🔻 زۆربەی حوكمڕانانی هەرێم رەگەزنامەیەكی بیانیان هەیە، چونكە دەزانن تاسەر لەم وڵاتە نامێنن 

لەدوای یەكگرتنەوەی هەردوو كابینەی حكومەتی هەرێم لە 2006 چانسی كورد وەزیری سامانە ئاوییەكانی عیراق كورد بوو، لەكوردستانیش بۆیەكەمجار وەزارتێكی تایبەت بە سامانی ئاو دامەزرێنرا كە كاك تەحسین قادر بوو، ئەوكاتە وەزارەتی ئاوی عیراقیی ئامادەبوو هەموو تێچووی بەنداوی بێخمە بگرێتە ئەستۆ كە ملیارەها دۆلار بوو، بەوپێیەی پرۆژەیەكی ستراتیژییەو پەیوەندی بەهەموو عیراقەوە هەیە. بۆ ئەم مەبەستە كەمپێكی نیشتەجێبوونی گەوەرشیان لە بێخمە دروستكرد بۆ نیشتەجێبوونی ئەندازیارو كاركەرانی بەنداوەكە، بەڵام بەرپرسانی هەولێر مەبەست بڕیاربەدەستانی پارتییە، (وەك ئەوكات دەگوترا) رازینەبوون بەجێبەجێكردنی ئەو پرۆژە ستراتیژییە بەبیانویی ژێر كەوتنی ژمارەیەك گوندو شوێنی جیاواز بەهۆی پرۆژەكەوە.
وەزیری سامانی ئاوی كوردستانیش ئەوكاتە زۆری هەوڵدا ئەو پرۆژەیە جێبەجێبكرێت. لەگەڵ بەرپرسانی پارتیش دانیشت. چەندین پێشنیاری جیاواز لەبارەی ئاستی ئاوی بێخمە خرایە بەردەم بەرپرسانی هەولێر! تەنانەت وەزارەتەكەی هەرێم ئامادەبوون ئاستی ئاوی بێخمە بۆ نزمترین ئاست كەمبكەنەوە، بەڵام هەر رازی نەبوون. بۆیە كە ئێستا لەلێواری خنكانە بەهۆی نەمانی ئاوی ژێر زەوی و رانەگەیشتنی ئاوی زێی گەورە لەهەولێر، دەبێ بەرپرسانی پارتی وڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە كە بۆچی رازینەبوون پرۆژەی بەنداوی بێخمە تەواوبكرێت؟! رەنگە رۆژێك بێت كاك تەحسین قادر ئەو راستیانە وەكخۆی بخاتەڕوو.
دوای زیاتر لە 17 ساڵ دەبینین هەولێرو كوردستان خەریكە لەبەر بێئاوی بخنكێن. هەموو رۆژێك خۆپێشاندان و رێگا گرتن و هاتوهاواری هاوڵاتیان دەبیستین، كەچی هێشتا بەرپرس و حوكمڕانانی هەرێم لەگرنگی و ستراتیژییەتی پرسی ئاو لەئایندەی ئەم وڵاتە تێنەگەیشتوون. لەبری جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی وەها ستراتیژیی، پەنایان برد بۆ بیرلێدان و چككردنی (وشككردن) ئاوی ژێر زەوی كە یەدەگ و سامانی نەوەكانی داهاتووە. ئێستا كوردستان یەكێكە لەو پێنج ناوچەیەی جیهان كە راستەوخۆ لەژێر مەترسی گۆڕانی كەشوهەواو كەمبوونەوەی ئاودایە. لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا قەیرانی ئاو لەهەرێم ئەوەندە ئاڵۆز دەبێت، رەنگە خەڵك لەبەر بێئاوی كۆچ بكەن.
ئەگەر پرۆژەی بێخمە جێبەجێكرابا كە ئەوكات باسی تێچووی 4 بۆ 5 ملیار دۆلاریان دەكردو لەسەر گیرفانی عیراق بوو، ئێستا ئاوی ژێر زەوی كوردستان بەگشتیی و هەولێرو نەدەگەیشتە 700 مەتر قوڵایی، كەشوهەوای كوردستان جیاوازتر دەبوو. بێخمە دەبووە سەرچاوەیەكی سەرەكی دابینكردنی كارەبایەكی خاوێن و بەبێ‌ تێچوون كە ئێستا گرفتێكی جددیە لەكوردستان، هاوكات بێخمە بۆخۆی دەبووە پرۆژەیەكی گەشتیاریی گەورە بۆ هەموو عیراق و ناوچەكە، جگە لەوەی دەبووە سەرچاوەیەكی زۆر گەورەو گرنگی سامانی ماسی ..تد.  
كاتێك دەبینی كاربەدەستانی هەرێم رێگربوون لەجێبەجێكردنی پرۆژەیەكی ستراتیژیی، ئینجا تێدەگەین ئەوانەی حوكمی ئەم هەرێمە دەكەن چۆن لەئێستاو ئایندەی ئەم وڵاتە دەڕوانن. ئەوانەی حوكمی ئەم وڵاتە دەكەن بەجۆرێك لەئایندەی خۆیان و ئەم وڵاتە دەڕوانن وەك ئەوەی بەیانی بارگە تێكبنێن و باربكەن، هەمیشە بیر لەوەدەكەنەوە تەنها دوو مانگ پێش هەڵبژاردن سۆزو پەیمان بدەن و پرۆژە جێبەجێبكەن، نەك بیری ستراتیژیی و دوورخایەنیان هەبێت و چاویان لەئێستاو نەوەكانی داهاتوو بێت. بۆیە هەموو ئەوانەی حوكمی ئەم وڵاتە دەكەن، رەگەزنامەیەكی بیانیان هەیەو بنەگەو بارەگەیەكی دیكەیان لەئەوروپاو ئەمریكا داناوە، بگرە بەشێكیان خێزانەكانیشیان لێرە ناژیت، چونكە دەزانن تاسەر لەم وڵاتە نامێنن رەنگە رابكەن. ئەم وڵاتە بەتێرمیناڵێك تێگەیشتوون و لەچاوەڕوانی وادەی بارگە تێكنان و رۆیشتنن.
.

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

هەموو وتارەکانی سەرتیپ جەوهەر

سەرەکی