2025-04-16 139 جار خوێنراوەتەوە

دەستەى ژینگەى هەرێم بانگەوازێک لە هاوڵاتییان دەکات

لە ڕۆژى ژینگەى کوردستاندا، دەستەى ژینگەى هەرێمى کوردستان لە بانگەوازێکدا داوالە هاوڵاتیان دەکەن بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە بەرامبەر بە ژینگە، بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە و چاندنی نەمام، کەمکردنەوەى پاشماوەکان لە ماڵەوە.

ڕۆژى 16/4ى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى ژینگەى کوردستان دیاری کردووە هەرێمى کوردستانیش بە چەند هۆکارێک ژینگەکەى لە مەترسیدایە و ئەگەرچی حکومەتى هەرێم و پەرلەمانى کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام جەخت لەسەر پاراستنى ژینگە دەکەنەوە، بەڵام بەشیوەیەکى جدی رۆڵ و ئەرکی ئەوان زۆر لاوازەو نەیانتوانیوە ببنە هێزی مانەوەو پاراستنی ژینگەى هەرێم و دانانى سنورێک بۆ بۆردومان و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانى تورکیا و ئێران کە کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ژینگەى هەرێم هەبووە.

لە راگەیەندراوێکدا لە رۆژى جیهانى ژینگە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێم بانگەوازی هاوڵاتیان دەکەن بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە بەرامبەر بە ژینگە، بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە و چاندنی نەمام، کەمکردنەوەى پاشماوەکان لە ماڵەوە.

لە بانگەوازەکەدا هاتووە، پێویستە کەرتی تایبەت پابەند بێت بە ستاندارتە ژینگەییەکان، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، و وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی دۆستی ژینگەن بانگەوازی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەن بۆ زیادکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاری ژینگەیی و بەدواداچوون و چاودێریکردنی پێشێلکارییە ژینگەییەکان.

دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ رێزدار سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌یه‌، كه‌پاڵپشتی پرۆژه‌ و پلانی ده‌سته‌كه‌مان بوونه‌ له‌ پرسی ژینگه‌ و پابەندی خۆمان دووپات دەکه‌ینەوە بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ هەموو هاوڵاتیان، چونکە ژینگەی کوردستان سەرمایەی هەموومانە و پاراستنی ئەم سامانە نەتەوەییە، بەرپرسیارێتی هەموومانە.

وێرانكردنی ژینگەی کوردستان لەساڵانی هه‌شتاكانەوە ده‌ستیپێكرد هه‌ر لە راگواستنی گونده‌كان و ناونانییانەوە به ناوچەی قه‌ده‌غه‌كراو، ئه‌مه یه‌كه‌م هه‌نگاو بوو. به تایبه‌تیش دوای ساڵی 1988 كه شاڵاوەکانی ئەنفال بەڕێوەچوو و بووەهۆی خاپووركردنی 4500 گوند و  زۆربەیان كانی و سه‌رچاوەکانی ئاویان وشكکران، جگە لە ره‌ز و باخی چێنراو و سرووشتی سه‌ره‌رای نەهێشتنی ئاژه‌ڵ و باڵنده کە بەهۆی نەمانی سەرچاوەی خۆراکیانەوە ئەوانیش ناوچەکەیان چۆڵکرد، هەموو ئه‌مانه ده‌كرێت به یه‌كه‌م هەوڵ و هه‌نگاو بۆ وێرانكردنی ژینگەی كوردستان دابنرێن.

ساڵی 2008 پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك ئەو ڕۆژەی كرد بە ڕۆژی ژینگەی كوردستان، هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا لەسەر ئاستی جیاواز چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەرێن و لەشارو شارۆچکەکانى هەرێمی کوردستان بە سەدان هەزار دار دەچێنرێن بە ئامانجی سەوز کردنى زیاتری دارستان و سەوزایی.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ١٢.٤٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانیی پێویستە ڕێژەی سەوزایی نابێت  لە ١٥٪ کەمتر بێت، هیچ هەوڵێکی حکومەتى هەرێم بە کرداری نابیندرێت بۆ زیادکردنى ئەو ڕێژەیە، بەپێچەوانەوە مەترسی لەسەر لە ١٢%کەش هەیە.

تا دێت ژینگەى کوردستان بەرەو خراپتر و کەمبوونەوەى سەوزایى دەچێت، لە ماوەی ساڵانى ڕابردوودا بەهۆی بۆردوومان و هۆكارە ناوخۆییەكانەوە نزیکەى لە دوو ملیۆن دۆنم دارستان و پووش و پاوەن سوتاون، بەڕێژەی لە ٤٥٪ـی هۆكاری ئەو ئاگركەوتنەوانە لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی دەوڵەتانى داگیرکەری توركیا و ئێران بووە.

حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بێدەنگن لەو مەترسییانەی کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک و ئێران ڕووبەرووی ژینگەى کوردستان بوونەتەوە.

چەندین هۆکاری سەرەکی و لاوەکی هەیە کە ژینگەى هەرێمی کوردستانیان ڕووبەڕووی مەترسییەکى گەورە کردووەتەوە، لەوانەش زۆری ژمارەى ئۆتۆمبێل، مۆلیدە ئەهلییەکان، ئامێرەکانی فێنکەرەوە و گەرمکەرەوە، پاشماوەکانی هاوڵاتییان، پاشماوەى نەخۆشخانەکان، پیس کردنى ژینگە، کەمی ڕێژەی سەوزایی، نەبوونى هۆشیاریی ژینگەیی، بێباکی حکومەت، چەندین هۆکاری دیکەش.

دواى تێپەڕبوونى 18 ساڵ بەسەر تێپەڕ بوونى ساڵڕۆژى ژینگە، ئێستا بەهەمان شێوەى ڕابردوو خاک و ژینگەى کوردستان لەبەردەم هێرشی دەوڵەتى داگیرکەری تورکدایە، ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە لە هەموولایەکەوە کەوتووەتە وێزەى خاک و خەڵک و ژینگەی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک دەیەوێت خاک و خەڵک بەیەکەوە قڕ بکات و لەناوی بەرێت.

یەکێکى دیکە لەو مەترسییانە گرتنەوەى ئاوی ڕووبارەکانە لەلایەن هەردوو وڵاتى تورکیاو ئێرانەوە، ئەوەش مەترسییەکى جدی لەسەر هەرێمی کوردستان درووست کردووە، هاوکات کۆبوونەوەی ڕێژەى بێ شووماری خۆڵ و خاشاک لەناو شارەکان و دەرەوەى شارەکان ئەمڕۆ بووەتە مەترسییەکى جدی و سەرەکى لەسەر ژینگەى کوردستان.


  • ئیلهام ئەحمەد: گەلانی سوریا سیستەمی لامەرکەزیی بە چارەسەر دەزانن

  • كۆمسیۆن دوا مۆڵەت بە بزوتنەوەى گۆڕان دەدات

  • شاندێکى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات

  • دەستەى ژینگەى هەرێم بانگەوازێک لە هاوڵاتییان دەکات

  • نێچیرڤان بارزانی داوای كاراكردنی په‌رله‌مان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت ده‌كات

  • نۆیەمین دیداری سلێمانی بەڕێوەدەچێت

  • خانەنشینانی سەربازی دژی خەرجنەکردنی دەرماڵەکانیان گردبونەوە

  • كۆبونه‌وه‌ى پارتى‌و یه‌كێتیى كۆتاییهات ‌و ڕاگه‌یه‌نراوێكى هاوبه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌

  • نوخشە ناسیح: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بەرهەمی یەكگرتوویی لایەنە كوردییەكانە

سەرەکی