3   کاتژمێر پێش ئێستا 50 جار خوێنراوەتەوە

ئیدارەی خۆسەر هەڵوێستی لەسەر دەستبەكاربوونی شەرع وەك سەرۆكی سوریا ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵ

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان، رەخنە لە كۆبونەوەكەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، كە بەبەشداریی ژمارەیەك لە بەرپرسی گروپە چەكدارەكان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەك سەرۆكی سوریا دیاری كرا.  

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەكی لەسەر دۆخی سوریا بڵاوكردەوە و رایگەیاند: دوای روخانی رژێمی سوریا كە سەركەوتن بووە بۆ گەلی سوریا بەسەرجەم پێكهاتەكانیاوە، لەكاتێكدا گەلی سوریا چاوەڕوانی بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتیمانی بوو بۆ گفتوگۆی دۆخەكە و ئامادەكاریی بۆ نوسینەوەی دەستور و رێكارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، دەسەڵاتدارانی دیمەشق كۆبونەوەیەكی فراوانیان بە بەشداریی ژمارەیەك سەركردەی گروپە چەكدارەكان ئەنجامدا و چەندین بڕیار لەو كۆبونەوەیەدا درا.

ئیدارەی خۆسەر جەخت دەكاتەوە پێویست بوو بڕیارەكان لە كۆنگرە نیشتیمانی و بەبەشداریی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە و چین و توێژەكانی سوریا لەناویاندا گەنجان و ژنان بدرانایە.

هەروەك رەخنە لەو كۆبونەوەیە دەگرن بەوەی لەنێو ئامادەبواندا چەندین كەسی تێدابوو كە خراوەنەتە لیستی تیرۆرەوە و دەستیان سوورە بە خوێنی گەلی سوریا، لە سەروو هەمویانەوە ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس ناسراو بە ئەبو حاتەم شەقرا، كە بەرپرسی كوشتنی هەڤرین خەڵەف ئەمینداری گشتی پارتی ئایندەی سوریایە، هەروەها محەمەد جاسم ناسراو بە ئەبو عەمشە كە چەندین تاوانی بەرامبەر گەلی سوریا ئەنجامداوە بەتایبەتی لە عەفرین، بۆیە جەخت دەكەنەوە ئەو كۆبونەوەیە نایاساییە و گوزارشت لە خەونی پێكهاتەكانی سوریا ناكات.

"هەر رێكارێك لە دەرەوەی كۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەكان كەموكوڕیی هەیە، بەستنی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێكهاتە و لایەنەكانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ كۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەكەی بە كەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێكهاتە و لایەنێك دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەكانی شۆڕشی گەلەكەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو". ئیدارەی خۆسەر وا دەڵێت.

ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەكات هەڵەكانیان راستبكەنەوە و سەرجەم سورییەكان بە پێكهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەكانەوە لە كۆنگرەیەكی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەكاریی بۆ بكرێت و چوارچێوەكانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە.

هەروەك داوا دەكەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و كەسێك گوتاریی رقاوی بڵاوبكاتەوە و كاربكەن بۆ بەرجەستەكردنی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان كە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.

لە كۆتاییدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموكراتی لە هەرێمی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا داوای پاراستنی یەكێتی سوریا و سەروەرییەكەی دەكەن، بە هاوبەشی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا، بۆ نەخشاندنی ئایندەی سوریا لەسەر بنەمای دیموكراتی و لامەركەزی.

 

  • ئیدارەی خۆسەر هەڵوێستی لەسەر دەستبەكاربوونی شەرع وەك سەرۆكی سوریا ڕاگەیاند

  • " داوایان دەكرد لەبەغداد مووچە وەربگرن و دژە کوردن"

  • سبەینێ مامۆستایان گەورەترین خۆپیشاندانی ساڵ دەستپێدەكەن

  • تەندروستى ژمارەیەک لە مامۆستایانى مانگرتوو ناجێگیرە

  • تورکیا هاوڵاتییانی مەدەنی کردە ئامانج و لەنێویاندا منداڵ هەیە

  • شێخ جەعفەر ڕەخنە لە مانگرتنی مامۆستایان دەگرێت

  • مامۆستایانى ناڕازیی: کۆیلایەتی سەردەم قبوڵ مەکەن، خراپتر لەجاران دەستگیراوه‌ بەسەر قوتی ماڵ‌و منداڵماندا

  • هەسەدە: تانکێک و رادارێکی سوپای تورکیامان تێکشاند

  • مامۆستایانی مانگرتوو سێ ڕۆژە تەنها ئاویان خواردووەتەوە

سەرەکی